ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستارانەوە
ڕۆژی ١٢ی مەی، لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای ڕیکخراوی جیهانی تەندروستی وەک ڕۆژی جیهانی "پەرستاران"ـەوە ناوەزەد کراوە. کۆمەڵە ئەم ڕۆژە لە پەرستارانی کورد بە تایبەتی و هەموو پەرستارانی جیهان پیرۆزبایی دەکات و هیوای سڵامەتییەکی باشیان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.
ئەمساڵ لە کاتێکدا ڕێز لە ڕۆژی جیهانی پەرستاران دەگیرێت کە جیهان گیرۆدەی دۆخێکی تەندروستی سەختە و پزیشکان و پەرستاران هێزی یەکەمی بەرگری ئەم جەنگە جیهانییەن کە سڵامەتی هەموو مرۆڤایەتی و تاکەکانی سەر گۆی زەوی خستووەتە مەترسییەوە.
بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، "پێشمەرگانی سپی پۆش" چلۆن لەخۆ بردووانە و بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتییەوە گیانی خۆیان کردووەتە قەڵغانی خەڵکی هەموو جیهان و ژمارەی پەرستارانی گیانبەختکردوو بە ڤیرووسی کۆرۆنا، سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن.
لە کاتێک و لە سەردەمێک دا یادی ڕۆژی پەرستار دەکرێتەوە کە لە ئێران پەرستاران و کادری دەرمانی ئەو وڵاتە وەک توێژێکی کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ گەلێک مەینەتی و نەهامەتی تاقەت پرووکێن دەستەویەخەن. نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، لە خوارەوە بوونی حەقدەست و هەروەها نەبوونی کەل و پەلی پێویست لە بەردەستی پەرستاران بۆ پاراستنی گیانی شارۆمەندان لە ئەنجامی گەندەڵکاری، نەزانکاری و لێنەوەشاوەیی و دۆش دامانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لە دۆخێکی مەترسیدار دان.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەم ڕۆژەدا پێزانی ئەرک و زەحمەت و لەخۆبردوویەتییەکانی پەرستارانی جیهان و ئێران و کوردستانە بە تایبەتیی و پشتیوانی دەکات لە داواکارییە ڕەوا و بەرحەقەکانیان بۆ دابین بوونی ئەمنییەتی پیشەیی، حەقدەستی گونجاو و پارێزراوبوونیان بە کەل و پەلی پێویست و جارێکی دیکە ئەم ڕۆژە لە هەموو "پێشمەرگانی سپی پۆش" پیرۆز دەکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٢ی مەی ٢٠٢٠ زایینی
ئهم بابهته 1662
جار خوێنراوهتهوه
AM:07:27:11/06/2020