ئایا دۆخەكە هەروا دەمێنێت؟

خوێندنەوەیەكی كورت بۆ ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی كوردستانی باشوور و ناوچەكە
ئەردەڵان فەرەجی

بە دوای بوون بە سەرۆك كۆماری دۆناڵد ترامپ وەك سەرۆك كۆماری ئەمریكا و بە تایبەتی بە دوای لێدوانە توندەكانی بەرامبەر بە ڕژیمی ئێران و ڕێكەوتنە ناوكییەكەی پێج زلهێزە جیهانییەكان و ئاڵمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە كەمپینی تەبلیغی بەر لە هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە، چاوەڕوان دەكرا هەڵوێستی جیددی و بنەڕەتی بەرامبەر بە دەور و ڕۆڵی ئێران لە پێوەندە ناوچەیی و جیهانییەكان لە لایەن ئەمریكاوە بێتە ئاراوە. سەرەنجام پاش چەند مانگ لە دەست بە كار بوونی ترامپ وەك سەرۆك كۆمار لەئەمریكا، ترامپ ١٣ی ئۆكتۆبری ٢٠١٧ ئامادە نەبوو جارێكی دیكە دڵنیایی دەربارەی پاپەندنی ڕژیمی ئێران بەرامبەر بە ڕێكەوتنە ناوكییەكە پشت ڕاست بكاتەوە و لە ڕۆژی ٣١ی ئۆكتوبر (٩ی خەزەڵوەر) یاسای ناسراو بە "كاتسا" بخاتە بواری جێ بەجێ كردنەوە.
یاسای "كۆنترۆڵ كردنی دوژمنانی ئەمریكا لە ڕێگەی گەمارۆوە" (Countering America's Adversaries Through Sanctions Act) ناسراو بە كاتسا، ئاماژەیە بەو گەمارۆ نوێیانەی كۆنگرەی ئەمریكا كە لە كۆتارییەكانی ژوئییەی ئەمساڵ (٢٠١٧) دژی ئێران، ڕووسیە و كۆریای باكوور پەسند كرا و لە ڕۆژی ٢ی ئوت (١١ی گەلاوێژ) لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە واژۆ كرا.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەم پەسند كراوە ستراتێژی ناوچەیی ئەمریكا بۆ بەرەنگاری لەگەڵ "هەڕەشەكانی ئێران"، سەپاندنی گەمارۆی زۆرتر دژی بەرنامە موشەكییە بالێستیكییەكانی ئێران، سەپاندنی گەمارۆ بە سەر ناوەند حەقیقی و حقوقییەكانی پێوەندی دار لەگەڵ سپای پاسداران، سەپاندنی گەمارۆی زۆرتر دژی ناوەندنی حەقیقی و حقوقییەكانی پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، سەپاندنی گەمارۆی چەك و چۆڵ، بەردەوامی گەمارۆكان دژی ئێران سەبارەت بە "پشتیوانی ئێران لە تیرۆریزم"، ڕاپۆرتی هەماهەنگی گەمارۆكانی نێوان ئەمریكا و یەكێتی ئۆرووپا و ڕاپۆرتی شارۆمەندانی ئەمریكایی دەستبەسەركراو لە لایەن ئێرانەوە لەخۆ دەگرێت.
ئەم یاسایە سەرۆك كۆماری ئەمریكا ئەركدار دەكات لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا، فەرماندە و دەست و پێوەندكانی سپای پاسداران و باسكی دەرەوەی سپای پاسداران واتە هێزی قودسیش وەك "پشتیوانی تیرۆریزم" لە پێڕستی لیستی گەمارۆ نوێكاندا بگونجێنێت. پاش هەموار كردنەوەی خاڵی ١٠٥ی ئەم یاسایە لە لایەن وەزارەتی خەزانەداری ئەمریكاوە، لە ڕۆژی ٣١ی ئۆكتۆبر (٩ی خەزەڵوەر) بخرێتە بواری جێ بەجێ كردنەوە.
بە سەرنجێكی وردتر لە ڕێكەوتی ئەم پرۆسەیە ئێمە شاهیدی دەست وەشاندن و دەست تێوەردانی زیاتری ئێران بە تایبەتی سپای پاسداران لە ناوچەكە دا بووین. شەوی ١٥ لە سەر ١٦ی ئۆكتۆبر (ڕێك دوو ڕۆژ پاش پشتڕاست نەكردنەوەی پابەندی ئێران بە "بەرجام" لە لایەن ترامپەوە و گەمارۆی نوێ لە سەر سپای پاسداران وەك دەزگایەكی داپلۆسێنەری مافی مرۆڤ و پشتیوانی تیرۆریزم) سپای پاسدارانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی لە ئۆپراسیۆنێكی پلان بۆ دارێژراو بە هاوكاری ئەرتەشی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر كوردستانی باشوور و شاری كەركوكیان داگیر كرد و تا ناوچەی "پردێ" لە ٥٠ كیلۆمێتری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان هاتن و لە زۆرێك لە ناوچە جێ ناكۆكەكانی هەرێمی كوردستانی باشوور و بەغدا چەندنی كارەساتی مرۆییان دژی خەڵكی سڤیل و ئاسایی بە تایبەتی لە دوبز و خورماتوو و شەنگال خولقاند. 
ئەم كارەی ئێران و سپای پاسداران دەهەن كەجی بوو بەرامبەر بە ئەمریكا و سیاسەت و ستراتێژی نوێكەی دژی ئێران.
بە چاوپۆشی لە وردەكاری ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی هەرێمی كوردستانی باشوور، بەڵام ڕۆڵی ئێران بۆ سەپاندنی هێژێمۆنی سیاسی خۆی لە ناوچەكە و بێ هێز كردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان وەك دۆستێكی گرنگی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش ئاشكرایە. ئەم بەرفراوانكردنەی هێژێمۆنی سیاسی و سەربازییە و هەنگاونان بۆ تەواو كردنی پرۆسەی دروست كردنی هیلالی شیعە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەوتنە مەترسی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا.
ستراتێژی نوێی ئەمریكا
ئەگەر لەماوەی ٨ ساڵی سەرۆك كۆماری باراك ئۆباما سیاسەتی هەڵكردن و جێ كردنەوەی ئێران و سازان لەگەڵ ئێران وەك هێزێكی ناوچەیی بۆ كۆنترۆڵی كردنی ڕژیمی تاران بوو، بە پێچەوانەی سیاسەتی ڕاگەیەنراوی كۆشكی سپی بە دوای هاتنە سەركاری ترامپ بریتییە لە كۆنترۆڵ كردنی ڕژیمی تاران لە ڕێگەی بڕینەوە یان كورت كردنەوەی دەستە ئوختاپووسییەكانی ئێران بۆ ئاژاوە نانەوە لە ناوچەكە و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە. بریتییە لە بەربەست دانان لە بەردەم دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی و گەشەدان بە سیستمی موشەكی بالیستیكی دوورهاوێژ بە توانانی هەڵگرتنی كڵاوی ناوكی كە دەتوانی ئاسایشی ناوچەكە و هەموو جیهان بخاتە مەترسییەوەیە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕژیمی ئیدئۆلۆژیكی تۆتالیتێرە كە سەرەتایی ترین مافەكانی مرۆڤ و هاووڵاتییەكانی خۆی ڕۆژانە و سیستماتیك پێشێل دەكات. سپای پاسداران وەك باسكی سەربازی و ئابووری ئێران كە كۆڵەكەی سەرەكی مانەوەی ئەم ڕژیمەیە دەكاتە ئامانجی گەمارۆ و لە كار خستن بەتایبەتی كە ئەو كاتەی كە لە سێ هۆكاری بەردەوامی ڕژیمی تاران كە بریتین لە: "سەرسامی و بە سەرسامی ڕاگرتنی خەڵك بەرامبەر بە ڕێبەر و كاریزما"كەیان نەماوە یان لە ئاستی كۆمەڵگادا زۆر لاواز بووە، "كڕینی خەڵك و موحتاج و بەنیاز ڕاگرتنی خەڵك بۆ ڕاكێشانی پشتیوانی خەڵك لە سیاسەتەكانی" و "بەكار هێنانی زۆر و ترساندنی خەڵك و ناچار كردنی خەڵك لە ترسی ئەنجامە سەركوتگەرییەكانی ڕژیم بۆ خواست و سیاسەتەكانیان. 
عەرەبستان و ئیسرائیل و سیاسەتی گۆڕینی ڕژیم لە ئێران
پاش ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) و هاتنە سەر كاری ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی شیعەوە سەرەتایی ناكۆكی و ئاژاوە بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە چاوخشاندنێكی خێرا بە سەر مێژووی نزیك بە چوار دەیەی ڕابردوو بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە توند بوونەوەی ململانێی و بەریەك كەوتنی دوو مەزهەبی جیا لە ئیسلام واتە شێعە و سونی بە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی لە ئێرانەوە دەست پێدەكات. بە واتایەكی تر دوو جەمسەری كردنەوەی ئیسلامی سیاسی و بوار خۆشكردن بۆ بەریەك كەوتنی ڕێڕەوانی هەر كام لە دوو ئایینزایی شێعە و سونی لە دەورەی نوێ بە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامییەوە دەست پێدەكات. ترامپیش لە وتارەكەی بۆ خستنە ڕووی ستراتێژی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بە بەرجام باسی لەوە كردووە كە "هەڵەبووە لە ساڵانی پێشووتر بۆ كەم كردنەوە گرژییەكان و بەریەك كەوتنەكانی دوو ئایینزای شێعە و سونی بە تەنیا دژایەتی ئیسلامی سیاسی سونە كراوە" واتە دەبێت لە دەورەی داهاتوودا چاوەڕێی بەگژداچوونەوەی ئیسلامی سیاسی شێعە بكرێت كە كۆماری ئیسلامی پێشەنگایەتی و نوێنەرایەتی دەكات، بین.
ڕژیمی كۆماری ئیسلامی پاش هاتنە سەركاری بە سیاسەتی ڕێگەی قودس لە كەربەلاوە دەگوزەرێت و بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و دیاری كردنی ڕۆژی قودس (دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان) و ناوزەد كردنی ئیسرائیل وەك منداڵی زۆڵی ئەمریكا و دژایەتی "جوو" و یەهوود لە ژێر لەوای داكۆكی كردن لە فەلەستین بە لایەنگیری هێزە فەلەستینییەكانی "حەماس" لە بەرامبەر بزووتنەوە "فەتح" بەشێك لە جیهانی عەرەبی بەرامبەر بە خۆی موتەوەهیم كردبوو. بەڵام لە هەفتەكانی ڕابردوو ئێمە شاهیدی هاتنە ئارای هاوپەیمانییەتییەكی ستراتێژی نێوان حەماس و فەتح بووین كە ئەمە دەكرێت بە مانای بەربەست دانان بێت بۆ دەست تێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی عەرەب و ئیسرائیل.
پێشوازی هەر دوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل لە ستراتێژی نوێی ئەمریكا و یان گوتاری "ڕژیم چێنج"ی ئەمریكا بە دوای جۆرێك لە هاوپەیمانییەتی ئیسرائیل و عەرەبستان لە ناوچەكە هاوتەریبی سیاسەتی نوێی ئەمریكا لەگەڵ سیاسەتی عەرەبستان و ئیسرائیل بەدی دەكرێت. 
لە ماوەی سەرۆك كۆماری باراك ئۆباما پێوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ساردترین سەردەمانی پێوەندی ئەم دوو وڵاتە بوو. ئیسرائیل نەیارانی سەرسەختی بەرجام و ڕێكەوتنە ناوكییەكەی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەتی ئەمریكا بوو، بەتایبەتی كە هەموو كات كۆماری ئیسلامی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهانی كردووە و ئەم ڕێكەوتنەش سازان لەگەڵ وڵاتێك بوو كە بوونی ئەو ڕژیمەی دەخستە مەترسی جیددییەوە. بەڵام ئەمڕۆكە و بەم سیاسەت و ستراتێژییە نوێیە ئەمریكاوە پێوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمان سەرەكییەكەی لە ناوچەكە تا دێت گەرم و گوڕ و هاوتەریبتر دەبێت.
تێگەیشتنێكی گشتی
بەر لە ڕاگەیاندنی ستراتێژی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران وا لێك دەدرایەوە كە ئەمریكا سپای پاسداران دەخاتە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دەروە (Foreign Terrorist Organizations) كە سەر بەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە، بەڵام وای نەكرد. ئەم كارە دەیتوانی گەمارۆی زۆرتر و بەربەرینتر دژی كۆی گشتی سپای پاسداران بسەپێنێت و وەك ئەلقاعیدە و داعش بیانكاتە ئامانجێكی سەربازی لە سەرتاسەری جیهان، كارێكی لەو شێوەیە دەیتوانی هەموو هاوپەیمانە ئۆرووپاییەكانی واشینگتۆن بخاتە بەردەم ئەگەر و كێشەی زۆرەوە. جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران كاتێك باس لەو موشەكە دورهاوێژەكان بە بوردی ٢٠٠٠ كیلۆمێتری دەكات، جۆرێك دڵنیایی دانە بە هاوپەیمانە ئورووپاییەكانی ئەمریكا بۆ شەق خستنە نێوان ئەمریكا و ئۆرووپا لە گرتنەبەری سیاسەتێكی هاوبەش دژی ئێران.
بەم حاڵەوە ترامپ بە پشت بەستن بە "یاسای بەرەنگار بوونەوەی دوژمنانی ئەمریكا لە ڕێگەی گەمارۆوە" (Countering America's Adversaries Through Sanctions Act) داوای لە وەزارەتی خەزانەداری كرد گەمارۆ بخاتە سەر سپای پاسداران. بە پێی یاسای كاتسا و بە تایبەتی فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی ١٣٢٢٤ – كە لە ڕاستی دا جۆربووشی كوڕ پاش هێرشە تیرۆریستییەكانی ١١ی سێپتامبر دەریكرد- نووسینگەی كۆنترۆڵی سەرمایەی دەرەكی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریكا ناسراو بە ئۆفەك (OFAC) زۆر خێرا هاویشتییە لیستی "تیرۆریستە جیهانییە تایبەتەكان (Specially Designated Global Terrorists) و "نەتەوە تایبەتەكان" (Specially Designated Nationals). بەم واتایە كە یاسای نوێ سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی دەكاتە "بەرپرسی ئاژاوەگێڕییە نێونەتەوەییەكان، پشتیوانی لە تیرۆری نێونەتەوەی و بەرنامەی موشەكی بالیستیك" و بەم شێوەیە گەمارۆی چڕوپڕ و گشتگیر دەخاتە سەر كەسایەتییە بیانییە پێوەندیدارەكانی سپاوە.
كارپێكردنی یاسای "كاتسا" بەمانای هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە "بەرجام" (ڕێكەوتنە ناوكییەكەی ئێران و گرووپی وڵاتانی ١+٥)ـە و ئەمە دۆخێكی تەواو جیاواز دێنێتە ئاراوە.
بە دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكە و بەتایبەتی عێراق و كوردستان ئاسۆی ستراتێژی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بەو نافەرمانی و جەمسەرسازییەی ئێران لێڵ كردووە. 
ئەوەی ئاشكرایە ئەمریكا بە دوای هێرشی داعش و تێكشان و پەرەم پەرەم بوونی ئەرتەشی عێراق، بە نۆژەن كردنەوەی ئەرتەشی عێراق و ڕاهێنانیان، هێشتا دەستی لە عێراق بەر نەداوە. هێشتا بە دوای دەرهاویشتنی عێراق لە بازنەی نفووز و حەوشەی چۆڵی ئێران بۆ تەران تەران و ڕمبازێنی سەربازی و سیاسی و ئابوورییە لە ڕێگەی هێشتنەوەی عیبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرامبەر مالكی و باڵی ئێران لە عێراق.
گۆڕینی هەڵوێستی یەكێتی ئۆرووپا بە تایبەتی فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیا بۆ ڕەخنە گرتنی ڕاشكاوانەتر لە موشەكەكانی ئێران و باس كردن لە چاكسازی یان هەموار كردنەوەی ڕێكەوتنە ناوكییەكەی ئێران و بەرجام هەندێك نیشانەن لە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكە و دواجار بەرامبەر بە ئێران. جیا لەوەش لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا بەرامبەر بە هەڵوێسی كاك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ درێژ نەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی و بەرز نرخاندنی ئەو هەڵوێستەی كاك مەسعوود و لە هەمان كاتیشدا پێداگری لە پارێزگاری كردن لە دەسەڵاتێكی بەهێز حكومەتی هەرێمی كوردستان لە باشوور (عێراق) و بە ناوهێنانی نچیروان بارزانی و قوباد تاڵبانی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم دەسەڵاتە دووپات كردۆتەوە. ئەمە بەو مانایە دێت كە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتێكی بەهێز لەو ناوچەیە بە لەمپەرێكی كاریگەر دەزانێت لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی و دەست تێوەردان و ئاژاوەگێڕییەكان و گۆڕانێكی بە ئەسپایی لە هەڵوێستی دوو هەفتە لەمەوبەری ئەمریكا بەرامبەر بە كوردستان. 

PM:07:20:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌