مایک پۆمپێئۆ: وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاودەنگن لە گەڕانەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ بە دژی ئێران

ڕۆژی دوشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی توییتێریدا نووسیویەتی: "لە ئیسڕائیل هەتاکوو کەنداوی فارس، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر لە هەمووکەس لە ژێر کاریگەری دزییەکانی تاران دان، یەک دەنگ دەڵێن: گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران دووپات بکەنەوە."
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: "ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسە کە گوێ بۆ قسەکانیان بگرێت."
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خوازیاری دووپات بوونەوەی گەمارۆی چەکووچۆڵ بە دژی کۆماری ئیسلامییە، گەمارۆیەک کە لە ژێر بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١٨ی ئۆکتۆبر کۆتایی پێدێت.
برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و کێلی کرەفت، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، خاڵەکانی بڕیارنامەی پێشنیاری ئەمریکایان بۆ دووپات بوونەوەی گەمارۆی چەکووچۆڵی ئێران لە ڕێگەی پەیوەندی ئینتێرنێتی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتوێ کردبوو.
ئەوان بە ئاماژە بە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو هێرش بۆ سەر عەرەبستانی سەعوودی لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی و ئەوەی کە ئێران بە سنوورەکان پابەند نەبووە و هەڵسووکەوتی مەترسیداری خۆی نەگۆڕیوە، داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە تا گەمارۆی چەکووچۆڵەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی دووپات بکاتەوە.

PM:10:05:07/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌