"خاتەمی" ودم نییە، هەناسەی دەسکردە!



ئەردەڵان فەرەجی

 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو "محەمەدی خاتەمی" سەرۆک کۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامی و لە هەمانکات دا مەمنووعولدەرکەوتن بە ئەمری بەرپرسانی ڕژیمی ئێران، بە وتارێک لە بەربانگێکی مانگی ڕەمەزانەوە، دەرکەوتەوە. خاتەمی وەک بڵێی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خامنەیی باس لە تایبەتمەندییەکانی ئیمام حەسەنی موجتەبا، دووەم ئیمامی شێعەکان دەکات کە بریتییە لە نەرم و نیانی و لاگیری و دوورەپەرێزی لە توندوتیژی و کەسایەتی ئەهلی سوڵح و سازانە.

هەمووان دەزانن کە باس کردن لە ئیمام حەسەن و مێتۆد و ڕێکارەکانی بە مانای هێنانە گۆڕێی سازان و سازشە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو هەموو کات تێکۆشاوە بە بەرجەستە کردنەوەی کەسایەتی سازش هەڵنەگری و تەنانەت خۆ فەناکردن و تەسلیم نەبوونی ئیمام حسێن- ئیمامی سێهەمی شێعەکان- تێکۆشاوە ڕژیمی شێعەی ئێران وەک درێژەدەر و پەیڕەوی خەتی ئیمام حسێن لە بەرامبەر خەت و مێتۆدی ئیمان حەسەن نیشان بدات.

بە لەبەرچاو گرتنی ئاشنا بوونی دوو خەتی ئیمام حەسەن و ئیمام حسێن لە سیاسەت دا بۆ خوێنەران، خۆ لە شیکاری ئەو باسە دەبوێرین، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە پرۆمۆد کردن و دەرکەوتنەوەی محەمەدی خاتەمییە لە شانۆی سیاسی ئێرانە!.

لە کاتێک دا کە کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی تۆڕی ئاڵۆزی قەیرانە قووڵ و چارهەڵنەگرە یەک لە دوای یەکەکانە، هۆکاری دەرکەوتنی محەمەدی خاتەمی، سەرۆکی ڕەوتی ئیسڵاحخوازانی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لە لایەن شورای باڵای ئەمنییەت و مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامەوە مەمنووعولتەسویر و دەرکەوتن کراوە، چییە؟

لە کاتێک دا کە ئیسڵاحخوازان بە تەواوی شەل و پەت و دوو کەرت بوون، یان بەرەو دەسەڵات ڕۆیشتوون و پێیان دەوترێت ئیستمرار تەڵەب (بەردەوامی خوازی نیزامی کۆماری ئیسلامی) و یان بەشێکی تریان ڕادیکاڵ بوونەتەوە و لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرنگوونیخواز خۆیان دەبیننەوە. ئەوانەی وا لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران دا پێیان دەوترێت، بەرەنداز، هێنانەوەی مەیدانی خاتەمی بە چ ئامانجێکە؟

بەدەر لە تیشک خستنە سەر ناوەرۆکی قسەکانی خاتەمی کە باس لە ئاشتی میللی و هاوپشتی لەگەڵ هێزەکانی بازنەی دەسەڵات دەکات و قەیرانی کۆمەڵە وەک دەرفەت دەبینێت، مەبەست و ئامانجی یەک شت بووە و ئەویش ئەوەی کە: گۆیا خاتەمی قسەیەک دەکات کە هەم لە لایەن حاکمییەت و لە لایەن خەڵک و زۆرتر بەدەنەی جەماوەری لایەنگری ئیسلاحات لە ئێرانەوە دەبیسرێت!

بەڵام بە پێچەوانەی تێگەیشتنەکەی خاتەمی، ئەو و ڕەوتەکەی کە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە بازنەی دەسەڵات و حاکمییەت دوور خراونەتەوە، هیچ وشەیەکی لێنابیسرێت. تەنانەت ئەگەر ساڵی پار خاتەمی هات و باسی لە ئاشتی میللی کرد و دواتر خامنەیی ڕەتی قسەکانی دایەوە و وتی "مەردم خۆ لەگەڵ یەک قەهر (ناتەبا) نین کە باس لە ئاشتی نەتەوەیی دەکەیت"، ئەمجار زەحمەتی ئەوەش بە خۆی نادات، ڕەتیشی بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە بە دوای هەڵوێستە قێزەون و دووڕوویانەکانی دەربارەی خۆپیشاندانە ئیعترازییە جەماوەرییەکانی ٢ ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی ئیعترازاتە جەماوەرییەکانی سەرمازی ٩٨ کە بە "ئاشوب" و ئاژاوەگێڕی وەسفی کردن، ئەو بەشە بەگومانەی بەدەنەی لایەنگرانی ئیسڵاحخوازان ئەوندەی تر لێی دوور کەوتنەوە و باوەڕ بەوەی کە قسەکانی کڕیارێکی بێت زۆر زەحمەتە.

خاتەمی لەو بڕوایەدایە لەم کاتەدا بتوانێت بازاڕ گەرمییەک بۆ ئیسڵاحتەلەبان بکات و مەسیح ئاسا ودمێکیان وەبەر بێنێتەوە تا ئیسلاحتەڵەبە دوورەپەرێز خراوەکانی دەسەڵات، ئیزنیان پێ بدرێتەوە تا بێنەوە ناو بازنەی یارییەکە، بێ خەبەر لەوەی کە ئەوە ودم نییە و هەناسەیەکی دسکردە و زۆر لەمێژە نوسخەی ئیسڵاحخوازان لە لایەن حاکمییەتەوە پێچراوەتەوە. ئەگەرچی ناکرێ ئەوە بە تەواوی ڕەت بکەینەوە ڕەنگە لە هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی سەرۆک کۆماری لەگەڵ بەشێک لە ئوسوولگەراکان پرپاگاندا بۆ کاندیدێکی دیاریکراو بکەن و لەم ڕێگەیەوە خۆشخزمەتییەک بە نیزام بکەنەوە.

جیا لەوانە خاتەمی پێی وایە ئێستا کە خامنەیی باس لە سوڵحی حەسەنی دەکات، هەلەکە بقۆزێتەوە و بڵێت "ئەگەر بەنیازی لەگەڵ ئەمریکا بسازێی، ئەی بۆ نایەی لەگەڵ ئیسلاحتەڵەبانی نیزامیش بە شێوەی سوڵحی حەسەنی بسازێیەوە!؟


PM:11:23:12/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 213 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌