كۆمارێكی ئەكسپایەر لەبەردەم قوربانگای دیالكتیكی مێژوویی


وەحید كەماڵی ئیلامی

ڕووداوەكان شاراوە نین و ڕۆژانە چەندین هەواڵی جۆراوجور لەسەر شێوازی پێشبردنی پیلان و سیستەمی گەمارۆكانی ئەمریكا بەرانبەر بە ئێران دەبیسین و دەخوێنین بەڵام ئایا ئەنجام و دەركەوتەكان ئەوانەن كە بەڕواڵەت بیریان لێدەكەین ؟ ئایا ئەو دوانزە خاڵەی كە لە لایەن ئەمریكا وەك مەرج بۆ تەعامول و دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دانراون چارەسەری ناكۆكی و كێشەو گرفتەكانی نێوان ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن ؟ ئایا بەڕێوەبەری ئەمریكا و دەوڵەتی ترامپ تەنانەت بە پێبەند بوونی كۆماری ئیسلامی بەو خاڵ و مەرجانەی كە بۆی دیاریكراون دەتوانن دانوستانێكی ستراتیژیك و یەكلاكەرەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بكەن ؟ ئایا دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئەگەریش بیەوێت ئامادەیی تیا هەیە كە خۆی لەگەڵ ئەو مەرجانە بگونجێنێت و درێژە بە هەبوونی خۆی بدات ؟ وە ئایا كەیسی كۆماری ئیسلامی كۆتایی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە یان بەش و قۆناخێكە لە بەرنامەیەكی ستراتیژیكی درێژخایەن لەلایەن ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ؟ و پرسیاری دیكە لەم بوارەدا...

بیل كلینتون سەڕۆكی پێشووی ئەمریكا لە كاتی پێشكەشكردنی وتاری دەستپێكی سەدە لە سەری ساڵی 2000 ئاماژەی دا بە سیاسەتی سەدەی ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ قەڕنی بیست ویەك و لە ناو وتارەكەیدا ڕایگەیاند ؛ " بەشێكی سەرەكی لە سیاسەتی سەدەی ئەمریكا بۆ سەدەی بیست و یەك دیموكراتیزەكردنی وڵاتانی دونیا بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەو هەتا نیوەی ئەم سەدەیە كێشمەكێشەكان بەردەوام دەبن و وردە وردە دوای ئەوە ئەنجامە ستراتیژییەكان لەدایك دەبن" .

هەروەكو دیمان دەستپێكردنی ئەم پرۆژەیە لە لاوازترین ئەڵقەو ئامانجواتە وڵاتی ئەفغانستان و شكاندنی هەژموونی تالیبان دەستێپێكرد و گەیشتە وڵاتی عیراق و بەهاری عەرەبی و لیبیا وسوریەو یەمەن و ئێستا بەڕۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی گرتووتەوە . هەرچەندە دوای ئەو هەموو گوڕانكاریانەی لەم وڵاتانە ڕوویانداوە تا ئێستا هیچكامیان نەگەیشتوونەتە سەقامگیرییەكی تەواو و زۆر قەیران و بابەتی چاوەڕوان نەكراویش لە ناویان خوڵقاون بەڵام خودی ئەم وەزعەپرسیارێكی دیكە دێنیتە ئاراوە كە بۆچی دیالكتیكی گوڕانكارییەكان لەجیاتی گەیشتن بە سەقامگیری و ئاسایش ، قەیران و كێشەو گرفتی بەرهەم هێناوە؟

وڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێت ئەمە بێت كە لێكەوتەكانی نزیك بە دو دەیە كێشمەكێش لە نێوان هێزە سەرەكی و ڕەقیبەكان لەدونیاو لە ناوچەی خاوەن سەرچاوەی وزە واتە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرەنجامی هەمان نئوپۆلۆتیك و پێناسەو پێشبردنی سیاسەتی سەدەی ئەمریكایەو سیستەمی جێهانی پێشوو بە هەموو هێزی خۆیەوە لەبەرانبەری هەژموونی خوازی ڕەهای ئەمریكا بەسەر دونیا خۆڕاگری دەكات و هەوڵ دەدات لەلایكەوە نەزم و نیزام و هاوسەنگی پێشوو ڕابگرێت و لەلایەكی دیكەوە دەرەنجامی سیاسەتەكاتی ئەمریكا لە وڵاتەجیاوازەكانی دونیا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران و نائەمنی بێت نەك سەقامگیری لەو وڵاتانەو دەسكەوت بۆ ئەمریكا. ڕاستییەكانی پشت پەردەی سیاسەتی لایەنەكانی ڕەقیب هەرچی بێت بەڵام چەشنی ڕووداوەكان ئەمانگەینێتە ئەم بۆچوونانەی خوارەوە كە :

-ئەمریكا بە شێوازێكی نافەرمی و ڕانەگەیندراو لەنیزام و سیستەمی بەڕێوەبردنی هاوبەش و هاوسەنگی دونیا خۆی خزاندووتە دەرەوەو دەرچوونی ئەمریكا لە چەندین ڕێككەوتن و پەیماننامەو پرۆتوكوڵی جیهانی نیشاندەری ئەمەن كە ئەمریكا چیتر نایەوێت لەسەر ئەساسی بەڕێوەبردنی هاوبەش و هاوسەنگ بەشداری لە مودیرییەتی جیهانی بكات.

-ڕاگەیاندنی شەڕی ئابووری هاوكات لەگەڵ زلهێزەئابوورییەكانی دونیا و دارشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی نوێ ئابووری لەلایەن واشنگتونەوە لەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و سەروەری دراوی دولار لە ئابووری و تیجارەتی جیهانی نیشاندەری ئەویە كە ئەمریكا پێناسەیەكی خۆپەسەند و جیاوازی هەیە بو شێوازی مودیرییەتی ئابووری جیهانی و لەم مودیلە تازەیە ئەمریكا بەدوای شەریك و هاوبەشی باشی ئابووری ناگەڕێت بەڵكو موشتەری وكریار و بازاری باشی كردووتە ئامانج كە زیاتر لە باج وەرگرتن لە ئەمریكا ببێتە سەرچاوەی مالی و دارایی و بەهێزتر كردنی هەژموونی ئابووری ئەمریكا لەسەر ئابووری جیهان.

-ئەمریكا بە زیاتركردنی گەمارۆكان بۆسەر ڕوسیا و زیاكردنی باج لەسەربەرهەم و هەناردەكانی وڵاتانی ڕەقیب وەكو چین و خاڵی كردنی ژێرپێ یەكێتی ئەورۆپاو ترساندن و تۆقاندنی وڵاتانی عەرەبی كەنداو لەمەترسییەكانی پەرەسەندنی هەژموونی كۆماری ئیسلامی و بەدەستگرتنی دەماری ڕێكخراوی ئۆپێك و سەپاندنی سیاسەتەكانی بەسەر وڵاتانی بەرهەم هێنەری وزە ئەیەوێت ئەم پەیامە بدات بە هەموو وڵاتانی جیهان كە یان دەبێ لەژێر چەتری ڕێبەرایەتی ئەمریكا هەنگاو هەڵگرن بەرەو داهاتوو یاخود لاواز بوون و چوون بە پێشوازی ڕووخان هەڵبژێرن .

كۆبەندی وتەكانی سەرەوە ئەمەیە كە ئەمریكا بە ئۆتوماسیوونێكی (جەهش ) بەهێز و خێرا خۆی لە نیزامی پێشوو ڕزگار كرد و بەم هەنگاوە شۆكێكی گەورەو بەهێزی دا لە هەیكەلی ڕەقیبەكانی كە ڕەهەندو كاریگەرییەكانی ئەم شۆكە لە داهاتوویەكی نزیكزیاتر دیار دەبن .

هەڵكەوتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە پێناسە و سیاسەتی نوێ دەوڵەتی ئەمریكا بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین چیتر وەك ڕابردوو ناڕوون و شاردراو نیە و ئێرانیش یەكێكە لەئامانجە ناوچەییكانی ئەمریكا و دەكەوێتە چوارچێوەی ئامانجە گشتییەكانی ئەو وڵاتە و بەلەبەرچاو گرتنی سیاسەت و كردار و وتەكانی ئەندامانی ئیدارەی دەوڵەتی ترامپ تەنها دو ڕێگاو هەڵبژاردە لەپێش كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە : " یان ملكەچی سیاسەت و داواكارییەكانی ئەمریكا بێت یان تا كاتی ڕووخان خۆڕاگری بكات ".

ئەوەی كە ئاشكرایە كۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەریش بیەوێت 12 داواكارییەكی ئەمریكا جێبەجێ بكات دیسان پێناكرێت و جیاواز لە هۆكارە ناوخۆییەكان ،لە ڕاستیدا وڵاتانێك وەك ڕوسیا ئیجازەی ڕەخسانی ئەم دەرفەتەی پێنادەن و بەڕای من دەوڵەتی ڕوسیا چەندەش بۆی قورس و گران بێت تا ئەو ڕادەیە كە هێز و توانای بێت هەوڵدەدات هەژموونی خۆی تەنانەت لەهەلومەرجێكی وەك سوریە لە ئێران و لەكەش و هەوایەكی قەیراناوی بپارێزێت تاوەكو ئێران لە دەستی دەربچێت بەڵام ئایا تاچەندە ئەمەی پێبكرێت بابەتێكی جیاوازەو دەبێ لە داهاتوو ئەم بابەتە بخرێتە بەرباس، بۆیە دەتوانین بڵەین لە ململانی نێوان ئەمریكاو ئێران دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسڵامی تا ڕادەیەكی زۆر ناتوانن بڕیاری سەربەخۆ و بێ ویستی روسیا بدەن و ئەگەر شتی جیاواز لەمە ڕووبدات بەحوكمی ئەوەی ڕوسیا دەزانێت ئەگەر ئێران بكەوێتە باوەشی ئەمریكا گەڕاندنەوەی زۆر سەخت و بەجۆرێك نامومكین دەبێت بۆیە بەهەموو هێزی خۆی هەوڵی تێكدانی باردوخی ناخۆی ئێران دەدات و دوور نیە بیكاتە ساحەی شەڕێكی گەورە لەگەڵ ئەمریكا بۆیە ئەمریكاش ئەم بابەتە باش دەزانێت و دەكرێت وا بوترێت كە گەمارۆوە قورسەكانی ئەمریكا بۆ سەر ڕوسیا هاوكات لەگەل گەماڕۆكانی سەر ئێران هەنگاوێكە لە ڕاستای لاوازكردنی ڕوسیا لە داهاتوو و كاتی ئەنجام دانی كرداری كۆتایی لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران.

قۆناغی دووەمی گەمارۆكان دژی كۆماری ئیسلامی دەستێپێكردووە و هەلومەرجی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر قەیراناوی دەبێت تایبەت بۆ خەڵكی كەم دەرامەد و چینی مامناوەند و لەولاوەش لایەنگران و شاخ و باڵەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و لە ناوچەكە سەرەرای ئەوەی كە زۆر بە ئاشكرا دەری نابڕن بەڵام تووشی شۆك و دڵەڕاوەكییەكی جیدی بوونەتەوە بە نیسبەت داهاتووی پەیوەندییەكانییان لەگەڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و كەوتوونەتە بەر چارەنووسێكی نادیار . هەتاكۆ ئێستا كۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت ملكەچی ویستەكانی ئەمریكا نەبووەو ئەوەی دیارە هەوڵە بێوچانەكانی دیپلۆماتكارەكان و لۆبییەكانی ئێران لە دونیای پشت پەردەی سیاسەتیش بۆ بەدەستهێنانەوی ڕەزامەندی ئەمریكا نەگەشتووتە ئەنجام و ئەگەر ئەمریكا سوور بێت لەسەر 12 خاڵە دیاریكراوەكە لەبەرانبەر ئێران ، پێناچێت ئێران بتوانێت بە ڕیگاو فێڵی دیپلۆماتێك خۆی لەسەر مێزی گفتوگو لەگەڵ ئەمریكا ببینێت مەگەر گفتگو بۆ تەسلیم بوون بكات.

كارتەكاتی ئێران لەبەرانبەر ئەمریكا چین ؟

وەك ئاشكرایە كۆماری ئیسلامی لەماوەی ژیانی خۆیدا توانیوییەتی چەند قەبارەیەكی سیاسی – سەربازی وەك حیزبولای لوبنان و حەشدی شەعبی و حوسییەكان و هتد لە چەند وڵاتی ناوچەكە دروست بكات و هێزیان پێ ببەخشێت ، هەروەها كارتی هەڕەشەكردن سەبارەت بە داخستنی گەڕۆی هورموز (چەند كاتی و كورت ماوەش بێت ) بەدەستییەتی . ئێران هێزی سەربازی خۆی لە سوریا جێگر كردووەو ئەوەندە توانیوییەتی پەرە بە سیستەمی موشەكی سەربازی خۆی داوەو تەقریبەن لەگەڵ هەموو ڕێكخراوە توندڕەو و تروریستییەكانی دونیا پەیوەندی ئۆرگانیك و توندوتوڵی ساز كردووەو ئۆپۆزوسیوونێكی لاواز و پەرژو بڵاوەی هەیە كە تەنها هێزێكی بەهێزی نەیاری كۆماری ئیسلامی ڕەنگە بە زەبری زوور ڕێكیان بخات یان یەكگرتوویان بكات .هەروەها وڵاتانێك وەك ڕوسیا و چین (هەرچەندە تا ئێستا لە قۆناخی جیاواز ئێرانیان وەك كارت بەكار هێناوە ) وەك پاڵپشتی خۆی دەبینێت . بەڵام ئایا هەموو ئەم فاكتەرانە دەتوانن لە درێژخایەن بەربەست بن لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی ئەمریكا لەبەرانبەر كۆماری ئیسلامی گرتووتە بەر ؟

بە لەبەر چاو گرتنی تواناكانی ئەمریكا و ئەو وڵاتانەی كە لە پێناو مانەوەو پاراستنی خۆیان بوونە بە هاوپەیمانی ئەمریكا لە بواری سەربازی و مالی و دیپلوماسی و...زۆر ئاشكرایە كە كۆماری ئیسلامی یەكەم لە بواری سەربازی ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ خایەن خۆی ڕابگرێت لە بەرانبەر بەهێزترین تەكنولوژیای سەردەم و توانا مووشەكی و سەربازییەكانی لەماوەیەكی كۆرت تووشی شكستی مێژوویی و لەناوچوون دەبن و شاخ و باڵەكانیشی وەك حیزبولای لوبنان و ... چارەنووسێكی باشتریان لە هێزی سەربازی ئێران نابێت . لەلایەكی دیكەوە وڵاتێك وەك روسیا هەرچەندە لەبواری سەربازی لەدوای ئەمریكایە بەڵام سیستەمی ئابووری ناخۆش و هەلومەرجی نالەباری ناوخۆییەكەی دەرفەتی ئەم ڕیسكە زۆر مەترسیدارەی پێنادات كە تەمام عەیار بتوانێت پشتگیری لە ئێران بكات و پێشوەختە بۆ هەموولایەك ئاشكرایە كە لەئەگەری ڕوودانی شەڕ كۆماری ئیسلامی لایەنی دۆڕاوەو لێدانی ئێران چەندین جار قورستر و وێرانكەرتر دەبێت لە لێدانەكەی ڕژیمی بەعسی سەدام و لەلایەكی دیكەوە هێزە چەكدارە لۆكاڵەكانی نەتەوەكانی ناو ئێران دەتوانن گورزی كوشندە بوەشینن لە هەیكەلی سەربازی ناوخۆی كۆماری ئیسلامی و بەو شێوەیە نە هیزی سەربازی خۆی و نە میلیشیا چەكدارەكانی لە ماوەیەكی كورت تووشی شكستی گەورە دەبن و هەرچەندە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بیەوێت هەوڵی ئەوە بدات كە پەنا بباتە شێوازی شەڕی پارتیزانی بەڵام ئەم ڕێكارەش ناتوانێت زۆر كاریگەر بێت لەمانەوەی ئەم كۆمارە.

ئەمریكا گەمارۆكانی لەسەر ئێران زۆر بە جیددی پێشدەبات و قوناغ بەقوناغ لەئەگەری ملكەچ نەبوونی كۆماری ئیسلامی زیاتر و فراوانتریان دەكات و هەوڵدەدات تا پێبكرێت پێكدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران ڕوونەدات چوونكە باش دەزانێت كە ئێران بۆ قورتاركردنی خۆی لەم باردۆخە و تێكدانی نیزامی گەمارۆكان و بە لاڕێ بردنی پرۆسەی گەمارۆكان لەئەگەری بێ ئۆمێد بوون لە گفتگو لەگەڵ ئەمریكا و تا ئەو كاتەی كە هێزی ماوەتەوە هەوڵی داگیرساندنی شەڕێكی فەرسایشی لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەدات كە هەرچەندە ئەگەر ئەمەش ڕووبدات شتێك لە پیلان و مەبەستی سەرەكی ئەمریكا ناگوڕێت و تەنها تێچوو و كاتی گەیشتن بە ئامانج بۆ ئەمریكا زیاتر دەبێت . بۆیە ئەمریكا تا ئەو كاتەی كە توانای دارایی كۆماری ئیسلامی زۆر لاواز ببێت و ئێتر نەتوانێت بە پشتوانەیەكی مالی و دارایی بەهێز پاڵپشتی میلیشیاكانی پەیوەست بە خۆی لە ناوچەكە بێت و شەڕی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بكات و باردۆخی ناوخۆیی و خەڵكی ئێران بگاتە ئەو پەڕی خرابی بەجۆرێك كە بەشێوازێكی جیددی بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بكەن دریژە بە سەپاندنی گەمارۆكان دەدات و هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش شەڕی ئابووری و دیپلۆماتێكی خۆی لەگەڵ وڵاتانی پاڵپشتی كۆماری ئیسلامیش دەكات.

بە داخستنی دەرگا تیجارییەكان و بەستنەوەی شادەمارەكانی داهات وردە وردە هێزی ئابووری و دارایی كۆماری ئیسلامی بەرەو نەمان دەچێت و كۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێت وەك جاران دەستوەربداتە وڵاتانێك وەك سوریا و یەمەن و تەنانەت عیراق و بەردەوام بوونی ئەم وەزعە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە زۆربەی هێزە میلیشیاكانی سەربە ئێران هەوڵی گۆڕینی بەرەو پاڵپشتی خۆیان بدەن و وردە وردە تەنها لە پێناو مانەوەی خۆیانیش بێت واز لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بێنن . لە ناوخۆی ئێرانیش سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەكانی چینە جیاوازەكان و نەتەوەكان چی لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ئابووری و چی لە پێناو مافی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەمیكە دەستی پێكردووەو بەشێكی زۆری دارایی و سەروەتی دەسەڵات لەپێناو سەركۆتی خەڵكی ناڕازی و ئوپۆزیسیونی ناوخۆ هەزینە دەكرێت و ئەم تێچووە هەركو دەچێت زیاتر دەبێت و بە نەمانی داهاتی نەوت و گاز و تیجارەتی دەرەكی بەهۆی گەماڕۆكان و ناتەوانی دەسەڵات لە دابین كردنی مووچە و بژیوی بۆ هێزەكانی لە ناوخۆ دەبێ شایەتی هەڵوەرینی بەشیكی زۆر لە هێزە سەربازییە ناوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی بین .

ئەمریكا ناچارە بۆ گوڕینی هەڵسوكەوتی كۆماری ئیسلامی لە قۆناغی یەكەم شاخ و باڵە دەرەكییەكانی ئەم ڕژیمە ببڕێت و كۆماری ئیسلامی بگەینێتە هەلومەرجێك كە تەنها بیر لە مانەوەو بەردەوامی خۆی بكات و ئەو كات لە قۆناغەكانی دیكە هەیكەل و ناوەڕۆكی حاكمیەتی ئێران تووشی گوڕانكاری مەبەست بكات.

دیارە دو قوناغی گەمارۆكان تا ڕادەیەكی زۆر لە هەموو بوارەكان مەبەستی خۆیان پێكاون و كاریكەریان لە سەر ئیرادەی خەڵكی ئێران بۆ بڕیاردان لەسەر گوڕینی چەشنی دەسەڵات داناوەو لەولاوەش دەسەڵات و هەیكەلی كۆماری ئیسلامیی تووشی شڵەژان و ترسی جدی كردوەو بەردەوامی و زیاتر بوونی گوشار و گەمارۆكان هەربەو شێوەیە كە ئیدارەی واشنگتون ماوەیەك جارێك پێداگری لەسەری دەكات ، بێ گۆمان هانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەرەو كۆتایی دەدات .

ئەوەی كە دەبی بۆ ئایندەی نزیك چاوەڕیی بین ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی وردە وردە سەنگەرەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەست دەدات و بە داڕمانی ئابووری و پیشەسازی و لە دەست دانی سەرچاوەكانی داهات و وڵاتەپاڵپشتەكان و شاخ و باڵەكانی دەرەوەی هەموو هێزی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت بە كونتروڵكردنی ناوخۆی ئێران درێژە بە ژیانی خۆی بدات.

لە بیرمان نەچێت سەرەرای ئەوەی كە لایەنەكانی ناو حاكمییەتی كۆماری ئیسلامی بەردەوام هەڕەشەی لێدانی ئیسراییل و ئامانجە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە دەكەن بەڵام ئەگەر بێت و كۆماری ئیسلامی هەنگاوێكی لەوشێوەیەهەڵگرێت بێگومان گەلەكۆمەیەكی زۆر گەورەو گرانی سەربازی دەكرێتە سەرخۆی و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەو ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی و ئیسراییل زۆر زووتر لە دەستپێكردنی گەمارۆكان دژی ئێران پیلانێكی تۆكمەو كوشندەی سەربازییان ئامادە كردووە بۆ ئەگەری هەرچەشنە كردارێكی لەو شێوەیە لەلایەن كۆماری ئیسلامی یان كلك و باڵەكانی لەناوچەكە.

لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی واشنگتون بۆ كاتی ڕوودانی هەرچەشنە گوڕانكاری لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و ئێران دەبێ لەهەموو بوارەكان ئەلتەرناتیڤی ببێت كە ئەم بابەتەش بە گوێرەی زانیاری و داتاكان دیارە دەمێكە خراوەتە بەر باس و هەنگاوی كرداریشی بۆ هەڵگیراوەو هێماكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تەقریبەن هەموو نەتەوەكانی چوارچێوەی ئێران خۆیان لە سیستەمی حوكمرانی داهاتووی ئێران دەبیننەوەو " كورد " ڕۆلێكی ئەكتیڤ و سەرەكیی دەبێت لەم پرۆژەیە...


AM:08:06:20/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌