ئیستیزاحی ڕووحانی سەرەتای داماڵینی مەشرووعییەت!

دڵنیا ڕەحیم زادە

قەیرانی ئابووری، خۆپیشاندانە یەك لە دوای یەكەكانی خەڵك و ناڕەزایەتی چین و تویژەكانی ئێران تەنانەت بەوانەی وا دەنگیشیان داوە بە ڕۆحانی، هاتنەدەرەوەی ئەمریكا لە بەرجام و لابردنی وەزیر و كەسە نزیكەكانی ڕۆحانی لە سەر كارەكانیان و هەروەها نەهاتنە دی ئەو هەموو بەڵێنانەی كە ڕۆحانی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا داوییەتی، دۆخی ئێرانی زیاتر لە هەموو كاتێكیتر ئاڵۆزتر كردووە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار لە دەورانی سەرۆكایەتی كۆماری ڕۆحانی، بۆ وەڵام دانەوەی پێنج پرسیاری نوێنەرانی مەجلیسی ئێران، سەردانی بەهارستانی كرد. پێنج پرسیارەكە سەبارەت بوو بە پرسەكانی، كۆنتڕۆڵی قاچاخ، بەردەوامی تەحریمە بانكییەكان، نەهاتنە خوارەوەی ئاستی بێكاری، هاتنەخوارەوەی ئاستی ئابووری ئەم ماوەیەو بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز و هاتنەخوارەوەی پوڵی ئێران. سەرەتا ڕۆحانی هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان واز لە پرسیارەكانیان بێنن، تەنانەت وتی كە بەر هاتنی بۆ بەهارستان لەگەڵ خامنەیی كۆ بۆتەوە و هەوڵ دەدا لە قسەكانی دا ڕێنوێنییەكانی خامنەیی ڕەچاو بكات، بەڵام هەوڵەكەی ئەنجامێكی نەبوو ئەندامانی مەجلیس لەسەر پرسیارەكانیان سوور بوون. 
سەرەنجام سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی ڕووحانی و سەربەستە قسەكردن و نەدركاندی هەندێك بابەت كە زۆرێك لە دۆستانی و لایەنگرانی پێیان وابوو لە مەجلیس باسی دەكرد، وەك ئەوەی هیچی نەوتبێ، مەجلیسی بەجێ هێشت و ئەندامانی مەجلیس كەوتنە هەڵسەنگاندنی قسەكانی ڕووحانی و دواجار مەجلیس وڵامی ٤ لە ٥ پرسیارەكانی لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە پێ قانع كونەندە نەبوو و یان بە واتایەكی تر قەناعەتیان بە وڵامەكانی ڕووحانی نەبوو.
دۆخی ناوخۆیی ئێران و بە تایبەتی لە باری ئابوورییەوە و بە دوای ئەودا خرۆشانی خەڵك و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی ژیانیان كە بە ئەنجامی نەزانكاری، دزی و تاڵان و بڕی سەروەت و سامانی خەڵك لە لایەن كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامییەوەی دەزانن ئێرانی لە بەردەم تەقینەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی داناوە.
لە كۆنەوە دزی و تاڵان و تاراجی سەروەت و سامانی خەڵك، بە كاری كەر زانینی ئابووری ڕێ نیشاندەری كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی بووە و تا هاتووە ئابووری ئێران فەلەج و شەلەل كردووە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو كۆمەڵێك خەرج و تێچووی گەورە بۆ ئێران خولقێنراون. چەندین بەرەی شەڕ و لە سەروو هەموویانەوە لە سووریە و یەمەن كە بەشێكی بەرچاوی سامانی خەڵكی ئێرانیان بۆ تەرخان كراوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەو شەڕ و جبهەی شەڕان لە سەر شانی و بە مافی ئەوانەوە كراوە و كە جگە لە ڕۆژ ڕەشی و نالەبارتر بوونی دۆخی ژیانیان هیچی تریان دەست نەكەوتووە.
بە پێی خودی ئامارەكانی ڕژیم زیاتر لە ٣٠ میلیۆن كەس لە خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان و تا دێت بەو ڕێژەیە زیاد دەبێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو كۆمەڵێك لە دامەزراوە بانكییەكان كە لە لایەن بانكی ناوەندی و ناوەندە یاساییەكانی ئێرانەوە باوەڕپێكراو بوو دامەزران و بە پروپاگەندای ئەوەی كە سوودی زۆر دەدەن بەو كەسانەی كە تێیاندا سەرمایەگوزاری بكەن، كۆمەڵێكی چەند میلیۆن كەسی هەرچی هەیان بوو لەو ناوەندانە سەرمایەگوزارییان كرد، بەڵام بە بەرنامەیەكی پێشوەختە هەموو ئەو سەرمایەگوازارییانە كە زۆربەیان خەڵكی ئاسایی و كارمەندانی كۆمەڵگای ئێران بوون خورا و كەسیش خۆی لێ نەدەكردن بە خاوەن، تا ئەوەی كە پاش زنجیرە خۆپیشاندانی ئەو ماڵخوراوانە بزووتنەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕین لە نزیكەی ١٤٠ شار و ناوچەی جیاجیای ئێران هاتە ئاراوە و دروشمەكان لە داخوازی بۆ ماڵە بە تاڵان براوەكانیان ڕووی كردە سەران و كاربەدەستانی ڕژیم و مەرگ بۆ دیكتاتۆر و .... 
دۆخی كرێكاران، وەرزێران و جوتیاران، كارمەندان، ژنان، ژینگە و ئاو و سروشت، ئابووری، خەسارە كۆمەڵایەتییەكان ئێرانی كردووەتە گۆمی قەیران و سەرباری ئەوانەش هاتنە دەرەوەی یەك لایەنەی ئەمریكا لە بەرجام ئەوندەی تر باری دەسەڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی قورستر كرد.
حەسەنی ڕووحانی كە كاتی خۆی بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمی و ئەم كێشەیە بە كۆمەڵێك بەڵێنی برقەدارەوە بوو بە سەرۆك كۆمار، پاش ڕێكەوتننامەی بەرجام وەك پاڵەوانی سیاسەتی ئێران دەردەكەوت. ئەو بڕە پارەیەی كە لە ئەنجامی واژۆكردنی ئەو ڕێكەوتننامەیە درا بە ئێران، بە پێچەوانەی ئەوەی بخرێتە خزمەت ئاسایش و خوشگوزەرانی و گەشانەوەی ئابووری ئێران ڕەوانەی سوریە و یەمەن كران و خەڵكی ئێران هیچیان لەو مەعاملەیە بەر نەكەوت.
پاش هاتنە سەركاری ترامپ، لە ڕێكەوتی ٨ی مەی ئەمریكا لەو ڕێكەوتننامەیە هاتە دەرێ و بە جۆرێك لە جۆرەكان بەرجامی كوشت و لە بەرامبەر دا ١٢ مەرجی بۆ دانیشتن لەگەڵ ئێران و یان نووسینەوەی ڕێكەوتننامەیەكی نوێ داناوە. لە یەك دوو مانگی ڕابردوو گەمارۆ سەرەتاییەكان دەستی پێكرد و نرخی ١ دۆلاری ئەمریكایی بۆ ١٢ هەزار تمەنی ئێرانی بەرز بوویەوە كە ئەمەوە كاریگەری گەورە و چارهەڵنەگری لە سەر ئابووری ئێران و ژیانی خەڵك دانا. كۆمپانیا گەورە جیهانییەكان كە كاتی خۆی بە دوای بەرجام هاتبوونە ئێران یەك لە دوای یەك ئێرانیان جێ هێشت. 
بڕیاریشە ٤ی نوامبر ئەمریكا گەمارۆكانی لە سەر فرۆشی نەوت و گازی ئێران جێ بە جێ بكات و بە وتەی ترامپ بە نیازن فرۆشی نەوتی ئێران بكەن بە سفر و لەو ڕێگەیەوە سەرچاوەی سەرەكی دابین كردنی پشتیوانی لە تیرۆریزم لە ناوچەكە و لە جیهان دابخەن. هێشتا نزیك بە دوو مانگی بۆ ئەو ڕێكەوتە ماوە كە فرۆشی نەوتی ئێران لە لایەن مشتەرییەكانیوە بۆ لە ٣٠٪ كەمی كردووە. ئامارەكان دەری دەخەن لە مانگی ئاگۆست دا ڕێژەی فرۆشی نەوتی ئێران لە ٩٣ میلیۆن بۆشكە لە چاو مانی پشووتر بۆتە ٦٥ میلیۆن بۆشكە.
لە وەها هەل و مەرجێكدا كاربەدەستانی ئێران بە دوای تاوانبارێك بۆ ئەو دۆخە دەگەڕێن. دیارە لێرەدا باشترین و ڕوونترین ئادرەس بەرپرسای ئیجرایی ئێرانە و لە سەروو هەموویانەوە وەزیرەكان و سەرۆك كۆمارە. وا بوو لە ماوەی ڕابردوو دوو وەزیری كابینەكەی ڕووحانی بۆ مەجلیسی شورای ئیسلامی بانگ كران و ئیستیزاح كران و دواجار دەنگی متمانەیان لێ سەندرایەوە و دوو وەزیری تریش لە نۆبەدان بۆ چوونە مەجلیس و بە ئەگەری زۆرەوە ئەوانیش متمانەی مەجلیسیان لێ بسەندرێتەوە.
باڵ باڵێنەكانی ناو دەسەڵات وای كرد پرسی لێپرسینەوە لە ڕووحانی لە لایەن مەجلیسەوە بێتە گۆڕێ و ڕووحانی دەیگوت دێم و نایەم و بۆچی بێم و سەرەنجام هات و هەروا كە بینرا زۆر بە توندی هێرشی كرایە سەر و ئەویش شكستێكی گەورەی بۆ خۆی تۆمار كرد و گەڕایەوە.
ئاساییە لە وەها دۆخێكدا بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی دەستە پشتی پەردەكان بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانەی كە ئەمڕۆ ئێران و ڕژیمی كۆماری ئیسلامی تێی كەوتووە بە دووی قوربانییەك كەوتوون و باشترین كەسیش دەتوانێت ڕووحانی بێت.
ئەگەرچی هەندێك لەو بڕوایە دان كە دەكرێت بۆ تێپەڕێن لەم دۆخە و بە تایبەتی پرسی پێوەندی و دان و ستان لەگەڵ ئەمریكا و نواندنی ڕەفتارێكی ئاسایی وەك هەر دەوڵەت و دەسەڵاتێكی ئاسایی تر جیهان، باشتر وایە "خامنەیی" بكەنە قوربانی، ئاماژەكان باس لەوە دەكەن كە قۆچی قوربانی ئەم قەیران ڕووحانی دەبێت. بەو مانایەی كە بەم شێوەیە پرسی لێنەهاتووی و یان پێشێل كردنی یاسایی بنەڕەتی لە لایەن ڕووحانییەوە لە كۆمەڵگادا بەرجەستە بكەنەوە و تاوانی دۆخی ئێستای ئێران بخەنە ئەستۆی ڕووحانی و بە قوربانی كردنی جارێكی تر متمانەی خەڵك بۆ لای خۆیان ڕابكێشنەوە. مەسەلەی ئسیتزاحی ڕووحانی لەو چوارچێوەیەدایە بۆ لێسەندنەوەی ڕەوایی و سەلماندنی لێنەهاتووی بۆ ئەو پۆستە و دواجار لابردن یان ناچار كردنی بە دەست لە كار كێشانەوە ڕێ بۆ كۆدەتایەكی نەرم خۆش بكەن. تەنانەت لێدوانەكانی ڕۆژی هەینی خامنەییش بۆ ئەوەی كە دەڵێت: "دەوڵەت بەڕێوەبەرایەتی ئابووری بگرێتە ئەستۆ!" دانی دوایین ئۆلتیماتۆمە بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەهێزی سەركەوتوو نەبوونی، بوار بۆ وەلانانی ڕووحانی خۆش بكات.


PM:10:30:04/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 417 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌