بۆ یادی عەلی ئەشرەف

ئەبوبەكر(سیامەك) مودەڕسی

عەلی ئەشرەفم بۆ یەكەم جار ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە گرتووخانەی هاوبەشی ساواك و شارەبانی كە بە كومیتەی هاوبەش بەناوبانگ بوو، دیت. پاش لێپرسینەوە و بازجوویی و سەردەمی ژووری تاكەكەسی لە ژێرزەوی كومیتە هاوبەش بۆ قاتەكانی سەرەوەی بینای كومتیەی هاوبەش بۆ ژوورێكی گەورەتر كە تێیدا چەند زیندانییەكی تریشی لێ بوو ڕاگوێزرام، یەكێك لەو زیندانییانە عەلی ئەشرەف بوو. پاش ماوەیەكی كورت تێگەیشتم كە هەردووكمان سەر بە گرووپێكین بە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكدی پێوەندیمان بوو بێت، واتە هاودۆسیە بووین. ڕاگواستن لە ژووری تاكەكەسیی شێ دار و لە ژێرزەوی بینای كومیتەی هاوبەش بۆ ژوورێكی گشتی كە ڕووناكییەكی باشتر و شێی كەمتر بوو بە ڕواڵەت نیعمەتێكی گەورەی دەنواند، بەڵام لە ڕۆژ ڕەشیمان، ژوورە چەند كەسییەمان دیوار بە دیواری ژووری ئەشكەنجە بوو. لەو كاتەدا و لەوپەڕی چالاكیی چریكی و مانگرتنەكان و بزووتنەوەی خوێندكاری مشتەرییەكانی ئەو ژوورە زۆر بوون و بازجوو و لێكۆڵەر و ئەشكەنجەگەرەكانی ساواك و شارەبانی شەو و ڕۆژ سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەركی پیرۆزی سەركوتی ناڕازییان بوون. بیستنی هاوار و ناڵەی ئەشكەنجە كراوان، خۆی ئەشكەنجەیەكی تر بوو كە شەو و ڕۆژ چەندین كاتژمێر ئێمەیان لەگەڵ ئەو ئەشكەنجە دراوانە شەریك دەكرد.  
بە هەموو ئەمانەوەشەوە و سەرسامهێنەرتر ئەوە بوو كە تەنانەت ئەم دۆخە نامۆ و ناسرووشتییەش نەیتوانی ببێتە هۆی وەستانی ژیان و تەنیا لە ئەشكەنجەدا كورت بكرێتەوە. لەو كاتانەی كە ئەشكەنجە و هاوار و ناڵەكان نەدەمان و ئەو بێ دەنگییەش دەیتوانی خۆی ببێتە مایەی ئازارێكی تر، كۆڕی گێڕانەوەی بیرەوەری و گۆرانی و ئاوازی ئەو هاوبەندییانەی كە دەنگیان خۆش بوو بۆ چەند كاتژمێرێك، هەرچەند كورت، لە كەشی ترس و گومانەكان بە ناسینەوەی دەنگی ئەشكەنجە دەران و ئەشكەنجەكراوەكان و ئەوەی لە كام گرووپ و ڕێكخراوێكن، دوور دەكردەوە. لەم ئان و ساتانەدا بوو كە زانیم عەلی ئەشرەف جیا لەوەی نووسەرێكی بەتوانا و خاوەن پێنووسێكی بەهێزە، دەنگێكی دڵنشین و بەسۆزیشی هەیە. بەڵام بە بڕوای من بەهیزترین لایەنی كەسایەتیی عەلی ئەشرەف جگە لە بوێری لە بەرامبەر نەهامەتییەكان، بڕوا و باوەڕی لەشكان نەهاتووی بوو بە گەل و بە خەڵك.
ساڵانێكی دواتر و لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی فێستیواڵی ساڵانەی "گەلاوێژ" لە سلێمانی، دەرفەتێك ڕەخسا و بە هاوكاری هاوڕێی ئازیزم كاك حەمید شەریفی، عەلی ئەشرەف ئاگادار كرابوویەوە كە من لە بارەگای ناوەندیی كۆمەڵەم، ئێوارەیەكی درەنگان سەردانی كردم و جارێكی تر بە دیداری یەكتر شاد بووینەوە. عەلی ئەشرەف مرۆڤێكی دڵپاك و هەستیار بوو، كاتێك منی دیت نەیتوانی بەر بە هەڵچوونی هەست و كوڵپی گریانی بگرێت.
ئەو دیدارە كورتە نەتەنیا بۆ من دەرفەتێكی ئاڵتوونی بوو بۆوەی جارێكی دیكە ئەم مرۆڤە شەریف و پاكە ببینمەوە و بەداخەوە هەمان شەو عەلی ئەشرەف بۆ هۆتێلی شوێنی حەوانەوەكەی گەڕایەوە، بەڵكوو لە سەر داوای خۆی ژمارەیەك لەو كتێبانەی خۆی، كە بۆ چەندەمین جار لە چاپ درابوونەوە، بە واژۆی خۆی پێشكەشی كردم. ئەم كتێبانە كۆمەڵێك یادگاری بەنرخی ئەم نووسەر بەڵێندەر و گەورەیەن كە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەت بە چینی زەحمەتكێش و بەشمەینەتی كۆمەڵگا و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی تەرخان كردووە.
عەلی ئەشرەف ئێستا لە ناوماندا نییە، بەڵام بە كتێب و پێنووسە بەهێزەكەی هەموو كات لەگەڵمانە و شانبەشانی نەوەی نوێ دەمێنێتەوە. بە بۆنەی مەرگی ئەم ئازیزە سەرەخۆشی بە هەموو ئەندامانی بنەماڵەكەی و دۆستان و كۆمەڵگای ئەدەبیی بەڵێندەری ئێران و كوردستان دەڵێم و خۆم بە شەریكی خەمیان دەزانم. 
سیامەك مودەریسی 
۲٧ ی ئۆكتوبر ۲۰۱۷ 


PM:07:43:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌