"ڕژیم چێینج" بەڕێوەیە!؟

ئەردەڵان فەرەجی

ئەوندەی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی وابوو ئێران وڵاتێکی کۆن و خاوەن شارستانییەتێکی دێرینە و ئەگەر ئەمڕۆکەش کۆمەڵێک مەلا و ئاخوند لە سەر کارن کە بە پێچەوانەی هەموو ڕەوتی مێژوو ئێرانیان بەو ڕۆژەگەیاندووە، هیچ نین و دەڕۆن و بۆیە لەگەڵ ئێران دەبێت لە پێوەندییەکی بنیاتنەر دا بێت. ئەگەرچی ئەم وتارە تایبەت نییە بە سیاسەتەکانی ئۆباما و تەنیا مەبەستمە بیرخستنەوەیەکی کورت بدەم سەبارەت ڕوانگە و دوکتورینی ئۆباما بەرامبەر بە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئۆباما لەو بڕوایەدا بوو کە لە پێوەندییەکی بنیاتنەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەهێز کردنی چینی مام ناوەندی ئێرانی کە پێگەی بەهێزی ئیسلاحخوازانی دەوڵەتی لە ناوخۆ و جێ بۆ کردنەوەی ئێران بە پێگەیەکی دیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئیسرائیل و عەرەبستان دەتوانێت بنیادی پێوەندییەکی تەندروست دابمەزرێنێ. بەرجام یان ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ڕۆژئاوا (١+٥) بە تایبەتی بە نەرمش و فشاری ئەمریکا، بە نیاز بوو کۆماری ئیسلامییەک کە لە ئەنجامی گەمارۆ ئابوورییە جیهانییەکان چۆکی دادابوو، بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانە و پەیوەست کردنەوەی ئێران بە کۆمەڵگای جیهانی و ئابووری جیهانی کە لە ئەنجامدا ئازاد کردنی کۆمەڵێک پارەی بلۆکە کراوی ئێرانی لێ دەکەوتەوە بە ڕژاندنی ئەم خوێنە تازەیە بە ئابووری ئێران چینی مام ناوەندی خوێندەوار کە پشتیوان و پێگەی ئەسڵی ئیسلاحخوازان و شەخسی ڕووحانین، دەبووژێنەوە و لەم ڕێگایەوە دەتوانێت پرۆسەی دێمۆکراتیزە بوون و کردنی ئێران بەرەوپێش بەرێت. ئۆباما گەلێک باجی گەورەی بۆ بردنە پێشی ئەم دوکتۆرینەی خۆی دا و سەرەنجام دەریشکەوت کە ئۆباما هەڵەیە. پشتیوانی نەکردن لە خۆپیشاندانە ئیعترازییەکانی ساڵی ٨٨، بەرجام بەم ناوەڕۆکەوە، دوور کەوتنەوە و پەراوێز خستنی هاوپەیمانە دێرینە ناوچەییەکانی ئەمریکا (ئیسرائیل و عەرەبستان)، وەستاندنی پرۆژەی "کاساندرای ٢٠٠٨" و ... کۆمەڵێک لەو ڕەفتارانە بوون کە ئۆباما لە پێناو دوکتورینەکەی بەرامبەر بە ئێران ئەنجامی دان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دەرکەوت کە ئۆباما هەڵەبووە و هەر جۆرە سازش یان دان و ستان و پێوەندییەکی بنیاتنەری تەندروست لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵەیە. دیارە نابێت بەخشینی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بە ئۆباما بە لۆبی کۆماری ئیسلامیش بۆ هاندانی ئۆباما بۆ تەعامول لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و خاوکردنەوەی لە ئەگەری ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی پەڕاوێزخەرانە دژی ئێران دەوری خۆی هەبوو.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترامپ هەر لە سەرەتای کەمپینە تەبلیغییەکانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری "بەرجام" -کە ئۆباما بە دەسکەوت و بەرهەمی گەورە و گرنگی خۆی دەزانی- بە "خراپترین ڕێکەوتننامەی مێژووی ئەمریکا"ی دەزانێت و لە ٢٢ی بەفرانباری ساڵی پاڕ ڕایگەیاند "ئەوە دوایین جارە کە هەڵپەساردنی گەمارۆ ناوکییەکانی جیهان دژی کۆماری ئیسلامی واژۆ دەکات و دەبێت ناوەرۆکی بەرجام بگوڕدرێت، دەنا ئەمریکا یەک لایەنە لەو ڕێکەوتننامەیە دەکشێتەوە!".

ئەگەرچی چەند مانگێک پاش بوون بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ ستراتێژی ئەمریکای بەرامبەر بە ئێران ڕاگەیاند، بەڵام ڕەوتی توندبوونەوەی سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران تا هاتووە توند تر بۆتەوە. ستراتێژی یان دوکتورین ترامپ بۆ چارەسەری کێشەی "ئێران" بە پێچەوانەی ستراتێژی و دوکتوری ئۆباما، ئیزۆلە و بە تاق خستنەوە و نەک هەر بە ڕەسمی نەناسینی زێدەڕۆییەکانی لە ناوچەکە و پاوساو هێنانەوە بە سەرکوتگەرییەکانی لە ناوخۆ، بەڵکوو بردنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو قاوغی سنوورەکانی خۆیی و هاوتەریبی و هاوسۆزی لەگەڵ بزووتنەوە ئیعترازییە ناوخۆییەکان دژ بە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکەکەی خۆی بوو، بەڵام لە ناو کابینەکەی ترامپ هەندێک کەسایەتی و تەنانەت وەزارەتێکی گرنگی وەک وەزارەتی دەرەوەش بە جۆرێک سازی ناکۆکییان دەژەنی. کورد وتەنی لە هەوای کۆن دەیانژەنی.

لە سەرەتای دەست بە کار بوونی ترامپ وەک سەرۆک کۆمار، بەنیاز بوو لە ڕێگەی بڕینی دەستە ئۆختاپوسییەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و لەوانە عێراق، سوریە، لوبنان و یەمەن بوو بۆ دەستەبەر کردنی ستراتێژییە سەرەکییەکەی، بەڵام هەر زۆر زوو بۆ ترامپ و کابینەکەی دەرکەوت کە ئەم سیاسەتە (تاکتیکە) هەم "کات" و هەم "تێچووی" بۆ ئەمریکا زۆر دەبێت و خشتەیەکی کاتی نادیار بۆ ئەو بابەتە مەجال و دەرفەتی دووبارە بەرهەم هێنانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە فۆڕم و پیلانی جیاوازدا دەدات و لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە بەرەوڕوو بوونەوەی بەشێکە لە ڕێسای کۆماری ئیسلامی و کەوتنە تەڵەی کۆماری ئیسلامی دەبێت، بۆیە ستراتێژی ئەمریکا و ترامپ بوو بە چێنج ڕژیم. بەڵام ئەم پرۆسە و ئەم ستراتێژییە چۆن دەستەبەر دەبوو؟ یان دەبێت؟! لە ڕوانگەی بەرپرسانی کابینەی ترامپ و ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی مێتۆدی پێشوو (بڕینی دەستی تێکدەرانەی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە) مێتۆد و تاکتیکێکی هەڵەیە و بۆیە بیر لە پلانی "بی" کرایەوە! پلانی بی یان تاکتیکی نوێی ئەمریکا لەو پێوەندەدا بریتییە لە "لێدانی سەری مارەکە"!. لێرەدا بیری خوێنەرانی دێنمەوە کە لە چوارچێوەی ئەم ڕووانینە بوو (ئەگەرچی فاکتی دیکەش هەن لەو بابەتەوە) کە ئەمریکا لە عێراق لە بەرامبەر ئێڕان و حەشدی شەعبیدا پشتی کوردەکانی نەگرت و کەرکووک کەوتە دەست ئێران و هاوپەیمانانی عێراقییەوە، یان ئەوەی کە ترامپ ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە بەنیازە هێزە ئەمریکاییەکان لە سوریە دەکشێنێەوە. دەستنیشان کردنی بەرپرسانی باڵای سەربازی، ڕاوێژکارانی ئەمنییەتی بۆ کۆشکی سپی و خۆی کە هەموو بە دژە کۆماری ئیسلامی دەناسرێنەوە، لە زومرەی نیشانەکانی گۆڕینی تاکتیکی ترامپە لە بەرەوڕوو بوونەوەی ئێران.

گۆڕینی تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هێنانی پەمپێئۆ وەک وەزیری دەرەوە و هاوکات هێنانی جان بۆڵتۆن وەک بەرپرسیئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە ئاماژەیەکی ئاشکرای ئەو پلانەی ئەمریکایە. دەست نیشان کردنی ئەم دوو کاراکترە -کە پێشینەیەکی دژە ئێرانیان هەیە- و دەست بە کاربوونیان لە مانگی ئاوپریلەوە لە ڕاستیدا پێک هێنانی کابینەی شەڕە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کۆرەی شومالی کە یەکێک لە کارتەکانی ڕووسیا بوون دژ بە ئەمریکا و ڕووسیاش لە دوو کارتی ئێران و کۆرەی شومالی لە کاتی خۆی کەڵکی لێوەر دەگرتن. هەر کات سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران توند دەبوویەوە لە ڕێگەی کۆرەی شومالییەوە بە ئەنجامی کارێک تەمەرکوزی جیهان و ئەمریکای لە سەر ئێران لا دەبرد. بە چارەسەری کێشەی نێوان ئەمریکا و کۆرەی شومالی ئەو هەواڵانەی لەو بووارەدا بڵاو دەبنەوە، ئێستا کاتی تەمەرکوز کردنە لە سەر ئێران و ئەوەش بۆ ئەمریکا هەم وەک تاکتیک و هەمیش وەک ستراتێژی گرنگە. ئاشکرایە کە کۆرەی شومالی یەکەم لە ناوەچەیەکی ستراتێژی بە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەڵنەکەوتووە، کۆرەی شومالی هەڕەشەی لە ناوبردنی هیچ وڵاتێکی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی ناوچەیی ئەمریکای نەکردووە، پلان و بەرنامەی سدووری ئینقلابی بۆ هەموو جیهان و لە سەروو هەموویانەوە وڵاتانی دەورووبەری خۆی نەبووە، کەواتە سازان و ڕێكەوتن لەگەڵ کۆرەی شومالی زۆر هاسانتر و لە هەمان کاتدا بوار بۆ ڕەخساوترە تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران. ئێران (ڕژیمی کۆماری ئیسلامی) لە ناوچەیەکی گرنگی و ستراتیژیکی ئەمریکا هەڵکەوتووە، پلانی سدووری ئینقلابی ئیسلامی هەیە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و بەردەوام ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی بووە لە ناوچەکە کارنامەیەکی دوور و درێژی خوێناوی لەو بارەیەوە هەیە و سێهەم ئەوەکە، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە هەڕەشەیە بۆ ئیسرائیل وەک هاوپەیمانی ستراتیژیک و گرنگی ئەمریکای لە ناوچەکە و بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی دەکات. بیریش ناچێت شەیتانی بوزورگ و مەرگ بەر ئەمریکا بەشێکی گرنگ و جیانەکراوەی گوتاری ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوون لە ماوەی ئەم ٣٩ ساڵەی دواییدا.

بۆیە بە دوای ئەم گۆڕانکارییانە کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکدایە کە هەموو کات خۆی لێ دوور دەگرت: لاوازی و زەربەپەزیر بوونی لە ناوخۆ و مەترسی هێرشی لە ناکاوی دەرەکی.

ڕەنگە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەری کێشەی عەرەب و ئیسرائیل لە ئێستادا بەدی نەکرێت، بەڵام لێک نزیک بوونەوەکان و هاوپەیمانییەتی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی و بە گشتی جیهانی عەرەب دژی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی گرنگ یان کوچکەیەک لەو سێ کوچکەیە کە دژی کۆماری ئیسلامین. کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقێی شێعە پاش هاتنە سەرکاری لە ئێران هۆکاری سەرەکی ئاڵۆژی و بشێوی و جەمسەرگیری ئایینزایی نێوان شێعە و سوونە و دواجار بەریەک کەوتن و دروست بوونی گرووپگەلی ئیسلامی توندڕەوی فێندێمنتاڵ بووە و سعوودییەش وەک پێگەی سەرەکی هێزی ئیسلامی سوونە لە بەریەک کەوتنێکی هەمیشەییدا بوون. ساڵانێکی ساڵ کۆماری ئیسلامی بە ناوی ئیسلامییەتی و داکۆکی کردن لە خەڵکی فەلەستین و تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە داگیرکاری توانیبووی بەشێكی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ خۆی بخات و بەرەیەکی بەرفراوانی دژایەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە پێک بێنێت، بەڵام نزیکایەتی ئیسرائیل و جیهانی عەڕەب و بە تایبەتی سعوودیا، ئێرانی چەک کردووە.

ڕەهەندی ناوخۆیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەم لە ناو باڵەکانی خۆی و هەم لە ئاستی کۆمەڵگا، پاژنە ئاشیلی ئەو ڕژیمەن. قوڵتربوونەوەی ناکۆکی و کوشتن و بڕێن و بگرە و بەردە و پیلانگێڕییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵات یان بە واتایەکی تر بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوندەی دیکە ئەم ڕژیمەی هەڵۆڵ و کڵۆڵ کردووە. گەندەڵی و دزی و تاڵان و بڕینی سەروەتی خەڵکی ئێران، دروستکردنی قەیرانی قووڵی یەک لە دوای یەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ژینگە، ئاو و... پێستی ئەم ڕژیمەی ئەوندە ناسک کردۆتەوە تەنانەیت بە فووی هەناسەی جەماوەر ئازاری ڕووخێنەر تا سەر مۆخی ئێسکی دەبات.

. لە ڕاستیدا مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی تێپەڕبوونی سەردەمی سەرۆک کۆماری ترامپە! هەموو ئاماژەکان سەرەتای کۆتایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین. ئەگەرچی پێشبینی لەو بارەیەوە کارێکی هاسان نییە و بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی پتنانسییەلەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرهەم هێنانەوەی خۆی و نەرمشهای قەهرەمانانە و پاشگەزبوونەوە لە کۆمەڵێك ئەرزش و بنەما سەرەکییەکانی، بەڵام بە خودی ئەو بابەتەشەوە ڕژیم چێنج و گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە، لانی کەم کەشی ڕەوانی زاڵ ئەوەیە. خۆپیشاندانە ئیعترازییە بەرینەکانی بەفرانبار و سەرهەڵدانەوەی ئەو ئیعترازاتانە لە ئیسفەهان و عابادان و ئەحواز لە نەورۆزی ئەمساڵ جیا لە شانۆی خەباتکارانەی نەورۆزی ڕۆژهەڵات بە پێشوازی لە بانگەوازی هێز و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە هەمبەر بۆچوونی بە ئاگرپەرستی، تاغووتی ناوزەد کردنی و یان بە حکوومەتی کردنی ئەو جەشنە دەرخەری ئامادەیی یەکێک لە مەرجە تەواوکەرەکانی گۆڕان لە کۆمەڵگایە. (ئاماژە بە مەرجە پێویست و تەواوکەرەکان بۆ پێکهێنانی گۆڕان. مەرجە پێویستەکان؛ بوونی سیستمێکی دیکتاتۆری، قەیرانی ئابووری، گەشەی گرێدراو و وابەستە، کولتووری بەرەنگاری و دیپلۆماسی نیونەتەوەیی و...)

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لە سەروو هەموویانەوە کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێرانی و کورد بە تایبەتی لە ناو خۆیدا و ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسی و پێشکەوتنخوازی سەرتاسەری پێویستییەکی چارەنووس سازە. ئەگەرچی پێم وایە کۆماری ئیسلامی، "کوردستان" بە سەرەتای کەوتنی دۆمینەکان لە ناوخۆ بۆ هێز و هێژمۆنی خۆی دەزانێت، بەڵام دواجار قووڵای ستراتێژی کۆماری ئیسلامی ئێران تاران و قوومە و نەک کوردستان. لێکدانەوەی ئەم دۆخە و دووربینی و بیرکردنەوە لە ئاڵترناتیڤ و دەسەڵاتی پاش کۆماری ئیسلامی لە تاران و کوردستان و خۆ ڕێک خستن و خۆ تەیار کردن لە پێویستییە هەنووکەییەکانی ئەم سەردەمەی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستانن.


AM:06:57:15/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌