كلارا زێتكین، هێمای خەباتی پەیگیرانە

بەبۆنەی 8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
سامان ڕیشەساحێب

لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ژنانێكی زۆر لە وڵاتانی پێشكەوتوو و پیشەسازییدا بە گرتنی حەقدەستێكی زۆر كەم و نامرۆڤانە و هەروەها بەبێ هیچ ئاسانكارییەك بۆ پێشكەوتنیان، هاتنە ناو بازاڕی كارەوە. وەها بارودۆخێك بووە هۆی پێكهاتنی خەباتگەڵكی سینفی كە ژنانی كرێكاریشی بە شێوەیەك سازمان دا و جم و جۆڵێكی لە ژناندا پێك هێنا. خەباتی ئەوان بوو كە بارودۆخەكەی بۆ پێكهێنان و لە دایك بوونی 8ی مارس یان ڕۆژی ژن هێنایە ئاراوە.
كلارا زێتكین، یەكێك لە ناسراوترین پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەەی ژنانە كە لە 5ی ژوئیەی ساڵی 1857ی زایینی لە دێهاتێكی نزیك لایپزیكی وڵاتی ئاڵمان لە دایك بوو. "گۆتفرێد ئایسلەر" باوكی زێتكین مامۆستای دێهاتەكە و دایكیشی جۆزە پینێ بوو كە لە یەكەمین پێشتازانی بزووتنەوەی فێمێنیستیی ئاڵماندا شارزا بوو. كلارا زێتكین كە ئەم جارە لە ساڵی 1921ی زایینی لە ڕێبەران و پایەبەرزانی كۆنفرانسەكە بوو بۆ جارێكی دیكە 8ی مارسی وەكوو ڕۆژی جیهانیی ژن پێشنیار كرد كە هەر ئەم هۆكارە بووە هۆی ئەوەی كە پێشنیارەكەی پەسەند بكرێت و ئەم ڕۆژە واتە 8ی مارس، وەكوو ڕۆژی جیهانیی ژن ناو لێ بنرێ.
ڕۆژی 8ی مارس رۆژێكی مێژوویی و ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای دژ بە ستەم، تووندوتیژی و چەوسانەوەیە. هەڵبژاردنی ڕۆژی 8ی مارس وەكوو ڕۆژی جیهانیی ژن بە بۆنەی خۆپبشاندانە گەوەرەكەی ژنانی كرێكاری كارخانەی ڕستن و چنینی نیۆیۆركی ئەمریكا لە سالی 1857ی زایینی دیاری كراو كە بە مەبەستی زیادكردنی حەقدەست و كەم كردنەوەی ماوەی كار خۆپیشاندانێكیان وەرێخست. لەم خۆپیشاندانە كە لەگەڵ هێرشی پۆلیس بەرەو ڕوو ببۆوە، بەشێكی هەرە زۆری بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە دەستبەسەر و ژمارەیەكی بەرچاویش كوژران وبریندار كران. خەباتی ژنانی كارخانەی ڕستن وچنین لە ئەمریكا وەكوو ڕووداوێكی مێژوویی و گرینگ لە مێژووی خەباتی ماف خوازانەی ژنان بە گشتی و ژنانی ئازادیخواز بە تایبەتی دادەنرێت. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ژنانی كرێكاری كارخانەی ڕستن و چنین لە ناڕەزایەتی بەدانی ماف و حەقدەستی یەكسان، بارودۆخی نالەباری كار و ماوەی زۆری كاری هاتە ئاراوە. داخوازیی خۆپیشاندەران بریتی بوون لە زیادكردنی حەقدەستەكان، كەم كردنەوەی ماوەی كار (10ساعەت لە ڕۆژدا)، مافی سازدان و ڕێكخستنی یەكێتیی كرێكاران و هەروەها بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بوو.
لە ساڵی 1910ی زایینی لە شاری كۆپێنهاگی دانیماركدا دووهەمین كۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست بەرێوە چوو كە لەوێ كلارا زتكین یەكێك لە ڕێبەرانی ناسراوی حیزبی سۆسیالیستی ئاڵمان، لە سەر دیار كردنی ڕۆژی جیهانیی ژن دواو و پێشنیاری كرد كە 8ی مارس وەكوو ڕۆژی ژن بناسرێت. ژنانی ئۆتریش پێشووتر ڕۆژی یەكی "مەی" یان پێشنیار كردبوو. یەكی مەی جێگا و مانایەكی تایبەتی هەبوو كە دەیتوانی لە سەر بزووتنەی ژنان كاریگەریی هەبێت. ژنانی ئاڵمان ڕۆژی 19ی مارسیان پێشنیار كرد، پێشنیاری ئەم ڕۆژە  خەباتی شۆڕشگێرانە لە ساڵی 1848 زایینی دژ بە ڕژیمی پاشایەتیی پروس بوو. كلارا بڕیارنامە پێشنیارەكەی خۆی بۆ پەسەندكردنی ئەو ڕۆژە پێشكەش بە كۆنفرانسەكە كرد. لەم بڕیارنامەیەدا چوار داخوازیی سەرەكیی خستەڕوو كە بریتی بوون لە:
1_خەبات لە پێناو مافی دەنگدان
2_خەبات دژی شەڕ/جەنگ
3_خەبات بۆ دابین كردنی مافی دایكان و منداڵان 
4_خەبات دژی گرانی و هەڵاوسان
كۆنفرانسەكەی 1910 سەرەڕای ئەوەی زۆر گرینگ بوو نەیتوانی لە بابەت ڕۆژێكی دیاریكراو بو (8ی مارس) بە ئاكام بگات بەم مەبەستە تا ساڵی 1921ی زایینی هەر وڵاتێك لە ڕۆژێكی جیاواز بەڵام هەر لە مانگی مارس و زۆرتر لە ڕۆژانی پشوودا بۆنەی تایبەتی 8ی مارسیان بەریوە دەبرد. بۆنمونە، لەساڵی 1914 لە سەرانسەری ئۆروپا لەلایەن ژنانەوە خۆپیشاندانێكی گەوەرە لە دژایەتی لەگەڵ شەڕ سازدرا كە دەتوانین ئاماژە بە ژنانی سازدەری پێشڕەوی 8ی مارس لە وڵاتانی دانمارك، ئاڵمان و سویس بكەین. هەروەها ژنانی ڕووسیە دوایین یەكشەممەی مانگی فیڤریەی 1917ی زایینی بە درووشمی (ئاشتی و ژنان) دەستیان دایە مانگرتن. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ڕێبەرانی سیاسیی ئەو كاتی ڕووسیە ئەم مانگرتنەیان بە ڕەوا و بەجێ نەدەزانی بەڵام ژنان سوور بوون لەسەر مانگرتنەكەی خۆیان و دوای چوار ڕۆژ دەوڵەتی تێزار ناچار بوو واز لە دەسەڵات بهێنێت.
كلارا زێتكین بۆ جارێكی دیكە لە ساڵی 1921ی زایینیدا 8ی مارسی وەك ڕۆژی ژن دیاری كرد كە ئەم هۆكارە بووە هۆی ئەوەی كە پێشنیارەكەی پەسەند بكرێت  و ئەم ڕۆژە وەكوو ڕۆژی ژن لە مێژوودا دیاری بكرێت.
ڕۆژی 8ی مارس بە دوو هۆكار وەكوو ڕۆژی جیهانیی ژن هەڵبژێردرا: یەكەم، 8ی مارس وەبیرهێنانەوەی خەباتی قارەمانانەی ژنانی كارخانەی ڕەستن و چنینی نیۆیۆرك بوو دووهەم، 8ی مارس ڕۆژی هەڵسانی ژنانی كرێكاری پترزبۆرگ دژ بە حكومەتی ڕووسیەی تێزاری بوو كە لەو ساڵە بەدواوە  8ی مارس وەكوو ڕۆژی جیهانیی ژن ناولێنرا.
بەهێزكردنی ژنان، بەرابەریی جنسی و یەكسانیی مافی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی، هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوە سەربەخۆكان و دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكان، دەبێ لە بەرنامە و پڕۆگرامی ژناندا بێت لە داهاتوو. سەرەڕای ئەوەیكە سازدان و بەرێوچوونی ئەم بۆنەیە لە زۆرێك لە وڵاتاندا قەدەغەیە، بەڵام ژنان سوورن لەسەر گرتنی ئەم بۆنەیە و بە ڕێكخستنی خۆپیشاندان، كۆنفرانس، سمینار و... هتد ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.



PM:10:11:06/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 251 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌