٢١ی خەرمانان كۆتایی ڕێفۆرم‌خوازی و چالاكیە دەوڵەتییەكان لە كوردستان

عادڵ محەممەدی

ئەوەی لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ٩٧ لە كوردستاندا ڕوویدا و مان‌گرتنی گشتیی خەڵكی كوردستان هەرچەند یەكەم جار نەبوو، بەڵام زۆر جیاواز بوو لەگەڵ جارەكانی پێشووتر. لەسێدارەدانی هاوڕێ ڕامین حسێن‌پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لەلایەك و مووشەك‌بارانی بنكەكانی هەر دوو حیزبی دیموكرات لەلایەكی‌ترەوە بووە هۆی گەشەكردنی سەرلەنوێی ئاگری ژێرخۆڵەمێشی بزووتنەوەی هەمیشە زیندووی كوردستان. خەڵكی كوردستان لە چەند مانگی پێشترەوە و بە پشتیوانی و هەوڵەكانیان لە ڕامین حسێن‌پەناهی و بنەماڵەكەی ئامادەیی خۆیانیان بۆبەرەنگاربوونەوەی كۆماری ئیسلامی و پەتی سێدارە نیشان دابوو. چالاكانی نێوخۆیی لە سەڕاسەری كوردستان و سەرەڕای گوشار و مەترسیەكان، خاوەندارێتی تەواویان لە ڕامین كرد و ئەمەش لە چوارچێوەی چالاكیی مەدەنی و ئەو شێوەی كە لە ساڵی ٧٦ی هەتاوی و بەهاتنە سەركاری دەوڵەتی ڕێفۆرمی خاتەمی سەری هەڵدابوو هاتبووە دەرەوە.
بەهاتنەسەركاری دەوڵەتی خاتەمی و ڕەوتی ڕێفۆرم‌خواازان لە ئێران، ئەم ڕەوتە لەكوردستانیش خۆی دەرخست و خەڵكانێكی لە دەور خۆ كۆكردەوە. ڕێفۆرم‌خواازان لە ڕاستیدا پارێزەری كۆماری ئیسلامی بوون و لە سەردەمی خاتەمی كە نازناوی سەرداری ئیسلاحات ڕادەكێشیت جگە لە هەندێك ئازادیی سنوورداری ڕاگەیاندنی و ڕێكخراوەگەلی دەست‌كردی مەدەنی، هیچكام لە ئامانج و درووشمە سەرەتاییەكانی ئەم ڕەوتە نەچووە بواری كردارییەوە. زۆربەی تیۆریست و چالاكانی نێو ئەم باڵە لە بازجوو و بەرپرسان و كاربەدەستانی ناوەندە سەركۆت‌گەر و ئەمنییەتەكانی ڕژیم پێكهاتووە و هاوكات تێرۆرگەلی ڕێكخراو لە دەورەی دەسەڵاتداریی ئەواندا ڕێكخرا و دەیان جار كۆمەڵگای نێوخۆیی و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان سەركۆت كران. بۆ تێگەیشتنی باشتر لە كارنامەی ڕەشیان ئەوە بەسە تەنیا چاوێك بە ڕووداوەكانی مێژووی دوو دەیەی ڕابردوودا بخشێنینەوە. ڕێفورم‌خوازان لە ساڵی ٨٨ بۆ جارێكی دیكە هەوڵیاندا تاكوو دەسەڵات بە دەستەوە بگرن و لە ئاكامی چاواشەكاری لەلایەن بناژۆخوازانەوە، خەڵكیان هێنایە سەر شەقامەكان و چینی مامناوەند و دەسەڵاتی ناوەندیان بەرامبەر یەك وەستاندەوە. بەڵام لە دوای ئەوەی ناڕەزاییەكان بەرەو خرۆشانی خەڵك و تووندوتیژی و تێك‌هەڵچوون ڕۆیشت، پشتی جەماوەریان بەردا و خۆیان بە بنەمای كۆماری ئیسلامییەوە نزیكتر دیت. ڕووداوەكانی ٨٨ یەكەم خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی گۆڕان‌خواز لە ئێران بوو و دەرەنجامەكەی بوو بەوەی كە خەڵك لە خاوەندارێتی و توانای ڕێفورم‌خوازان كەوتنە گومان و دوودڵییەوە. دواتر ئەم بێ‌هیواییە بە هاتنی حەسەن ڕۆحانی كە پاڵپشتی ڕێفورم‌خوازی لەگەڵدا بوو ئەم ناكارامەیی و پەسیڤ‌بوونە زەقتر بووەوە. لە دوای ئاخێزەكانی زستانی ساڵی پار كە چینی هەژاری ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون بوو و هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكانی تێدا بەشداربوو دووهەم خاڵی وەرچەرخان هاتە ئاراوە و جەماوەر بەتەنیا لەهەمبەر هەردوو باڵەكەی دەسەڵاتدا وەستایەوە. دڕووشمەكان بۆنی جیاوازی بەخۆوە گرت، لەماوەیەكی كورتدا زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە و ئەمجارەیان بناژوخواز و ڕێفورم‌خواز وەكوو یەك لەلایەن خەڵكەوە ڕیسوا كران.
ساڵی ڕابردوو ساڵی كۆتایی‌هاتنی تەمەنی ڕێفۆرم‌خواازان بوو لە ئێران و هەروەها لایەنگرانیان لە كوردستان. لایەنگرانی ڕەوتی ڕێفۆرم لە كوردستان كە خۆیان لەژێر چەتری خەباتی مەدەنی و چالاكیی هێمنانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا حەشار دابوو لە كارنەڤاڵی شایی بۆ ڕێفراندۆمی كوردستانی باشورەوە داڕووخانی پێگەی درۆیینی خۆیانیان دیتەوە و هەوڵەكانیان بۆ چەواشەكاری و نزیك‌بوونەوە لە دەنگی جەماوەر خستەگەڕ. لە ڕاستیدا ئەمانە هەمووی بۆ لە دەست‌نەدانی پێگە بوو و هیچی بۆ هاودەنگی جەماوەر نەبوو. كارنەڤاڵی ڕێفراندۆم (ڕەنگەكان) بە تەواوی ئاخێزێكی جەماوەری بۆ حیزبەكانی كوردستانی ئێران و هەروەها كۆماری ئیسلامی نیشاندا و گرینگ‌ترین پەیامی هەبوونی بزووتنەوەیەكی جەماوەری و ماف‌خواز بوو كە خۆی لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیدا نابینێتەوە. ئەم بزووتنەوە و ئاخێزەكەی لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا بە پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ ڕامین و بنەماڵەكەی دیسانەوە نیشانیدا كە چالاكی بەناو مەدەنی و لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیدا وەڵام‌دەرەوەی خواست و خولیای جەماوەری كوردستان نییە و تەنیا هەنگاوێك پێش خۆی دەبینێت.
حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و شۆڕشگێڕانی كورد پێویستە بە بیستنی دەنگی جەماوەر كە لە چوارچێوەی چالاكیەكانیدا خۆی دەردەخات، بەكردەوە تاكتیكی شۆڕش و خەباتیان بگۆڕن. تەنیا گۆڕینی درووشم چیتر ناتوانێت خەڵك ئاڕاستە بكات و تەنیا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی كە پەرەپێدەری خەباتی جەماوەری دەبین ناكرێت هیوا بە بوون لە ڕابەریی خەباتی بزووتنەوەی كوردستان بێت. پێویستە ڕاستگۆیانە و بەبێ سوواربوونی شەپۆلی ڕەوتی ڕووداوەكان پرۆگرام بۆبەكردەوەیی كردنی دڕووشمەكان هەبێت. لەلایەكی‌ترەوە، بانگەشەی خەباتی ڕادیكاڵی پارتیزانی لەناو شارەكان و بردنی شۆڕشی كوردستان بۆ قۆناغێكی‌تریش لە ئەمڕۆدا یان وەهمێكە وەكوو زۆر دڕووشمی‌تر یان بەرەو هەڵدێر چوونە و بێ‌سوودە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕووداوەكانی كوردستان، ئێران و ناوچەكە و هەروەها هەڵێنانی هەنگاو لەگەڵ زانستی نوێ و ئەم‌ڕۆییدا دەكرێت بە داهاتوو دڵ‌خۆش بین. لە دنیای ئەم‌ڕۆدا بە بوونی سۆشیال‌میدیا و ئامادەیی زانستی ڕۆژ بۆ هەمووان ناكرێت هەوڵ‌بدرێت بەس بۆ گۆڕینی دڕووشم و پاوان‌خوازی و باس‌كردن لە بەرنامەی بێ‌بنەما و بێ‌پشتیوان و لە كۆتاییدا ئاراستەی مێژوویی و درووستی خەڵك بشێوێندرێت. جەماوەری كوردستان لە ٢١ی خەرمانان بەڕوونی پەیامی خۆی ڕاگەیاند و كاتی ئەوە هاتووە حیزبەكانیش گوێ لە دەنگی جەماوەر بن.
بزووتنەوەی كوردستان و جەماوەری ناوخۆ خوازیاری هاودەنگی و هاوكاریی حیزبەكانیانن و بەكردەوەش پێشوازیی خۆیان لە هاودەنگی نیشان‌دا. هەروەك چۆن خەڵكی كوردستان لەناوخۆ بە هەرسەمپاتێكەوە لە چەپ و ڕاستەوە تا ئیسلامی و بێ‌لایەن هاودەنگ و یەك‌دەنگ ٢١ی خەرمانانیان كرد بە پەڕەیەكی درەوشاوەی‌تر لە خەباتی كوردستاندا، چاوەڕوانیی ئەوەش دەكرێت كە حیزبەكان و لایەنە سیاسیەكانیش بە پێك‌هێنانی هاوپەیمانیەكی زامن‌كراو و گەرەنتی‌دار لەژێر ناوی "بەرەی كوردستانی"، "كونگرەی ڕۆژهەڵات" یان هەر ناوێكی‌تر بەرەو پیری هەڵوێستی جەماوەر هەنگاو هەڵبهێنن.


PM:07:10:07/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 478 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌