مانگێك خەبات و وەستانەوە

ن: مستەفا زاهیدی

رووداوەكانی‌ پووشپەڕ و گەلاوێژی‌ 1384 ی‌ هەتاوی‌ دەكرێ‌ بە یەكێك لەو رووداوانە بزانین كە لە چەن ساڵی‌ رابردوی‌ بزووتنەوەی‌ كوردیدا كەم وێنە بووە. لەم هاوینەدا سەرجەم كوردستان بە هەموو توێژ و چین و تەمەنێكەوە دەنگی‌ ناڕەزایەتی‌ خۆیان دژ بە كۆماری‌ ئیسلامی‌ نیشان دا. ئەم رووداوە لە مەرگی‌ لاوێكەوە دەستی‌ پێكرد لە شاری‌ مەهاباد. هێزە سەركوتگەرەكانی‌ رژیم لە شاری‌ مەهاباد لاوێكی‌ ئەم شارەیان بە ناو شوانە سەید قادر شەهید كرد و دواتر تەرمی‌ ناوبراویان بە وەحشیانەترین شێوە شێواند. شێواندنی‌ تەرمی‌ ئەم لاوە بوو بە هۆی‌ ئەوەی‌ كە خەڵكی‌ شاری‌ مەهاباد دژ بەم كارەی‌ رژیم هەستنەوەو خۆپیشاندان بكەن و خوازیاری‌ دادگایی كردنی‌ بكوژی‌ شوانە سەید قادر بن. بەڵام خۆپیشاندانی‌ خەڵكی‌ شاری‌ مەباد لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەكانەوە سەركوت كرا و هەروەها بكوژی‌ شوانە سەید قادریش ئازاد دەسووڕایەوە. سەركوتی‌ خۆپیشاندانی‌ خەڵكی‌ شاری‌ مەهاباد و وەڵام نەدانەوەی‌ رژیم بە خواستی‌ ئەم خەڵكە بوو بە هۆی‌ ئەوەی‌ كە خەڵكی‌ شارەكانی‌ تری‌ كوردستانیش دەست بدەنە خۆپیشاندان بە مەبەستی‌ پشتوانی‌ كردن لە خەڵكی‌ مەهاباد . ئەوە بوو ئەم خۆپیشاندانە سەرجەم شارەكانی‌ كوردستانی‌ گرتەوەو بۆ ماوەی‌ نزیك بە مانگێك كوردستان بوو بە مەكۆی‌ شۆڕش و وەستانەوە دژ بە رژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌.
هەر لە سۆماو برادۆستەوە تا ئیلام و كرماشان خەڵكی‌ كورد یەكگرتووانە دەنگی‌ ناڕەزایەتییان دژ بە رژیم دەربڕی‌ و نیشانیان دا كە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كورد ماوەو بە پێچەوانەی‌ بانگەشەی‌ رژیم كە ئیدیعایان دەكرد بزووتنەوەی‌ كوردستان بۆ هەمیشە سەركوت كراوە، ئەم بزووتنەوەیە هەر زیندوە. رووداوەكانی‌ ئەم مانگە لە چەن رۆژی‌ یەكەمدا بە شێوەی‌ خۆ ڕسك دەستی‌ پێكرد، بەڵام دواتر لە ناوەوە ئەم ناڕەزایەتی‌ دەربڕینە بەرفراوانە توانی‌ خۆی‌ رێكخراو بكات. خۆ رێكخراو كردنێك كە هەموو شێوەكانی‌ خەباتی‌ تێدا تاقی كرایەوە. هەر لە هاتنە سەر شەقام و دروشم دانەوە تا كۆبوونەوە لە بەردەم ئوستانداری‌ كوردستان و هەروەها داخستنی‌ دووكان و بازاڕەكان لە 16ی‌ گەلاوێژدا.
لەو مانگەدا چی هێزی‌ زاڵ هەبوو  بە شێوەیەكی‌ نادیار یەكیان گرتبوو بەوەی‌ كە ئەم بزووتنەوەیە سەركوت یان كپ بكەن. دەسەڵات باوەڕ و خوێنمژانی‌ حكوومەتی‌، مونجیپەرەستانی‌ بێكردە، نوخبەی‌ ئایدیالیستی‌ پارێزكار، بە كورتی‌ هەموو هێزەكان یەكیان گرتبوو بەوەی‌ ئەم جووڵە سەركوت بكەن. جووڵەیەك كە دوای‌ چەندین ساڵ دەنگی‌ بەرز كردبۆوەو جارێكی‌تر  رووی‌ دەكردە دەسەڵات و سەرجەم هێزەكان و دەیگوت ژێنڕال ئێمە هەر ماوین و حسێبمان ماوە. ئەمە نووزەیەك نەبوو كە تەنها كەلێنێك بگرێتەوە،بەڵكوو هاوارێك بوو كە گەیشتە گوێی سەرجەم میدیای جیهانی‌ و لە ناوەندە جیهانیەكانیشدا هاتە بەر باس. یەكیەتی‌ ئورووپا بەرامبەر بە سەركوتی‌ خەڵكی‌ كوردستان لەو مانگەدا هەڵوێستی‌ نیشاندا و داوای‌ لە كۆماری‌ ئیسلامی‌ كرد دەستبەرداری‌ ئەو سەركوتكارییە بێت. لە مەجلسی سنای‌ ئەمریكادا راپەڕینی‌ گەلی كورد لە كوردستان رۆژهەڵات هاتە بەرباس و سەركوتكارییەكانی‌ رژیم مەحكووم كرا. هەروەها بەشێكی‌ زۆر لە میدیا و راگەیاندنە گشتییەكانی‌ جیهانی‌ لەوانە بی بی سی، رادیو فەردا، دەنگی‌ ئەمریكا، رادیۆ فەرانسە، و... بە شێوەیەكی‌ چڕوپڕ رووداوەكانی‌ ئەم مانگەیان گواستەوە. تا ئەو كاتە كەم وێنە بوو روانگەی‌ جیهانی‌ و میدیای‌ جیهانی‌ بەها بدەن بە كێشەی‌ كورد لە كوردستانی‌ رۆژهەڵات. بۆیە دەكرێ‌ ئەو رووداوانەی‌ هاوێنی‌ 1384ی‌ هەتاوی‌ بە هۆكارێ‌ بزانین كە یارمەتی‌ دەر بوو بەوەی‌ دۆزی‌ كورد لە كوردستانی‌ رۆژهەڵات جیهانی‌تر بێتەوە.
رووداوەكانی‌ هاوینی‌ 1384 كە دەكرێ‌ ترپۆكی‌ یەكگرتوویی‌ ئەم رووداوە لە 16 گەلاوێژدا ببینین ژیلەمۆی‌ ژێر سكڵی‌ سوور بوو. ژیلەمۆیەك كە سەرجەم جوگرافیای كوردستانی‌ گرتەوە. هەستانەوە بوو، هەستانەوە بوو بۆ پاك كردنی‌ حسێبی خود لە گەڵ ژێنراڵ یان دەسەڵاتدا، هەستانەوەیەك كە قوربانی‌ لێكەوتەوە. ئەو كاتەی‌ تەرمی‌ محەممەد شەرێعەتی‌ ئەو مامۆستایە  لە سەقز لە سەر شەقام دەكەوێ‌ ئەو كاتەیە وانەی‌ مقاومەت و خۆڕاگری‌ فێری‌ قوتابییەكانی‌ دەكات. ئەو وانەیەی‌ فێر دەكات  دروشم دان ناتوانێ‌ دەرمانی‌ دەردی‌ ئێمە بێت و  قوتابییەكەی‌  فێری‌ كردە گەرایی دەكات. كردەگەرایی رێك خاڵی بەرامبەری‌ نوخبەی‌ ئایدیالیسیتی‌ بێ كردەو پارێزكارەو هەروەها وانەیەكە لە سەرجەم ئەزموونە موبارزاتی‌ و شۆڕشەكاندا دەوترێتەوە. 


PM:06:45:16/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌