زمانی دایکی و گرینگییەکانی

    زمانی دایکی و گرینگییەکانی


داوود نیرومەند



هانا ئارێنت: پێویست ناکات نەتەوەیەک لە بە شێوەی فیزیکی لە ناوی ببەی هەر ئەوەندەی کە زمانی لە بیر ببەیەوە ئەو نەتەوە لە ناو دەچێ.                                           
                                                                                              

زمانی دایک چییە؟

زمانی دایک ئەو زمانەیە کە لە دایک و باوک و خزمەکانمانەوە فێری دەبین. منداڵ، بەتێپەڕبوونی کات و گوێ گرتنی بەردەوام، فێری زمانی دایک دەبێ و دەست بە وتنەوەی دەکات. وردە وردە بە ڕستەی کورت دەست بە قسە کردن دەکات.لە ماوەیەکی کورتدا فێر دەبێ بە زمانی دایک هەست و ئارەزوویەکانی بە کەسانی دەورووبەر بگیەنێت. بە زمانی دایک پەیوەندی درووست دەکات، بەم زمانەوە کایە دەکات، پێدەکەنێ، دەگری، گفتگۆ و ڕاوێژ دەکات. تەنیا و تەنیا بە زمانی دایک دەتوانێ دنیای دەورووبەری خۆی بناسێ و باسی بکات.
بە قسە کردن بە زمانی دایک لە گۆشەگیری و تەنیای خۆی دەرباز دەبێ و پەیوەندی بە گرووپەوە دەکات و بە مێهرەبانی، متمانە و ئاسایشێک کە زمانی دایکی پێی بەخشیوە ژیان دەکات.





گرینگی زمانی دایک؟

زمان بەهێزترین ئامرازی پاراستن و پەرەپێدانی میراتی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ پێناسە دەکرێ. پاراستن و گەشە پێدان و کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایک و فێرکردن بە منداڵان و نەوەکانی داهاتوو، گەشەی فەرهەنگی نەتەوە و جیهان مسۆگەر دەکات، کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایک لە سیستیمی پەروەردەی گشتی  و ناوچەییدا بۆ پاراستن و مانەوە و پەرەپێدانی زمانی دایک وەک خاڵێکی زۆر گرینگ سەیر دەکرێ.
زمان یەکەمین کەرەسەی پێشکەوتوویی پەیوەندیی مرۆڤەکانە کە ئەرکی سەرەکییەکەی پەیوەندی زارەکی و نووسراوەیی نێوان دوو یان چەند مرۆڤە. هیچ زمانێک پێویستی بە ڕەوایی گرتن لە هیچ مێتۆد و شوێن کەس و لایەنێک نییە. لە بواری زمانییەوە هەر نەتەوە و گەلێک وەک هێمای بوونی ڕەوایی ئەم نەتەوەیە سەیر دەکرێ کە ئەم زمانەی کە قسەی پێ دەکرێت لە ڕێگای زمانەوە، ئاسەواری نووسراوەیی جێماو بە درێژایی مێژوو وەک بەشێک لە میرات و سامانی فەرهەنگی مرۆڤایەتی دادەندرێت.

گرنگییه‌كانی خوێندن به‌ زمانی دایک

١-زمانی دایك شوناسێکی نەتەوەییە.

٢-یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ بنیاتنانی بیرو رۆشنبیری.

٣-هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ره‌نگدانه‌وه‌و وه‌رگرتنی خوو ره‌وشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
٤-خوێندن به‌ زمانی دایكی یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی منداڵ له‌ڕووی ئه‌كادیمی‌و زانستیه‌وه‌، زانیارییه‌كان باشتر وه‌رده‌گرێت‌و ده‌توانێت باشتر گوزارشت له‌ناخی خۆی بكات.
له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌، هۆكارێكی باشه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست‌و سۆز به‌رامبه‌ر ده‌وروپشت‌و یارمه‌تیده‌رێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هاوسه‌نگی هۆش‌و ده‌روونی.

کێشەکانی زەوت کردنی خوێندن بە زمانی دایک:

منداڵەکە لە یەکەم ڕۆژدا کە لە قوتابخانە ئامادە دەبێت، لەقسەی مامۆستا تێناگات، زمانی وتنەوەی مامۆستا زمانی منداڵەکە نییە بەم هۆیەوە تووشی  کەش و هەوایەکی تاڵ دەبێت چوونکە ئەو زمانەی لە دایکی و باوکیەوە فێری بووە و شانازی  پێوە دەکرد لێرە بەکارناهێنرێت و هیچ بەهایەکی نییە.

دووبارە بوونەوەی ئەم رۆژانە متمانەی منداڵ بۆ دایک و باوک کەم دەکاتەوە و فەرهەنگی نەتەوەیی و زمانی لە خۆیدا دەکوژێت.
خوێندن  بە زمانی دایک کە لە منداڵ زەوت کرا، هەموو رۆژێک لە قوتابخانە شەرمزار دەبێ و داوی ماوەیەک ئەو شوناسەی کە لە بنەماڵەی وەرگرتبوو لە ناودەچێ و وردە و وردە  متمانە و پەیوەندییەکی کە لەگەڵ کۆمەڵگا و میلەتەکەی هەیبووە کەم و جیا دەکاتەوە.
منداڵ چوونکە لە زمانی مامۆستایەکەی تێناگات بەشێکی زۆر لە فێرکاری فێر نابێ. ناتوانێ پرسیار بکات ناتوانێ پێداچونەوەی بکات،ناتوانێ ئەو شتەی کە فێری بووە بۆ منداڵی تر باس بکات.
زۆربەی ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەشن باوەربەخۆبوونیان کەمە و لە رۆیشتن بۆ قوتابخانە خۆ دەبوێرن. بەم هۆیەوە ڕێژەی نەخوێندەواری لەم کۆمەڵگایانە زۆرترە لە چاو ئەو کۆمەڵگایانەی کە منداڵان بە زمانی دایک دەخوێنن.
منداڵان کە متمانەی خۆیان سەبارەت بە بنەماڵە، کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان لەدەست دەدەن و هەوڵ دەدەن شوناسێکیتر بۆخۆیان درووست بکەن.
منداڵانی ئەو نەتەوەی کە  ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن سەبارەت بە کلتوور،زمان، بیرمەندان، مێژوو و هەموو ڕابردوو خۆیان بێگانە و ناشارەزا دەبن.


ئامارە جیهانییەکان لەسەر پەروەردە بە زمانی دایک:

بەپێی ئامارێکی جیهانی لە ئێستادا پێنج ملیار و نیو لە دانیشتوانی جیهان بە زمانی دایک  دەخوێنن یانی لەسەدا 83ی دانیشتوانی جیهان سوود لە زمانی دایک وەردەگرن، بە پێی ئەم ئامارە ١٧ لەسەدی کەمایەتییە نەتەوەکان بێ بەشن لە خوێندن بە زمانی دایک. لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان کێشەی نەخوێندن بە زمانی دایک چارەسەر کردووە، لە ئێران ٦٧٪ لەسەدی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە پێک هاتوون لە نەتەوەکانی؛ کورد،تورک،بەلووچ،تورکەمەن،عەرەب،گیلەک... ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، ئەمەش پێشێل کردنی مافی سەرەکی تاکەکانە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان، لە هەر هەزار قوتابی کە بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن تەنیا ٤ کەس ناچنە قوتابخانە بەڵام، ئەو کەسانەی کە بە زمانێکی تر جگە لە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن لە هەزار قوتابی ٣٧ کەسیان ناچنە قوتابخانە ئەمەش بەو مانایە کە لە ١٠ قوتابی کە ناچنە قوتابخانە ٩ کەسیان سەر بەو نەتەوانەن کە بە زمانی دایکی خۆیان ناخوێنن.


ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران و ئەم شوێنانەی کە بە زمانی نەتەوەکانیان ناخوێنن 

بە پێی ئاماری سازمانی نێهزەتی سەواد ئاموزی ئێران، لە ١١ میلیۆن کەم خوێندەوار ٩ میلیۆن کەس نەخوێندەوارن، کە زۆربەیان دانیشتووی پارێزگاکانی نزیک سنووری ئەو وڵاتە.
شارەزایانی بواری پەروەردە هۆشداری دەدەن کە لە پارێزگاکانی سنووری ئەو وڵاتە کە نەتەوە جیاوازەکان تێیدا دەژین، ڕێژەی نەخوێندەواری و کەوتنیان لە خوێندن لە شوێنەکانی تر زیاترە.  کوردستان دوای سیستان و بەلووچستان زۆرترین نەخوێندەواری هەیە، هۆکاری ئەم نەخوێندەوارییە، یەکەم نەخوێندن بە زمانی دایک، لە ریزی دووهەمیش دواکەوتووی ئابووری دێتە ئەژمار.

بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پوویش ئێران، زۆرترین ئاماری واز هێنانی خوێندکارانی کچ لە قوتابخانە، پەیوەندی بە پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا و کرماشان و سیستان و بەلووچستانەوە هەیە. هەروەها، پارێزگاکانی؛ کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا زۆرترین ئاماری  واز هێنانی خوێندکارانی کوریان هەیە. 


مێژووی دیاری کردنی رۆژی جیهانی زمانی دایک

ساڵی 1999 زایینی رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 21 ی فەورییە ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند ، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایکی دیاری کرد.

مێژووی ئەم رۆژە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1952زایینی، کاتیک ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەک زمانی کردنی پاکستان ناڕەزایەتییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران بەڵام،حکوومەت ناچار بوو لە ساڵی 1956  دان بە زمانی بەنگالیدا بنێت .
 
 
ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایکی، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.
 
لە جیهاندا زیاتر لە 6 هەزار زمان بوونی هەیە کە بەشێک لەو زمانانە بە هۆی نەبوونی پیت لە ناچووندان.
 
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، زمانی کوردیش لەریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە کە دەکاتە  0.31% ی دانیشتووانی جیهان.

کۆمەڵە و گرینگی بە زمانی دایک:


- کۆمەڵە دوای ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای خۆی گرینگی تایبەتی بە زمانی دایکی لە کوردستانی رۆژهەڵات دا و یەکەمین حیزب بوو کە کتێبی ئەلف و بێی کوردی لە چاپ دا تاکوو منداڵانی کوردستان بە زمانی دایکی بخوێنن و بنووسن.
- کۆمەڵە بۆ جێگیر بوونی خوێندن بە زمانی دایکی سەدان مامۆستای پێشمەرگەی رەوانەی قوتابخانەکانی کوردستان کرد و گەشەیەکی زۆری بە نووسین و ئەدەبیاتی کوردی دا و رۆڵێکی گرینگ و بەرچاوی بوو کە دامەزراندنی ناوەندە رۆناکبیری و ئەدەبییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات.
- کۆمەڵە، خوێندن بە زمانی دایک بە مافی هەموو نەتەوەیەکی ئێران دەزانێ و تێدەکۆشێ کە لە حکوومەتی داهاتووی ئێران خوێندن بە زمانی دایک وەکوو سەرەکیترین ماف دیاری بکرێ و هەموو نەتەوەکان بە زمانی دایک بخوێنن.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە مرۆڤ بە زمانی دایکی خۆی لە پەروەردە بێبەش بێت، بەو مانایە  حکوومەتێکی دیکتاتۆر لە سەر کارە کە ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەپاندووە دژ بە نەتەوەکانی ئەو وڵاتە، و بێبەشی کردوون لە سەرەتاییترین مافی تاکەکەسی. 
کۆماری ئیسلامی بۆ لە ناو بردنی نەتەوەکانی ئێران، خوێندن بە زمانی دایک قەدەغە دەکات،لە راستیدا لەم ڕێگایەوە شوناس، کلتوور و مێژووی نەتەوەکان لە ناودەبات. چوونکە ئەم نەتەوانەی کە زمانیان لە ناو دەچێ لە مێژووشدا لە بیر دەچنەوە.

کۆتایی...

ئه‌م بابه‌ته 5891 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:28:21/02/2023


زۆرترین خوێندراو