بارهەڵگران و مانگرتنێكی مافخوازانە

ئازاد سلێمانی
 
لەوەتەی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتۆتە سەركار قەیرانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی داوێنگیری شارۆمەندانی ئێرانی بووە. پرسی ماف و بەدەستهێنانی لە چل ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا بۆتە كولتوورێكی هەمەلایەنە لە ئاستی كۆمەڵگەی ئێراندا و لە قۆناغگەلێكی جۆربەجۆردا خۆی نواندووە  و لە ڕووكار و تووكاری كۆمەڵگادا خۆی نمایش كردووە. پرسی حەقخوازانەی نەتەوەكانی ئێران و لە دواتریشدا پرسگەلێكی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری هاتوونەتە سەرشەقام و خۆیان نواندووە و لەم ڕاستایەشدا بۆتە هۆكاری جۆرێك لە ململانێی نێوان دەسەڵات و خەڵك. با ئەوەش باس بكەم كە دەسەڵات تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ كات ملی‌نەداوە بە خواست و ویستی كۆمەڵانی خەڵك و هەموو كات لە ڕێگەی كوشتن و بڕینەوە هەوڵی سەركوتی بزوتنەوە مافخوازانەكانی داوە.
هەر وەك ئاگادارن پرسی بارهەڵگرەكان لە شارەكانی ئێران بەرجەستەیە و كامیۆنداران لە چەندین ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان كردووە بە مانگرتن و تا ئێستاش بەرداوامە، لە كاتێك دا ئەو كامیۆندارانە مان‌دەگرن كە دەیان و سەدان كێشەی گەورە و بچووك لە ئاستی كۆمەڵگای ئێراندا دێن و دەچن و دەیان سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی وەك دابەشكردنی شاری كازروون، پرسی كۆڵبەری، تاكسی‌دارانی شاری سنە، مانگرتنی شۆفێری ئوتوبووسەكانی دەرەوەی شارەكانی ئێران، ناڕەزایەتیی شاری بانە و دەورووبەر لەسەر شەقام گەشە دەستێنێت و وەك بوركان دەتەقێنەوە.
بار هەڵگران لە سەرتای مانگی جۆرزەردانەوە لە ناڕەزایەتی بە چوونەسەرەوەی كرێی بار لە ساڵی 1394 تا ئێستا و چوونەسەرەوەی حەقی بیمە، سنوورداركردنی بار و هەڵگرتنی 4 تۆن، ماڵیاتی قورس، گرانیی كەرەستەی ماشێن و بێ عەداڵەتی و وەرگرتنی بەشێك لە داهاتەكەیان لە لایەن دەڵاڵانی دۆزینەوەی هەلی بار و چوونەسەرەوەی دوو بەرابەری بیمەی كۆمەڵایەتی دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و مانگرتن. ئەم جوڵانەوە ناڕەزایەتییە تا ئێستا بۆتە گەورەترین مانگرتنی كرێكاریی و بە یارمەتیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاسۆیەكی نوێ بۆ مانگرتن لە سەراسەری ئێران هاتۆتە ئاراوە. سەرلێ‌شێواویی بەڕێوەبەری لە سیستمی دەسەڵاتدا بۆتە هۆكاری ناڕەزایەتیی بەربڵاو و هەروەك ئاگادارن كۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ئاوێتە بە ناڕەزایەتیگەلێكی زۆر بۆتەوە و ئەوەش بۆتە هۆكاری نیگەرانی بۆ دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەم پێناوەشدا دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە بە پاساوی جۆرواجۆری وك دەست خستنە ناو كاروباری خەڵك لەلایەن وڵاتانی دەرەكی و هەرەوەها تۆمەتباركردنی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات بۆ هاندان و ڕێكخستنی خەڵك لە پێناوە بشێوی ناوخۆ، خەڵكیان داپڵۆسیوە و ویستوویانە ئەم ناڕەزایەتیانە بێ دەنگ بكەن. شایەنی باسە كە ڕۆژبەرۆژ بارودۆخی كۆمەڵانی خەڵك ڕووی لە خراپ‌ بوونە و هەتا دێت ژیان لە ئێراندا دژوارتر دەبێت، هەوڵدان بۆ بژێوی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كێشەی گەورەی بۆ شار و شارۆچكەكان خوڵقاندووە و خەڵكیش بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان و كەم‌كردنەوەی گیروگرفتە كۆمەڵایەتیەكانیان دێنە سەر شەقام و دەسەڵات تۆمەتبار دەكەن بە بێسەرەوبەرەیی لە بەڕێوەبەری و نەبوونی یاسایەكی گونجاو بۆ ئیدارەی وڵات و هەر ئەم هەنگاوانە بۆتە هۆی تووڕەیی و بێزاریی دەسەڵاتداران و لەو ڕاستایەشدا دەسەڵات بە جێگركردنی سەدان و هەزاران چەكدار دەیانهەوێت پێش بەم ناڕەزایەتیانە بگرن و نەبێتە سەرئێشە بۆیان و لە بەرامبەریشدا كۆمەڵانی بەشمەینەت و مافخوراویش هەوڵی تەواوی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان و بەڵێنیان داوە تا وەرگرتنی دوا خواستەكانیان پێداگر بن لە ناڕەزایەتی و مانگرتن. بەڵام بەخۆشحاڵییەوە دەبینین كامیۆنداران و باقیی ناڕەزایەتییەكانی دیكە بەوپەڕی قورس و قایمییەوە سوور و پێداگرن لەسەر وەرگرتنی مافەكانیان و هەمووان پێكەوە داوای عەداڵەتی كۆمەڵایەتی و قبووڵكردنی خواست و ویستەكانیان دەكەن.


PM:05:55:01/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌