سانسۆر وەستانەوەیە دژ بە ئیرادەی ئازاد

 



 

رۆژی ١٣ی سەرماوەز بە رۆژی وەستانەوە دژی سانسۆر ناوزەد کراوە. ئەم رۆژە لە لایەن نووسەران و لایەنگرانی ئازادییەوە دیاری کراوە وەک رەمزێک دژ بە سانسۆر و بە تایبەت سانسۆری دەوڵەتی.

سانسۆر بە هەر چەشنە کۆنتڕۆڵ کردنی زمان و دەربڕین و نووسین دەوترێت بەوەی کە بەر بە کەس یان گرووپێک یان نەتەوەیەک بگیردرێت کە ئازادانە ویست و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

ویستی بەرگرتن بە ئیرادەی خەڵک بۆ دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونەکانیان لە لایەن دەسەڵاتەکانەوە ویستێکی کۆنە. رەنگە بکرێت مێژووی سانسۆر بگەڕێنینەوە بۆ مێژووی دروستبوونی سەرەتاییترین شێوەو فۆڕمەکانی دەسەڵاتدارێتی. ئەو کاتەی کەس یان گرووپێک توانیویانە بە پشت بەستن بە هێز دەسەڵات بگرنە دەست، هەوڵیانداوە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکیش سەرکوت بکەن. دەنگی ناڕازی نەهێڵن. خۆیان وەک مەیدانداری تەواو بناسێنن و هەر دەنگێکێک لە دەرەوەی خۆیانەوە سەرکوت بکەن. رەنگە بکرێت ئەفلاتوون لە ئەندێشەی کلاسیکدا بە یەکەم فیلسووف بزانین کە هەوڵیداوە سانسوور و بەرگرتن بە ئازادی وەک بەشێک لە ئەرکەکانی دەسەڵات پێناسە بکات. ئەفلاتوون لە کۆمارەکەی خۆی شاعیرەکانی کردە دەرەوە. کردنە دەرەوەی شاعیرەکان لە کۆمارەکەی لە راستییدا کردنە دەرەوەی بەشێک لەو هێزەیە کە ئەتوانن ببن بە دەنگێکی ناڕازی.

ئایینەکان بە درێژایی مێژوو هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە خۆیان بە حەقیقەتی رەها زانیوەو هەر چەشنە دەنگێک پێچەوانەی دەنگی ئایینەکان بە کفر ناوی دەرکردەوەو فتوای لە سەر دراوە. بە تایبەت لەو ئایینانەی کە خاوەن کتێبن زیاتر چەقبەستوویی دەبیندرێت و هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی کتێبی ئایینداران بە کتێبێکی پیرۆز و کامڵ بزانرێت و ئەوەی لە دەرەوەی ئەو کتێبەیە ناکامڵ و ناپێویستە. هەر کاتیش کەسێک ویستبێتی دژی بوەستێتەوە یان رەخنەی لێ بگرێت بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ کراوە.

دەسەڵاتە ئایینییەکان فۆڕمێک لە دەسەڵات بوون کە بوون بە هۆی زیاتر دەرکەوتن و زەقبوونەوەی سانسۆر. دەسەڵاتداران ئیرادەی خۆیان تێکەڵ بە هەندێ فەرمانی ئایینی کردوەو بە سەر خەڵکیاندا داسەپاندوەو ئەوەی لە دەرەوەی ئەو ئیرادەوە بووە بەری پێ گیراوەو ئیزنی ئەوەی نەبووە بۆچوونی خۆی دەرببرێت.

هەروەها دەسەڵاتە ئایدۆلۆژیاییەکانیش بەهەمان شێوە خۆیان بە حەقیقەتی رەها زانیوەو ئەوەی لە دەرەوەی ئەوان بووە بە ناڕاست و ناڕەوایان زانیوە. دوو فۆرمی ئایدۆلۆژیای وشکی زەمینی و دەسەڵاتی ئایینی بەردەوام دوو مەترسی گەورە بوون بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و دەستی باڵایان هەبووە لە سانسۆر و سانسۆر کردن.

سووتاندنی کتێبخانەکان چ کاتی هێرشی سپای ئیسلام بۆ سەر ئێران و ناوچەکانیتر، وەک چۆن دەگێڕنەوە ئەو شوێنەی دەکەوێتە ئامێدی ئێستەوە لە کوردستان، خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە کە سپای ئیسلام هاتووە سەرجەم کتێبەکانی سووتاندووە، یان لە سەردەمی ساسانییەکان ئێران خاوەنی کتێبخانەی گەورە بووەو سپای ئیسلام ئەو کتێبخانانەی سووتاندووە، بە هەمانشێوە لە سەردەمی هیتلەر و دەسەڵاتی نازییەکان لە ئاڵمان کتێبخانەکان دەسووتێندراون و رێ و رەسمی کتێب سووتاندن بەڕێوە دەچوو.

لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا کڵێسە دەسەڵاتی بەدەستبوو، ئەوەی لە دەرەوەی فەرمانەکانی کڵێسەی کاتۆلیکەوە بایەوە بە ناڕاست و ناڕەوا دەزانرا. کڵێسە دەستی بە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا گرتبوو. هەر لە هونەرەوە بگرە تا زانست. بۆ وێنە کڵێسەی کاتۆلیک بەرگری لە زانستی ئەستێرە ناسی بەتیلمووسی دەکرد کە زەوی بە چەق دادەنا و ئەستێرەکانیتر بە دەوری زەوییدا دەسووڕانەوە لەم گریمانەیەدا، بەڵام کاتێک نیکۆلاس کۆپرنیک باسی لەوە کرد کە بە پێچەوانەی گریمانی بەتلیمووسی خۆر چەقی کۆمەڵە ئەستێرەی خۆرە و ئەستێرەکانیتر بە دەورییدا دەسووڕێنەوە. کڵێسەی کاتۆلیک دژی ئەم تیۆرییەی کۆپرنیک وەستایەوەو چەندین ساڵ دوای ئەوەش هەر کەس بە پێچەوانەی ئەوە قسەی کردبا فەرمانی مەرگی بۆ دەردەکرا، وەک چۆن بۆ گالیلە دەرکرا بەوەی وتی زەوی بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە.

ئەم نەریتی بەرگرتن بە دەربڕینی بیرو ڕا لە سەرجەم دەورە مێژووییەکاندا بووەو بەشێکی زۆر لە چالاکی نووسەران و بیرمەندان و زاناکان بۆ ئەوە بووە دژ بەم بڕیارەی دەسەڵاتداران بووەو هەوڵیان ئەوە بووە کە ئازادی رادەربڕین بکەن بە مافێک کە دەسەڵاتەکان بۆیان نییە لێی لابدەن.

مێژوو شاهیدی دەدات لە سەر ئەم ململانێ بەردەوامەی نێوان رۆشنبیران و زانا و بیرمەندە بیرجیاوازەکان لەگەڵ دەسەڵاتە دژە ئازادییەکان. زۆرجار بیرجاوازە شۆڕشگێڕەکان تەنانەت بۆ بەرگری کردن لە ئازادی و ئازادی رادەربڕین گیانی خۆیان لە دەستداوە، ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژ بە سیستەمی دژە ئازادی وەستاونەتەوە تەنها لە پێناو ئازادیدا. شانۆی مەرگی ڤیکتۆر خارا بەرامبەر بە دیکتاتۆری پینووشە، مەرگی لۆرکا ، ئیعدامی گولسورخی، ئیعدام کردنی دڵشاد مەریوانی بە دەستی رژیمی بەعس و تیرۆری بیرجیاوازان لەوانە قەتڵە زنجیرەییەکان بە دەستی کۆماری ئیسلامی بەشێکە لەو سەرکەتکاری و کوشت و بڕانەی کە لە سەردەمی هاوچەرخدا لە سەردەستی دیکتاتۆرەکان ئەنجام دراوەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هەر سوورن لە سەری.

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە ، یەكێک لەو رژیمانە بووە کە بەوە ناسراوە دژی ئازادی و ئازادی رادەربڕینە و بە دەسەڵاتی سانسۆر ناوی دەرکردوە. هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە دەستی کرد بە قەدەغەکردنی بەشێکی زۆر لە رۆژنامە و بەرهەمە هونەرییەکان ، لەوانە فیلم و مۆسیقا و لە پرۆسەی بە ناو (شۆڕشی کەلتووری)یدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکارانی بیرجیاوازی لە زانکۆکان کردە دەرەوە. یان ئەوە بوو ناچار بن وڵات بەجێ بهێڵن یان ئەوە بوو چوونە زیندان و لەوێ تووشی توندترین ئەشکەنجەکان بوونەوە تەنانەت بەشێکیان بە مەرگیان بەرگریان لە ئازادی کرد، یان ئەوە بوو ناچار بە بێدەنگە کردن کران. دەیەی ١٣٦٠ (١٩٨٠) دەیەیەک بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و هونەرمەندان و بیرجیاوازان کەوتنە زیندانەوەو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی پڕ بوو لەو کەسانەی بە شێوەی جیاواز بیریان دەکردەوەو دەیانووسی ق هونەری خۆیان دەردەبڕی.

لە ٤ دەیەی رابردوودا ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان و بیرجیاوازان ناسراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیستەمی چاودێری کردنی کتێب و نووسراوەکان، ئیزن نەدان بە چاپ بوونی بەرهەمە ئەدەبییەکان ، لە بەرامبەردا بڵاو کردنەوەی بە لێشاوی بەرهەمی پڕووپاگەندەیی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی، کە هەم لە باری ئەدەبی و هەم لە باری هونەرییەوە بەهایەکی ئەوتۆی نییە، وای کردوە زیانی گەورەی گەیاندووە بە هونەر و ئەدەبی ئێران.

عەلی ئەشرەف دەرویشیان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ خوسرەو باقرپوور، باس لە کێشەی سانسۆر دەکات لە ئێران و دەڵێت:" بە هۆی سانسۆرەوە لە ئێران، ئەدەبی گێڕانەوە بەها و گرینگی خۆی لە دەستداوە. ئەژماری کتێبەکان هاتۆتە خوار. خەڵک روویان کردۆتە کتێبەکانی پێش ساڵی ٥٧ (١٩٧٩). لە بەر ئەوەی ئەو کتێبانە بە باشتر دەزانن و کەمتر سانسۆر کراون. کە کتێبێک نەخوێنرێتەوە رەخنەی چی و بۆ کێ؟ دەیەی ٤٠ (١٩٦٠) و سەرەتای دەیەی ٥٠ (١٩٧٠) سەردەمی گەشەی ئەدەبی گێڕانەوە بوو لە ئێران. لەم سەردەمەدا نووسەر و شاعیرانێکی گەورە پێگەیشتنو رەخنە گیانێکی تازەی بە بەردا هات. "

ئەم وتانەی دەرویشیان نموونەیەکە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی نووسەران و بیرجیاوازان بەرامبەر بە سیستەمی سانسۆر لە ئێران ، سیستەمێک کە ئێرانی کردووە بە گەورەترین زیندانی بیرجیاوازان و رۆژنامەنووسان. لە وەها دۆخێکدا وەستانەوە دژ بەم یاسا نادیمۆکراتیک و دژە ئازادییە ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازاد بیر و رووناکبیرە.

ناونانی رۆژی ١٣ی سەرماوەز بە رۆژی وەستانەوە دژی سانسۆر، بۆ رێز گرتنە لە ئازادی و وەستانەوەیە دژ بەو دەسەڵاتانەی کە ئازادی رادەربڕین سنووردار دەکەن. سانسۆر وەستانەوەیە دژ بە ئیرادەی ئازاد و دژ بە ئیرادەی ئینسان. وەستانەوە دژی سانسۆر بەرگری کردنە لە ئیرادەی ئینسان.



PM:10:14:09/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌