وتاری ۲٦ی رێبەندان



وتاری هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕسی ئەندامی کومیتەی بەڕێوەبەری کۆمەڵە کە بە بۆنەی ۲٦ی رێبەندان ساڵڕۆژی کۆمەڵە  لە وڵاتانی ئاڵمان وسوید بەڕێوەچوون.




مێوانانی هێژا!
نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان!
کەسایەتییە بەرێزەکان و
دۆستان و هاوڕێیانی تێکۆشەر!
 
 
لە لایەن خۆم و کومییتەی ناوەندی کۆمەڵەوە، پڕ بە دڵ بەخێرهاتنتان دەکەم. سپاستان دەکەم بۆ بەشداریتان لەم کۆڕە کە بۆ بۆنەی ساڵ ڕۆژی دەستپێکی چالاکی ئاشکرای کۆمەڵە لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ ساز کراوە. ئەمساڵ لە کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بڕیاردرا کە ئاهەنگەکانی ڕۆژی کۆمەڵە بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوان و لە سێدارەدراوانی شۆڕشی مەزنی ژینا، دەستبەسەرکراوانی ژێر ئەشکەنجە و رێزگرتن لە قارەمانییەتی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژنان و لاوانی شؤڕشگێر لە سەنگەرەکانی شار، بە جۆرێکی تا ڕادەیەک جیاوازتر ڕێوڕەسمەکە بگرین.

 جێی خۆیەتی لە لایەن خۆم و گشت کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پیرۆزبایی ساڵۆگەری رۆژی کۆمەڵە بکەم، و سەری ڕێز و نەوازش دانەوێنم لە ئاست هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بە درێژایی زۆرتر لە نیوسەدە خەباتی کۆمەڵەکەمان و بە تایبەت هاورێیانی ڕابەر کاک حەمە حوسێن کەریمی، کاک خانە و کاک فوئادی هەمیشە زیندوو کە هەمیشە لە ناو دڵماندان.
 ئیجازەم پێبدەن لە دەستپێکی قسەکانمدا ڕێز بگرم لە قارەمانیەتی، لەخۆبردوویی خەڵکی تێکۆشەری ئێران و بە تایبەت لاوان، کچان و کوڕانی شارو لادییەکانی کوردستان، لە شۆڕشی ژینا و سەرەخۆشی بکەم لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی گەورەی ژن،ژیان،ئازادی کە بە دەست هێزی سەرکوتگەر و بێرەحمی ڕژیمی ویلایەتی فەقیە بە شێوازگەلی زۆر نامرۆڤانە لە شەقامەکان و ئەشکەنجەگاکان گیانی ئازیزیان لەدەستدا. یادی هەموو گیراوەکان دەکەین کە لە سەر سروشتی ترین مافی هەر شارۆمەندێک واتە دەڕبڕینی نارەزایەتی دەستبەسەرکراون و چارەنوسیان نادیارە. لێرەوە پێیان دەڵێین کە لە بیرمان نەچوونەوە و لە بیریان ناکەین. لە ڕاستیدا وشەی زیندانی و دەستبەسەرکراو پڕ بە پێستی بارودۆخی ئەوان نیە و باشترە بە دیلەکانی شەڕێک کە لە نێوان هێزێکی بێبەزەیی و داگیرکەر، لە دژی خەڵکێکی بێدیفاع و وەزاڵەهاتوو هاتووەتە ئاراوە ناویان ببەین، کە بەڕاستی وەک دیلێکی یەخسیر کراوی شەڕ مامەڵەیان  لە گەڵ دەکرێ، لە سێدارەدەدرێن، دەستدرێژیان لێدەکرێ و ئەشکەنجەدەدرێن.
لێرەشدا جێی خۆیەتی چاوێکی دوبارە بخشێنین بە سەر چۆنییەتی سەر هەڵدانی شۆرشی ژینا.
ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان مەهسا (ژینا) ئەمینی خەڵکی شاری سەقز کە بۆ دیدارێکی بنەماڵەیی لە تاران دەبێ، لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە دەستبەسەر دەکرێ و هەر لە ناو ماشێنی پۆلیس و دواتر لە گرتنگە دەکەوێتە بەر زەبروزەنگی مەئموورانی ئەو گەشتە و دوای دوو رۆژ بە داخەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لە دەست دەدا. یەکەمین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بەو بۆنەوە لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی تاران ڕوودەدا کە ژینای لێ بەستەری کرابوو و دوای دوو ڕۆژ چووە ناو حاڵەتی کۆما و پاش ململانێ لەگەڵ مەرگ گیانی بەخت دەکا ، هێزە سەرکوتگەرەکان بە خێرایی لەو شوێنە ئامادە دەبن و بڵاوە بە خەڵکەکە دەکەن. ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە ژینا یەکەم ژن نەبوو کە قوربانی ئەو جۆرە توندوتیژییە سیستماتیکە بێ و یەکەم مەرگی تراژیک نەبوو بەڵام  چیرۆکی ژینا لەو کاتەوە دستپێدەکا کە یەکەم - بنەماڵەکەی ناچنە ژێرباری گوشاری دەسەڵات بۆ گۆڕینی هۆکاری گیان لە دەستدانی و ئامادەنابن بە پێی ویستی هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێدەنگی تەرمکەی ئەسپەردە بکەن.
دووهەم- حەشیمەتێکی گەورە لە جەماوەری شاری سەقز لە ئەسپەردەکردنیدا بەشداری دەکەن و دروشمی ژن،ژیان، ئازادی لە سەر گۆڕەکەی دەنوسرێ.
سێهەم- هەر دوابەدوای ئەوە سنە و باقی شارەکانی کوردستان چەندین شانۆی شکۆدار لە ڕێپێوانی ئیعترازی وەرێ دەخەن و  سەرئەنجام کەمتر لە حەوتوویەک شۆڕشی نوێی ئێران، بە دروشمی ژن،ژیان، ئازادی دەستپێدەکات و رەمزی ئەو شۆڕشە 'مەهسا ئەمینی' ، ئێران دەهەژێنێت. زۆری پێناچێ لە کۆر و کۆبوونەوەکان و لەناو سیاسەتمەداران و دەوڵەتان واتە لە ئاستی نێونەتەوەیش دەنگ دەداتەوە کە سەرجەم سۆز و پشتیوانییەکی بەرفراوانی بەرەوخۆی ڕاکێشا.
 لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا دەکرێت ئاماژە بە چەندین خاڵی سەرەکی بدەین. شۆڕشی ژینا ژن مێحوەرە، واتە ئەم شۆڕشە یەکێک لە پێگەسەرەکییەکانی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی کردۆتە ئامانج، هاوکات ژن،ژیان، ئازادی مزگێنی بەخشی رزگاری هەمو کۆمەڵگایە و تەنیا لە پرسی ژن خۆی سنووردار نەکردۆتەوە.
 
خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرەنج ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە تەنیا خۆی بۆ هەڵپێچان و گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی سنووردار نەکردووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە دژی داب و نەریتە کۆنەکان و بە تایبەت پیاوسالاری هەستاوە، بە واتایەکی دیکە شۆڕشێکی سیاسی- کۆمەڵایەتییە.
شۆڕشێکە کە لە پێشدا لە ناو بنەماڵەکاندا دەستپێدەکا و دوایی پەرەدەستێنێ و خۆی دەدا لە داب و نەریتە کۆنەکان و لە شەقامەکانیش هاوکات بە ئازادییەکی بێوێنە بەرەورووی هێزی سەرکوت دەبێتەوە.
 لە هەمانکاتدا ئەم شۆڕشە بە تەواوی سێکولارە و بۆ یەکەمین جار موژدەی ئازادی ئایین و باوەرە دینییەکان دەدا و ئایین دەباتەوە نێوماڵەکان و مزگەوتەکان. ئەوە بۆ یەکەمین جارە لە بزووتنەوەی مەشروتیەتەوە تا ئێستا کە لە شۆڕشەکانی ئێران،  ئایین دەورێکی ئەوتۆی نیە، هەرچەند من لە سەر ئەو باوەرە نیم کە شۆڕشەکە وەک شۆڕشێکی دژی دین و ئایین پێناسە بکرێ. بەڵام وادیارە کۆمەڵگای ئێران قەرزەکەی خۆی بە دامودەزگای مەلاکانی شیعە داوەتەوە و دەروا بەرەو ئەوەی خۆی لە کۆت و بەندی دامودەزگای ئایینی شیعە لانیکەم لە گۆڕەپانی سیاسی و دەوڵەت مەداری ، رزگار بکات. ئەو شۆڕشە ئەگەر بە دژە دینیش پێناسە نەکرێ بە ئاشکرا دژی نفوز و پێگەی دامەزراوە ئاینییەکانە.
 لە لایەکی دیکەوە بە لەبەر چاو گرتنی هەموو ئەو ڕاستییەیانەی لە سەرەوە باس کرا بە پاڵپشتی ئازایەتی بێوێنەی بەشداربووانی ئەو شۆڕشە لە گۆڕەپانی بەربەرەکانی لە گەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان و بەرەوروبوونەوە لە گەڵ فاشیستی ترین و درەندانەترین جۆری سەرکوت، زیندان و ئەشکەنجە، زۆرتر لە سەد ڕۆژ خۆپێشاندانی بێ پشووو دربرینی نارەزایەتی لە شەقامەکان و کۆڵانەکان بە بێ پسانەوە و بە پانتایی هموو ئێران، درێژە کێشان و زیندوو مانەوەی بۆ نیزیک بە ٦ مانگ، ئێستا کە دەروین بۆ شەشەمین مانگ لە دەستپێکی شۆڕشەکە،  بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی ژینا بە هەموو فرازونشیوەکانی، کۆمەڵگای ئێرانی بردۆتە شوێنێکی بێگەرانەوە. وادیارە بە پێچەوانەی ئارەزووی خامنەیی خودای شەستەکان هەمان خودای ئەورۆ نەبو و ناشبێت.

هاوکات لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی، بە پێچەوانەی ئێعترازەکانی پێشوو پێکهاتەکان و نەتەوە بندەستەکانی ئێران پێشاهەنگ و دەستپێخشەر بوون، ئەوە ناوەند بوو کە کەوتە شوێنیان نەک بە پێچەوانە. هەموومان لە دایک و باوکانمان بیستووە کە تا تاران و تەورێز دەسپێنەکەن ئێمە هیچمان پێناکرێ، کوردستان نە تەنیا چەخماخەی  شۆڕشی لێدا بەڵکو لە درێژەپێدان و خۆڕاگریش ئیلهامبەخش بوو و لە داهێنان و دیتنەوەی شێوازەکانی جۆراوجۆری ئێعترازیش پێشاهەنگ بوو. لە بلووچستان کە بە کۆمەڵگایەکی موحافیزەکار و پڕ لە داب و نەریتی کۆن لە ئێران ناوبانگی دەرکردبوو، سەرەڕای ئەوە پیاوێکی ئایینی ڕێبەری شۆڕشەکەی بەدەستەوەیە، بەڵام بوو بە بڵندگۆی سێکولاریسم و ئازادی ئایین و ئایینزاکان و بۆ یەکەمین جار لە مێحرابی مزگەوت و لە خوتبەی نوێژی جومعە پشتیوانی لە حەیسییەت و کەرامەتی باوەرمەندان بە ئایینی بەهائییەکان دەکا و بانگەوازی ئازادی بۆ خوداناباوەرانیش بەرزدەکاتەوە. بۆیەش دوو نەتەوەی کە تا چەند مانگ لەوەپێش لە ژێر کاریگەری نیزیک بە یەک قەرن و لە هەردوو ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامی، ناحەز دەکران و دەکەوتنە بەر تانە و توانج و تۆمەت و بوختانی هەمە جۆر، بوون بە چەشم و چراغی ئێران.
 
بەشداربووانی هێژا!
دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!
 
ریزەکانی کۆمەڵە لە هەموو ئاستەکانی حیزبی دا، هەر لە ڕێبەریوە تا گەنجترین پێشمەرگە، هەر لە نەوەی دێرین و کۆنترین کادر و پێشمەرگەکانی چ ئەوانەی هەر لە ئێستادا خەریک کار و چالاکی حیزبین و یان خود ئەوانەی لە دەرەوەی کار و چالاکی حیزبایەتی دان سەرجەمیان سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بە وەدیهاتنی خەون و ئارەزۆکانی هەموو ژیانیان دەزانن. ڕوح و پەیامی شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی بۆ ئێمە تەنیا هەڵوێستێک نیە ئەوە ڕاسپاردەیەکە کە دەیان، سەدان و بگرە هەزاران تێکۆشەری کۆمەڵە ئازیزترینی خۆیان، واتە ژیانی خۆیانیان لە پێناویدا بەخت کردوە، بەشێک لە جەستەی خۆیانیان پێشکەش کردووە، لە ژێر کۆت و زنجیر و ئەشکەنجەی بەندیخانەکان و سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە خۆڕاگری و پارێزگاری لە بەهاکانی کۆمەڵە.
ئاراستەی کۆمەڵە وەک حیزب، لە شۆرشی ژینادا ئەوە نیە کە چەندە خزمەت بە حیزبەکەمان دەکا، ئاراستەی هەموو چالاکی و هەڵسورانی ئێمە لەو ماوەیەدا ئەوە بۆوە چەندە بەو شۆرشە خزمەت دەکەین، چەند دۆزی کوردی پێدەبەینە پێش. بڕۆن بۆ ئارشیوی ڕێنوێنوێنییەکانی ڕێبەری کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنەکانی ناوەوەی کوردستان، دەستووری هاوارکردنی دروشمی حیزبی بە دەگمەن تێدا دەبینن. بەشی هەرە زۆری رێنوێنییەکان ئەوانەن؛ یەکریزی کورد بپارێزن و لەو ڕێگایەوە زۆرترین دەسکەوت بۆ بزووتنەوەی کورد و یەکریزییەکەی دەستەبەر بکەن.
 
هاورێیان و میوانە خۆشەویستەکان!
 
دەورو ڕۆڵی کورد لە هەڵگیرساندن و درێژەپێدان بە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی حاشاهەڵنەگرە و کەس ناتوانی نەدیدی بگرێ، تەنانەت سوێندخواردوترین نەیارانی کورد و مافە ڕەواکانی ئێعترافی پێدەکەن. بەڵام پێم باشە نوکتەیەک وەبیر بخەمەوە، پێمان خۆش بێ و پێمان خۆش نەبێ لە سیاسەتدا کۆپی ڕایت بوونی نیە!.
نە لە دروشمەکان و نە لە داهێنانەکان و گیانبازییەکان و قوربانی دانەکان، دەستپێشخەرەکان ناتوانن داوای مافی پاوانکردنی ئەو تێکۆشانەیان بکەن کە من لێرە بە تەنز و برێکیش بە براورد و لێکتێگەیشتن ناومنا کۆپی رایت، شۆرشی ئەم جارە کە ئێمە بە شۆرشی ژینا یان ژن،ژیان، ئازادی ناوزەدی دەکەین، پرسیی کورد و تا ڕادەیەکیش نەتەوەکانی دیکەی چەندین قات بردۆتە پێش، دەرگا و دەروازەهایەک بەرووی کورد کراوەتەوە کە لە مێژوودا بێوێنەیە. بەڵام دەبێ بەو ڕاستییەش ئێعتراف بکەین کە ئەو شۆڕشە تەنیا شۆڕشێکی کوردی نیە، ژن،ژیان، ئازادی بۆتە بزووتنەوەیەکی مەزنی ئێرانی و کورد نە دەتوانێ و نە بۆی هەیە پاوانی بکات. بە پێچەوانە ئەوەی کە بۆتە شۆڕشێکی ئێڕانی بە قازانجی کوردە. مەرجەکەی ئەوەیە کە بتوانین ئەو دەروازانە و دەرگایانەی بەرووی کورد کراوەتەوە بیان بینینەوە، بیان ناسین و کەڵکیان لێوەرگرین. 

بۆ ئەو مەبەستەش : یەکەم پێویستە بزانین کە هێشتا ڕووخان و هەڵپێچانی دامودەزگای ولایەتی فەقیە لە سەرەوەی دەستووری کاری ئەم شۆڕشەیە. مانەوەی ئەم ڕژیمە یان بە وتەیەکی دیکە شکستی ئەو شۆڕشە کورد لە ئێران بە بێ گومان تووشی کارەساتێکی گەورە لە جۆری ئەنفال لە عێراق دەکا. کار بە دەستانی کۆماری ئیسلامی ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە لە کورد داخ لە دڵترن.
 دووهەم کورد دەبێ هەوڵ بدات تووندرەوەکانی دژە کورد کە بە ناوی ئێرانی، سیاسەتێکی فاشیستی پەیرەو دەکەن تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ بە تاقیان بخاتەوە. ئەو دەنگە تووندرەوانە بە تایبەت کاتێک زۆرتر دەبیسترێن کە شۆڕش نە لە فەراز و هەڵکشان بەڵکو لە نشیو و دابەزین دایە. دەبێ یەکێک لە بەردەنگەکانی هەمیشەیی کورد غەیرە کوردەکان بن. زۆر گرینگە کە غەیرە کوردەکان ڕاستەوخۆ لە زمانی کورد کێشەکان و خواستەکانی کورد ببیسن. بۆیەش بەردەوامی شۆڕش لە قازانجی کورد دایە لەو پێناوەدا لە هەمان کاتدا کە زۆرترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین هەموو گەزو پێوانەکان لە دەست کورددا نیە و ئێمە ناتوانین لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆن بە  لانی زۆری مەرجەکان برۆینە ناو دانوستان.
 گرینگ ئەوەیە کورد دەبێ تا ئەو جێگایەی لە توان و زەرفییەتی دایە یەکگرتوو دەرکەوێ چ لە خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی و چ لە هەڵسووکەوت لە گەڵ هێزە سەرتاسەرییەکانی ئێران.
 لە هەرحاڵدا سیاسەتی خۆ بە تاق خستنەوە و خۆ نەبان کردن لە ئەرکی بزووتنەوەی کورد لە هەمبەر پرسە سەرتاسەرییەکان و چۆنە ناو قاڵغی خۆ، زەرەرێکی گەورە بە دۆزی کورد دەگەیەنێ و لە هەمان کاتدا ئەو هەلە گەورەیەی ڕەخساوە بە فیرۆ دەچێ. لە ئاستی سەرتاسەری لە ئێران هیچ کارێکی گەورە و دیاریکەر بە بێ کورد نابێ بچێتە پێش. ئەوە پێویستی بە سیاسەتێکی ژیرانە هەیە. وەک کورد و یەکگرتووانە دەرکەوتن هەر بەو شێوەیە کە باسکرا مەرجێکی گرینگی سەرکەوتنی هەنگاوەکانمانە.

 سیاسەتی کورد نابێ سیاسەتێکی کاردانەوەیی (واکنشی بێت)، دەبێ سیاسەت لە لایەن کورد ئیسباتی بێت. بۆ نموونە لە وەڵام بە تووندرەوی لە ژێرناوی ناسیونالیسمی ئێرانی و پەیرەوکردنی سیاسەتێکی فاشیستییانە نابێ بە کاردانەوە ئێمەش تووشی ئیفراتی گەری بین و جەغز بە دەوری خۆمان بکێشین.
بابەتێکی گرینگی دیکە کە دبێت تیشکی بخرێتە سەر ئەوەیە کە ئەگەرچی ڕووخانی ڕژیم پێشمەرجە بەڵام ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و گوڕینی نیزامی سیاسی تەنانەت ئەوکاتەی باس لە دامەزرانی نیزامێکی دموکرات دەکەین بە مانای تەواو بوونی خەباتی خەڵکی کورد بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانی نییە. موعادلەیەکی لەو چەشنە یان هەموو شتێک  یان هیچ بوونی نیە.
 بێگومان دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کەش و هەوای سیاسی دەتوانی بە قازانجی کورد بگۆڕدرێ و کورد بتوانێ بچێتە ناو ئێئتلافگەلێکی گەورە بۆ چەسپاندنی هەرچی زۆرتری مافەکانی خۆی و هەموو نەتەوە بندەستەکانی ئێران. بە هیوای ئەو ڕۆژە! 
 
 


ئه‌م بابه‌ته 5821 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:29:03/03/2023


زۆرترین خوێندراو