بزووتنەوەی کوردی ڕۆژھەڵات و لۆمپەنیزمی سیاسی (بەشی سێھەم و کۆتایی)

وەحید کەماڵی ئیلامی


لێرەدا دەبێ ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆمان (وەک کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی ڕۆژھەڵات) بکەین کە ڕەنگدانەوە و کاریگەری چەمکی لۆمپەنیزم لەپاڵ باقی ڕەھەندەکانی سیاسەتی دوژمنکارانەی نەیارانی کوردی ڕۆژھەڵات و کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک توانیوییەتی زەربە لە ھێزە سیاسییە کوردییەکان بەتایبەتی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی بەگشتی بدات و کەسایەتی نۆخبەی کوردی ڕوژھەڵات و ھێزە سیاسییەکان تاچەند تووشی ئەم نەخۆشییە ببوونەتەوە ؟
ئەگەر بەدوور لە لایەنگری حیزبی و سیاسی و گرێدراو بوون بە ھەر ڕێبازێکی فیکری و سیاسی بمانەوێت کەسایەتی ھێزە سیاسییە کوردییەکان و نۆخبەی کوردی ڕۆژھەڵات لەم بوارەدا ھەڵسەنگێنین بە بێ ھیچ دودڵی و گومانێک دەبینین کە شەپۆلە بەھێز و نێگەتیڤەکانی چەمکی لۆمپەنیزم لە ئێران زیاتر بەر کورد کەوتوون و بە لەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی ئەم چەمکە کە پێشتر ئاماژەیان پێدرا بۆمان ڕوون و ئاشکرا دەبێت کە ھەم وەک تاک و نۆخبە و ھەم وەک ھێزە سیاسییەکان تا چ ئاستێک ھەڵگری ئەم کولتوورە وێرانگەرەین.
کولتوری خراب کردنی یەکتر و لۆمپەنیزمی سیاسی بووە بە دیاردەیەکی بەھێز لە نێو نۆخبەی کوردی وحیزبەکان و ئەمە خەسارەتێکی زۆری داوە بە ھەیکەلی سیاسی حیزبەکان و بەردەوامی تاکی ئازادیخوازی کورد لە ناو بزاڤی کوردی ڕۆژھەڵات.
خراپەکاری لە ناخ و دەروونی  بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، بێ ڕێزی کردن و بێحۆرمەتی بە نۆخبە سیاسی و کولتووری و مەدەنییەکان و بەھا بەنرخەکانی گەل و تێکوشەرانی سیاسی - کۆمەڵایەتی کورد و فیتنەگەری و دووبەرەکی خستنە نێو ڕیزی خەباتکاران و ھێزە سیاسییەکان و تاوانبارکردنی تێکوشەرە بەردەوامەکان و زۆر گوفتار و کرداری نەشیاوی دیکە تەنھا لەلایەن کۆماری ئیسلامی و شاخ و باڵ و داردەستەکانی ئەنجام نادرێت، بەڵکۆ بەشێکی زۆری ئەم سیاسەتە بە نەزانی یاخود بە زانا بوون لەلایەن نۆخبەی لۆمپەنی کورد پەیڕەو و جێبەجێ دەکرێت، نۆخبەی لۆمپەنی کورد لە ھەموو بوارەکاندا وەکو ھەموو لۆمپەنێکی دیکەی ئێرانی ھەوڵ دەدات و تێدەکوشێت کە کەم و کوڕییەکان و ناتەوانی فیکری و سیاسی و بەردەوام نەبوونی شۆڕشگێڕانە و شکستە سیاسی و مەدەنییەکان و سەرنەکەوتنی خۆی بخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە و کۆمەڵگاو ھێزەسیاسییەکان و ناکارامەیی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی خۆی بکاتە مۆڵکی غەیرەخۆی و دیگەران، بۆیە دەبینین بە ھەڵبژاردنی توندترین شێوەکانی ڕۆخاندن و بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەر جۆرە پرەنسیپێکی مرۆڤانە، ئەخلاقی یاخود شۆڕشگێرانە ھێرش دەکاتە سەر تێکوشەرە بەردەوامەکان و بە ڕەفتاری لۆمپەنمەنشانەی خۆی خرابترین تۆمەتە ناڕەواکان ئاراستەی دەوروبەر و لایەنەکانی دیکە دەکات. زۆرجار دەبیندرێت کە کەسانێک کە لە سیاسەت و تێکوشانی حیزبی و نەتەوەیی و چالاکییە مەدەنییەکان و...ناکاریگەر و پەک کەوتوو (منفعل) و سەرنەکەوتوو ببوونەتەوە لەجیاتی ئەوەیکە ژیانێکی غەیرە سیاسی و ئاسایی و ڕێزدارانە (محترمانە) بگرنە بەر و یاخود ببنە پاڵپشت و ئەزموونە باشەکانییان نەقڵی جیلی تازەی خەبات بکەن کەچی بە پێچەوانە دەبینین لەژێر سێبەر و پۆششی چەمکی فڵان ئایدیاو ڕێباز، یان لایەنگری فڵان کەسایەتی حەقیقی و حقوقی کورد و فڵانە حیزب تێدەکۆشن کە ئەوانی دیکە بەدناو بکەن یان کەسایەتی تاکێک یان گرووپ یان حزبێکی سیاسی بڕۆخێنن، لەحاڵێکدا ئەگەر ئەو کاتەی کە لەسەر ھەر ڕێبازێک  یان ئەندامی ھەر لایەنێکی سیاسی، حیزبی یان مەدەنی بووبوون ئەوەندەی کە ئێستا بەھەموو ھێزی خۆیان ھەوڵی ڕۆخاندن خەڵکی دیکە دەدەن، تێکۆشانی کردارییان بوایە ئەستەم بوو بە ئاسانی تووشی شکست ببن یان واز لەو ڕێبازە بێنن.
نۆخبەی لۆمپەن لە ڕاستیدا مرۆڤێکی ئێرادە لاواز، ئۆپۆرتونیست، ڕڤیزیونیست، کاریاریست و ھەڵگری واتای وەرشکەستەیی سیاسییە و تا ئەو کاتەی لەگەڵ شۆڕش و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی بەردەوام دەبێت کە بەرژەوەندییەکانی پارێزراو بن و ھەرکات ھەست بکات ئەو ھەلومەرجەی کە تێدایە لەمپەر لەبەرانبەر ئامانجە کەسییەکانی دادەنێت و جیلێکی تازەپێگەیشتوو ھاتوونەتە مەیدان و باشتر و مودێرنتر لە ئەو دەتوانن درێژە بە تێکۆشان بدەن، یەکسەر سەنگەر چۆڵ دەکات و ھەوڵی ڕۆخاندن و تێکشکاندنی غەیرەخۆی دەدات و ئەوەی وشەی نەشیاوە وەکۆ « جاسوس، ناپاک (خائین)، بەکرێگیراو ...لەدژی ئەوانی دیکە بەکاردەھێنێت.
دەمێکە کە نۆخبەی لۆمپەن لە ناو ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات  جێگەو پێگەی خۆیان قایم کردووە و بەردەوامی بە ھەبوون و کاریگەری نەرێنی خۆیان دەدەن لەسەر تاکی شۆڕشگێر و حێزبە سیاسییەکان و قەبارەی گشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات. ھەرچەندە ئەم توێژە  ھەرچەند ساڵ جارێک بە دروستکردنی کێشە و گرفت و بەربەست لە پێش جوڵانەوەی کوردی  ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن و زۆریشیان واز لە حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوەی کوردی دێنن یاخود ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن یان ئەڕۆنە باوەشی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە دۆژمن یاخود خۆیان دەفرۆشن بە دەزگایەکی ئەمنی، بەڵام بەشێکیانیش بە ھەر شێوەیەک بووە بە دەستەبەرکردنی پلە و پۆستێکی حێزبی مسۆگەرکراو (ھەڵبەت بە شێوازێکی مافیایی) درێژە بە بەردەوامی خۆیان دەدەن لەناو حێزبە سیاسییەکان و وەک دۆمەڵێکی شێرپەنجەیی (غدە سرگانی) لەدەمار و خوێنی حێزب دەمژن و خۆیان بەخێو دەکەن. ئەم کەسانە بە ھۆی ئەوەیکە لەناخی کەسایەتی خۆیاندا بڕیاری تەواوی شۆڕشیان نەداوە و حێزب و شۆڕش وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکان و گەیشتن بە ئامانج و عوقدەکانیان و درێژەدان بە ژیانی کەسی دەبینن، بستێن و ژێرخانێکی زۆرباشن بۆ سەرھەڵدانەوەی گەندەڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی و دروستبوونی کوتلە و باڵ و مافیا و کەسایەتی کڵاوبەرداری سیاسی و حێزبی.
ھەر بەو شێوەیەی کە لۆمپەنەکانی ناو کۆمەڵگا ھێز و توانای زۆری خۆیان لە دواکەوتوویی و سوننەتی بوون و هەژاری فکری و کولتووری خەڵک وەردەگرن بە ھەمان شێوەش لە ناو حێزبە سیاسییەکان نۆخبەی لۆمپەنی سیاسی، ھێزی خۆی لە دواکەوتوویی و نەخوێندەواری و فەقری فکری و کەم ئەزموونی کادێر و لاوازی چەمک و واتای کەسایەتی شۆڕشگێرانە لە پەروەردەی حێزبی و بەدەنەی حێزب وەردەگرن و دەبنە ھۆی لەبار چوونی بڕیارە گرینگەکانی حێزب و کەسایەتییە دڵسۆزە شۆڕشگێرەکان کە لە پێناو پێشخستن و مۆدێڕن کردنی  بزووتنەوەی کوردی ڕۆژھەڵات دراون.
 کەم نین ژمارەی نۆخبە لۆمپەنەکان لە ڕیزی سەرکردایەتی حێزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات کە لەجیاتی ھەوڵدان و تێکۆشانی ڕاستەقینە و شۆڕشگێڕانە بوونەتەوە کەسایەتییەکی بۆروکراتی کلاسیک و ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە کە ھەلومەرجی ھەنووکەیی (وەزعی مەوجوود) بپارێزن، چوونکە یەکەم زۆر لەم دۆخە ڕازین و دووەمیش لە ڕاستیدا مانەوەی خۆیان و ئەو ئیمکاناتە بەلاش و فراوانە کە بە خۆڕایی لەبەر دەستییانە تەنھا بە ڕاگرتنی ئەم دۆخە لەبارە (ھەڵبەت بۆ خۆیان) و ڕوونەدانی ھیچ چەشنە گۆڕانکارییەک مسۆگەر دەبێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن کە نوخبەی لۆمپەنی جێگرتوو لە سەرکردایەتی حێزبە سیاسییەکان یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانن لە زەمینگیر کردنی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژھەڵات و حێزبە سیاسییەکان. ھەبوونی ئەم توێژە لە ڕیزی کادێر و ئەندامان بەتایبەتی لەئاستی ڕێبەرایەتی حێزبەکان مەترسییەکی زۆر بەھێز و جیددییە بۆ ئەو جیلە نوێیەی کە بەشداری شۆڕش و حێزبەکان بوونەتەوە و یاخود لە داھاتوودا دەبن، چوونکە وەکوو دەزانین بەشێک لەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگاوە دێنە ڕیزی شۆڕش و حێزبەکان ئەو کەسانەن کە بەھۆی کێشەو گرفتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان یاخود ئالوودە بوون بە چەمکە خرابەکانی پەرەپێدراو لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگاوە ڕوو لە حێزبەکان دەکەن و بە پێناسەیەک دەتوانین بێژین کە «پەنا بۆ حێزبەکان دێنن لە خراپەکانی ناو کۆمەڵگا»، بەڵام بە ھۆی ھەبوونی لۆمپەنە سیاسییەکان لە ڕیزی بەدەنە و ھەروەھا لە ئاستی ڕێبەرایەتی حێزبەکان و ھەبوونی بستێن و زەمینەی خۆڵقێندراو بۆ بەردەوامی چەمکی لۆمپەنیزم لە ناو حیزبەکان لە لایەن نوخبەی لۆمپەنی سیاسی، دووبارە تووشی ھەمان کەش و ھەوای تا ڕادەیەک وەک پێشووتر دەبن بۆ بەردەوامی دان بە کەسایەتی لۆمپەنی خۆیان، بەڵام ئەم جارە بە پێناسەیەکی دیکەو لەژێر چەتری پرستیژی سیاسی و حیزبی و دەبنە ئامراز و بە کرێگیراوی مافیای لۆمپەنیستی ناو حێزبەکان .  
لەلایەکی دیکەوە حێزبە سیاسییەکان بە ڕاسپاردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی حێزبی بە کەسایەتی لۆمپەن (بە بێ ئەوەی پێشتر پەروەردەیەکی باش و ڕاست و دروستی سیاسی و حێزبی پێ بدەن و دڵنیا بن لە گوڕانکاری کەسایەتی تاکی ناو حێزب ) ھەم مەوجوودییەتی حێزب و پرەنسیپەکانی شۆڕش دەخەنە مەترسییەوە و لە لایەکی تریش بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەنووس و پاشەڕۆژی خەباتی نەتەوەی کورد دەخەنە ژێر کاریگەری نەرێنی بڕیاری پەسەند کراو لەلایەن توێژی لۆمپەنی سیاسی و دەبنە ڕێگاخۆشکەر بۆ خراپەکاری لە ناو حێزبە سیاسییەکان و کۆی گشتی خەباتی سیاسی نەتەوەیی کوردی ڕۆژھەڵات.
ناوەندی بڕیاری حێزبە سیاسییەکان دەبێ باش بیر لەوە بکەن کە کەسایەتی لۆمپەن و نوخبەی لۆمپەن بە تێگەیشتن و ئاگاھی سیاسی تێپەڕی ڕەوتە سیاسییەکان نابن و تەنھا بە ھاندانی (تحریک) ھێزێکی سیاسی  یا لە ڕووی ھەستی بە دوور لە زانستی سیاسی پەیوەندی بە لایەن یان حێزبێکی سیاسی دەکەن،  بۆیە خودی ئەم توێژە بە حوکمی سرووشتی ناخی کەسایەتیان خۆبەخۆ ھەڵگر و پەیرەوکەری زۆر چەمکی ناپەسەند و خرابەن و لایەنگری توندوتیژی، کرداری تێکدەرانە، ترس و تۆقاندن و زۆر بەزم و ڕەزمی دوور لە تەربییەت و پەروەردی سیاسی و شۆڕشگێڕانە دەکەن و کە دێنە نێو حێزبەکان و خۆیان لە ژێر سێبەری بەرژەوەندییەکانی نوخبەی لۆمپەنی دەسەڵاتداری حێزبی دەبینن، زۆر بە ڕاحەتی دەکەونە خزمەتی گەندەڵکارانی ناو حێزب و سیاسەت و بە قەوڵێک بۆ گەیشتن بە نان و نەوایەک دەبنە خۆش خزمەتترین کەسان بۆ پێشبردنی بەرژەوەندی و مانەوی نوخبەی لۆمپەنی سیاسی لە سەر دەسەڵاتی حێزبە سیاسییەکان.
نوخبەی لۆمپەنی سیاسی بە تایبەت نۆخبەی لۆمپەنی کورد خاوەن کەسایەتییەکی زۆر لەرزۆکن و بە تەعبیرێک «لە هەر لایەکەوە با بێت، ئەوان شەن دەکەن» زوو بە زوو ڕێباز و ڕێبەرەکانیان دەگۆڕن و لە ھەر شوێن و کاتێک ھەست بە مەترسی بکەن بە خێرایی ڕێباز و قیبلەی سیاسی خۆیان ئاڵ و گۆڕ دەکەن. لۆمپەنی سیاسی ھەموو کاتێک لەبەرانبەر دووڕێیانی ھەڵبژرادن (انتخاب) لە نێوان چینی پێشکەوتووخواز و ڕەنجدەر  لەگەڵ ھێزەپاشکەوتووخوازەکان و کەسایەتییە داگیرکەرەکان، لایەنی ئەمەی دووەمیان دەگرێت کە خاوەنی دەسەڵات و ھێزن. بیرۆکەی لۆمپەنیزم ھەموو کاتێک لەنێو حێزبە لۆمپەنزەدەکان ڕەواجی دەبێت و نوخبەی لۆمپەنی سیاسی دەسەڵات بەدەست بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدات کە چەرخی پێشچوون و پێشبردنی سیاسەتەکانی حێزب بە دەستییەوە بێت یاخود بەلانی کەم بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئەم بسووڕێتەوە ، بۆیە دەبێنین کە بە ھۆی کاریگەری ئەم توێژە لەسەر بەدەنە و ڕێبەرایەتی حێزبەسیاسییەکان کولتووری لۆمپەنیزم لە ناو حێزبە سیاسییەکان تا ئەو ڕادەیە پەرەدەستێنێت کە دەبێتە ھۆی ئەوەیکە ھیچ چالاکییەک و مۆروچینییەکی ( مھرە چینی) حێزبی بە بێ زەدووبەند و پەیوەندییە ناڕەواکان (نامشروع) جێبەجێ نەکرێت و لە کۆتاییدا حێزبی سیاسی شۆڕشگێڕ لە ژێر کارێگەری کولتووری لۆمپەنیزم و سێبەری دەسەڵاتی نۆخبەی لۆمپەنی بریار بەدەست ، لە ڕێگاو رێبازی ڕاستەقینەی خۆی پەرتەوازە دەبێت و دەکرێتە کۆمپانییایەکی سیاسی کە ھەموو شتێک لێدەوەشێتەوە غەیری شۆڕش و تێکۆشانی نەتەوەیی. 
نۆخبەی لۆمپەنی کورد لە ڕووی چینایەتی و چەشنی شکڵ گرتنی ستراکچەر و ھەیکەلی حێزبیش کاریگەرییەکی زۆر بەرچاو و نەرینیان ھەبووە لەسەر پێناسەی ساختار و پەیوەندییەکانی نێوخۆیی حێزبی و بوونەتە بە ھۆکاری بەردەوامی چەمک و سیستەمی دواکەوتووی « ئاغاوەتی و دەرەبەگایەتی « ( فئودالیزم و ارباب رعیتی) لە نێو حێزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بۆیە حێزبە سیاسییەکان جیاواز لەو پێناسەیەی کە لە خۆیان دەکەن و سەرەڕای ئەو ئامانج و درۆشمانەی کەلە ئەساسنامەو مانیفست و پەیڕەو پرۆگرامەکانیان ھاتووەو و نووسراوەتەوەو تا ڕادەیەکی زۆریش ھەڵبەت بە ڕواڵەت ڕەنگی مۆدێرنیزمیانیش پێوە دیارە، بەڵام لە ئەمری واقیع و لەکرداردا و بەھۆی ئەوەیکە نوخبەی لۆمپەنی سیاسی کورد لە نێو حێزبەکان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە کە موناسباتی دەروون حێزبی بە گوێرەی ویست و کولتووری لۆمپەنیستی خۆیان دیاری بکەن، بۆیە تایبەتمەندییەکانی شێوازی ژیانی ئاغا و دەرەبەگایەتی و کوێڵەداری مۆدێرن و باڵباڵێنەو حامی پەروەری و ژیانی تۆخی چینایەتی و ناعیداڵەتی تەبەقاتی  و چینی بەھرەمەند و چینی بێ بەھرە و کەمینەی سەردەست و زۆرینەی بندەست و سەروەر و نۆکەر و ئەو داب و نەریت و ھەڵسۆکەوتانەی کە تایبەتن بە ساختاری ژیانی فێئودالیستی و ئەرباب و ڕەعیەت مەنشی بووە بە دیاردەیەکی پەسەندکراو و ڕەوا لە نێو حێزبە سیاسییەکان، لە حاڵێکدا کە فەلسەفەی بنەڕەتی و مێژوویی زانستیی دامەزڕان و لەدایکبوونی ھەموو حێزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان خۆ تەرخانکردن بووە لە پێناو گەیاندنی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو بندەست بە مافە سەرەتایی و ڕەواکانی و خزمەت بە ئەم بەشە لە مرۆڤایەتی.
ئەفلاتوون وتەیەکی ھەیە کە دەڵێت: «من ھیچ ڕێگایەکی باوەر پێکراو بەرەو خۆشبەختی نابینم، بەڵام ڕێگایەک دەناسم کە دەگاتە شکست و ناکامی»...!
ڕاست و دروستی وتووە ئەفلاتوون و دەتوانین ئەم وتەیە بەم شێوەیە بیگونجێنین لەگەڵ دۆخی زاڵبوونی کولتووری لۆمپەنیزم لەسەر تاکی نۆخبەی سیاسی کورد و کولتووری لۆمپەنیزمی سیاسی لە ژیانی حێزبە سیاسییەکان کە «تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێباز و شێوازەی کە حێزبە تێکوشەر و سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات کە لەسەر ئەو ئەساسە دامەزراون و چەندین ھەزار گیانی پاک بەختکراوە لە پێناوی، نەبێتە ھۆی ڕزگاربوونی نەتەوەی کوردی ڕۆژھەڵات، بەڵام بێگومان دەسەڵاتداری و مەیدانداری کولتوور و داب و نەریتی «لۆمپەمیزمی سیاسی  زاڵبوو لەسەریان، ھەبووە و دەبێتە ھۆی شکست و بێ ھیوایی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردی ڕۆژھەڵات.
بمانەوێت یان نەمانەوێت، دانی پێدابنین یاخود ھەوڵی نکۆڵی لێکردنی بدەین، ڕاستی ئەوەیە کە ئەم کولتوور و کەسایەتییە ڕێگر و بەربەستێکی سەرەکییە لە پێشخستنی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ئێران و لە کوردستان.جا ئەگەر ئەوەندە جسارەتمان ببێت و بە دوور لە خۆبایی بوون قبووڵی بکەین کە تووشی ئەم پەتایە ماڵوێرانکەرە بوویین جا بێگومان مشووری ئەوە دەخۆین کە چۆن دەتوانین لە سیستەم و کولتوور و  نۆخبەی لۆمپەنیستی ناو شۆڕش و حێزبەکان ڕزگارمان بێت؟
ئەرکەکان جیاوازن و ھەرکامە لە میللەت و تاکی سیاسی ناو حێزبەکان و خودی  حێزبەکان (مەبەست ڕێبەرانی ڕاستەقینەو کۆڵنەدەری حێزبەکانە) دەبێ ڕێ و شوێن و ھەڵویستی تایبەت و جیاچەشنیان ببێت لە بەرانبەر کولتوور و چەمکی لۆمپەنیزم و تاکی کوردی لۆمپەنی سیاسی. 
ھەرچەندە لە سیستەمێکی حێزبی لایەنگر پەروەر و ئالوودەی بیرۆکەی بەرژەوەندی خوازانە  زۆر زەحمەت و ئەستەمە کە بتوانین ھەنگاو ھەڵگرین بەرەو نەھێشتنی کولتوور و ڕێبازی لۆمپەنیزمی سیاسی، چوونکە  گەندەڵی و بێ قانوونی و سست بوونی کەسایەتی سیاسی لە نێو حێزبی ئاوەھادا بووە بە ھۆی بەھێزبوونی پایەکانی کولتووری لۆمپەنیزم و موحافیزەکاری کەسایەتی تاکی شۆڕشگێر و خەباتکار و تۆخبوونی بەرژەوەندییە شەخسییەکان زاڵ بوونەتەوە بەسەر مەسڵەحەتە گشتی و نەتەوەییەکان، بەڵام دیسانەوەو سەرەڕای ھەموو گیر و گرفتەکان دەبێ وا سەیری ئەم بابەتە بکەین کە «ھیچ ڕێگایەکی دیکەمان نییە غەیری ئەوەیکە شکست بە چەمکی لۆمپەنیزم و کەسایەتی لۆمپەنی سیاسی کوردی بھێنین» و بۆ ئەم مەبەستەش ڕوڵی نوخبەی سیاسی مێشک خاوینی کورد لە ناو حیزبەسیاسییەکان گرینگ و کاریگەرە.
چەمکی لۆمپەنیزمی سیاسی سەرەتا دەبێ لە کەسایەتی ڕێبەرایەتی حیزبەکان و تەشخیس بدرێت و سەرکونە و مەحکوم بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ئەو ئەندامانەی کە لە ڕێبەرایەتی حیزبەسیاسییەکان جێگایان گرتووە و ھەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەن کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا دەبێ بە وردی خۆیان بچنەوەو ھەوڵ بدەن کە شێواز و چەشنی ژیانی سیاسی و کەسایەتی خۆیان بگۆڕن و ئەگەر وانەکرێت دەبێ ئیرادەی عامی ڕیبەرایەتی حیزب و باقی ئەندامانی حێزب لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەن و ناچاریان بکەن یا خۆیان بگۆڕن یان لابدرێن لە دەسەڵات و پلە وپایەی حیزبی.
بابەتی پەروەردە و فێرکردنی ژیانی ڕاستەقینە و دروستی سیاسی و موبارزاتی ئەندامانی حیزب خاڵێکی دیکەیە کە دەبێ بەشێکی زۆر لە توانا و کات و پۆتانسییەلی کادری ڕێبەرایەتی و حیزب بۆی تەرخان ببێت و تەنانەت پێاچوونەوەیەکی سەردەمیانە لە چەشن و شێوازی پەروەردەکردن و ناوەڕۆک و نەوعی  وانەکان بکرێت و زۆر پێویستە کە بابەتی لۆمپەنیزمی سیاسی و تایبەتمەندی کەسایەتی لۆمپەنی سیاسی یەکێک لە سەرەکیترین وانەکان بێت کە لە فێرگە سەرەتاییەکانی حیزبی و ناوەندەکانی پەروەردەی حیزب دەوترێن.
بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم چەمکە ھیچ رێگایەکی زانستی تر و بەبەرھەم و کەم ھەزینەتر نییە جگە لە گرینگی دان و پەرەدانەوە بە بابەتی پەروەردە چوونکە چەمکی لۆمپەنیزم سیاسی وەکو تایبەتمەندی و داب و نەریت لە کەسایەتی مرۆڤەکان جێگر دەبێت و زیاتر بەرھەمی فێربوونەوە و وەرگرتنی تایبەتمەندی کولتوری و خوو و سرووشتی توێژێکی تایبەتە و بۆ سڕینەوە یاخود کاڵکردنی ھۆکارەکانی لە ناخی کەسایەتی سیاسی و مرۆڤەکان  دەبێ دۆشێکی کەسایەتیان پێبدرێت کە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەو چەشنە نەخۆشییە کارەسات سازە، بۆیە سووربوون و پێداگری لەسەر بابەتی «پەروەردەی بەردەوام» لەپێناو ڕۆخاندنی کەسایەتی لۆمپەن و دروستکردنی کەسایەتی شۆڕشگێر، بەھێزترین چەک و دەرمانە بۆ خاوێن کردنەوەی ناوماڵی حیزبی سیاسی و بزوتنەوەی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وە ڕێبەرایەتی حیزبە سیاسییەکان دەبێ بە پیلانێکی تۆکمە و زانستیانە و  لە ڕوانگە و چوارچێوەی «پرۆسەی ژیانی بەردەوامی سیاسی» نەک  «پرۆژەیەکی کورتماوە یاخود وەرزی» سەیری ئەم بابەتە بکەن.

ھەڵکردنی ئاڵا و درۆشمی «پەروەردەی بەردەوام داھاتوومان مسۆگەر دەکات» دەتوانێت وەرچەرخانێکی مێژوویی بێت بۆ لەدایکبوونی کەسایەتی شۆڕشگێڕی مودێرن و ڕزگار بوون لە کوێڵایەتی سیاسی و نەتەوەیی.

کۆتایی 


PM:10:36:31/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌