ئایا ڕووحانی دوایین سەرۆک کۆماری ئێرانە؟

کێشە ناوخۆییەکانی ڕژیمەکەی تاران

ئەرسەلان ئیحسانی

ماوەی چەندین ساڵە بە ڕوونی دەرکەوتووە کە لە نێوان دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئێران ناتەبایی و کێشە و ئاڵۆزێکی بەرچاو هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لە پەرەستاندن دایە. ئەو کێشانە زۆر جار وەها زوق دەبێتەوە و خۆی دەردەخات کە لە ئاستی شەقامی سیاسیدا بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت و بگرە لە ئاستی ناودەوڵەتیشدا کاریگەری خۆی نیشاندەدات. بەڵام زۆر کەس ئەوە تەنیا بە گەمەیەکی سیاسی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران دەزانێت و وەک سناریۆیەک بۆ بەڕیوەبردنی حکومەت و کڕینەوەی کات ناودەبەن. ئەوەی زیاتر بەرچاو دەکەوێت ئەوەیە کە لە ڕاستیدا کێشە و جیاوازی بیر و ڕا لە نێوان کاربەدەستان و دەسەڵاتداراندا هەیە و ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ ڕابردوو، واتە سەردەمی شۆڕشی گەلان لە ئێران بگرە پێشتریش.
دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران هەر ئەو کەسانەن کە ساڵەکانی ١٣٥٧ی هەتاوی هەوڵیان دەدا بۆ داڕشتنی شۆڕش و گرتنە دەسته دەسەڵات، هەر ئەو کەسایەتیانەن کە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران دابەشکاریان لە سیاسەت و دەسەڵات و داراییەکاندا کردبوو، هەر بۆیە خۆیان بە خاوەنداریەتی ئەو شۆڕشە دەزانن و ڕێگا ناداەن هاوڕێیانی پێشوویان زیاتر لەوان دەسەڵات  بگرنە دەست و ئەوانیش بە کەمتر ڕازی بن هەر بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن خۆیان لە دەسەڵاتدا بهێڵنەوە بۆ ئەوش هەموو کارێک دەکەن و هەموو باجێکیش دەدەن. هەرکاتیش یەکێکیان خەڵکی زیاتری لێ نزیکدەبێتەوە و لە نێوان کۆمەڵگادا خەڵکی زیاتر ڕاکێشێت، هاوڕێکانی ڕازی نابن و ئەگەر لەگەڵ یەک نەکەون بە دڵنیاییەوە دژی یەک دەوەستنەوە و تەنانەت ئەگەر بە دەربڕینی ئەو تاوانانەش بێت کە لە ڕابردوودا کردوویانە و لە ڕاستیدا هەموویانیش تێیدا تێوەگلابن.
ئەم ناکۆکی و ململانەیە هەر پێش هاتنەوەی خومەینی لە فەڕانسەوە و بگرە پێشتریش هەبوو، بۆیە هەر زۆر زووش دوای قۆڕغ کردنی دەسەڵات لە دوای شۆڕشی گەلان، گروەبەندی و خۆ جیاکردنەوەکان دەست پێدەکات. خومەینی بە دروشمی دینی و پشتگرتنی فەقیر و هەژارەکان ڕێگای خۆی جیادەکاتەوە و کەسانێکی زۆر لە خۆی کۆدەکاتەوە و بە ئامراز و کەرەستەی ئایین و شەریعەت خەڵک لەگەڵ خۆی دەخات و «بەنی سەدر» کە سەرۆک وەزیران دەبێت و پێشتر هەزاران بەڵێنیان پێدابوو کاتێک خەریکە خەڵک ڕاکێشی خۆی دەکات و خۆ لە زانا ئایینیەکان دوور دەخاتەوە و هاوڕێیانی پێشووی لە بیر دەکات، زۆر زوو هەوڵی دوور کردنەوەی لە دەسەڵات دەدرێت و دوای ئەویش یەک لە دوای یەک لە مونتەزێری و بەهێشتی و باهونەر و... . هەموو کاتیش بە لابردنی مۆرەیەکی سووتاوی هاوڕێیان و کاربەدەستان هەم هێزی ئەوانیش بۆ خۆیان ڕادەکێشن هەم ئەوەیکە بە خستنە ئەستۆی هەڵەکان بە سەر لایەنی بەرامبەر خۆیان لە خەتاکان دەشۆنەوە.
دوای مردنی خومەینی و گۆڕانکاری لە دەستووری ئێراندا و پێدانی دەسەڵاتی سیاسی و چاودێری و بەڕێبەرایەتیکی بەرچاو  بە ڕێبەری ئەم کێشەیە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە. بە هاتنە سەرکاری خامنەیی کە کە پێشتر هیچ چەشنە ڕابڕدوویەکی سیاسی و ئایینی نەبوو و تەنیا هاوڕێکانی بۆ دەستخستنی دەسەڵاتی زیاتر دەیکەن بە ڕیبەری شۆڕشی ئیسلامی پاش خومەینی و هیوای خۆیان لە سەر ڕیبەرێتی ئەو هەڵدەچنن، کە لەم پیلانەدا ڕەفسەنجانی پێشەنگ بوو و خامنەیی وەک یار و شەریک دەزانی بۆ دەستخستنی دەسەڵاتی زیاتر. بەڵام ترس ودڵەڕاوکەی خامنەیی و هاوڕێکانی تری ئاواتەکانی ڕەفسەنجانیان کردە ئامانج و دیترا کە دوای دوورخستنەوەی لە دەسەڵات بە شیوەیەکی گوماناوی دەمرێت و ئەوەش زەنگێکی مەترسیدار دەبیت بۆ سەرجەم هاوڕێیانی ئەم ڕێگایە و دەبیندرێت ململانەکان و کێشەکان دوای مردنی ڕەفسەنجانی زیاتر لە جاران زەق دەبێتەوە.
جگە لە لابردنی هاوڕێیانی پێشوو هەووڵدراوە ئەو کەسانەی کە پێشتر پێکەوە کێشەیان هەبووە کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە، وەک بیندرا کە مووسەوی لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دوای دوورکەوتنەوەیەکی زۆر کە هۆکارەکەشی کێشەکەی لەگەڵ خامنەیی بوو لە ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوی ئەو کات کە سەرۆک وەزیرانی ئێران بوو و خامنەیی ئەوکات سەرۆک کۆمار بوو، گەڕایەوە ناو جەرگەی سیاسەت و  ناو جەرگەی هەڵبژاردنەکان و لە بەرامبەر خامنەیی  وەستاوە و توانی خەڵکیش لەگەڵ خۆی خات هەر بۆیە خامنەیی زۆر زوو هەستی بەوە کرد و ئەو جار وەک ساڵەکانی پێشوو تەنیا بە دوور خستنەوە نەوەستا و بەڵکوو لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەری کرد و تا ئێستاش نەک لە سیاسەت بەڵکوو لە ژیانی ئاسایی و کۆمەڵایەتیش دوور خراوەتەوە.
گەورەترین کێشە و ململانەی کەسایەتییەکان لە ساڵانی ٨٠ و ٩٠ی هەتاوی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی زۆرانبازی نێوان ڕێبەر لە لایەک و هێزە سەرەکییەکانی ئێران وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆک پارلمان و سەرۆکی دەزگای داد لە لایەکەوە، ئەوەش دەتوانێت هۆکارەکەی ئەوە بێت کە خامنەیی وەک ڕێبەر بێ هیچ پێشینەیەکی سیاسی هاتۆتە سەر کورسی بەهێزترین دەسەڵاتی ئێران کە ئەوەش کاری خۆیان بوو. خامنەیی دەزانێت کاتێک ئەوان هێناویانە بە خۆشیان دەشتوانن لای بەرن، بەڵام ئەو فێڵەبازتر لەوان بوو و زۆر زوو هەوڵیدا بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایم کات و هەوڵبدات بە لە خۆ نزیک کردنەوە یان لابردنی سەرجەم هاوڕییانی بە هەر قیمەتێک بێت داهاتووی دەسەڵاتداری خۆی بۆ داهاتوش گەرەنتی بکات.
ئەم کێشانە هەموو کات بە یەک گڕ و تین و یەک ڕێژە بەردەوام نیە، بەڵکوو بە بەردەوای لە ئاڵووگۆڕی دایە، هەرکات لایەنەکان بەرژەوەندیەکانیان یەک دەخەنەوە دەبنە هاوڕێ هەر وەک دەورانی سەرۆک کۆماری ئەحمەدینژاد کە خامنەیی باس لە نزیکی بیروڕای خۆی لەگەڵ ئەو دەکات و دواتر کە بەرژەوەندییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت لە بەرامبەر یەک دەوەستنەوە و زۆر ڕاشکاوانە ڕەخنە لە یەک دەگرن.
لە دوای هاتنە سەر کاری ڕۆحانی و مردنی ڕەفسەنجانی و ڕوون بوونەوەی کۆمەڵگا و هاتنە ناو کایەی هێزی سیاسی تازە پێگەیشتوو تا ڕادەیەکی زۆر هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەم جارە تەنیا کێشەکان لە ناو هاوڕێ کۆنەکاندا نییە و بەڵکوو بە هاتنە ئاڕای نەوێ نوێ سیاسی، وادەکات دەسەڵات خۆی ڕیک بخاتەوە و تاکتیکێکی دیکە بگرێتە دەست. ئەگەر پێشتر محەممەدی خاتمی سەرۆک کۆماری پێشوو دەیتوانی باس لە ئازادی بکات و کێشەی خۆی و ڕێبەری بۆ هەوڵەکانی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و لایەنگری لە قوتابیانی زانکۆ بگەڕینێتەوە و لەبەرامبەریشدا هەزاران کەس بە دەستووری ڕاستەوخۆی ئەو لە زیندانەکان ئازار و ئەشکەنجەدەدران و خەڵک نەیاندەزانی بابەتەکە چییە ئێستا خەڵک و کۆمەڵگای سیاسی و بگرە کۆمەڵگای دینیش بەو وریاییە گەیشتوون کە شەڕی لایەنە سیاسییەکان تەنیا دەسەڵاتە و خەڵک نە ئەوەیکە لە هیچ لایەنێکی هاوکێشەکەدا جێیان نابێتەوە بەڵکوو بگرە سازش و تەبانیشان لەسەر دەکرێت و مردن و کوشتنیان بۆ حاکمیەت هیچ مەترسیەکی نییە ئەوەش زۆڕ بەڕوونی لە کوشتنی هەزاران کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئەو ماوەی ڕابردوو و هەروەها پێکانی فڕۆکە گەشتیارییەکەی ئۆکراین بە زەقی دەرکەوت و خەڵک بە ئاشکرا دیتی پێگەیان لە ناو حكومەت تا چ ڕادەیەکە!.
خامنەیی بە هۆی پێگەی سیاسی  وەک ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەروەها زانای ئایینی، توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر هاوکێشەکە بە لای خۆیدا بخات و تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکان لە لایەن ڕیبەریەوە چارەسەری بۆ دەدۆزریتەوە. هەر ئەوە وای کردووە کە زۆربەی کەسانی سیاسی و ئایینی هەوڵیانداوە خۆیان لە ڕیبەری و بەیتی رەهبەری نزیک کەنەوە و لە  سێبەری خامنەییدا ململانەی سیاسی خۆیان گەشە پیبدەن و بە پشت بەستن بە هێزی ڕیبەری توانیویانە تا ڕادەیەک زۆر بەرچاو خۆیان لە هێڕشی نەیارانیان دوور بگرن. لە سەروبەندی پارلمانی نۆهۆمدا بوو کە دەتوانین بڵێین بە شیوازێکی ئاشکرا و دیار لە ناو سیاسەتدا دوو لایەنی سیاسی سەر هەڵدەدات کە یەکیان ئامانج و بنەماکانی کاری خۆی لەگەڵ ڕیبەری نزیک دەکاتەوە و خۆیان بە بناژووخواز واتە باوەڕمەند بە بنەما سیاسی و فکرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی گڕی دەدەن تا بتوانن خۆیان لە ڕیبەی نزیک بکەنەوە و هەر زۆر زووش خامنەیی لە ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی باس لەوەدەکات کە بناژووخوازەکان لە سەر بنەمای ڕاستەقینەی شۆڕش دەڕۆن و لایەنگری خۆی بۆ ئەم بەشە دەربڕی و لە بەرامبەریشدا ڕیفۆرمخوازەکان هەوڵیان دا سەر بەرز کەنەوە کە باس لە گۆڕانکاری لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەی و ئابووری و دامەزران لە دام و دازگا حکومەتییەکانیان دەکرد. ئەم باڵباڵێنە کاتێک دێتە ئاڕاوە کە گۆڕەپانی سیاسی تا ڕادەیەک کەسانی نوێ لە خۆیدا دەبینێت و هەوڵ دەدەن لە ناو ململانەی هاوڕییان کۆندا سەر بەرز کەنەوە و ناوبانگیک بۆ خۆیان کۆکەنەوە کە ئەوەش دەبێتە ئەوەیکە سنووری نێوان دەسەڵات داران بە جوانی دەرکەوێت و بە ئاشکرا باس لەوە بکەن کە لەگەڵ ڕێبەرین یان خود لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە.
ڕاستە لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەر کار خامنەیی تاڕادەیەک هەوڵی دەدا بۆ مانەوە و  لە لایەکیتریش هەوڵی دەدا بۆ پەل هاویشتن و بەهێزکردنی بناغەی دەسەڵاتی خۆی، بەڵام بە هاتنە ناو کایەی بناژووخوازەکان هەوڵدرا ئەم پێگەیە زیاتر پەرە پێبدەن و هەوڵ بدڕیت نەک لەناو شەقامی سیاسی و کۆمەڵگا بەڵکوو لە سەرجەم بوارە جیاجیاکان هێزی خۆیان تۆکمەتر بکەن و بە بەرنامەیەکی درێژخایەن بتوانن کۆمەڵگای سیاسی ئیران بەرەو یەک جەمسەری و یەک دەسەڵاتی بەرن، کە تا ئێستا زۆر بە ڕوونی سەرکەوتوو بوون. بە چاو خشاندنێک بە هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەی پارلمان دەرکەوت کە لایەنی بناژووخواز بە یارمەتی ئەنجوومەنی پاریزەری دەستوور (شورای نیگابان) توانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کورسییەکانی پارلمان و هەروەها سەرۆکی پارلمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات کە ئەوە بۆ خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی دیکەبوو بە دوای ئەوەیکە ئیبڕاهیمی ڕەئیسی بوو بە سەرۆکی دەزگای دادی ئێران. بەم جۆرە ئەگەریش تا ئێستا ڕۆحانی هەوڵیدەدا زۆربەی یاساکان لە پارلمانەوە پەسەند بکرێت و پێش دەستیوەردانی ڕێبەری لە کاری یاسادانان بگرێت ئەوجارە زۆر بە فەرمی و لە پارلمانەوە بێ کێشەی یاسایی ڕێبەر دەتوانێت بڕیارەکانی خۆی بدات و هەوڵی خۆی چڕ بکاتەوە کە لە کۆتا هەنگاویشدا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ئەو پۆستەش بۆ بناژووخوازەکان مسۆگەر بکات. هەڵبەت ئەم دەنگۆیەش هەیە کە لەوانەیە ڕووحانی کۆتا سەرۆک کۆماری ئێران بێت و هەروەک زۆربەی دەسەڵاتداران باسی لێدەکەن لەوانەیە سیستمی بەڕیوبەری سیاسی ئێران بگۆڕدرێت بە پارلمانی و ئەوکات هەر یەکسەر دەسەڵات دەکەوێتە دەست بناژووخوازەکان و هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئەو دەورەیەش خۆی دەتوانێت هێمای ئەو بابەتە بێت کە زۆربەی ڕیفۆرخوازەکان ڕەت کرانەوە بۆ ئەوەی بناژووخوازەکان بچنە پارلمان و سەرۆکی پارلمانیش کە قالیباف کۆنە پاسداری بناژووخوازە.
وادەردەکەوێت کە کێشەکانی دەسەڵاتداران تەنیا نواندن نییە و کێشە ناوخۆیەکانی دەسەڵاتداران بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات وا دەکات بەرامبەر یەک بوەستنەوە و هەوڵ بدەن خاڵە لاوازەکانی یەکتر بخەنە بەر چاو، بەڵام ئەوەی زیاتر گرنگە ڕوون بوونەوەی شەقامی سیاسی و کۆمەڵگایە کە دەزانن هەموویان یەک ئامانجەیان هەیە ئەویش دەسەڵاتە نەک ژیانی باشتر و خۆشبژێوی بۆ خەڵک و هەژاران. ئەوەی ڕوونیشە خەڵک ئەگەرچی لەوانەیە درەنگ بەو دەرەنجامە گەیشتبن کە سیاسەت و ئایین هەموو لە دەستی دەسەڵاتداراندا مۆرەیەکە بۆ کایە، بەڵام هەوڵی خۆیان دەدەن و بەردەوام لە هەوڵ دان ناڕەزایەتییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن و ئەم ناڕەزاییەتیانەی ئەم دواییە خێرایی و هێزێکی زیاتر لە جارانی لە پەشت کۆبووەتەوە کە ئەوەش وادەکات بتوانێت کاریگەری بەرچاوی لە دەسەڵات و سیاسەتی بەڕێوەبەریدا هەبێت.

PM:11:45:03/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌