ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵەوە
بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدانی کۆمەڵە
هاوڕێیان و هاوسەنگەران!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
کۆمەڵە ئەوە زیاتر لە نیو سەدەیە بێ وچان بۆ وەدەست
هێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، لە پێناو دادپەروەری و دابینکردنی مافی خەڵکی زەحمەتکێش
و چەوساوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەبات دەکات. لەم پێناوەدا لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەدا
بە هەزاران کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی گیانبازییان بۆ کردووە.
لە ئاڵبۆمی گیانبەخت کردووانی کۆمەڵە زیاتر لە
سێ هەزار شەهید بوونی هەیە، دیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت وەک وەفایەک بۆ هەموو گیانبەخت
کردووانی کۆمەڵە، بە بوونی دەیان ڕۆژ لە ڕۆژمێری مێژووی حیزبە شۆڕشگێڕەکەمان کارێکی
ئەستەم بوو، بەڵام ڕۆژی ٢٧ ڕەشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ گیانبەخت کردنی ٧١ کەس لە پێشمەرگەکانی
گوردانی "شوان"، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی کیمیا باران کرانی شاری "هەڵەبجە"
لە کوردستانی باشوور لە لایەن ڕژیمی بەعسی ڕووخاوی عێراقەوە، سەرکردایەتی کۆمەڵەی
گەیاندە ئەو باوەڕە کە ئەم ڕۆژە گونجاوترین ڕۆژە بۆ دیاریکردنی ئەم بۆنە گرنگە لە ڕۆژمێری
پڕ لە شانازی و گیانبازی و فیداکاری کۆمەڵەدا.
دیاریکردنی ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە وەک ڕۆژی شەهیدان
و گیانبەخت کراوانی کۆمەڵە، ڕێز لێنان و وەفایە بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرە خۆنەویستانەی
کە گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە بەخت کرد. شەهیدانی کۆمەڵە لە زومرەی
خۆشەویست ترین ڕۆڵەکانی کوردستانن کە لە پێناو بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی
گەلی کورد و ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە بۆ پێک هێنانی
کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێمۆکراتیک و دادپەوروەر گیانییان
بەخت کرد. ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵە بۆ ئێمە ڕۆژی نوێ کردنەوەی پەیمان و بەڵێنی بە خوێنی
گەشیانە کە تا گەیشتن پێیان لە تێکۆشان و خەبات نەوەستین و بۆ هەمیشە سەرمەشقی ئێمەن.
ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵە یادی ئەو هاوڕێیانەمانە کە
لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە تاوانی حەقبێژی و حەقخوازی لە سێدارە
دران، ڕۆژی زیاتر لە سێ هەزار ڕۆڵەی چاونەترس و گیان فیدایە کە لە بەرەنگاری و
مقاومەت لە مەیدانەکانی شەڕ دژ بە داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان گیانی ئازیزیان
پێشکەش بە کوردستان و بزووتنەوە حەقخوازانەکەی کرد.
لە رۆژێکی وەهادا جێی خۆیەتی جارێکی دیکە رێزو
پێزانینی خۆمان بۆ کەمئەندامان و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە دووپات بکەینەوە.
٢٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و تەنیا دوو ڕۆژ
بەرلە نەورۆزی ٦٧ و هاوکات لەگەڵ شیمیایی کردنی شاری هەڵەبجە کە بووە هۆی شەهید
بوونی زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە بە دەستی ڕژیمی بەعسی عێراق، پۆلێک
لە ئازاترین و بە ئەزمونترین پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە گوردانی شوان، پاش بریندار
بوونیان بە چەکی شیمیایی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کرایە سەر و ٦٠
کەسیان لە مەیدانی شەڕ گیانیان بەخت کرد و ١١ کەسی تریان بە دیل گیران و دواتر لە
زیندانی شاری سنە ئیعدام کران.
پێویست بە وتن ناکات، میللەتی کورد، نەتەوەیەکی
بن دەست و مافخوراوە و لەم مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئەوە زیاتر لە یەک سەدەیە لە پێناو
ئەو مافە ڕەوا و پێشێل کراوانەی خەبات دەکات، نەتەوەیەک کە ئازادی و دەستەبەری مافەکانی
دەوێت، ئەوەش دەزانێت کەس ئەو مافانەی پێشکەش ناکات و دەبێت بۆی تێ بکۆشێت و خەباتی
بۆ بکات. ئەرکە لە سەر شانمان درێژە دەری ڕێگە و ڕێبازەکەیان بین و تا گەیشتن بە سەرمەنزڵی
سەرکەوتن و دەستەبەر کردنی مافەکانمان لە خەبات نەسرەوین و نەهێڵین خوێنیان بە فێڕۆ
بچێت.
کۆماری ئیسلامی دەست و پێی بە ئاڵۆزترین و قووڵترین
قەیرانی ڕەنگاڵە تەنراوە و دەربازبوون لێی زەحمەتە، بەربەیانی ئازادی نزیکە.
بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی کۆمەڵە
شەکاوە بێت ئاڵای سووری کۆمەڵە
سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی
ئهم بابهته 3266
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:26:16/03/2020