زیندانیانی سیاسی كورد و پێویستیی پشتیوانیی جەماوەری

عادڵ محەمەدی

سەرەڕای ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی بەردەوام بوونی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەكانیدا ڕەتدەكاتەوە و زۆرجار لە زاری بەرپرسانی گەورەی دەزگای دادوەری و دەسەڵاتدارانەوە بیسراوە كە زیندانیی سیاسی لە ئێران بوونی نیە، دۆخی نالەباری زیندانیە سیاسیەكان و بەتایبەتی زیندانیانی سیاسیی كورد ناچارمان دەكات بەشوێن هۆكاری حەساسیەت و هەستیاریی زۆری تاران سەبارەت بە كەیسی ئەم كەسانەدا بگەڕین. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا "ڕامین حسێن پەناهی"، "ئەفشین حسێن پەناهی"، "محەممەد نەزەری" و لە چەند ڕۆژی دواییشدا "مەحموود ساڵحی"، ناوە بەرچاوەكانی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون كە هەر بەپێی یاسای خودی ئێران سەرجەم مافەكانیان پێشێل كراوە و تەنانەت هەوڵ و ماندووبوونی چالاكانی كورد هیچ گۆڕانكارییەكی نەك بەسەر خۆی بەڵكوو بەسەر دۆخی ئەم كەسانەشدا نەهێناوە.
لە كۆماری ئیسلامیدا زیندانیی سیاسی بە كەسێك دەوترێت كە لە چوارچێوەی یاسا چالاكیی سیاسی كردبێت بەڵام چالاكیەكانی بەدڵی حكومەت نەبێت و لەبەر ئەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپابێت. هەر بەپێی ئەم پێناسەیەش بەردەوام جەخت لە نەبوونی زیندانیی سیاسی لە ئێراندا دەكەنەوە. شۆڕشگێران و چالاكانی سیاسی، كرێكاری، ژینگەپارێزی و مافەكانی ژنان بەردەوام بەچاوی سیاسی_ئەمنیەتیەوە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەكانی ئێرانەوە ئەشكەنجە و ئازاری زۆریان ئەزموون كردووە و بەگرتنی ئیعتراف و ڕێنوێنیی دادگا، سزای قورسیان بە سەردا سەپاوە.
تاوانی سیاسی لە یاسای ئێراندا بە هەركام لەم كردەوانەی خوارەوە بەو مەرجەی تووندوتێژی لەخۆنەگرتبێت، دەوترێت و لە ٦ مانگەوە تا ٥ ساڵ سزا بۆ تاوانبار یان دوورخستنەوە لە شوێنی ژیانی بەدواوە دەبێت.
١-چالاكیی تەبلیغی دژ بە ڕژیم
٢-بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و تەزاهورات بەبێ گرتنی مۆڵەت
٣-نووسین و وتنی دوور لە ڕاستی و تێكدانی دۆخی بیركردنەوەی گشتی بەرانبەر بە ڕژیم و بڵاوكردنەوەی نووسراوە و تراكت لە شوێنە گشتیەكاندا
٤- دامەزراندن یان بەڕێوەبردنی ڕێكخراوەیەكی نایاسایی یان بەشداری و ئەندام بوون لەم جۆرە ڕێكخراوەیانەدا
٥- چالاكی بۆ درووستكردنی كێشە و دووبەرەكی
تێبینیی یەكەم ئەمەیە كە لە ئەگەری ئەنجامدانی ٢ یان چەند لەم تاوانانەدا قورسترین سزا بۆ تاوانبار لەبەرچاو دەگیردرێت و تێبینیی دووهەمیش ڕخنەگرتن لە سیستمی سیاسی یان یاسای گشتی و بەڕێوبەرانی حكوومەتی یاخود وتنی ڕای كەسەكان تاوان نیە و كەسی پێ سزا نادرێت.
هەربەپێی یاسای گشتیی ئێران، تاوانباران مافی كەڵك وەرگرتن لە پارێزەر و چاوپێكەوتنی بنەماڵە و تەنانەت پاش سزادان مۆڵەتی یاسایی یان مورەخسیی ساڵانەشیان هەیە. بێخەبەری لە باری جەستەیی و بێبەر یبوون لە مافە سەرەتاییەكانی هەر زیندانیەك و ئاوڕنەدانەوەی دەسەڵات لە باری نالەباری جەستەیی كەسەكان، بەڕوونی دەلالەت لە جیاوازیی دۆسیەكان بۆ كۆماری ئیسلامی دەكات. مانگرتن و دژەكردەوەی ناڕەزایەتی و ئیعترازیی بنەماڵەكان، بووتە دوا ڕێگا بۆ گەیاندنی دەنگی كپكراوی زیندانیانی سیاسی. ئەوەی بەرانبەر بە كەیسی سیاسیی كوردەكان لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەكرێت نە بەپێی یاسای خۆیان و نە بەپێی یاسای هیچ وڵاتێكی دوواكەوتووی ئەم سەردەمەش پێوانە ناكرێت و لەگەڵ هیچ چەشنە پێوەرێكی گونجاوی سەردەمیانەدا نایەتەوە.
كۆماری ئیسلامی بەباشی ئاگادارە كە چالاكانی كوردستان توانای ڕێكخستنی بزووتنەوەی جەماوەریی مەزن و سەرتاسەرییان هەیە. بزووتنەوەی كوردستان بەگشتی لەساڵانی ڕابردوودا بەهۆكارگەلێكی جۆراوجۆر تووشی وەستانێك بووە جگە لە چەند نموونەی كاتی، بەڵام نەریت و سوننەتە سیاسی و كولتووریە شۆڕشگێڕانەكەی هەر ماوە و لەم ساڵانەی دواییدا درێژەی هەبووە. لە ئێستای دۆخی سیاسیی ئێران و كوردستاندا ئەم بزووتنەوە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و ئاسۆیەكی جیاواز و ڕوونتر لە پێش چاوە بۆ كۆمەڵگای كوردستان و خەباتە لەمێژینە و بەرحەقەكەی. دەسەڵاتداران ئێران بۆ بەرەنگار بوونەوەی پێشوەختی ئەم بزووتنەوە وەك ڕابردووی خۆیان و سەرجەم حكوومەتە دیكتاتۆرەكانیتر، بە سزای قورس و گرتن و لەسێدارەدانی سیاسیەكان بەنیازە پێش بەجووڵانەوەی نوێ و هەڵسووڕانی سەر لە نوێی چەرخی ئەم بزووتنەوە بگرێت.
ئێستاكە كاتی ئەوەیە كە كۆمەڵگای كوردستان و بەتایبەتی لایەنە سیاسیەكان و ڕۆشنبیران، چالاكیی بەربڵاو بۆ پشتیوانی لە گیراوان و زیندانیانی سیاسی كورد وەڕیبخەن. ڕێكخستنی خۆپیشاندان و  ناڕەزایەتیی مەزن و كەم هەزینە لە دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكاندا دوورە لە واقیع و لە بنەڕەتدا چالاكیی مەدەنی لە حكوومەتە دێمۆكراتیكەاندا ئیمكانی مومكین و ئەگەردارە. كۆماری ئیسلامی لەهەر چەشنە چالاكیەكی مەدەنی و دوور لە تووندوتیژی و تەنانەت كەرنەڤاڵی شاییەكان، لەوانە نەورۆز و بۆنەكانی تری ئەم دوواییانەدا بە تووندی بەرانبەر بە خەڵك وەستاوەتەوە و هەر وەك لە ئامارەكاندا بینومانە ڕێژەیەكی زۆری لە خەڵك دەستبەسەر كردووە و سزای قورسی زیندانی كردنی بەسەردا سەپاندوون. لێرەدا دەردەكەوێت كە چالاكیی مەدەنی و ڕێكخستنی بزووتنەوەیەكی جەماوەری بۆ تاران و لە ڕوانگەی ئەوانە جیاوازییەكیان نیە و بە یەك چاو دیانبینێت و سزایان دەدات.
پشتیوانی و خاوەندارێتی لە زیندانیانی سیاسی ئەركی سەرەكیی ئێستای كۆمەڵگای كوردستان و ڕۆشنبیران و هێزە سیاسیەكانە و بۆ ئەم كارەش پێویستە بزووتنەوەیەكی بەردەوام و پلاندار بوونی هەبێت. خەڵكی كوردستان و زیندانیانی سیاسیی كورد بە درێژایی تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێچووی خەباتی بەرحەقی خۆیان داوە و قەتیسكردنی ئەم خەباتە لە چوارچێوەی نووسین و بەیاننامە و ڕاگەیاندنی میدیاییدا نەك كردەوەیەكی هەڵەیە ڕێك ئەوەشە كە كۆماری ئیسلامی پێیخۆشە و پێویستی پێیەتی. مانگرتنی ئەفشین حسێن پەناهی و محەممەد نەزەری، بڕیاری وەستانەوەی دایە شەریفە بەرانبەر بە ناعەداڵەتیی كۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بنەماڵەكەی و گواستنەوەی مەحمود ساڵحی ڕێك لە بەردەم نەخۆشخانەوە بۆ زیندان، پێویستە ببێت بە ناڕەزایەتیەكی گشتی و كۆمەڵگای كوردستان و شەقامی شارەكان بوورژێنێت و بیانهێنێتە خرۆش.
خۆڕاگری و مقاومەتی ئەم كەسانە و سەرجەم شۆڕشگێڕان و خەباتكارانی كورد لە ساڵانی ڕابردوودا پێویستە بە پشتیوانیی گشتی و بەرینەوە ڕێزی لێ بگیردرێت. بێدەنگی و چاوەڕێ كردنی تێپەربوونی كات و دەستەوەستانی ڕێگە بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات پڕۆژەی خەساندنی بزووتنەوەی كوردستان و سڕینەوە و لەناوبردنی باشترین و بەئەمەگترین ڕۆڵەكان بە باشی جێبەجێ بكات. 


PM:07:25:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌