21ی خەرمانان، كۆمەڵگای مەدەنیی كوردستان و پرسی ڕێكخستن

سەرگوڵ میرزایی

مان‌گرتن بە مانای ڕاگرتنی كاتی كار لەلایەن كارمەندانەوە بەمەبەستی دەربڕینی سكاڵای خۆیان و سەپاندنی داواكارییەكەیانە. لە مان‌گرتندا دژایەتیی بەرامبەر خاوەن‌كار، دەوڵەت، یان دەسەڵات دەكرێت كە ئەم پرۆسە لە كۆتایی خۆیدا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پێكدادانی كۆمەلایەتی یان سیاسی. مان‌گرتن پاش شۆڕشی پیشەسازی پەیدا بووە و كرێكاران، كارمەندان و بازاڕییەكان بە مەبەستی بەرگری لە مافی خۆیان لە بەرامبەر خاوەن دەسەڵات دەستیان دایە پێكهێنانی سازمان و ڕێكخراوە تاكوو لە مان‌گرتن وەكوو ئامرازێك بۆ گەیشتن بە داواكارییەكانیان كەڵك وەربگرن. سەرەتا دەوڵەتەكان و خاوەن دەسەڵاتەكان بە كەڵك‌وەرگرتن لە هەموو ئامرازەكان و تەنانەت بەكارهێنانی هێزی سەربازی مان‌گرتنەكانیان دەشكاند و كەسانی مان‌گرتوو دەكەوتنە بەر لێدان و ئەشكەنجە و تەنانەت كوشتن و بە هۆی بەردەوامیی مان‌گرتن ئەم بزاڤە وردهەوردە بوو بە یاسا و گرووپەكانی دیكەی كۆمەڵگا وەكوو كارمەندان، خوێندكاران، كاسب‌كاران كەڵكیان لێوەردەگرت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان لە مان‌گرتنی گشتی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی كەڵكیان وەردەگرت، هەروەها لایەنگرانی سەندیكالیزم و ئانارشیزم لەم مان‌گرتنانە وەك ئامرازێكی باش بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتەكان كەڵكیان وەردەگرت. لە مان‌گرتنی گشتیدا هەموو یان زۆرینەی كارمەندانی بەشە جیاوازە پیشەیی یان ئیدارییەكانی شارێك، ناوچەیەك یان وڵاتێك بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی یان پیشەیی خۆیان دەست لە كار دەكێشنەوە. دەبینین كە لە مان‌گرتنە گشتییەكاندا كە ڕەهەندی سیاسیی هەیە، زۆرینەی خەڵكی وڵاتێك دەست لە كار دەكێشنەوە، جگە لەو كەسانەی كە كارەكانیان زۆر پێویستە وەكوو خزمەت‌گوزاری ئاو و كارەبا و بەشی تەندرووستی. جێگەی ئاماژەیە كە لە ڕژیمە دیكتاتۆرییە‌كاندا لە ڕووی یاساییەوە یان لە كردەوەدا مان‌گرتن قەدەغەیە.
هاوكات لەگەڵ دەرچوونی ئامریكا لە بەرجام و گەمارۆی نوێ بۆ سەر ئێران، پارەی ئەو وڵاتە (ئێران) لە سەرەتای ساڵی 97دا ، 50 لە سەدی بەهای خۆی لە دەست داوە و نرخی سكە لە 4 ملیۆن تێپەڕ  بووە و نرخی تەڵا لە هەر گرەمێكدا 300 هەزار تمەن بەرز بۆتەوە و بە گشتی ئەمانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و هەروەها بوونی كێشەی نەدانی موچەی كارمەندان و مامۆستایان و دواكەوتنی چەندین مانگ لە حەق‌دەستی مانگانەی كرێكاران و كەم‌ئاوی  و بێ‌كاری و گرانی و گوشارخستنە سەر ژنان بۆ جێبەجێ‌كردنی سەرپۆش و حیجابی زۆرەملێ و دەیان و سەدان كێشەی دیكە لە ژێر ناكارامەدیی دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێرانی ئیسلامی و هەروەها زیندانی‌كردن و ئەشكەنجە و كوشتن و ئێعدام و تێرۆری ناوەكی و دەرەكی لە سەرتاسەری ئێران بە گشتی و لە نێو دڵی كوردستان بە تایبەتی بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵك. 
لە كۆتایی مانگی نەورۆزی 97 ، بازاڕییەكان و چالاكانی ئابووری لە سنووری ڕۆژاوای ئێران و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە بەربەستی نوێ بۆ هێنانی كالا بۆ بازاڕچە سنوورییەكان دەستیان دایە مان‌گرتن .

مان‌گرتنی بازاڕییەكانی شاری بانە
مان‌گرتنی بازاڕیانی بانە دژ بە داخرانی سنوورەكان و كوژرانی كۆڵ‌بەرەكان كە زیاتر لە 20 ڕۆژی خایاند و خەڵك بە نیشانەی ناڕەزایەتی سفرەی بەتاڵیان لەسەر شەقامەكان ڕاخست و لەو ڕێگەیەوە پەیامی خۆیان گەیاندە هەموو جیهان و كاربەدەستانی دەسەڵاتی ئێران و شارەكانی دیكەی ناوخۆی ئێران. جێگای ئاماژەیە كە لەم نێوانەدا ژنانی خاوەن پیشەی بازاڕی هاوكات لەگەڵ هەموو بازاڕییەكانی دیكە بەشداری سەرەكیی ئەم بزاڤە مەدەنییە بوون. مان‌گرتنی بازاڕییەكانی تاران دژ بە گرانی و هەڵاوسان و بێ‌بازاڕی و هەڵبەز و دابەزی چركە بە چركەی بەهای تمەن كە پاشان ئەم مان‌گرتنە شوێنەكانی دیكەشی گرتەوە كە بە درووشمی "بێ‌غیرەت دایبخە"، "ئێمە هەموو پێكەوەین"، ئەم مان‌گرتنە لە بازاڕی موبایلەوە دەستی پێكرد بە هۆی ئەوەی كە مۆبایل‌فرۆشەكان بە هۆی بەرزبوونەوەی كت‌وپڕی نرخی مۆبایل چیتر نەیان‌دەتوانی مۆبایلەكانیان بفرۆشن و هەروەها لە بازاڕی تاران، بازاڕییەكان نازانن كە دەبێت بە چ نرخێك كاڵای خۆیان بە مشتەری بفرۆشن، پاشان ئەم مان‌گرتنە لە دوو ڕۆژدا بەشەكانی دیكەی بازاڕی گرتەوە و جگە لە تاران شارەكانی ئەراك، كرماشان و تەبرێزی گرتەوە.

مان‌گرتنی شۆفیرەكان
شۆفیرەكان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دژ بە هەڵاوسان و گرانی و هەروەها كەم‌بوونی نرخی مووچەی خۆیان دەستیان دایە مان‌گرتن ، كە لە شارەكانی ئیسفەهان، خوراسان و بۆكان كە لە یەك ڕۆژدا بووە، بەڵام شەپۆلی دووهە‌می ناڕەزایەتییەكان بە هۆی ئەوە ڕوویدا كە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە لەبەر ئەوەی كە بۆ جێبەجێ‌كردنی پێویستی بە دولار هەیە. مان‌گرتنی شۆفیرەكان 25 پارێزگا و 160 شاری ئێرانی گرتۆتەوە .

مان‌گرتنی ژنانی زیندانی
 مان‌گرتنی چەند زندانیی سیاسیی ژن لە زندانی ئێڤین لە ساڵی 2013، مان‌گرتنی شەش دەروێشی ژن لە زیندانی قەرچەك لە ساڵی 2018-09-24 ، مان‌گرتنی 9 زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین بۆ ناڕەزایەتی دژ بە ئەشكەنجە و دەست‌درێژیی بەرپرسانی زیندان لە ساڵی 2012.

خۆپیشاندان لە سەرتاسەری ئێران
لە ڕۆژی سێ‌شەممە 9ی پووشپەڕی 1397 بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای تەڵاو و سكە و دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دولار خەڵك دەستیان دایە خۆپیشاندان و ئەم شەپۆلە لە ماوەی چوار ڕۆژدا زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە وەكوو: شیراز، ڕە‌شت، تاران، قەزوین، زەنجان، ساری، مەشهەد، كرماشان، هەمەدان، قەرچەك، ئەهواز، ئورومییە و قوم .هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسك‌ڕێژ هێرشیان كردە سەر خەڵك و درووشمەكانی خەڵك ئەمانە بوون :مرگ بر دیكتاتۆر ، اصلاح‌گلب اصول‌گرا دیگە تمومە ماجرا، خامنەیی حیا كن مملكت‌رو رها كن. 

مان‌گرتن لە شارەكانی كوردستان
ڕۆژی چوارشەممە 21ی خەرمانان چەند شاری كوردنشین بە مەبەستی ناڕەزایەتی دژ بە ئێعدامی چالاكانی كورد و مووشەك‌بارانی حدك و حدكا دەستیان دایە مان‌گرتن. شایانی باسە كە ئەم مان‌گرتنە پاش بانگ‌هێشتی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات بوو. كاردانەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵكی كوردستان بە تێكڕا بەرامبەر بە ئێعدام و تیرۆر و مووشەك‌بارانی هەردوو مەقەڕی دیمۆكراتەكان و دووبارەكردنەوەی وەڵامی (نا) بە كۆماری ئیسلامی لە 21 خەرماناندا هەر ئەو زەبرەیە كە كورد چەندین ساڵە دەیڵێتەوە (تۆڵە بە سەبرە بەلام بە زەبرە).
كۆمەڵگەی مەدەنیی كوردستان بە بەرزكردنەوەی وێنەی پێشمەرگە‌وە و بۆ ناڕە‌زایەتی بە ئێعدام و تیرۆر و مووشەك‌بارانی ئەوان بە هەموو دەنگ و ڕە‌نگە جیاوازەكان و هەموو شارەكانیەوە (سنە،مەریوان، سەقز، بانە، مەهاباد، بوكان، شنۆ، نەغەدە، كامیاران، قەسرشیرین، سەلاس‌وباوەجانی، سەردەشت و...) دەستیان دایە مان‌گرتن و وێڕای حیزبە سیاسییەكان و لەسەر داوای ناوەندی هاوكاری، ئەوان بەیەك دەنگ و یەك خواست درووشمی ئازادی‌خوازانەیان دەوتەوە و داوای ژیانێك دوور لە تووندوتیژی و نەبوونی مەترسیی گیانی و پڕ لە ئاسایش و ئەمنیەت لە ژێر چەتری دەسەڵاتێكی  دێمۆكراسی‌خواز دەكەن كە هەمان خواستی ڕەوایە كە حیزبە سیاسییە‌كانی ڕۆژهەڵات بە گوتاری سیاسی و مێژوویەكی پڕشنگدار و پڕ لە قوربانی و هەزینەوە دەیان ساڵە لەو پێناوەدا خەبات دەكەن. مان‌گرتنی ئەم جارەی كوردستان جیاوازییەكی بەرچاوی هەبوو لەگەڵ مان‌گرتنەكانی دیكە كە ئاماژەمان پێدا و خەڵك بەو هەموو گوشاری ئەمنی و دژواری باری ئابووری و سەختیی گوزەرانی ژیانەوە خاوەندارێتیی خۆیان لە پێشمەرگە و گوتاری سیاسی و خەباتی ڕە‌وای كوردی نیشان دا و ئەمە بەرهەمی ڕێكخستنی سیاسی و یەك‌دەنگی و كاری هاوبەشی حیزبەكان بوو. ڕێكخستن كردارێكی سیاسییە و بەدابەشكردنی ئەرك و چالاكی لە نێوان تاكەكان و گرووپ‌گەلی چالاك بۆ درووست‌كردنی یەك‌ڕیزی و یەك‌دەنگی بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی هاوبەش ڕێك‌دەخرێت.

PM:07:14:07/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌