شەقامی عەدالەتخواز و بەرەنگارییەكانی

مەتین ڕۆژهەڵاتی

دەسپێكی ئەم باسە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەكەی ئەم دواییانەی شاری ورمێ: دەست درێژی بۆسەر كچێكی خوێنكار لە یەكێك لە خوێندنگەكانی ئەو شارە. بۆ چوونە ناو پانتای ئەم باسەوە پێویستە سەرەتا لە باسی نەبوونی ئەمنیەت لە كۆمەڵگا و هەروەها شۆێن و شێوەی پەروەردەی گۆنجاو بۆ ژنان و كچانەوە دەست پێبكەین. دۆخی هەنووكەیی كۆمەڵگای ئێران و سیستمی پەردەوردە و ڕوانگەی ڕەگەزی و خەسارە كۆمەڵایەتییە یەك لە دوای یەكەكان وایكردوە كە بنەماڵەكان بە دڵەڕاوكێوە مناڵەكانیان بنێرن بۆ قوتابخانە و هەندێ لە بنەماڵەكان لەبەر ئەم هوكارانە بەناچاری كوتایی بە خۆیندنی مناڵەكانیان دێنن و ئەمەش وایكردووە ڕێژەی خۆێندكارانی كچ لە ناو كوردانی ورمێدا تا ڕادەیەك لە ئاستێكی نزم دابێت و ئەم نزم بوونەوە بەردەوام ڕوو لە زیادبوون بكات و دەتوانم لێرەدا وەبیرتان بێنمەوە كە لە چەند ساڵی ڕابڕدوودا نموونەی دەستدرێژی و تەنانەت كۆشتنی گوماناویی خوێندكارانی كچی ورمێ (شەیدا حاتمی) ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵكی ئەو دەڤەرە بووتەوە كە لە لایەن دەسەڵاتەوە هیچ وەڵامێكی پێنەدراوەتەوە.
خەڵكی ورمێ بۆ دەربرینی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سەر كچێكی تەمەن دوانزدە ساڵان لە لایەن سەرایەداری مەكتەبی كچان لە ئیسلام ئاباد، كە گەڕەكی كوردنشینە لەو شارە، ڕژانە سەر شەقام و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەكانی ڕژیم بوونە كە لە ئاكامدا نزیكەی دەیان كەس بریندار بوون و خەڵكانێكی زۆریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نزامییەكانیە دەستبەسەر كران. 
ئەوەی پێویستە لەم كورتە یادداشتە ئاماژەی پێبكەین چەند خاڵی گرنگی ئەم رووداوەیە كە بەبێ باسكردنیان ناتوانی لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی تێبگەین. یەكەم، نەشاردنەوەی دەستدرێژی لە لایەن كچەكە و بنەماڵەكەیەوە. بێ گۆمان ئەمە یەكەم قوربانیی ئەم جوره كارەساتە نیە و دوایین ڕووداویش نابێت، چەندین ڕووداوی بەم شێوەیە لە كۆمەڵگای ئێمە و زۆربەی شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ڕوویداوە كە بنەماڵەكان لەمەڕ پاراستنی "ئابڕووی" خۆیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و قوربانیەكەش لە هەناوی خۆیدا ئەسووتێت و لەگەڵ ئەم ترۆمایەدا دەژی. كەواتە ئاشكەراكردنی ئەم ڕووداوە شایانی ڕێزە و خەڵكیش نیشانیدا خاوەنداری لە كەرامەتی كۆمەڵگای كوردەواری دەكات.

دووهەم، ڕژیم ناتوانێت پاساو بۆ ئەم چەشنە ڕووداوانە بێنێتەوە و هەوڵی چەواشەكردنی بدات، ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەی كوردی ورمێ دەرەنجامی كوبوونەوەی ناڕازیبوون لە هەبەر سەدان چەشنی هەڵاواردن و هەژاری و نادادپەروەرییە كە كۆماری ئیسلامی لە ورمێ بەسەر كوردەكاندا دەیسەپێنێت و ڕۆژێك ئاوا خۆی دەردەخات و لە هەمانكاتدا بێ بڕوایی و نەبوونی متمانەی خەڵك بە سیستمی دادپەروەری و لێپرسینەیە. دەزگای داد لە ئێران بە حاكم و دادوەر و پارێزەرەوە كە سەرچاوەی سەدان چەشنی دزی، گەندەڵی و  بێ دادین چلۆن دەتوانێن  متمانەی خەڵكێ بەدەست بێنن لە ئێران كە ڕۆژانە بۆ وەدەستهێنانی مافەكانیان دێنە سەر شەقام و لە شەقامەكاندا هەوڵ بۆ چەسپاندن و وەدیهێنانی عەداڵەت و دادپەروەری دەدەن.
بێگومان كورد لە ورمێ پتانسیەلێكی گەورەی تێدایە بۆ شۆڕش و دڵنیام كە ئەم ڕووداوە بۆ جارێكی تر دەرخەر و سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە كە بەرپرسان و كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ناتوانن بە كەیفی خۆیان لە ناوچە كوردنشینەكان دەستدرێژی و تەعەدا لە خەڵك بكەن و هێلە سوورەكانی كۆمەڵگای كوردی ببەزێنن. ئەم خەڵكە بەو ئاستە لە ووشیاریی سیاسیی و مێژوویی گەیشتوون كە خۆی پارێزەری مافە ڕەواكانی بێت و بۆ پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی بڕژێتە سەر شەقام و پێداگریان لەسەر بكات و خیابان بكاتە هۆڵی دادگا و خۆی یاسا و قازی و دادستان و بریاردەر بێت و سزای تاوانباران بدات. لە كوتاییدا قارەمانی من ئەو كچە كوردەیە كە هاواری هەموو ئەو كچە بێدەنگانەیە كە دەستدرێژیان كراوەتەسەر؛ ئەو هاوارەی كە بێدەنگیەكانی شكاندن و خەڵكی هێنایە سەر شەقام و دۆژمنیشی كشاندەوە.


PM:07:36:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌