کاردانەوەکان بە ئاڵۆزی لە کەرتی ئینتەرنێتی ئێران

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، لە دەستپێڕاگەیشتن بە  ئینتەڕنێت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەرپرسانی وەزارەتی پەیوەندەییەکانی کۆماری ئیسلامیش، هۆکاری ئەم کێشەیەیان بۆ ئاڵۆزی هێلێ ئینتەڕنێتی ئەرمەنستان و تورکیە گەڕاندۆتەوە.
بەکارهێنەرانی ئێرانی دەڵێن، لە ڕۆژی چوارشەممەوە، کێشەیەکی زۆر لە ئینتەڕنێتی ڕایتێل، ئیرانسێل و هێڵی موخابەرات لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران پێش هاتووە و پەیوەندی هێڵە ئێرانییەکان لەگەڵ ئینتەڕنێتی جیهانی لەگەڵ ئاڵۆزی بەرەو ڕوو بووتەوە و تەنیا وێبسایتە ئێرانییەکان لەبەردەستی خەڵکی ئێران دان.
ڕۆژی چوارشەممە، وێبسایتی نێتبلاکز کە چاودێری ترافیک و پچڕانی ئینتەڕنێتی لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات، ئاڵۆزی لە کەرتی ئینتەڕنێتی ئێراندا پەسەند کرد و نووسی هاوکات ئەم کێشەیە لە عێراقیش بوونی هەیە.
کەرتی ئینتەڕنێتی ئێران ساڵانێکە لەگەڵ کێشە و ئاڵۆزی بەرەوڕویە کە سانسۆر و فیلتێرینگی بێ سنووری ناوەندە ئەمنیەتییەکان یەکێک لە هۆکارەکانیەتی.
لە هەمان کاتدا کۆمپانیای وی پی ئێن میکێرز، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکان کە وی پی ئێن بۆ کاربەرانی ئێرانی دابین دەکات ڕایگەیاندووە کە بە هۆی کێشە و گووشارێکی زۆری هەمەلایەنە کەلەسەریەتی، لە ڕۆژی هەینی، ٢٠ی پووشپەڕ، چالاکی خۆی ڕادەگرێت.
پێشووتر، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ سەرکووتی ناڕەزایەتیەکان، کەرتی ئینتەڕنێتیشان لە ئێران بە گشتی پچڕاندووە، کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە لە هەوڵی پلانێک بۆ جیاکردنەوەی ئینتەڕنێتی ناوخۆیی لە ئینتەڕنێتی جیهانییە و تا ئێستا چەندین بەشی ئەم پیلانە لە ژێر ناوی "کەرتی میللی زانیاری" خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

AM:02:20:10/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌