کۆرۆنا و ڕەوتی خێرای فەنابوونی دەسەڵاتی ئایینی!

 کۆرۆنا و ڕەوتی خێرای فەنابوونی دەسەڵاتی ئایینی!


ئەرسەلان ئیحسانی

 

 

بیر و ڕا و بۆچوونەکان زۆر جار واها چەق دەبەستن کە ڕاست و درووستی و شیاو و نەشیاویان زۆر بە دژواری دەتواندرێت لێک جیا بکرێتەوە هەر بۆیە زۆر جار دەبیت تەکانێک  و هێزێکی دەرەکی مرۆڤ وەها بشڵەژێنێت کە بتوانێت لەم چەق بەستوویەتییە بێتە دەرێ و بە ڕوانگەیەکی ڕوون و گونجاو بتوانێت ڕاستیەکان ببینێت و بیر لە ڕووداوەکان و ژیان و دەورووبەری خۆی بکاتەوە. زۆر جار ڕووداوە سرووشتیەکان یان پەتا و نەخۆشیە گشتگیرەکان کاریگەرێکی ئەوتۆیان لەسەر بەرچاوڕوونی مرۆڤەکان هەبووە.

بە هاتنی کۆرۆنا لە جیهان و بە تایبەت ئیران هاوکێشەکان تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانکاریان بەسەردا هات و وایکرد تا خەڵک بڕێک چاوی کراوەتر بکات و بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و ڕاستبینانە لە بابەتە هەستیارەکان بڕوانێت. کاتێک کۆرۆنا لە سەرچاوەی ئایینی ئێران، لە قۆم دەست پێدەکات و زۆر زوو لە سەرجەم ئیران تەشەنە دەکات و دەبیندرێت کە ئەوانەی تا ماوەیەک لەمە پێش دین و ئایینیان کردبووە ئەمڕازێک بۆ کایە پێکردنی مێشکی خەڵکی ئایینی، نەیانتوانی هیچ بکەن و بە قسە و کردەوەی دوور لە عەقلانییەت تەنیا گەمە و گاڵتەیەک دەنوێنێت و خەڵک تا ئەم ڕادەیە ڕوون بوونەوە کە تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە تا ئێستا چۆن باوەڕیان بەم کەسانە کردووە؟!.

تا پێش کۆرۆنا پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشییەکان و کێشەکان دەبێت سەردانی مەزارگە ئایینیەکان لە قۆم و مەشهەد بکرێت و ئێستا خەڵک دەبینێت کە زانا ئایینیەکان خۆیان لەم شارانە ڕادەکەن و بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر گیرۆدەی کۆرۆنا نەبێت سەرجەم مەزارگەکان دادەخەن و مزگەوتەکان نۆژیان لێ ناکرێت و زانا ئایینیەکان بەم ڕێگایانەی بۆ بنبڕ کردنی کۆرۆنا پێشنیاری دەکەن و پێی دەڵێن تبی ئیسلامی تەنیا بووونەتە جێی پێکەنین و گەمەی خەڵک.

پێشتریش ناکارامە بوونی بەرپرسانی ڕژیم و گەندەڵیەکانیان بۆ خەڵک ڕوون بوو بەڵام ڕژیمی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکار و قۆرغ کردنی دەستهەڵات پڕوپاگەندەی ئایین و مەزهەب توانیبوی تا ڕادەیەک خەڵکی ئایینی ڕاکێشی خۆی بکات و خۆڵ لە چاویان بکات.بەڵام کۆرۆنا تا ڕادەیەکی بەڕچاو توانی پەردەی درۆ و تەمی فریوی ئایینی لابدات و خەڵک بەرچاو ڕوونییەکی زیاتری لە ئایین و سیاسەت و ناکارامەیی ئەو دوو چەمکە لەگەڵ یەک بۆ دەرکەوێت. خەڵک سەبارەت بە جاران زۆر بە ئاشکرا ئەو بابەت و باسانەی بە ناوی ئایین و مەزهەب پێیان دەگوترێت ڕەت دەکەنە و بگرە بۆ پێکەنین و شۆخی لە نێوان خۆیان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوی دەکەنەوە.

لە کاتێکدا کە سەرجەم وڵاتان بە تەواوی توانای زانستی و پێشکەوتووانەی خۆیان هەوڵی چارەسەری و بنبڕ کردنی کۆرۆنا دەدەن لە ئێران بە ناوی تبی ئیسلامی وەها درمان و شیوازێک بۆ توش نەبوون بەو نەخۆشیە بلاو دەکەنەوە کە خەڵک بەلایانەوە سەیرە چۆن تا ئێستا ئەوانە دەسەڵاتیان بەدەست بووە و مەملەکەتیان داوەتە دەست ئەم گەمژە و نەزانانە و نەتەنیا لە ناوخۆ و خەڵک بەڵکوو لە شۆی کۆمێدی وڵاتانیتریش بۆ پێکەنین بڵاوی دەکەنەوە و خەڵک ئێران بە دواکەوتوو سەیر دەکرێت هەر ئەوەش خەڵکی توڕەتر لە جاران کردووە.

زۆربەی خەڵک ئەگەرچی پێشترێش بەو باوەڕە گەێشتبوون کە دین و مەزهەب تەنیا ئەمراز و گۆپاڵی دەستی ڕژیمە و بۆ سەرکوتی خەڵک بەکاری دەهێنێت بە ڵام تابۆی بابەتە دینیەکان و باوەڕە مەزهەبیەکان لە کۆمەڵگایەک کە هەموو شتێک بە ئایین دەبەستنەوە، لەناوچوونی زۆری دەوێت و دەبیت هێزێک بێت تا خەڵک لەو خەوە هەستێنێت، بۆیە کاتێک خەڵک دیتیان هەر وەک لە وڵاتانی کۆمۆنیستی وەک کۆرە و چین کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە لە ئێرانی ئیسلامی و بگرە سەرەتاش لە قۆم و مەشهەدیش هەر ئەم نەخۆشیە پەرەدەستێنێت و زانا ئایینیەکان و بگرە خودی دین و ئایین ناتوانت پێش بەم پەتایە و هەزاران بابەتی دیکەش بگرێت.باوەڕ نەبوون بە خوا یان مەسیح و یەهوودی بوون یا ئەوەیکە شیعەی یان سوننی هیچ کامیان پێش لە کۆرۆنا ناگرێت و تەنیا دەبێت پاک و خاوێنی خۆ دوور گرتن لە سەرچاوەکانی کۆرۆنا دەبێتە هۆی تووش نەبوون بەم ڤیرووسە و ئەمە تەنیا بەڵایەک نییە بۆ بێدینەکان و یان دیسان تاقیکردنەوەیەک نییە بۆ موسڵمانەکان .

ئەم بابەتە تا ئەو ڕادەیە پەرەی ستاندووە کە خەڵک بە ڕوونی بێزاری خۆی لە حکومەتی دینی و زاڵی دەسەڵاتی دینی بەسەر خەڵکدا و سەپاندنی هەرجۆرە خورافە و خەیاڵات بە سەر خەڵکدا بە ناوی ئایین، دردەبڕێت. ئەگەرچی هەر لەسەرەتای شۆڕشی گەلان لە ئێران زۆر لایەن و حیزبی سیاسی باسی جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و دەسەڵاتداریان هێنا ناو باسی سیاسی و کاریان لەسەر کرد، بەڵام ئایین و نەریتە ئایینیەکان و کەسانی ئایینی بەربەستێکی گەورەیان بۆ ئەم بابەتە سازکردبوو کە ئەوانە دژە ئایینن  و سەرکەوتنی کۆمەڵگایان ناوێت بەڵکوو دەیانهەوێت خەڵک لە دین بەدەر کەن و هەزاران قسە و قسەڵۆکیان خستنە پاڵ و بە پڕوپاگەندەی جیاجیا هێرشیان کردنە سەر.

بە تێپەڕ بوونی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتداری ئایینی لە ئێران خۆی وا هاتۆتە پێش و وا خۆی دەرخستووە کە ئێستا زیاتر لە هەموو کات باسەکان لە ئیران لە سەر سکۆلاریزم و جیا کردنەوەی دین و ئایین لە سیاسەت و حوکمڕانی دەکریت. ڕژیم خۆی ناکارامەیی دینی و ئایین و مەزهەبی لە بەڕیوە بردنی وڵات و سیاسەت بە خەڵک نیشاندا. کێشەکان تا ئەوجێگایە خۆی دەرخستووە کە باسی ڕنسانس لە ئێراندا دەکات و ئەوە دەخەنەوە بەر چاو کە چۆن لە ئۆروپا لە دەورانێکدا کە کلیسا و مەسیحیەت دەسەڵات دار بوون و ژیانی خەڵکیان گرتبووە دەست، بە هاتنی تاعون و وەبا و نەخۆشە گشتگیرەکان ناکارامەیی دین  و ئایین  و کلیسا زیاتر لە جاران زەق بووە و کۆمەڵگای بەرەو ئاڕاستەیەک چوو کە دژ بە دەسەڵاتی کلیسا و ئایین هەستان و داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کلیسا لە بەڕیوەبردنی وڵاتیان کرد کە لە ئاکامدا سیکۆلاریزمی لێکەوتەوە و ئایین تەنیا وەک بابەتێکی تاکەکەسی چاوی لێکراو و کۆمەڵگا و وڵاتی بەرەو پێشکەوتن هاندا.

بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت ڕاستە لە ئۆروپا تاعون و وەبا گەندەڵی و ناکارامەیی کلیسا و کەسانی ئایینی زەقتر کردەوە و پڕۆسەی بە سیکۆلار بوونی کۆمەڵگای زیاتر بەرەو پێش برد بەڵام ڕۆڵی سەرەکی لە تێپەڕ بوونی ئەم قۆناغە ئاستی پێشکەوتووی بیر و ڕوانگەی خەڵک بوو.گەشە کردنی هۆشیاری و ڕووناکبیری خەڵک توانی تا خۆیان لە خۆرافە و بیر و نەریتە ئایینیەکان و ناکارامەییان دوور بخەنەوە و بەرەو پێشکەوتوویی هەنگاو بنێن. ڕوونە لە ئێران پێش کڕۆناش نەخۆشی گشتگیری وەک وەبا و سل و هەزاران بەڵای سروشتی هەبووە، بەڵام بەدەخاوە بە هۆی نەبوونی بنچینەی ئاگایی فیکری و ڕووناکبیری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەنگاوی بەرچاو نەنرا کە بتوانێت گۆڕنکاریەک لە چوارچێوەی سیاسی ئێراندا بەدی بهێندرێت. بەڵام ئەم جارە و بە هاتنی کۆرۆنا دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر گەشبین بەوە بین کە خەڵک زیاتر لە جاران چاوی کراوەتەوە و هەروەها لەبواری ڕوانین و بنچینەی فیکریشدا دەتواندرێت ئەم بەرەوپێشچوونە ببیندرێت و تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتوویی هەنگاو دەنێت و هەوڵی خۆیدەدات کە نەریت و ئایین و باوەڕەدینیەکان کە تا ڕادەیەکی زۆر تێکەڵاو بە خورافە و خەیاڵات بووە بەرەو دواوە پاڵ نێن و داوای ئەوەدەکەن ئایین وسیاسەت لێک جیاکەنەوە . خەڵک دەبینن کە تا چ ڕادەیەک گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات و لەولاشاوە لە ناو زانا ئایینیەکانیشدا کەسانیک هەڵکەوتووە کە باس لەوەدەکەن کە لە دەورانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئایینی لە ئێران نەک وڵاتی بەرەو پێش نەچووە بەڵکوو زەنگێکی مەترسیە بۆ سەر ئایین و ئایینیشی تا ڕادەیەکی زۆر توشی زورخورافات و کۆنە پەرەستی کردووە و بۆ نەجاتی ئایینیش بێت دەبێت ئایین و سیاسەت لێک جیا بکرێتەوە و سکۆلاریزم دەتوانێت دوو هەنگاو بێت هەم بۆ بوژانەوەی سیاسەت و هەم دینیش .

بەڵام دەبێت بڕێک وردتر و ڕووناکبیرانەتر لە جاران بیر لە تێپەڕاندنی ئەو دەورەیە بۆ ڕزگار بوون لە ئایینی داسەپێندراو بەسەر سیاسەتدا بکڕیت و ئەوەش دەتواندرێت بە وردبوونەوە لە دەورانی سیاسی پەهلەویەکان و ئەزمونی وڵاتانی دراوسێ جوانتر ڕوون بێتەوە.بە دڵنیاییەوە دەبێت کۆمەڵگا و حکومەت بەرەو سیکۆلاریزم هەنگاو بنێت، بەڵام ناشبێت ڕۆڵی ئایین لە ژیانی بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگای ئێراندا لە بیر بکڕیت. دەورانی پەهلەوی هەوڵی جدی بۆ لابردنی زانا ئایینیەکان لە بواری سیاسی و دەسەڵاتدا درا و بە ڕوانگەی خۆی سەرکەوتووش بوو، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا خۆی دەرخست تەنیا خۆ شاردنەوە و خۆ تەیار کردنی زانا ئایینیەکان بوو کە کاتی خۆیدا وەک شۆڕشی گەلان بە سەر کۆمەڵگادا تەقیەوە و توانی بە زەبر و  زۆر و گرتنە دەستی هەستی ئایینی خەڵک وڵات و حکومەت بگرێتە دەست و ئێستاش دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەبینین کە وڵاتیان بەرەو هەڵدێری ئایینی ، سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی بردووە. یان کاتێک دەبینین کە ئاتاتورک کۆمەڵگای تورکیەی بەرەو بنبڕ کردنی دەستی کەسانی ئایینی برد و سەدان لە زانا ئایینیەکانی لە سێدارەدا و حکومەتی توندر لە سیکۆلاریزم واتە لائیسیە یان لائیکی بونیاد نا و وای زانی ئیتر ئایین ناتوانێت دەست تێوەردان لە سیاسەتدا بکات و تورکیە بەرەو پێشکەوتووی دەچێت، دەبیندرێت لە بواری ئایینیەوە زۆر زیاتر ڕیشەی داکوتاوە و سەر لە نوێ ئایینیەکان پێگەی خۆیان قایمتر کردووە و دەیانهەوێت وەک ئێران حکومەتێکی ئایینی دابمەزرێنن، کەواتە وا دەردەکەوێت کە دەبێت دەورانی گوزاری کۆماری ئیسلامی بەرەو سیکۆلاریزم بە جۆرێک بێت هەم دەستی ئایین کورت بکرێتەوە لە سیاسەت و هەم جۆرێک لەگەڵ بابەتی ئایین هەڵسوکەوت بکرێت کە دیسان لە داهاتوودا پڕڕەنگتر لە جاران خۆی نە خزێنێتەوە ناو سیاسەت و زیاتر لە پێشوو کۆمەڵگا بەرەو دواوە ببات.

دەتوانین بڵێین بۆ تێپەڕ بوون لە دەسەڵاتی ئایین بەسەر سیاسەت و حکومەتدا چەند قۆناغێک دەبێت ببڕدرێت و هەر قۆناغێکیش دەبێت دووربێت لە دەمارگرژی و زۆر بەوردی کاری بۆ بکریت.سەرەتا دەبێت بیر و مێشکی خەڵک ئامدە بێت بۆ ئەوەیکە هەست بەوە بکەن پێویستە ئایین و سیاسەت لێک جیا بن نە تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە ئایینی نین بەڵکوو بۆ خودی ئایینیش وا باشترە لەسیاسەت دووری بگرێت تا ئەوەیکە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بهێڵێتە و دوای تێپەڕاندنی دەورەی گوزار بۆ سکۆلاریزم دەبێت بەرنامەیەک بۆ داهاتووش دابندرێت کە کۆمەڵگای ئایینی بتوانێت ئەم دەورانە بێ ئەوەیکە هەست بە وردبوون بکات و بێهەوێت بۆ تۆڵە هەستێتەوە بە دەرفەتی بزانێت بۆ ئەوەیکە هەوایەکی تازە هەڵمژێت بۆ خۆ نوێ کردنەوە و لە جیات دژایەتی ئایینی هەوڵبدرێت لە یەکتێگەیشتن ببێتە ئامانجی گۆڕانکاریەکان و نەوەی داهاتووی کۆمەڵگا بە هەر بیر  وڕا و ئایینێک، تاکێکی ڕوناک بێر و پێشکەوتوو خواز بار بێت تا بتواندرێت کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ بەروەو پێشتر بڕوات و گەشە بکات.

 


AM:10:48:03/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 51 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌