ڕۆڵی تێكدەرانەی ئێران لە سووریە

دارا قوڕەیشی

ماوەی پتر لە شەش ساڵە بەسەر دەستپێكی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین بە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریەدا تێدەپەڕێت كە زۆر زوو بە هۆی وڵامی سەركوت و كوشتاری كۆمەڵانی ناڕازیی خەڵكەوە بۆ پاشەكشێكردن بە نارەزایەتییەكانیان لە لایەن دەسەڵاتی ئەسەدەوە، ئاكامەكەی دەستپێكی شەڕێكی ماڵوێرانكەری ناوخۆیی لێكەوتووتەوە. هەر لە سەرەتای دەستپێكی شەڕی ناوخۆیی سووریە كە ژێرخانی ئەو وڵاتە بە زۆری كاوڵ كراوە و تێچوویەكی خەیاڵی بۆ لایەنەكانی شەڕ و داڵدەدەرانی دەرەكیی شەڕەكە بەدواوە بووە، دەستبەجێ كۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێكی سەربازی، دارایی، سیاسی و مەعنەوی تابە ئێستاكەش پشتیوانیی خۆی لە بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەكەی دەربڕیوە و بەشداریی تەواوی تێدا كردووە و هۆكاری سەرەكیی درێژەكێشانی شەڕەكەیە تا ئێستاش. 
بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەكان، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەش ساڵی ڕابردوو، بڕی هاوكاریی دارایی بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان ساڵانە پتر لە بیست و پێنج میلیارد دۆلار و لە شەش ساڵدا سەد و پەنجاە میلیارد دۆلار مەزەندە كردووە، هەروەها تپێچووی گیانیی زیاتر لە سێ هەزار كەس لە بەرپرس، فەرماندە و ئەندامانی سپای قۆدسی سپای پاسداران لە سووریە كوژراون.
كاتێك شەپۆلی بەهاری عەرەبی گەیشتە وڵاتی سووریە، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەزموونی سەركەوتووانەی خۆی لە سەركوتی دڕندانەی بزووتنەوەی ساڵی 1388ی هەتاوی پێشكەش بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كرد كە ساڵی 2011 بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی خوێناویی ناوخۆیی سووریە كە بەبێ دەستێوەردان و پشتیوانییەكانی دەسەڵاتی ئێران لە بەشار ئەسەد، ڕژیمی ئەسەد هەر زۆر بەزوویی لایەنی شكست خواردووی شەڕەكە دەبوو. لەو كاتدا ئێران بەشێكی بەرچاو لە هێز و فەرماندەكانی سپای قۆدسی سپای پاسدارانی بۆ بەشداریی شەڕ و پشتیوانیی بەشار ئەسەد لە سووریە جێگر كرد، هەروەها ئێران بۆ پشتیوانیی زیاتر گوشاری خستبووە سەر حیزبۆڵڵا و لە لایەكی ترەوە بە كەڵك وەرگرتن لە هێزە شێعەكانی سەر بە فەرمانی خۆی لە عێراق، ئەفغانستان و پاكستان ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ناوخۆیی سووریەی كرد.
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی پیلانی موهەندسی كردنی هەیكەلی سیاسی و كۆمەڵایەتیی سووریەی، هەروەك پیلانی دە ساڵە دوای چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا داڕژاند. ئێران بۆ مانەوەی درێژماوە لە سووریە، وەك شێوازی سپای پاسداران دەستی كرد بە درووست كردنی هێزی ئەمنیی سەر بە فەرمانی خۆی لە سووریە و بۆ ئەم مەبەستە هەموو هێزە میلیشیا چەكدارەكانی وەك "شەبیحە" و "كومیتەكانی خەڵك"ی كە چەكداری سەر بە بەشار ئەسد و جیا بوون، تێكەڵ كرد و هێزێكی ئەمنی و چەكداری تازەی چەن سەد هەزار كەسی بە ناوی "هێزەكانی بەرگریی نەتەوەیی" بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد پێك هێنا.
كۆماری ئیسلامی تاوەكو دوو ساڵ لەوە پێش بەشداریی سەربازی و بوونی هێزەكانی خۆی لە سووریە بە هۆی كاردانەوە نێونەتەوەییەكان پشتڕاست نەدەكردەوە، بەڵام بە دوای كوژرانی زۆرێك لە بەرپرسانی ڕەدە باڵای سپا لە سووریە، بڵاوبوونەوەی دێكۆمێنت و بەدیل گیرانی زۆرێك لە هێز و فەرماندەكانی سپای قودس بە دەستی سپای ئازادی سووریە، چیتر شاردنەوەی دەستێوەردانەكان بۆی حاشاهەڵنەگر بوو، بۆیە ئێستا بە بیانو هێنانەوەی ڕێكەوتنی دەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد شەرعییەت بە دەستێوەردان و مانەوەی هێزەكانی خۆی لە سورییە دەدات، كە جێی ئاماژەیە بەبێ سەرهەڵدانی داعش و دواهاتەكانی بەم بیانوانەوە نەیدەتوانی لەبەرامبەر كاردانەوە نێونەتەوەییەكان بە دژی هەڵوێستەكانی خۆی خۆڕاگری بكات. ستراتیژ و دەستێوەردانەكانی دەسەڵاتی تاران لە سورییە تەنیا بواری سەربازیی لە خۆ نەگرتووە، ئێران زیاتر لە سەدان میلیارد دۆلار یارمەتیی دارایی و نەوتیی گەیاندووەتە سووریە و بەردەوام لە ڕێگەی كۆمپانی و دامەزراوە بازرگانییەكانی سەربە سپای پاسداران لە بازاڕی سووریە بە گشتی خەریكی كڕینی مڵك و ماڵی زۆر و بە دەستەوە گرتنی بازرگانی بووە، كە لە ڕاستیدا لە ئەگەری مانەوە و نەمانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا گەرەنتی خۆ بە خاوەن كردنی چەندها ساڵەی كۆمەڵگای سیاسی، مەدەنی، ئابووریی سوورییەیە لە لایەن ئێرانەوەیە.  
ڕژیمی بەشار ئەسەد لە ڕاستیدا تەنیا دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی تاكە هاوپەیمانی ستراتژیك و پشتیوانی لە ئاستی جیهانی و ناوچەكەدا نییە و پشتیوانی زۆر لایەنی بچووك و گەورەی دیكە لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەرچاوە بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین پشتیوانی ڕژیمی بەشار ئەسەدە. بەشی بەرچاوی پێوەندیی ستراتژی هاوبەشی پێشووی تاران و دەمێشق لاوازكردنی هێز و دەسەڵاتی ئەمریكا و ئێسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. بەڕای ئێمە، هاوپێمانیی ئێران و سووریە ناڵێم هەر "نا" بەڵام كەمتر ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیك بووەتە هۆكار و زیاتر ڕەهەندی ژیۆپۆلێتیك هۆكاری سەرەكی لە یەك نزیك بوونەوەیان بووە، سەبارەت بەوەی دەسەڵاتی ڕژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە ڕژیمێكی سێكۆلار و بە دەست شاخەیەكی ئایینیی شێعەی عەلەوییەوەیە كە پێوەندییەكی زۆری بواری ئایینی بە بەشی هەرەزۆری حەشیمەتی شێعە لە ئێرانەوە نییە، هەرچەند دەسەڵاتی ئێران وەك تەنیا دەسەڵاتی ئایینیە كە پێوەندیی بە سورییەوە هەیە. ڕوانینی ئێران بۆ سووریە زیاتر زۆر لایەنی وەكوو باشترین دەروازەی ستراتژی ململانێ رووبە دنیای عەرەب و ڕێگەی پێوەندی بە حیزبۆڵلای لوبنان و هەروەها هاوپێمانێكی باش بۆ دژایەتی كردنی سیاسەتەكانی ئێسرائیل و ئەمریكا بە دژی ئێران لە ناوچەكەدایە. هەوڵی یەكەمی كۆماری ئیسلامی پشتگیری و هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لە سەر دەسەڵاتی سورییەوەیە بەڵام ئەگەری سەرنەكەوتنی ئەو ویستەی لە بەرامبەر هێزی ئەمریكا و لایەنەكانی دیكە بۆ نهێشتنی بەشار ئەسەد لە سەر دەسەڵات لەبەرچاو گرتووە و بەم بۆنەوە بە جیا و بە گشتی پشتیوانی لە هەموو كەمایەتی و گروپە سەربازییە سوننە و شێعەكانی سوریە بە مەبەستی هێشتنەوەی ڕێگەی پێوەندی بە حیزبۆڵڵای لوبنان بە هەر شێوەیەك كردووە كە لەوانەیە خاوەن دەسەڵات یان بەشێك لە دەسەڵاتی دوای بەشار ئەسەد بن و لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا لانیكەمی ئەم پشتیوانیانەی ئێران، ئاكامی بە هێز كردنی پێگەی خۆی لە سووریەدا مسۆگەر كردووە.
 مێژووی هاوپێمانیی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕژیم و بنەماڵەی ئەسەد لە سەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێكرد و یەكەم دەوڵەتی ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە فەرمی ناسیوە دەسەڵاتی حافز ئەسەدی باوكی بەشار ئەسەد بووە. ئەوكات كۆماری ئیسلامی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ستراتێژی هەناردە كردنی جۆری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ دنیای عەرەب، ڕووبەرووی كێشە و گرفت لەگەڵ دەسەڵاتە بە هێزەكانی وڵاتانی عەرەبی وەك عەرەبستان، میسر و عێراقی "سەدام حسێن" بووەوە كە لە ئاكامدا شەڕی ئێران و عێراق هەڵگیرسا و تەنیا ولاتێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە درێژەی ئەم شەڕەدا چالاكانە لە هەموو بواردا پشتیوانی لە ڕژیمی ئێران كرد، دەسەڵاتی حافز ئەسەد بوو. ئەم هاوكاریانە دوو لایەنە و لە زۆر قۆناغی جۆراوجۆردا هەر دوو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و بنەماڵەی ئەسەد پشتیوان و هاوپەیمانی ستراتژی بەرژەوەندییەكانی یەكتر بوون لە ناوچەكەدا. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێت كە بۆ دەسەڵاتی ئێران لە حاڵەتێكدا سیستمی ئابووریی دەسەڵاتەكەی بە تەواوی داڕماوە و كەوتووەتە ناو قەیرانی زۆر گەورە، بە شێوەیەك  پشتی شكاوی بە هیچ هەوڵێك لەژێر گوشارە نێونەتەوەیەكان ڕاست نابێتەوە و هەروەها ئەو هەمووە تێچووە سەربازی، سیاسی و دیپلۆماتیكە لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا سەبارەت بە پشتیوانی لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەبارەت بە چی و تا چ ئاستێك؟ بۆ كام قازانج و بردنەوە؟ بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ یەك پلەش ئامادەی پاشەكشێ لە پشتیوانیی ڕژیمی سووریە و شەخسی بەشار ئەسەد نییە؟ 
لە وەڵامدا دەتوانرێت بە چەند خاڵی سەرەكیی وەك ڕۆڵی گرینگی ستراتژیكی سوریە و تەنیا هاوپەیمانی جێی باوەڕی ئێران لە ناوچەكە و تەنانەت لە هەموو كۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئاماژە بكرێت، جیا لە ڕۆڵی سووریە بۆ ئاسانكاریی ڕێگەی پێوەندیی دەسەڵاتی ئێران بە دنیای عەرەب، پێش ڕاپەڕینی كۆمەڵانی خەڵكی سووریە لە ساڵی 2011دا، بە بەردەوامی ئەمنترین ڕێگەی پێوەندی و دەستپێڕاگێشتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری دارایی، سەربازی و سیاسی بە لایەن و ئەو گروپانەی ژێر چەتری پشتیوانی خۆیەوە لە بازنەی دەوروبەری ئیسرائیل بە تایبەت حیزبۆڵڵای لوبنانی دابین كردووە، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین سورییە لاوازی یان پاشنە ئاشیلی ستراتژیكی ئێران و بەردەبازی دزەكردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەژمار دەكرێت. كارێگەریی دەروونیی بە سەر هەیكەلی پشتیوان و هاوپەیمانە نێونەتەوەییەكانی ئێران، هۆكاری بنەمایی پاشەكشە نەكردنی دەسەڵاتی ئێران بۆ لاچوونی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتی سووریە وەك پێش مەرجی دانوسانەكانی سوڵح و ئاشتی بۆ دامەزراندنی "دەوڵەتی كاتی" تەنانەت بە گۆرینی پێگەی بەشار ئەسەد بە هاوتایەك هاوبیر و نزیكی خۆیەوە بە بوونی ئیزنی خۆپاڵاوتنی بەشار ئەسەد لە هەڵبژاردنی پانتایی وڵاتی سورییە بۆ داهاتوو كە دەیتوانی كۆتایی شەڕی ناوخۆیی مسۆگەر بكات، دەگەرێتەوە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو لایەن و گرووپی جۆراوجۆری سوننە، شێعە، میلیشیا، چەكدار و هاوپەیمانە ژیۆپۆلێتیكییەكانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خاڵی لاوازی هاوبەشیان، واتە پێویستیی دەستگەیشتن بە سەرچاوەیەكی دەسەڵات و ئابووریی بەردەوام بۆ گەشە و مانەوەیان، توانیویەتی لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە. بۆیە ئێران باش دەزانێ كلیلی چارەسەری پێویستی ئەم لایەن و گروپانە دەتوانێ بەدەستی دەسەڵاتێكی دیكە جگە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و نەیاری خۆیەوە دەستكەوێ، و سەبارەت بەوە بە نیشان دانی وەفا و تەعەهود بە خۆدی بەشار ئەسەد جگە لە دەسەڵاتەكەشی، پەیامی وەفا، جێی متمانە و پابەند بوون بە هاوپەیمانانی لە هەموو كاتێكی هەستیار و قەیراناویدا ڕادەگەیەنێت. بۆیە، دەبینین لە ژێر ئەم كاریگەرییە بەدوای بەستنی 100 حیسابی بانكیی "حەسەن نەسرۆڵڵا" ڕێبەری حیزبۆڵڵای لوبنان لە وتارێكیدا ڕاشكاوانە ڕایدەگەیەنێت: كردەوەگەلی لەم چەشنە ناتوانێت زەرەر بە حیزبۆڵڵا بگەیەنێ! سەبارەت بەوەی "تەواوی" سەرچاوەی دارایی و سەربازیی حیزبۆڵلا لە لایەن ئێرانەوە دابین دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە قاسم سولێمانی بەپرسی سپای قۆدس، لە وتووێژێكیدا لەگەڵ یەكێك لە ڕێبەرانی عێراق سەبارەت بە پاراستنی ڕژیمی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات ڕایدەگەیەنێت: ئێمە وەك لایەنی دیكە نین و هاوپەیمانەكانمان جێ ناهێڵین.
وابەدی دەكرێ ئەم جۆرە پەیامی وەفا راگەیاندنانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، خەسڵەتی ئەخلاقی و لایەنی پابەند و باوەڕمەند بوونی كۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوپەیمانەكانییە بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا تاكتیكی دەروونیی ستراتژیك و ژیۆپۆلێتیكی زیرەكانەی ڕژیمی ئێرانە بۆ پێشگرتن لە دووربوونەوەی لایەنە دەستەمۆكانی خۆی لە ناوچەكەدا. خاڵیكی دیكە ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی فایلی چالاكیی پڕۆگرامی هەستەیی لە ناوچەكەدا لەلایەن ڕێخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژێر گوشاردایە و ناتوانێت چاوەڕوانی ئەوە بكات هاوپێمانی سەرەكیی خۆی لە ناوچەكەدا لە دەست بدات و هێزی خۆی بۆ پاراستن و هێشتنەوەی حیزبۆڵڵا بۆ دژایەتیی ئیسرائیل لاواز ببینێ. زۆربەی چەك و تەقەمەنیی تاران بۆ حیزبۆڵڵا لە سوریەوە تەرخان دەكرێت و كۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت بە هۆی ململانێی هێژێمۆنیكی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی توركیە بە مەبەستی ئەم ڕاگواستنە ئیزن و كەڵك لە توركیە وەرگرێ. كەواتە، لە ناوچوونی داڵانی سوریە بۆ ڕژیمی ئێران، لە ناوچوونی ڕێگەی ڕاگواستنی چەك و چوڵ بۆ حیزبۆڵڵای لوبنان و بەهێزتربوونی هەرچی زیاتری ئیسرائیل و مەترسیەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ڕژیمی ئێرانە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە وتارەكانی خۆیدا سەبارەت بە بەشداریی ئێران لە شەڕی ناوخۆیی سووریەدا ڕاشكاوانە ڕایگەیاندووە كە: ڕژیمی سووریە بەشێكی گرینگ لە تەوەری بەرەنگاری ئێران لەبەرامبەر ئیسرائیل و هێڵی یەكەمی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریكادایە .سیاسەتە گشتییەكانی كۆماری ئیسلامی و شەڕی مان و نەمانی لە پشتیوانی كردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تابەئێستا نیشاندەری ئەوەیە لە بابەتی سورییەدا نایەوێ لەگەڵ ئەمریكا هیچ جۆرە دانوسانێك بكات.


PM:09:13:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌