مەکڕۆن؛ کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە دەستتێوەردان لە وڵاتی لوبنان بێنێت

"ئێمانۆئێل مەکڕۆن" سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ "حەسەن ڕووحانی" وتی: "کۆماری ئیسلامی دەبێ کۆتایی بێنێت لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان."

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆشکی "ئێلیزە" ئاشکرای کرد کە حەسەنی ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیمانۆئێل مەکڕۆن وتووێژێکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە. 

بە وتەی هەواڵنێری فەڕانسە، "مەکڕۆن" لە وتووێژە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ "حەسەن ڕووحانی" باسی لەوە کردووە، دوای تەقینەوەی شاری بەیڕووت و قەیرانی سیاسی لوبنان، کۆماری ئیسلامی دەبێ کۆتایی بێنێت بە هەر چەشنە دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی وڵاتی لوبنان.
لە درێژەی ئەو وتووێژە مەکڕۆن باسی لە گرینگی یەکگرتوویی هێزەکان و حیزبەکانی وڵاتی لوبنان کرد کە دژ بە دەستتێوەردانی وڵاتانی دەرەوە، دەوەستنەوە.

کۆماری ئیسلامی بە دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی لە تێرۆریزم بووەتە هۆکاری سەرەکی لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی لەم وڵاتانە کە بەم هۆیە لەگەڵ هەڵوێستی توندی کۆمەڵگای نێونەتەویی ڕووبەڕوو بووەتەوە.

PM:02:35:13/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 123 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌