ژیانەوە بە كاتی كوردستان !

رەفێق حوسەین پەناهی 
پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی كڕۆنا ویرۆس لە ئێران و كوردستان ، دەستبەجێ هەم خەڵكی ئێران بەگشتی و خەڵكی كوردستان بە تایبەتی بە لە بەرچاو گرتنی شوناسێك لە حاكمیەت هەیانبوو ، دەزانن كە ئەم رژیمە ناتوانێ مودیریەتی ئەم قەیرانە بكات و خەڵك لەم بارودۆخەدا بپارێزێت ، بەرپرسانی رژیم لەم ماوەیەشدا ئەوەیان نیشان دا كە گیانی خەڵك و كۆمەڵگا بۆیان گرینگ نییە ، ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە پاراستنی بەرژەوەندیە ئایدیۆلۆژیكەكانیان لە ناوچەكە و كەڵك وەرگرتنە لەم قیرانە بۆ كۆكردنەوەی پوڵ و پارەیە بۆ خۆیان .
هەر بۆیە خەڵكی ئێران وبە تایبەتی خەڵكی كوردستان  بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستی دەسەڵات بن وەخۆكەوتن و بە درووستكردنی كەمپەینگەلێك لە لایەن رێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكانی مەدەنی و سیاسی و كەسایەتیەكان و بە گشتی خەڵكی خۆبەخشەوە هیمەتێك دەستی پێ كرد بۆ خۆپارێز و نیشتمان پارێزی و  كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵكی كەمداهات و هەژار و فەقیری كوردستان كە لەم بارودۆخەدا زۆرترین قۆرساییەكان كەوتۆەتە سەرشانی ئەو چینە .
كوردستان وەكوو هەمیشە و بە شێوەیەكی یەكگرتووانە بە دروستكردنی گرۆپ و رێكخراوە و كەمپەینگەلی جیاجیا قەڵخانێكی بەهێزیان لە دژی پەتای كرۆنا ساز كردووە ، لە ماوەی كەمتر لە چەند رۆژدا پاش بڵاوبوونەوەی وایرۆسی كرۆنا لە كوردستان كوڕ و كۆمەڵە مەدەنییەكان ، و سەرجەم خەڵكی خۆبەخش هاتنە دەنگ ، خاوەن ماڵەكان پارەیان لە كرێچیەكان وەر نەگرت ، خەیاتەكان دەستیان بە دروستكردنی ماسك و دەمامك كرد ، دوكتوور و پزیشك و پەرەستارە خۆبەخشەكان شەو رۆژ جیا لە وادەی كاری خۆیان لە نەخۆشخانەكان وێڕای كەمترین ئیمكاناتی پزیشكی بەردەوام بوون لە خزمەت بەو نەخۆشەكان ، دەیان گروپی خۆڕسك لە شار و دیهاتەكان ساز بوون و دەستیان كرد بە ئاگاكردنەوەی خەڵك ، رێگاگەلی هاتووچۆیان بەست و كۆڕ و كۆمەڵەكانیان پەرتەوازە پێ كرد ، رێوڕەسمە نەورۆزیەكانیان پەك خست ، و لە رێگاگەلی جۆراوجۆر بە تایبەتی لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەستیان كرد بە كاری ئاگاهگەری و بڵاو كردنەوەی ڕێنوێنیە پزیشكیەكان و هەر وەها بەرنامەگەلێك سەبارەت بە كۆڕی ئەدەبێ ، فێر بوونی زبانی كوردی ،گۆرانی و موسیقی و هەتد... تاكوو بەم شێوەیە خەڵك لە سەردەمی قەرەنتینەدا بێ تاقەت نەبن و لەم فورسەتەش كەڵك وەر بگرن بۆ كتێب خوێندن و گوێ گرتن بۆ ئەو بەرنامانە .
لەم نێوەدا ئەرك و كاری دوكتوور و پزیشكان و كادرە دەرمانیەكان زۆر پڕ بایەخ بوو، لە بەر ئەوەی ئەوان لە پێشەوەی ئەم شەڕەدان ، مێژوو شانازیان پێیەوە دەكات و بوون بە خاوەنی ئەو نێوە پیرۆزە ( پێشمەرگە سپی پۆشەكان ) دوور بوون لە بنەماڵە و كەس وكاریان ، تەحەمووڵ كردنی ئەو هەموو دڵەڕاوكییە و بینینی بارودۆخە و نەبوونی ئیمكاناتی پێویست چ ئەستەمە ، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئەوان ڕاوەستاون ، لە لایەن كۆمەڵگای مەدەنیەوە گوڵی سووریان پێشكەش كردن و خەڵكی كوردستان ئەو فیداكاریانەیان قەد فرامۆش ناكات .
لەم ماوەیەدا بە هۆی مانەوەی خەڵك لە ماڵەكانیان و پەك خستنی كاسبی و كار و ژیان ، ئەگەرچی لە كوردستان هەر كەم و زۆر جاریش بۆ چینی هەژار و فەقیر هەر نەبووە ، بەڵام ئەم بارودۆخە چینی كەمداهات و هەژاری ئەوەندەیتر زەلیل كرد ، هەر بۆیە ئێستاكە لە گۆشە و كەناری كوردستان ، لە دەرەوەی وڵات لە لایەن چالاكانی سیاسی و  مەدەنییەوە كەمپەینگەلێك بە مەبەستی كۆكردنەوەی یارمەتی و گەیاندنیان بە خەڵكی فەقیر و هەژار ساز كراوە ، هاوشێوەی ئەم جۆرە كەمپەینانە لە كوردستان هەبووە بە تایبەتی ئەو كاتەی كە زەوین لەرزە لە ناوچەكانی كرماشانی دا خەڵكی كوردستان نان و  ژیانیان لە گەڵ ئەو خەڵكە لێقەوماوەدا دابەش كرد ، ئەمڕۆكەش ئەم بارە قۆرسە بە هیمەتی ئەو كەمپەینانە ئەو كارە جارێكیتر بۆ خەڵكی هەژار وكەمداهات ڕوودەداتەوە كە زۆر جێ شانازی و دەڵگەرمیە بە تایبەتی بۆ چینی خوارەوەی كۆمەڵگا.
ئەوەی ئاماژەی پێ درا تەنیا زەڕەیەك لەو ئێرادە ئینسانی و هەڵمەتە نیشتمانی  و نەتەوەیەیە ، ئەگەرچی ئەم كار و كردەوە ئینسانیانە تەنیا لە كوردستانی رۆژهەڵات بەڕێوە ناچی بەڵكوو هەم نموونەی لە جیهاندا هەبووە و هەمیش لە باقی ناوچەكانی ئێرانیش هەبووە ، بەڵام ئەوەی لە كوردستانی رۆژهەڵات لە ئارادایە گەلێك جیاوازە ، ئەم بزووتنەوە تازە نییە و سەرچاوەكەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دژی رژیمی پاشایەتی ، كە دەسەڵات لە كوردستان نەما ، هێزە سیاسیەكان بە گشتی و خەڵكی خۆبەخش بۆ ماوەیەك بە باشترین شێواز كوردستانیان بەڕێوە برد ، لە هەندێك شار لە رێگای بنەكەكان و شۆراكانەوە ، توانرا باشترین نموونەی حكوومەتداری پیشان بدات ، ئەگەرچی رژیمی كۆماری ئیسلامی بە هێزی چەك  هاتە كوردستان و نەیهێشت ئەو دەسەڵاتە خەڵكیە سەربگرێ و بە تەواوەتی جێ بگرێ ، بەڵام ئەزموونێكی بۆ خەڵك بە جێ ماوە و فرامۆش نەكراوە ، هە ر بۆیە لە هەر قەیران و ڕووداوێكدا خەڵك بە پشت بەستن بەو ئەزموونە مێژووییە دێنە مەیدان .
بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ جم و جۆڵی چالاكانی نێو خۆ بە كەڵك وەرگرتن لە شێوازی خەباتی مەدەنی وەك باڵێكی بەهێزی بزووتنەوەی سیاسی كوردستانی رۆژهەڵات هەڵسوكەوت و چالاكی دەكەن ، پێكەوە گرێدانی ئەم دوو خەباتە هەم سیاسی و هەم مەدەنی رۆژ لە گەڵ رۆژ بەرەوی پتەوبوون و بەهێز بوون دەچێت ، پاراستنی ئەم رێگایە و یەكگرتوویی و یەكڕیزی ئەم بزووتنەویە ئەركی هەم حیزبە سیاسیەكان و هەمیش كۆمەڵگای مەدەنییە ، بەم شێویە خەباتی گەلی كورد لە رۆژهەڵات پێش دەچێ و سەركەوتووانەتر دەبێ ، دڵنیام بە هیمەتی هەموولایەك ئەم پەتایەش شكەست پێ دێنین، ئەم رۆژانەش تەمرینێكی باش و پێویستە بە تایبەتی بۆ نەسڵی نوێ كوردستان كە بەر پرسایەتی ئەم بزووتنەوەیە و لە دهاتوودا دەكەوێتە سەرشانی ئەوان .



PM:04:32:08/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌