نەورۆزی ئەم ساڵ و پەیامەكانی

دەربارەی ستراتێژی خەبات لە كوردستانی ڕۆژهەڵات
عادڵ محەممەدی

هەروەك هەموومان ئاگادارین و حیزبەكان و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئاماژەیان پێداوە، لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی پاش سەركەوتنی قۆناغێكی خەباتی گەلی كورد لە باشوور، ستراتێژی خەبات لە كوردستانی ڕۆژهەڵات زۆرتر لە حاڵەتی خۆڕاگریدا بووە. بزووتنەوەی كوردستان سەرەڕای هێرشی هەمەلایەنەی كۆماری ئیسلامی بۆسەر هێزی پێشمەرگە، شۆڕشگێڕان، مافخوازان و تەنانەت شوناسخوازانی كورد، تووانیی وەكوو ئاگری بن خۆڵەمێش زیندوو بمێنێتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا بۆجارێكیتر گڕوتینی نوێ بخاتەوە جەستەی شۆڕش و شەماڵی چالاكیەكانی ئەم بزووتنەوە گڕی خستووتە گیانی كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانە كوردەكانی. لانیكەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا ستراتێژی خەباتی حیزبەكانی كوردستان لە باشترین حاڵەتدا بەرگریكارانە بووە و هیچكات دۆخی سیاسیی ناوچەكە و كۆمەڵگای ناوخۆیی ئامادەی گۆڕین یان بەرەو پێشچوونی هەنگاوێكی هێرشبەرانەی نەبووە. شكستهێنانی پڕۆژەی بێ بەرنامە و تەبلێغاتیی خەباتی هێرشبەرانەی لایەنگەلێك لەم چەند ساڵەدا ئەوەی بەباشی سەلماند كە ستراتێژی بەرگریكارانە گوماناوترین بووە. لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نەوەی نوێ بەناسین شۆناس و مافەكانی خۆیان هێدی هێدی دەنگی خۆیان بەرانبەر بەكۆماری ئیسلامی بەرز كردووتەوە و ئەمڕۆكە لە بۆنەكان و ڕووداوە تایبەتەكاندا بەباشی بەشدارن و ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەشیان ڕوو لە زیادبوون دەكات.
ئەوەی لە كەرناڤاڵی شایی بۆ ڕێفراندۆمی كوردستانی باشوور، نەورۆزی پار و بەتایبەتی نەورۆزی ئەم ساڵدا بینیمان پیشاندەری هاتنەمەیدانی نەوەیەكی نوێ و ئامادەی خەبات لەپێناو ماف و شۆناسی خۆیەتی. نەورۆزی ئەم ساڵ لووتكەی بە ئاكام گەیشتنی خەباتی مانەوەی شۆناس و بیرۆكە شۆڕشگێڕانە و مافخوازییەك بوو كە ساڵەهایە كۆمەڵە و حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات هەركام لە بەش یان بەشگەلێكیدا چالاكی و تێكۆشانیان بۆكردووە. كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانە كوردەكانی هەوڵیان دەدا كە داخوازیەكانی خەڵك لەم بۆنە شۆڕشگێڕانەدا لە چوارچێوەی شایی و هەڵپەڕكێ و هاوخەمیی عەفریندا بمێنێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بە بەرنامەوە هەنگاویان هەڵێنا. بەڵام ئەوەی هەمووان شاهیدی بووین لە پاڵ هاوخەمی بۆ گەلی كورد لە عەفرین، شایی و هەڵپەركێ، جامانە و گوڵی سوور و سروودی شۆڕشگێڕانە و ڕێزگرتنی تایبەت لە بنەماڵەی گیانبەختكردووانی بزووتنەوەی كوردستان بەشداریی ڕێژەیەكی زۆرتر لەوەی بیری لێدەكرایەوە قسەی یەكەمی ئەم نەورۆزە بوو.
شكستهێنانی كۆماری ئیسلامی و لایەنەكانی پارچەكانیتر كە هەوڵی بەلاڕێبردنی خەبات لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەن، زۆر زەق و بەرچاو بوو. هەزینەی زۆری دارایی و هێزی ڕێكخەر كەم ئەم دوو لایەنە بۆ نەورۆز تەرخانیان كردبوو، هێزی بە ئیرادەی جەماوەر نەشكا و جارێكیتر بۆمانی دەرخست كە جەماوەر و بزووتنەوەی جەماوەری دەتوانێت بێبەزەیترین و گەورەترین هێزەكان ڕووبەڕووی شكست بكاتەوە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا شاهیدی بووین سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی بزووتنەوەی جەماوەریی كوردستان بوو و ئەمەش ئەو قۆناغەیەكە دەتوانێت مەترسیدارترین قۆناغ بۆ كۆماری ئیسلامی بێت. لەلایەكی ترەوە ئەگەر بەرنامە و پلانی كۆماری ئیسلامی بۆ لەناوبردنی ئەم بزووتنەوە سەربكەوێت بەدڵنیایەوە دەتوانێت مەترسیدارترینیش بێت بۆ خەڵكی كوردستان و كاروانی شۆڕش لە كوردستانی ڕۆژهەڵات.
كۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی پێشەوە بەرنامەی ئامادە كردووە بۆ ئەم قۆناغە و پاش ئەم نەورۆزە بەدڵنیاییەوە ستارتی ئیجرایی كردنەوەكەی لێدەدات. لە دونیای ئەمڕۆ و دۆخی زاڵی گەڕانی زانیاری و هەواڵدا و بوونی ئینتێرنێت و تۆڕەكۆمەڵەیەتیەكاندا، لەناوبردنی بزووتنەوەیەكی مەزنی جەماوەری كە خاوەنی مێژوویەكی دوور و دڕێژە بەئاسانیی ڕابردوو نییە و كۆماری ئیسلامییش بە باشی ئاگەداری ئەمەیە. هەوڵی لەناوبردن و نەهێشتنی ئەم قۆناغەی خەباتی بزووتنەوەی كوردستان بە دڵنیاییەوە بژاردەی دەسەڵات نییە و وەكوو ئەم ساڵانەی ڕابردوو گۆڕینی پێناسە و ڕێگەی بەردەمی لایەنی بەرانبەر دەدات. جەماوەری خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بەمافە ئینسانی و نەتەوەییەكانی خۆیان لە هەر دەرفەتێك كەڵكیان وەرگرتووە و ئەمەش ڕوونە ئەو مافانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا دەستەبەر نابێت.
پەرەپێدانی چالاكیی سیاسی و مەدەنی لە چوارچێوەی دەسەڵات و یاسای كۆماری ئیسلامیدا و ڕێگەدان بەچالاكبوونەوەی زۆرتری كەسان و ناوەندەكانی نزیك لە دەسەڵات، لە بەرەی خەڵكدا دەتوانێت باشترین بژاردە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خەباتی نوێی بزووتنەوەی كوردستان بێت. ئەزموونی باكوور كە دەسەڵاتی ناوەند ڕێگەی بە چالاكی پارلمانی و سیاسیی حیزبێكی كوردی بۆ ماوەیەكی كاتی دەتوانێت بەشێوەیەكیتر لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و بە پشتیوانی و پلانی دەسەڵاتدارانی تاران و سپای پاسداران بەڕێوە بچێت. چالاككردنەوەی كەسانێك لە چوارچێوەی حیزبێك و ڕێگەدان بە باسكردن و وتارنووسین و بەزاندنی سنوورە یاساییەكانی ئێران كە چەند ساڵێكە بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی درووستكردنی پێگەیان بۆ دەدات، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت یەكێك لە هەنگاوەكانی داهاتووی كۆماری ئیسلامی بێت. كۆكردنەوەی لیستێك و بەشداری لە هەڵبژاردن و تەنانەت گەیشتنیان بە داخوازیگەلێكی باس نەكراو لە ڕابردوودا و پێشكەشكردنی وتاری پۆپۆلیستی لەلایەن ئەم كەسانەوە دەتوانێت پۆتانسیەلی ئەم بزووتنەوە بەرەو ئەم كەس و لایەنانە ببات كە كۆماری ئیسلامی مەبەستیەتی.
بۆ گۆڕینی داخوازیی خەڵك و لانیكەم بەلاڕێدابردنی ئەم داخوازیانە كۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سپای پاسداران كە سەرجەم پیلانەكانی دەسەڵات لەكوردستان بەڕێوە دەبات، خەڵك و تەنانەت لایەنی ئامادەییان هەیە و تا بەشێك لە لایەنگران و تەشكیلاتی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش پێشڕەوی كردووە. حیزبەكانی كوردستانی پێویستە بەرنامە و ستراتێژی خەباتیی خۆیان بۆ ڕووبەڕبوونەوەی دۆخی نوێ و هەروەها بەرەوپێش بردنی ڕەوتی شۆڕش لە كوردستان بگۆڕن و بەپێی دۆخی هەنوكەیی بەرنامە و پلانی نوێ و بەڕۆژیان هەبێت. شێوە و ستراتێژی خەباتی بەرگریكارانە تا ئەمڕۆ و ئەم ئەم قۆناغەی خەبات باش بووە لە ئەمڕۆشدا و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەكە پێویستە لەم شێوە بپەڕینەوە و هەنگاو بەرەو پێش هەڵهێنین. بەڵام سەرەتا پێویستە پێناسەیەكی درووستمان لە ستراتێژی هەبێت كە چییە و چۆن كەڵكی لێوەربگرین.
ستراتێژی بنەڕەتێكی مانایی یوونانی هەیە كە سەرەتا بە "ستراتگوس" بە مانای كەسێك كە فەرماندەی ئەرتەشێك بوو كەڵكی لێوەردەگیردرا و دواتر بە واتای شێوەی كاری فەرماندەیەكی سەربازی و نیزامی ماناكراویەوە و دواتریش بە شارەزایی مودیریەتی (بەڕێوبەری، ڕێبەری و دەسەڵات) كەڵكی لێوەرگیردرا. ئەمڕۆكە ستراتێژی ٣ مانای گشتی لەخۆ دەگرێت كە بریتین لە:
١-ستراتێژی بریتیە لە دیاریكردنی ئامانجگەلی بنەڕەتی و درێژخایەنی دەسەڵات، حیزب یان سازمانێك و هەڵبژاردنی ڕابوونی هەنگاو بەهەنگاو و دابینكردنی سەرچاوەگەلێكی تایبەت بۆ گەییشتن بەم ئامانجە.
٢-ستراتێژی سەرچەشن یان بەرنامەگەلێكە وا ئامانجی بنەڕەتی، سیاسەتگەل و سەرجەم هەنگاوەكانی سازمان یان سازمانگەلێك لە چوارچێوەی بەرەیەكی تایبەتدا دیاری دەكات.
٣-ستراتێژی بەرنامەیەكی گشتی و تەواوە كە دیاری دەكات سیستم یان سازمانێك لە كوێوە و چلۆن بەرەو ئامانجی خۆی دەڕوات.
ئەگەر بمانهەوێت پێناسەیەكی گشتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ٣ پێناسەی سەرەوە دیاری بكەین دەتوانین بڵێین ستراتێژی بریتیە لە بەرنامە یان پرۆگرامێكی گشتی كە ئامانجە درێژماوەكانی سازمان یان بەرەیەك دیاری دەكات، دەفەتەكان و مەترسیەكان دیاری دەكات و بەپێی سەرچاوەكانی هێز و توانی خۆ و هەروەها دۆخی هەنوكەیی بڕیاری لەسەر دەدات.
داڕێژانی ستراتێژی كارامە و كردەوەیی پێویستیی لە بەردەست بوونی داتا و زانیاری تەواو لەسەر دۆخی هەنوكەیی و خوێندنەوەی بەرنامە و پلانی داهاتووی لایەنی بەرانبەر هەیە. بەپێی خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی بەرانبەر، باشتر وایە بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی هێرش یان پیلانی داهاتوو خۆئامادە بكرێت و باشترین شێوەش بۆ پووچەڵكردنەوەی هەڵكووتانە سەرخاڵی لاوازی دوژمن. بە وەبەرچاوهێنانەوەی چەند ساڵی ڕابردوو و سەرجەم جووڵانەوەی كۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە چالاكییەكانی كوردستان، بۆمان دەردەكەوێت بەرانبەر بە خەباتی نەرم و بەناو مەدەنی دوور لە هەر ڕادیكاڵیزمێك كۆماری ئیسلامی پەرچەكرداری نەرمی هەیە و هەوڵیداوە خۆی بە خاوەنی بكات بەڵام ئەوەی كۆماری ئیسلامی ترسێكی تەواوی لێی هەیە زیادبوونی ڕۆحیەی ئانارشی و دەنگی ناڕەزایی لەناو شارەكانی كوردستانە؛ خەباتی چەكداریش سەرەڕای ئەوەی كەپەرچەكرداری تووندی بەدوواوە بووە بەڵام بە ڕوونی دەركەوت بە تەنیا هێزی پێشمەرگە وەڵامدەرەوە نابێت.
ستراتێژی و بەرنامەی گونجاو كە هەم ئەمڕۆكە مەترسیی پیلانی گۆڕینی ئامانجی بزووتنەوەی جەماوەریی هەنوكەیی كوردستان پووچەڵ بكاتەوە و هەم لە درێژ ماوەشدا ئاكامی باشی بە دواوە بێت، زۆرتركردنی چالاكیی ناوشارەكان و پەڕینەوە لە قۆناغی تاك ڕەهەندی بە تەنیا مەدەنییە. پێویستە لە پاڵ چالاكیی مەدەنیدا هەندێك جووڵانەوەی تووندتر ڕووبەڕوی دەسەڵات ببێتەوە بەڵام لەناو شارەكانی كوردستان و مەبەستیش چالاكیی چەكداری نییە. ڕێگەنەدان بە بەشداریی خەڵك لە پڕۆسەی خۆناوزەدكردن بۆ هەڵبژاردن و بەرپەرچدانەوەی ئەوانەی ڕیكلام بۆ شانۆی هەڵبژاردنی كۆماری ئیسلامی دەكەن و هەر چالاكیەك كە مەشرووعیەت بە ڕژیمی تاران دەدات دەتوانێت هەنگاوی یەكەم بێت. دواتر بەرزكردنەوەی دەنگی داواكاریەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەلایەن خۆیانەوە و لەناوخۆیە و دواتریش پشتیوانیی ڕاخستەوخۆی هێزی پێشمەرگە و بردنی خەباتە بۆ قۆناغی جیدیتر و گرینگتر.


PM:06:14:09/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌