ڕاگەیاندنی ناوەندی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی گیان بەختکردووانی "دۆڵی بۆتێ"
دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی سی دوو ساڵ لەمەوبەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژیمی بەعسی ڕووخاو بە بۆمبی شیمایی هێرشیان کردە سەر بارەگای ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە لە دۆڵی "بۆتێ" لە ناوچەی ڕانیەی کوردستانی باشوور و بە داخەوە ٢٣ کەس لە پێشمەرگە، کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لەو ڕووداوە گیانیان بەخت کرد و زیاتر لە ١٥٠ کەسی دیکەش ژەهراوی بوون.
لە یەکەم ساتەکانی پاش شیمایی باران کردنی دۆڵی بۆتێ کە شوێنی جێگیر بوونی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە و گوردانی مهاباد بوو، خەڵکی ناوچەکە لە شار و دێهاتەکانی دەورووبەرەوە وەک وەفایەک بۆ کۆمەڵە و پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی بە هانای بریندارەکانی کۆمەڵەوە هاتن. ئەم بەهاناوەچوونی خەڵکی دەڤەرەکە وای کرد کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە گیانیان دەرباز بێت.
ئەم کارەساتە (دۆڵی بۆتێ) لە کاتێک دا ڕوویدا هێشتا دوومانگ بە سەر تاوانی دژە مرۆیی شیمیایی باران کردنی شاری هەڵەبجە لە ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ تێنەپەڕێ بوو کە وێڕای کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە، پۆلێک لە ڕۆڵە قارەمان و پێشمەرگە فیداکارەکانی کۆمەڵە لە گوردانی "شوان" شەهید بوون و گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بەخت کرد. جیا لە هەموو لێکدانەوە و شڕۆڤەکانی ئەم دوو ڕۆژە تاڵەی مێژووی کۆمەڵە، ئەم ڕاستییە زۆرتر ئاشکرا دەکات کە چارەنووسی گەلی کورد هاوبەشە و تێکەڵبوونی خوێنی شەهیدانی کوردستان و ڕژانی خوێنی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە خاکی هەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵە حیزبێکی بەدەربەست و بەرپرسیار و بە خەمە بۆ پرسی کورد، نەک هەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی دیکە و زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و شایەتحاڵەکان هۆکاری سەرەکی هێرشی ڕژیمی بەعس بۆ سەر دۆڵی بۆتێ بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە حیزبی "کۆمەڵە" تاقانە حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کە لێبڕاوانە لە یارمەتی شۆڕش و خەباتی کوردستانی باشوور دژی ڕژیمی بەعس بەردەوام بوو.
ناوی هاوڕێیانی گیان بەختکردوو لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا بریتین لە؛
نادر قازیزادە، ناسێح مەردوخ، فەرەنگیس شاھۆیی، جەلال محەمەدی، عەبدوڵڵا ھوشیاریان، مەنووچێھر مەحموودیان ، فریشتە رەزایی، بایەزید بەیاز، محەمەد ڕەسووڵ خۆش سیفەت، کەریم جەنەتیاری، مریەم مەجنوون، کیومەرس موھاجری، عەلی حوسێن محەمەدی، کەماڵ رەزا نژاد، سەعید محەمەدی، وەفا توتونچی، ئیسماعیل مستەفازادە، محەمەد عومەرعەلی، ئەحمەد محەمەدی، پەرویز تاجەوانچی، کەریم عەبدوڵڵا پوور، حامید مودەڕیسی و حوسێن سیگاری .
جارێکی دیکە یادی شەهیدانی دۆڵی بۆتێ و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بەزر ڕا دەگرین و بەڵێن دەدەین تا دوا هەناسە درێژەدەری بە ئەمەکی ڕێگا و ڕێبازەکەیان بین.
ناوەندی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
٢٥ی گوڵانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٤ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی
ئهم بابهته 1725
جار خوێنراوهتهوه
AM:07:17:11/06/2020