ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕێگرییان کرد لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ژینگەپارێز لە گوندی نێی مەریوان

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، بڕیار وابوو، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی پووشپەڕ، بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ژینگەپارێزی شاری پاوە، رێوڕەسمێک لە گوندی نێی مەریوان بەڕێوە بچێت، کە هێزە ئەمنیەتییەکان سەرەڕای ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، لاوێکی ئەم شارەدێیەیان بە ناوی (کاوان کەسرایی)، ٢٣ ساڵان، دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەکە لە درێژەدا بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: هێزە ئەمنیەتییەکان پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، هێزێکی زۆریان لە گوندی نێ جێگیر کرد و دەستیان کرد بە لێپرسینەوە و ئەزیەت و ئازاری لاوانی ئەم گوندە.

جێی ئاماژەیە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ، لە جەریانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخیڵی سەر بە شاری پاوە، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی " موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی"، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان بەخت کرد و چەند ژینگەپارێزی دیکەش برینداربوون.



PM:11:21:01/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌