پۆمپێئۆ؛ ڕەنگە مکانیزمی ماشە چالاک بکەینەوە!

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "هەرکات ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوام کردنەوەی گەمارۆی چەک و چۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن وڵاتانی چین و ڕووسیە وێتۆ کرێت، ئەمریکا لە مکانیزمی ماشە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کەڵک وەردەگرێت."

"پۆپمێئۆ" ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی لە درێژەی سەردانی بۆ وڵاتی چێک لە وتووێژێک لەگەڵ "ڕادیۆ ئوروپای ئازاد" (ڕادیۆ ئازادی) وتی: "هیچ گونجاو نییە، وڵاتێکی ئوروپایی پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی بکات تا چەک و چۆڵی سەربازی پێشکەوتووی هەبێت."

ناوبراو ئاماژەی بە پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئوروپا کرد و وتی؛ ئەو وڵاتە بۆ ئاسایش و ئەمنییەتی ئوروپا جێی مەترسییە.

وەزیری دەرەوی ئەمریکا لە درێژەدا وتی: "ئێمە کارێک دەکەین تا گەمارۆکان بەردەوام بن و بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ، مافی ئەنجامی ئەو کارەمان هەیە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد وڵاتانی فەڕانسە و بریتانیاش مافی کەڵک وەرگرتن لەو مکانیزمەیان هەیە.

جێی ئاماژەیە "کێلی کرێفت" باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە گومانی ئەوە هەیە ڕووسیە و چین، بڕیارنامەی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوام کردنەوەی گەمارۆکان وێتۆ بکەن. 

بە پێی ڕێکەوتننامەی بەرجام کە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ٦ زلهێزی جیهانی دەربارەی چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی ئێران واژۆ کرا، لە ئۆکتۆبری ئەمساڵی (٢٠٢٠) گەمارۆی چەک و چۆل لە سەر کۆماری ئیسلامی هەڵدەگیرێت. ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا لەو ڕێکەوتننامەیە هاتە دەرەوە. ئێستا لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە، ئەمریکا بە نیازە بە ڕێکخستنی وڵاتانی ئۆرووپای ئەندامی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش بە کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە بگرێت و گەمارۆکانی چەک و چۆڵی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی درێژ بکاتەوە.

PM:02:33:13/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 127 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌