کۆماری ئیسلامی و پرسی ژین و ژینگە!


بیژەن قوبادی

 

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەرزاندنی خۆیەوە تا بە ئەمڕۆ کێشەی بنەڕەتیی لە گەڵ کۆمەڵێکی بەرچاو پرس و بابەت و بنەمای پەسەندکراوی دنیای ئەمڕۆ، هەروەها نۆرمە فۆرماڵەکان بووە کە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە ناسراون و کاریان پێکراوە. کۆماری ئیسلامی یان هیچکام لەوانەی یان دژی خۆی و بەرژەوەندیەکانی لە قەڵەم داوە، یان دژایەتیی لەگەڵ کردوون، یان بە فەرمی نەیناسیون، یان ئەگەر ناچار بە قبۆڵکردنیان کراوە، پشتگوێی خستوون و هیچکات کاری پێنەکردوون و یان بە مەیلی خۆی دەستچنی کردوون و کلک و گوێی بڕیون.

لانیکەم لە نیوسەدەی ڕابدوودا کامە دەسەڵاتی سیاسی لە کامە وڵات هێندەی کۆماری ئیسلامی دژایەتی لەگەڵ کۆی عورفە ناسراوە نێونەتەوەییەکان کردووە؟

کامە وڵات و دەسەڵات هێندە دەستێوەردانی لە کار و بارە نێوخۆییەکان وڵاتانیتر کردووە؟ کێ و کامە وڵات هێندە ڕۆڵی بووە لە هەناردەکردنی تێرۆر و تێرۆریست و پاڵپشتی کردنی تۆڕە تێرۆریستیەکان؟ فۆرماڵ نەبوونی شێوازی دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و بەرژەوەندیخوازیی شەریکە بازرگانیەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران بە تایبەت بڕێک لە وڵاتانی ئۆروپایی و ئاسایی و لەوانە چین و ڕووسیە و بڕێک لە دەسەڵاتدارانی ئامریکا هەڵێکی لەباری ڕەخساندووە بۆ دەسەڵاتی تاران کە بە کەیفی خۆی ڕمبازێن بکات.

لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان لە ئاست ڕووداوەکانی ناخۆی ئێران چاوی خۆیان نووقاند و گوێی خۆیان ئاخنی و لە کاتێکا کە گوێیان ئاخنراوە و چاویان داخراوە، زۆر ئاساییە کە زمانیش توانای مانوڤڕدانی نابێت. ئەگەر جارناجارێک بابەتێکیان باش کردووە یان هەڵوێستێکیان گرتووە یان لە بەر پاراستنی بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان بووە و یان بۆ جواب دانەوە بە رکابەری و ململانێ نێوخۆیەکانیان.

ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و سەرانی وڵاتان لە بەر پاراستنی بەرژەوەندیی بازرگانی و بە هۆی سات و سەودای تایبەت بە خۆیانەوە بایەخێک بۆ دانیشتووانی ئێران و ناوچەش دانانێن، ئەوە بابەتێکی جیاوازە قسەم لە سەری نیە، بەڵام پێویستە ئەوان ئاگاداری یەک ڕاستیی نکۆڵ لێنەکراو بن ئەویش ئەمەیە: سەرەڕای ئەو هەموو خۆپاراستن و خۆ بە دوور گرتن و شێر و ڕێوی هێنانەوەیە بۆ پاساوی هەڵس و کەوتی ناوخۆیی، ناوچەویی و نێونەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆیان هیچکات پارێزراو نەبوون و نین.

ڕەشە کوژیەکان، تێرۆر، خۆتەقاندنەوە، هێرش بۆ سەر هاووڵاتیان بە ماشێن و دار چەقۆ و قەمە و شمشێر هەروەک ئەو ڕووداوە سامناکەی ئەم ڕۆژانەی ئاڵمان و هەنجن هەنجن کردنی مرۆڤێک لە لایەن بۆنەوەرێکی مێشک شۆردراوی توندئاژۆوە و هەڕەشە و مەترسیە ڕۆژانەکان ئەو ڕاستیانەن کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن، بەبەرچاوەون و حاشاهەڵنەگر.

سامناکتر لە هەمووی ئەمانە شێوازی هەڵس و کەوتی کۆماری ئیسلامیە لە گەڵ ژینگە. بە پێی داتای ڕاگەیاندن و میدیای سەربەخۆ، لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەییەکان و تەنانەت بەرپرسان و میدیا داخراوەکانی کۆماری ئیسلامیش ناچار بە درکاندن و دانپێدانانیان بوون، دۆخی ژینگەی ئێرانە. زۆرجار بە هۆی ناشاڕەزایی و نالایەقی و زۆرجاریش پلان بۆداڕێژراو و گرنگتر لە هەموویان بەرژەوەندی خوازی و زیادە خوازیەوە بە ئەنقەست و مەبەستدار ژینگەی ئەو وڵاتە تێک دراوە و ئەدرێت.

ڕێژەی کارەساتەکە تا ئەو ئاستەیە کە چالاکانی ژینگە پارێز یان تەنانەت هەر هاو وڵاتیەکی ئاسایی لەو پێوەندیەدا بابەتێک باس دەکەن یان شتێک ئەدرکێنن، دەسبەسەر ئەکرێن و وەکوو کەیسێکی هەستیاری ئەمنییەتی هەڵس و کەوتیان لە گەڵدا دەکرێت و تەنانەت تاوان و بوختانی جاسووسییان دەخرێتە سەر، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت یان بە پلان و گەڵاڵەی تایبەتەوە لە گرتووخانەکان دەکوژرین و لە کاتی چالاکیی ژینگەپارێزیدا دەسووتێندرێن.

ئایا ئەمە نەبووەتە پرسیار بۆ هەر تاکێکی بە ویژدان کە هۆکاری ئەم گشتە ئاگرکەتنەوەیە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان چیە؟ هەر ساڵە و لە کوردستان و هەر ڕۆژ و ساعەتێک لە ناوچەیەک یان چەند ناوچە و هاوکات شاهێدی چەندین ئاگرکەتنەوەین. بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ئەو پرسە دا دەبینین لە باشووریتری تا باکووریترین ناوچەی کوردستانی ڕۆژهەڵات واتە لە سۆمارەوە تا سۆما شوێن نیە کە نەکرابێت بە قەقنەس و ژیان لە کۆی بەستێنەکاندا لە جووڵە نەکەوتبێت. جیا لە سووتانی دار و دەوەن و گژ و گیا ساڵانە و لە هەر ئاور تێبەردانێکا چەندها ملوێن گیانلەبەریتر ئەبنە قوربانی و لە نێو ئەچن؟ لە نێوچوونی ئەو ئاژەڵ و مۆر و مار و دارستان و دەوەن و گژ و گیایە چ کاریگەریەکیان لە سەر سووڕی ژیان بە گشتی هەیە و دەبێت؟ ئایا ئەمانە هەموو لە ڕووی نەزانین و بە هەڵکەوت ڕوو دەدەن؟ ئەی ئەگەر وایە مافیای دار و بڕینی دار و ڕووتاندنەوەی دارستانەکان چی؟ لە داتەپینی زەوی بە پانتایی دەیان هێکتار زەوی کشت و کاڵی و ئاوارەبوون و سەرلێشێوایی جووتیاران لە ئێران کێ بەرپرسیارە؟

ئەگەر لە سەر ئەو بڕوایە بین کە ئێمە واتە وڵاتانی دەرەوەی ئێران لە ئەستێرەیەکیتر ئەژین و هیچ پێوندیەکمان بە ئێرانەوە نیە، باسێکمان نیە. بەڵام ئەگەر گوی زەوی بە ماڵی هەموومان ئەزانین، بێشک ئەرک و وەزیفەیەکمان ئەکەوێتە سەرشان. بەروەپێش چوونی ئەو ڕەوتە و خەمساردیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ئاست تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بە دڵنیاییەوە کارەساتی لێ ئەکەوێتەوە و دواێنی هەمووان ئەگرێتەوە. تێکچوونی ڕێڕەوی سروشتی و ئاسایی لە هەر ناوچەیەکی گوی زەوی لە ئەنجامدا کارەساتی لێ ئەکەوێتەوە کە کارەساتی بەمشێوازە سەدان قات کاولکارترە لە شەڕی داعش و هەر شەڕێکیتری ناوچەیی.

تاقمی مافیای دەسەڵات لە ئێران لە ئاست هێچ شوێن و کەسێکدا هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات و لە بنەمادا لە گەڵ وشەی هەست بە بەرپرسیاریەتی نامۆ و بێگانەیە. بە ناڕەزایەتیەکانی دووسالێ دوایی لە ئێران، ئەوان بە ڕوونی داهاتووی ڕەشی خۆیان ئەبینن. تەنیا مەبەستی ئەوان بە هەست بەو مەترسیە ڕاماڵێنەرە ئەوەیە کە لەم دۆخە کەڵک وەر بگرن جانتاکانی خۆیان بئاخنن، بۆیە بەزەییەان بە هیچدا نایەت و لە بەرچاوی ئەوان وڵاتی ئێران و خەڵکی ئێران تەنیا کاڵایەکن کە ئەوان بە کەیفی خۆیان و بە هەر نرخێک بیفرۆشن. هەژمارە سەرسووڕهێنەرەکانی گەندەڵی لە ئێران، تەخشان و پەخشان بۆ تاقمە تێرۆریستیەکان، کەمتەرخەمەی لە ئاست ژیانی خەڵک، تەناتە کشانەوە لە بەشی پەنجا لە سەدیی ئێران لە دەریای خەزەر و .... سەدان نموونەی ئاوایتر  ئەو بەڵگە حاشا هەڵنەگرانەن کە نە تەنیا مەترسی لەسەر دانیشتووانی ئێرانن بەڵکوو مەرسین لە سەر ناوچەکە و بێشک تەنانەت وڵاتانی دوورە دەستیش لە پریشکی ئەو کارەساتەی لە ئێران ڕووئەدات پارێزراو نین.

کۆماری ئیسلامی ئاڵاهەڵگری شیوەن و شین و ڕۆڕۆیە. لە هەموو مێنبەر و تریبۆنێکیەوە ماوەی چل ساڵە باسی مردن و گۆڕ  سووتاندن و ئاگر ئەکات، بە کردەوە دایمە خەریکی کوشت و بڕ و هەڕەشەکردنە لە هەموو جیهان، جیالە تاقمی خۆیان هەموو دنیا و شوێنکەوتووانی ئایینەکانیتریان پێ کافر و شیاوی کوشتن و لە نێوبردنە، مێشکی شوێنکەوتووانی خۆیان بۆ ئەوە ئامادە کردووە کە هەرکەس وەکوو ئەوان نەبێت و بیر نەکاتەوە، کوشتنی ئەرکە و پاداشتی لە لای خوا بە جوانترین و بە نرخترین شێواز پارێزراوە. 

ئەو شێوە ڕاونینە لە گەڵ بزە، پێکەنین، شادی، ژیان و ژینگە دوژمنیەکی بێبڕانەوەی هەیە. بۆیە تەنیا ڕێگاچارە و پێشگرتن لە خەساری زۆرتر، پاڵپشتی خەڵکی ئێرانە بۆ یارمەتی و ئاسانکاریکردن بە مەبەستی سڕینەوەی تاعونێکی گشتگیر بەناو «کۆماری ئیسلامیی ئێران».

 


PM:03:25:01/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌