رەشەمەی رەش بۆ كۆمەڵگای كرێكاری ئێران
رەشەمەی رەش بۆ كۆمەڵگای كرێكاری ئێران
سامان ریشەساحێب
رەشنووسی
لانیكەمی حەقدەستی مانگانەی كرێكارانی ئێران بۆ ساڵی 1396ی هەتاوی، رۆژی
28ی مانگی رەشەمەی ساڵی 95ی هەتاوی لەلایەن عەلی رەبیعی، وەزیر تەعاون، كار
و ئاسایشی كۆمەڵایەتی راگەیەندرا. ئەمە لە حاڵێكدایە كە دابینكردنی 930
هەزار تمەن رووبەرووی رەخنەی زۆرێك لە رێكخراوە كرێكارییەكان بوەوە.
شۆڕای
بەرزی كار رێژەی 930 هەزار تمەنی وەكوو لانیكەمی حەقدەستی مانگانەی
كرێكاران بۆ ساڵی نوێ واتە 1396ی هەتاوی دابینكرد، لانیكەمی حەقدەستی
مانگانەی ساڵی پێشووی كرێكاران 812 هەزار تمەن بوو. هەندێك لە رێكخراوە
سەربەخۆییە كرێكارییەكان، بەپێی یاسای كار، كە ئاستی هەڵاوسان وێڕای
تێچووی زیادەی ژیانی یەك بنەماڵەی كرێكاری وەكوو معیاری دابینكردنی
لانیكەمی حەقدەست دیاریكردووە، خوازیاری زیادكردنی لانیكەمی حەقدەستی
كرێكاران بۆ سەروری 3ملیۆن تمەنی كردبوو.
رێكخراوی
ئازادی كرێكارانی ئێران لە راگەیاندنێكدا، كۆبوونەوەكانی سەبارەت بە
دابینكردنی رێژەی 930 هەزار تمەنی وەكوو لانیكەمی حەقدەستی كرێكارانی
ئێرانی لەساڵی 1396ی هەتاوی وەك (خەیمە شەب بازی) وەسف كرد و نوسیبووی،
جارێكی دیكە، لاپەڕەیەك و ساڵێكی پڕ لە رەنج و دژواری بۆ ملیۆنان بنەماڵەی
كرێكاری تۆماركرا. شایانی باسە رێكخراوی ئازادی كرێكارانی ئێران خوازیاری
دابینكردنی 4ملیۆن تمەن وەكوو لانیكەمی حەقدەستی كرێكارانی ئێرانی وەك
پێشنیار ئاراستەی ناوەندە خاوەن بڕیارەكان بوو. ژمارەیەك لە شۆفێڕان و
كرێكارانی سەندیكای كرێكارانی شیركەتی واحیدی تاران و دەوروبەر، رۆژی 25ی
رەشەمە و دوابەدوای راگەیاندنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران بۆ ساڵی 1396ی
هەتاوی و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەبڕین كۆبونەوەیەكی ناڕەزایەتییان رێكخست
لە بەرامبەر وەزارەتی تەعاون و كار و ئاسایشی كۆمەڵایەتی كە هێزە
نیزامیەكانی رژیم بەریان بەم خۆپیشاندانە گرت.
ئەمرۆكە
ئاماری بێكاری سنووری 28 لە 100ی لە وڵاتی ئێران بەزاندووە، ئەمە بەمانای
ئەوەیە لە هەر چوار كەس كە توانایی كاریان هەیە یەك كەسیان بێكارە. لە
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بە وتەی كاربەدەستانی باڵای ئەو
ڕژیمە ٧٠%ی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. سنووری هێڵی
هەژاریی بۆ خێزانێكی٤ كەسیی نیشتەجێی تاران 2 ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە و
لانیكەمی حەقدەستی دیاریكراوی كرێكاران كە لەلایەن شۆرای باڵای كارەوە 930
هەزار تمەن پەسەندكراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە خەڵكی ئێران لە بیمە ئابووری
و كۆمەڵایەتییەكان بێبەشن و لە سایەی لابردنی سوبسیدی شتومەكی سەرەكیی
ژیان و گەمارۆی ئابووریی ئەوەندەی تر گرانیی و هەژاریی لەو وڵاتە
پەرەیسەندووە و بەتایبەتی ڕەوشی كرێكاران و هەژارانی كوردستان و ناوچەكانی
وەك سیستان و بلووچستان لەوپەڕی دژواریی دایە.
نرخی
شتومەك لە ئێران لەچاو ساڵانی رابردوو بە رێژەیەكی بەرچاو و بە رەهەندی
جۆراوجۆر چۆەتە سەرەوە و قسە لە سەر چوونەسەرەوەی نرخی هەڵاوسان و شتومەك
بەرێژەی 150% تا 200% دەكرێت. دیارە ئەمە تەنها پێدوایستیە سەرەتاییەكانی
چینی كرێكار لەخۆ ناگریت بەڵكوو لەسەر كرێ خانوو، بێهداشت، هاتوووچۆ و
هەموو بوارەكانی ژیانی چینی كرێكار لەخۆدەگرێت. لەماوەی 4ساڵی رابردوو كە
روحانی سەرۆك كۆمارە بەردەوام ئاماری ناڕاستی لەسەر بێكاری و نرخی هەڵاوسان
خستووەتەڕوو و ناكۆك بووە لەگەڵ ئامار و راپۆرتی بەشە پەیوەندییدارەكانی
تردا. بەبڕوای كارناسانی ئابووری بەتایبەت ئێستاكە بەهۆی گەمارۆ
ئابورییەكانەوە كە كاری كردوەتەسەر دۆخی ئابووری ئێران حكوومەتەكەی روحانی
زیاتر لەجاران ئاماری ناڕاست و درۆ بڵاودەكاتەوە.
بێگومان
ھەلومەرجی دژواری ژیانی ئێستاكەی جەماوەری كرێكاران و خەڵكی كەمداھاتی
كوردستان و سەرتاسەری ئێران، كاردانەوەی ئەم چینەی بەدواوە دەبێت.
لەلایەكەوە رژیمی كۆماری ئیسلامی چەوسێنەر، ناتوانن لەم دەورەیە لە
قەیرانێكی ئابووری كە داوێنی گرتوون بە ئاسانی دەربازبن و گشت ئاسەوارەكانی
بەسەر چینی كرێكار و خەڵكی ھەژاردا برۆخێنن و لەلایەكی دیكەشەوە كرێكاران
لەدرێژەی ناڕەزایەتییەكانیاندا بۆ بەئاكامگەیاندن و ناچاركردنی دەوڵەت بە
پاشەكشێ، پێویستیان بە یەكگرتوویی ھەرچی زیاتر و پێكھێنانی رێكخراوی
خۆیانە.
چینی
كرێكار و باقی خەڵكی دیكەی ئێران رۆژانە شاهیدی گرانی سەرسووڕهێنەر و
چوونەسەرەوەی هەڵاوسانن. چوونەسەرەوەی لە رادەبەدەری نرخی شتومەك لە ئێران
بووە بە كێشەی ژیانی بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگا و بەتایبەتی بنەماڵەی كرێكاران.
لە ئێران ناوەندی بەرپرسی دابینكردنی لانیكەمی حەقدەستەكان، شۆڕای باڵای
كارە كە بە نوێنەرایەتی لە وەزارەتی كار، خاوەنكار و كرێكاران پێكهاتووە و
بە بەشێك لە وەزارەتی كار ئەژماردەكرێت. كێشەی سەرەكیی كرێكاران
هاتنەخوارەوەی نرخی دراوە، بەم پێیە لەساڵی نوێدا ئێمە شاهیدی لە ناوچوونی
بنەماڵەكان، زۆربوونی تاوان لە كۆمەڵگا، ئەو كوشتنانەی كە بە هۆی هەژاری و
نەداری روو ئەدەن و هەروەها وازهێنانی منداڵان لە دەرس خوێندن و رووكردنیان
لەكار دەبین. كرێكاران ئەمرۆكە لەژێر سەخترین گوشارەكانن. لەلایەكەوە
قورسایی گرانی سەرسووڕهێنەر و هەڵاوسان و لەلایەكی دیكەشەوە بێكاری و
دەركردن و دواكەوتنی حەقدەستەكان، دەنگی ناڕەزایەتی كرێكارانی
بەرزكردوەتەوە.
ئهم بابهته 6116
جار خوێنراوهتهوه
PM:01:14:04/04/2017