پێشمەرگایەتی، دوونیایەک ئەزموون


سامان ریشەساحێب


"ئێوە بوون سەردەمێک مەرگ لێتان فێر دەبوو نەترسێ و بزانێ و بپرسێ"

بەرزراگرتنی رۆژی ٣١ی جۆزەردان وەبیرھێنانەوەی چەند دەیە لە چالاکی و فیداکاری ھێزێکە کە بە ھاتنی بۆ ناوگۆڕەپانی سیاسی، کوردستانی خستە ناو قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان. لە بیر و ھزری خەڵکی کوردستان پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو ھێزێکی وشیاری سیاسی، لە خۆبردوو، خۆنەویست، خەڵکی و جەسوور دەناسرێت. لێبڕاوانە لە خەبات دژی سیاسەتە نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێَشان، خەبات بۆ بونیادنانی عیداڵەتی کۆمەڵایەتی، ئاڵاھەڵگری بەرابەری ژن و پیاو، بەرگری لە مافی منداڵان  لە پێناسە سەرەتاییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەن.

ھاتنە گۆڕی ئەم بیرۆکانە مژارێکی نوێ بوو لەو سەردەمە و پێشمەرگەی کۆمەڵە نوێنەرایەتی ئەم بیرۆکانەی دەکرد، لە مەڕ پرسی کورد و لابردنی ستەمی نەتەوایەتی بیرۆکەی پێشمەرگەی کۆمەڵە زۆر مرۆڤانە و ئەمرۆیی تر بوو. لە مێژووی خەباتی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان، بۆ یەکەمین جار ژنان لە ناو ھێزی پێشمەرگایەتی "کۆمەڵە" چەکدار و خاوەنی رێکخراوی سەربەخۆی خۆیان بوون، ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو بە بەستێنێک و سپەرێک بۆ بە دەستھێنانی بەرژەوەندی و مافە رەواکانی ژنان و بەرگری لێدەکردن. پێشمەرگەی کۆمەڵە بانگەوازی ژنانی کرد بۆ خەبات لە پێناو مسۆگەر کردنی مافەکانیان لە دژی پیاوسالاری و ھەموو ئەو داب و نەریتە کۆنانەی کە ببوونە ھۆی دواکەوتووی کۆمەڵگای کوردستان و لەم پێناوەدا ژنانیان ھاندا و زۆربەی ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری خوازی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای کوردستان ھاتنە نێو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەمە خۆی (سونەت) شکاندنێکی سیاسی و مێژوویی بوو کە تەنیا بە پشتیوانی و پێشوازی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە کوردستان سەری گرت.

بەم پێیە ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو بە یەکێک لە ستوونە بەھێزەکانی خۆڕاگری فراوانی کۆمەڵایەتی، خۆڕاگرییەک کە دەرەنجامەکەی بووە ھۆی ئەوەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی سەریان نوی نەکرد و پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ھۆی بەردەوام بوون لە سەنگەری خەبات لە گۆڕەپانی سیاسی لە نێو دڵی خەڵکی کوردستان زۆر زوو جێگەی خۆی کردەوە و راستی خەباتی خۆی سەلماند.  بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان رۆڵێکی گرینگ و ئەساسی لە خەبات دژی رژیمی کۆماری ئیسلامی گێڕاوە، ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای ھاتنە سەرکاری حاکمیەتی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی خەباتێکی بێ وچانی دژ بە داگیرکەرانی کوردستان لە لایەن ھێزەکانی پاسدار و ئەرتەش و خوێنمژانی ئەو رژیمە بردوەتە سەر، بۆیە ئێستاشی لە گەڵ بێت کۆماری ئیسلامی ھیچ کات نەیتوانیوە لە کوردستان پێگەیەک مسۆگەر بکات و ئەمەش بە ھۆی خەباتی رەوا و بەرەحەقی لایەنە سیاسیەکانی رۆژھەڵاتە و بە تایبەتی  ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە.

 ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە تەنیا ھێزێکی بە رواڵەت چەکدار نییە و ناشبێت، بەڵکوو ئاڵاھەڵَگرو بانگخوازی سیاسی، ھاوڕێی و پشتیوانی چینە بن دەستەکانی کۆمەڵگا، خوازیاری مافی ژن و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان، خاوەن بیرورای مرۆڤانە بۆ گەیشتن بە دونیایەکی ئازاد و بونیادنانی عیداڵەتی کۆمەڵایەتی و ..ھتدە، ھەر ئەم تایبەتمەندییانەیە کە بوەتە رەمزی سەرکەوتن و خۆشەویستی ھێزی پێشمەرگی کۆمەڵە.
رۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵە و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان واتە ھاوڕێ سەعید موعینی ناسراو بە کاک (خانە) برای گیانبەختکردووان کاک عەبدوڵڵا و کاک سولەیمان موعینی لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە دەیەی ٤٠ی ھەتاوی، شان بەشانی پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ئاوایی دەری لە ناوچەی ماوت سەر باشووری کوردستان لە گەڵ پۆلێک پێشمەرگەی خۆ نەویست بە داخەوە کەوتنە گەمارۆی ھێزەکانی رژیمی بەعس و گیانی ئازیزی لە رێگای رزگاری نەتەوەکەی بەخت کرد. ساڵی ١٣٥٦ی ھەتاوی کۆمەڵە بە مەبەستی بینینی دە‌وری سیاسی نیزامی کاکە خانە ڕە‌وانە‌ی ناو یە‌کیە‌تی نیشتیمانی کوردستان لە سنوری باشووری کوردستان دە‌کات. کە لە‌وێ بە مامۆستا قادر دە‌ناسرێ. دوای ماوە‌یە‌ک مانە‌وە رۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ کاک خانە و چەند پێشمەرگەی یە‌کیە‌تی نیشتیمانی کوردستان لە شەرێکی قارەمانانەدا بەرانبەر بە ھێزەکانی رژیمی بەعس لە ئاوایی  دەری لە ناوچەی (ماوەت) گیانی بەخت کرد.

ئێستاکە نزیک بە 36 ساڵ بە سەر گیانبازی ھاوڕێ خانەی موعینی تێپەڕدەبێت، لە ماوەی 36 ساڵی رابردوو ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە باڵی چەکداری کرێکاران و زەحمەتکێشان و لایەنگرو پشتیوانی بۆ دیفاع لە ئازادی و مافی زەوت کراوی خەڵکی کوردستان و بەرابەری ژن وپیاو و لە کوردستان بووە. لە رێزی پێشمەرگایەتی ئەم ھێزە بە ھەزاران مرۆڤی ئازادیخواز و تێکۆشەر چالاکی و لە خۆبردووییان کردووەو گەلێک شانازی و حەماسەیان لە سەنگەرەکانی خەبات خوڵقاندووەو لە مێژووی کۆمەڵە تۆماریان کردووەوە. لەم نێوەدا سیماگەلێکی ناسراو و خۆشەویستی دڵی زەحمەتکێشانی کوردستان و بە دەیان سەدانی دیکە بوون بە سمبۆلی حەماسە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان.

مێژووی خەباتی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، مێژووی خۆڕاگری و سەرەفەرازیی خەڵکی کوردستانە. ھەرچەند لە ماوی ئەم سێ دەیە ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بواری سیاسی و خەباتگێڕیدا کۆمەڵێک ھەوراز و نشێوی بڕیوە و کۆمەڵێک کارەساتیشی بەسەر ھاتووە و زۆر جاریش خەسارگەلێکی قورسی لێکەوتووە، بەڵام بە ھۆی بەردەوام بوون لە خەبات و بڕەوی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نێو کۆمەڵگای کوردستان و باوەڕ بە ئەو ریشەیەی کە دایکوتیوە توانیویەتی خۆڕاگرانەتر و شێلگیرانە تر لە جاران درێژە بە خەباتی سیاسی  خۆی بدات.

مێژووی خەباتی بێ وچانی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێت وەکوو میراتێکی گران لە میشک و بیری کۆمەڵگای کوردستان بمێنێتەوە. تەنیا بەم شێوەیەیە کە نەوەی نوێ و داھاتوو و ئەو کەسانەی وا ئەم مێژووە پیرۆزەیان دەرک پێ نەکردووە دەتوانن ئەم میراتە لە بەر دیدەی خۆیان دابنێن و لە دەستکەوتەکانی کەڵک وەرگرن. بۆیە دەبێت سەر لە نوێ لە سەروبەندی رۆژی ٣١ی جۆزەردان پەیمان نوێ بکەینەوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان بە ورەیەکی لە ھەمیشە زیاتر و خوێندنەوەیەکی وردتر ھەنگاوکانمان پتەوتر بکەین لە پێناو بەردەوامیدان بەرێبازی ئەو ئازیزانەی لەریزەکانی کۆمەڵە گیانی خۆشەویستیان بەخت کرد و ھەروەھا پێویستە پێکەوە خاڵە بەھیزەکانی ئەخلاقی شۆڕشگێری پێشمەرگە بۆ نەوەکانی داھاتوومان بگوێزینەوە.\




ئه‌م بابه‌ته 8093 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:14:18/06/2016


زۆرترین خوێندراو