پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان!
هەر وەک ئاگادارن نیو سەدە پێش ئێستا ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی تێکۆشەری زانستگاکانی تاران و دەوروبەر، سەرەنجام و دوای تێکەڵاوی و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و کۆبونەوەی زۆر، ساغبوونەوە کە ڕێکخراوەیەکی ژێرزەمینی چەپی شۆڕشگێر دابمەزرێنن، گۆنجاو و هاوتەریب لەگەڵ بیر و باوری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگا. ئەو ڕێکخراوەیە سەرەڕای گیران و زیندانیکردنی بەشێک لە هەڵسووڕاوان و بەشێک لە ڕەهبەرییەکەی، توانی نهێنییەکانی خۆی بپارێزێ.
زەبری بەر کەوت بەڵام سەرەڕای زەبر و زەنگ، هەڵوشاوە و پرژوبڵاو نەبوو، بەڵکو قەوارەی خۆی پاراست و تا دەستپێکی شۆرشی ئێران بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ توانی بێوچان ڕایەڵەی تۆڕی ڕێکخستنی خۆی لەنێو ژمارەیەک لە خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران و زەحمەتکێشانی لادێ بڵاو بکاتەوە.
لە هەل و مەرجێکی زۆر دژواری چالاکی نهێنی لە ژێر مەترسی بەردەوامی زیندان و ئەشکەنجە، سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی١٣٥٧ی هەتاوی چالاکی ئاشکرای خۆی لە تۆی ڕاگەیاندنێک ڕوو لە خەڵکی کوردستان، لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستپێکرد.
٢٦ی رێبەندان رۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێی رێبەڕ "حەمە حسێنی کریمی"یە کە لە رۆژی ٢٣ی ڕێبەندان و لە هەڵمەتی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سەقز بە مەبەستی چەککردنی شارەبانی ئەو شارە، بە گوللەی یەکێک لە بەکرێگیراوان بریندار ببو و دوای سێ رۆژ گیانی ئازیزی بەخت کرد و هەر بەو جۆرەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا بوو بە رۆژی دەستپێکی چالاکی ئاشکرای کۆمەڵە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی بزووتنەوەی حەقخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران.
سەرەڕای ئەو خەسارە مەزنە و هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، کۆمەڵە ئەرکی مێژوویی ڕێبەری کردنی بەرەنگاری بەرامبەر بە هێرشی کۆماری ئیسلامی و درێژەپێدان بە خەباتی خەڵکی کوردستانی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە شانازیەوە وەئەستۆ گرت.
کۆمەڵە لە ماوەی ٥٠ ساڵ ژیان و خەباتی خۆیدا زۆر دەستکەوت و پێشکەوتی پێشکەش بە گەلی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاری بەخشی کردووە کە ئەگەریش سەرەتا هەندێ جار بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری ئەوکات نوێ و نەبیستراو و نەکراو بوون بەڵام سەرەنجام ڕێی خۆیان لە کۆمەڵگا و لە فەرهەنگ و لە سیاسەتی کوردیدا دۆزیەوە و بوون بە هۆی دەوڵەمەندکردن و خەمڵاندن و پەرەپێدانی بزووتنەوەکەمان.
لێرەدا مەبەست گێڕانەوەی مێژوو، بەرجەستە کردنەوەی دەسکەوتەکان، یان خەسارناسی کەمووکوریەکان نیە، هەر یەک لەوانە و لە شوێنی خۆی و لە زمانی رێبەڕانی حیزبی ئێمەوە باس کراون و لە داهاتووشدا دەکرێن، گرنگ ئەوەیە بزانین کە ئەم مێژووە بەئارەق و بەخوێن، بە کاری تاقەتپڕوکێن، بە تێکۆشانی بێوچان، بە خۆماندووکردن، بە سەرما و گەرما چشتن، زۆرجار بە هەژاری و بە نەداری، بە خۆبەخشین و خۆبەختکردن، بە ٣ هەزار شەهید، بە هەزاران زیندانی و دوورخراوە و کەم ئەندام، بە کاری خورد و وردی نهێنی، بە تەقەو هێرشی پێشمەرگە، بە خۆپیشاندانی جەماوەری، بە چالاکی مەدەنی، بە کاری ڕۆشنبیری، بە کۆبوونەوە و کۆنگرە و سیاسەت داڕشتنی بێوچان، بە هەڵبڕینی دەنگی حەق خوازانەی گەلی کورد و بزوتنەوەکەی لە ئێران و جیهان پێکهاتووە.
بەڵێ، ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە بە هەموو ئەوانەوە هاتووتە دی و هاتووتە بەرهەم، هەزاران هەزار بنەماڵە، هەزاران هەزار پیر و جەوان، کوڕ و کچ، لەژور و خواری کوردستان بە زاراوەی جیاواز ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتییەیان پاراستووە، نیگایان هێشتووە و پەرەیان پێداوە و بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو تەیاریان کردوو.
هەر بۆیەش ڕێز و سڵاوی خۆمان بە هەموو ئەو تێکۆشەرانە، بە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان، بە زیندانییە سیاسییە خۆڕاگرەکان و بنەماڵەکانیان، بە کەم ئەندامان و بنەماڵەکانیان، بە هەموو تێکۆشەرانی دێرینی ڕێکخستنی نهێنی، بە هەموو پێشمەرگە دێرینەکان، بە هەموو تێکۆشەرانی نەوەی نوێ چ لە بەرگی خاکی پێشمەرگایەتیدا یا لە ڕێکخستنە نهێنیەکاندا، بە هەموو ئەوانە پێشکەش دەکەین.
ڕوو لە هەموو جەماوەری تێکۆشەری خەڵکی کوردستان دەکەین و پێیان دەڵەین!
ئێرانی کۆماری ئێسلامی لە بەر دەم گەورەترین گۆرانکاری هەموو ئەم ٤٠ ساڵەی خۆیدایە، شانسی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانی ئەم نیزامە چەپەڵە و گەیشتن بە ئاواتی ئازادی و دێمۆکراسی و دادپەروەری لە هەمیشە زیاترە، ئەستێرەی بەختی کوردیش لە ڕۆژهەڵات بێگومان لەو گۆرانکارییە گەورەیەدا دەتوانێت گەش و درەوشاوە بێت، بۆیە هەنووکە کاتی ورەی بەرز و پۆڵایینە، کاتی خۆ تەیار کردن و گیانبازیە، با دەست لە دەستی یەک خەین و سەروەری گەورە بۆ نەتەوەکەمان تۆمار بکەین.
هاوڕێیان، جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکان تووشی گرفتی چارهەڵنەگر و قەیرانی قووڵە، کێشە ناوخۆییەکان حاشاهەڵنەگرە و هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتی تەنیوەتەوە، ڕوخساری ئەو کێشانە ئاشکران و رۆژانه بە دەنگی بەرز لە ناوەندەکانی دەسەڵات قسەی لەسەر دەکرێ.
هەڵوەرینی ناوخۆیان دەستی پێ کردووە و هەتادێ ئەلقەی وەفادارانی بچوک و بچوکتر دەبێتەوە. نوسخە و دەرمانی هیچ یەک لە باڵەکانی رژیم چارەی زامی قووڵی خەڵکی ئێران ناکات و ژان و ئازاریان ئارام ناکاتەوە. بناژۆخوازان تەنیا چەکی سەرکوتیان بە دەستەوە ماوە و هیچی تر، رێفۆرمخوازانیش کە لەم ساڵانەدا بە ئیستمرارتەڵەبان یان درێژەپێدەران ناویان دەرکردووە لە هەمیشە ڕیسواترن و پەتەی دووڕووییان کەوتوەتە سەر ئاو. لە ڕاستیدا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو کات زیاتر جەمسەربەندی کراوە کە لە لایەک جەماوەری وەزاڵە هاتوو و لە لایەکیش دەسەڵات.
ئاخێزەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ و سەدان جوڵەی نارەزایەتی ورد و گەورەی دیکە، دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە رژیمی کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک مەشروعییەتی خۆی لە دەست داوە. هیچ ڕۆژێک نیە لە ئێران قەیران و ڕیسواییەک ڕوونەدا، دیمان لە ڕووداوی تەیارە ئۆکراینیەکە کە زیاتر لە ١٧٠ کەس خەڵکی بێتاوان بوونە قوربانی، ڕژیم چۆن تێکۆشا ڕاستی ڕووداوەکە بشارێتەوە و ئەگەر لەبەر گوشاری دەرەکی نەبایە ئەم ڕووداوەش وەک دەیان و سەدان ڕووداوی دیکە شاراوە دەمایەوە.
دەسەڵاتێکی گەندەڵ و ناکارامە و سەرکوتگەر کە بە نێوی ئایین و وەک نوێنەری ئاسمان لە سەر زەوی ماوەی زیاتر لە چل ساڵە ئێرانی بردووەتە لێواری داڕمانی ئابووری، کولتوری و کۆمەڵایەتی. هەنووکە تەنیا بە پاڵپشتی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێ. خەریکە وردە وردە لە کۆتایی تەمەنی نگریسی خۆی نیزیک دەبێتەوە.
جەماوەری خەباتکاری کوردستان!
لە کەش و هەوایەکی ئاوادا کۆمەڵە لە سەر ئەو باوەڕەیە و هەمیشە لەوبارەوە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە خەڵکی کورد زیاتر لە خەڵکی دیکە، رووخانی ئەم دامودەزگایە لە بەرژەوەندی خۆیدا دەبینێ. دەسکەوتی بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکە زیاتر لە باقی خەڵکی ئێران و گەلە بندەستەکانی دیکەش لە پێناو بەرژەوەندی خودی نەتەوەی کورد دایە. بە خۆشیەوە لە ئیعترازەکانی خەزەڵوەری ڕابردوو خەڵکی کوردستان بە بوونیان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ئاخێزە، وشیاری سیاسی و نەتەوەیی خۆیان بە هەموو کەس نیشاندا. کۆمەڵەش هەر لەو ئاراستەیەدا هەوڵ دەدا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دیموکراسیخوازی بەرفراوان و سەرتاسەری کە هەم کاری هەڵپێچانی کۆماری ئیسلامی هاسان کاتەوە و هەم ئێعتراف بکات بە گرینگترین و بنەڕەتی ترین خواستەکانی کورد وەک نەتەوەیەک کە خوازیاری دابینکردنی مافەکانی خۆیەتی.
لە هەمان کاتدا پێویستە جارێکی دیکەش بە جەماوەری خەباتکاری کوردستان ڕاگەیەنین کە کۆمەڵە بە بێ پسانەوە درێژە دەدا بە هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەوەی کورد تا ئەو جێگایەی مومکین بێت بە یەک دەنگ و یەک بەرنامە و هەڵبەت یەکگرتوانە بچێتە ناو خەباتی سەرتاسەری بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی. ئێمە لە سەر ئەو باوەرە پێداگرین کە کورد هەم بۆ تەعامول لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەم بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەی و بە تایبەت بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و لە داهاتوودا هەر حکومەتێکی ناوەند پێویستی بە یەکگرتوویی و پێکەوە بوونه.
هاوڕێیانی کۆمەڵە، ئەندامان، پێشمەرگەکان و لایەنگران و دڵسۆزانی کۆمەڵە!
نزیک بوونەوە لە کۆتایی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی ئەرکی ئێمە قورستر و زۆرتر و مەجالی حەسانەوەمان کەمتر و کەمتر دەکا. کادر و چالاکانی ڕێکخستنەکانی شار و دێهاتی کوردستان بە تایبەت ئەرکی زۆر دەکەوێتە سەر شانتان و ئەو کاتە هەستیارە وشیاری سیاسی زۆرتر لە هەموومان دەخوازێ. بە بێگومان کۆمەڵە کە خۆی بە حیزبی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەزانێ، دەبێ بۆ ڕێکخستنی زۆر بەرینی جەماوەری خۆ ئامادەکەن. پەیوەستبوونی هەرچی زۆرتری خەڵکی چالاک و وشیار لە باری سیاسی، گەنجانی خوێن گەرم و لەخۆبردوو حیزبەکەمان بە تواناتر دەکا. کۆمەڵەیەکی بەتواناتر بە واتای ڕێگا خۆشکردن بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانمانە.
لە کۆتاییدا کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە چل و یەکەمین ساڵوەگەڕی چالاکی ئاشکرای کۆمەڵە و تێپەربوونی نیوسەدە لە دروستکردنی یەکەمین دەستە و گرووپی دامەزرێنەر لە هەموو خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕی کوردستان، دڵسۆزانی کۆمەڵە، بنەماڵەی شەهیدان و گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، زیندانیان سیاسی و پێشمەرگە دێرین و تازەکانی کۆمەڵە پیرۆزبایێ دەکا.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاویی
ئهم بابهته 2347
جار خوێنراوهتهوه
PM:10:00:15/02/2020