کۆمەڵگای پزیشکی، پێشمەرگانی سپی پۆشی ئەم میللەتەن

موختار ئەحمەدی 
لەمێژساڵە ناوی پێشمەرگە وەک مرۆڤێکی خۆنەویست و خەڵکی کە لە پێناو خزمەت کردن بە کۆمەڵگای کوردستان وەک مرۆڤێکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ وەپێش مەرگی خۆی کەوتوەو بوەتە هێمای مرۆڤی خۆنەویست و گیانفدا لەپێناو ئامانجە ئینسانیەکاندا.
پێشمەرگە شەونخونی کێشاوە، ئارەقەی ڕشتووە، ماندو بووە، لە مەتەرێز و کەمینی دوژمن کەوتووە، دەیان جار مەرگی لەپێش چاوی خۆی بینیووە، بەڵام هەر بڕوا بە ئامانجە بەرزەکان وایکردوە کە سەرەڕای هەمو مەترسیەکان و هەموو ئەگەرە نەخوازراوو ناخۆشەکان، درێژەی بەخەباتی بێ وچانی خۆی بدات.
خزمەتکردن و خەباتگێڕبوون تەنیا تەک ڕەهەندی نییەو نابێت لە یەک ڕووانگەوە سەیری خەبات و دڵسۆزی بۆ میللەت بکەین.
 شاعیران و نووسەران و  خاوەن قەڵەمە دڵسۆزەکان، مامۆستایانی عەداڵەتخواز و خەم خۆری میللەت، ژنانی سوننەت شکێن، کرێکارانی وشیار و باقی مرۆڤە دڵسۆزەکانی دیکە کە هەرکامەیان لەجێگای خۆیان خزمەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە بواری کلتوری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری کردووەو بەردەوامن لە هەوڵەکانیان، ئەوانیش بەجۆرێک و لە ئاستێکی دیکەدا هزر و قەڵەمەکانیان ، هەوڵ و تێکۆشانیان جۆرێک پێشمەرگایەتی کردنە کە دەبێت هەمووان بەچاوێکی پڕ بایەخەوە سەیری بکرێن. 
پاش هاتنە ئارای ڤیروسی کورۆناو هاتنی بۆ ناوچەکە وەک میوانێکی ناخۆشەویست، هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای خستە ژووری قەرەنتینەی ماڵەکانیان بێجگە لە سێ بەشی کۆمەڵگا.
 یەکەم خەڵکی هەژار چوون سفرەی ماڵیان بەتاڵ و خاڵی بوو و نەیانتوانی بڕۆنە ماڵەوە، بە پیری مەرگەوە چوون و هەمو ئەگەرێکیان بەگیان کڕی.
 ،دووهەم، چالاکانی مەدەنی لە رێگای کەمپەینەکانیانەوە سەرەڕای مەترسییەکان لەسەر ژیانیان خەریکی کاری وشیاری بەخشین بۆ روبەڕوبوونەوەی کورۆنا و باقی خزمەت گوزارییەکان وەک گەیاندنی یارمەتییە مادی و مەعنەویەکان لەبواری یارمەتی گەیاندنی مادی و بێهداشتی کە وشیاری بەشن بۆ روبەڕوبوونەوەی کورۆنا.
سێهەم پزیشکان و پەرەستاران و باقی هاوکارانیان کە کۆی کادری پزیشکی پێک دێنن دەتوانین ناویان لێ بەرین.
ئەوەی زیاتر لەهەمووان تووشی زەحمەت، مەترسی و کارەسات بوونەوە لەو ماوەیەدا کۆمەڵگای پزشکی بو کە سەرەڕای هەبوونی  زانیاری لە سەر مەترسیەکانی کورۆنا، ئەوانیش پێشمەرگە ئاسا وەپێش مەرگی خۆیان کەووتن و لەو پێناوەدا بەشێکیان گیانیان لەدەست داوەو خۆیان کردوەتە قوربانی مانەوەی مرۆڤایەتی.
 دەتوانین ئاماژە بە ناوی موحەمەد یار ئەحمەدی شارۆمەندی سەقزی و شارۆمەندێکی بۆکانی بکەین کە بەهۆی ڤایرۆسی کورۆناوە گیانیان بەخت کرد.
 کۆمەڵگای پزیشکی ئێران زیاتر لە چل کەس لە پزیشکانی و کادری ئەم بوارەی خۆی لەدەست داوە کە بەشی هەرە زۆری هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کەمتەر خەمی رژیم و دابین نەکردنی پێداویستیە تایبەتەکان.   
لە سەردەمی کورۆنادا سەرەڕای هەمو نهامەتییەکانی کە لەبواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و هەمو ڕەهەندەکانی ژیان بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هێنای، کەم ڕەنگبوونەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات و هێژموونی ناوەندە ئایینی و مەزهەبییەکان هەر لە مزگەوت و ئیمام زادەکانەوە بگرە تا دەگاتە، کەنیسەو کلیساکانی لێکەوتەوە.
 چون ئەوانەی تا دوێنێ بەتایبەت لە کۆمەڵگای شەرقی و بە تایبەتیتر لە ئێراندا کە بە پێی سیاسەتی سیستەم و کلتووری درووست کراوی دەستی رژیمی تاران کە بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان خوازیار بوون کە خەڵکی بۆ چارەسەری نەخۆشینەکانیان سەردانی ئەو شوێنانە بکەن لای خەڵک رەنگی نەماوەو تەنانەت ئاخوندەکانیش لەوشوێنانە کە تا دوێنێ داخستنیان  هێڵی سوور بو بۆیان، داخران و تەنانەت کورۆنا لەشاری تەقدیس کراوی قومەوە پەرەی سەندو بڵاو بویەوەو ئەمەیش لەسەر توێژی جەوان و کەم تەمەنی کۆمەڵگا کاریگەری زیاتری دانا.
لێرەدا گرینگی و بایەخی زانستی پزیشکی زاڵ بوو بە سەر سوننەتگەرایی و خورافە پەرەستی کە هەتا دوێنێ وەک عیلمی شەیتانی سەیر دەکرا بوە بە ئەرزش و هەنجارەکانی کۆمەڵگا کە زیاتر لەجاران پێگەیان بەهێزتر بوو.
 ئەم توێژە لە کۆمەڵگا کە پێشمەرگانە بەرەو پیری مەرگ رۆشتن دەبێ وەک پێشمەرگانی سپی پۆشی مێژووی هاوچەرخی خۆمان ناوزەتیان بکەین و هەوڵ و ماندوو بوونیان، خۆنەویستی و گیان بەخشینیان،لە ناو دڵی خۆمان و مێژوومان تۆمار بکەین و پێیان بڵێین ئێوەیش هاوسەنگەرانی باشتر کردنی ژیانی مرۆڤن و ئێوەیش وەک ئێمە پێشمەرگەی ئەم میللەتەن.

PM:08:49:07/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌