بڕیارنامەی پلینۆمی ٤ی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ سەبارەت بە؛
پتەوتر کردنی یەکگرتوویی و بڕوا بەخۆیی کوردستانی رۆژهەڵات
کۆنگرەی پازدەھەم، لە درێژەی روانگە و سیاسەتی داڕژاوی دەیان ساڵەی کۆمەڵەدا، بەدروست رایگەیاند کە پرسی کورد لە ئێران پرسی نەتەوەیەکی بێبەشکراوی سەرکوتکراوە و بزووتنەوەکەشی بزووتنەوەی رەوای گەلێکی ئازادیخوازە. کۆمەڵە ھەر لە سەرەتای پێکھاتنیەوە ئاڵاھەڵگری رزگاری نەتەوەیی و دروشمی مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد و داکۆکیکاری شێلگیری مافەکانی بووە و جارێکی دیکەش لەسەر ئەو مافە ڕەوایانە پێداگری دەکات. بەکورتی و بەپۆختی، کۆمەڵە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان بەسەر خاکی کوردستاندا تێدەکۆشێت. ھەر لەو سۆنگەیەشەوە، کۆمەڵە رێکخستن و رێبەری کردن و بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانآ و شێلگیرتر لە ھەمیشە لەو پێناوەدا ھەولڕ دەدات. لەو ئاراستەیەشدا کۆمەڵە لە ھەموو شێوازەکانی خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ئەو ماف و داخوازییانە کەڵک وەردەگرێت و بۆ ھەر چەشنە ھاوکاری و یەکگرتووییەک کە بە ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیە خزمەت بکا، ئامادەیە و ھەوڵی بۆ دەدا.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و داخوازییەکانی دەسکردی ھیچ کەس و لایەنێک نین بەڵکوو دیاردەیەکی مێژووکردن و بەرھەمی بارودۆخی عەینی کۆمەڵگای کوردستانن. وشیاری نەتەوایەتی لە ھەموو ناوچەکانی کوردستانی رۆژھەڵات بەرینتر و قووڵتر بۆتەوە و ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کورد لە ئێران مافی خۆی ناسیوە، بڕوا بەخۆی زیادی کردووە و چیدی بەم بێمافی و بێبەشییە ڕازی نییە.
کۆمەڵە، دەستەبەر کردنی یەکگرتوویی لە کوردستانی رۆژھەڵات بە مەرجێکی پێویستی سەرکەوتنی بزووتنەوەکەمان و بە ئاواتێکی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەزانآ و ھەر لەو سۆنگەیەشەوە ھەوڵدان بۆ ئەو یەکگرتووییە بە ئەرکێکی گرینگی خۆی دادەنآ. ئێمە لە پتر لە پازدە سالڕ لەوە پێش بیرۆکەی پێکھێنانی بەرەیەکی یەکگرتوومان لە کوردستانی ئێران ھێنایە ئاراوە و بەردەوام ھەوڵمان بۆ داوە و لە چەسپاندنی ئەو بابەتە و کردنی بە ویستی کۆمەڵگای کوردستان نەقشی سەرەکیمان بووە. بەدوای ئەویشدا، شێلگیرانە لەپێناو پتەوتر کردن و فراوانتر کردنی ئەو یەکگرتووییە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەستپێشخەری نوێمان کردووە و پێشکەش بە لایەنەکانی دیکە و بە کۆمەڵگای کوردستانمان کردووە. ئێمە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆمان لە دامەزرانی ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بەشێک لە ئامانجەکانی ئێمەی ھێناوەتە دی، رایدەگەیەنین کە ھێشتا مەودای زۆرمان لەپێناو یەکگرتووییەکی پتەوتر و ھەمە لایەنەتر، کە پێویستی بآئەملاولای ئەم سەردەمەیە، ماوە و کۆمەڵە بە ھەموو توانای خۆی بۆ ئەو یەکگرتووییە پتەو و ھەمەلایەنەیە تێدەکۆشآ.
ئێمە ھەروەھا بە ھەڵکردنی ئاڵای رۆژھەڵات تەوەری، ھەوڵمان بۆ پتەو کردنی بڕوا بەخۆیی کوردستانی رۆژھەڵات داوە. ئەو ئاراستەیە ڕەگی لە قووڵایی ویستێکی گەورەی بزووتنەوەی رزگاریبەخشی کوردستانی رۆژھەڵات و مێژوو و خەباتی ھەزاران گیانبەختکردووی ئەو کۆمەڵگایە دایە و بەمانای وەستانەویەکی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکە لەحاست بەپاشکۆ کردنی کوردستانی رۆژھەڵات. رۆژھەڵات تەوەری، خۆوشیارییەکە لەھەمبەر بەلاڕێدا بەردن و چەواشە کردن و سڕینەوەی پێناسەکەی و پێداگرییە لەسەر سەروەری کوردستانی رۆژھەڵات و چەسپاندنی ھەستی خاوەنداریەتی ئەوان بۆ زێدی خۆیان و بزووتنەوەکەیان.
پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، وێڕای تەئکیدی دووبارە لەسەر ئەم روانگە و سیاسەتانە، رایدەگەیەنێت کە بارودۆخی ھەستیاری ئێران و ھەموو ناوچەکە یەکگرتوویی گەلی کورد، بە ھەموو حیزب و لایەنەکان و ھەموو کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوە و کەسایەتی و تاکەکانی کوردستان لە ھەمیشە زیاتر بۆتە پێویستیەکی حاشاھەڵنەگر.
ئهم بابهته 2918
جار خوێنراوهتهوه
AM:02:06:06/10/2019