ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا بۆ گەمارۆی چەکوچۆڵی ئێران تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە،١٠ی پووشپەڕ، ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا بۆ گەمارۆی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ دەکات.
ئەمریکا بە هۆی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، پشتیوانی لە تیرۆریزم و چەکدار کردنی ‌هێزە بە وەکاڵەتەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکە، خوازیاری دووپات بوونەوەی گەمارۆی چەکو چۆڵ بە دژی کۆماری ئیسلامییە کە لە ژێر بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆڕای ئەمنیەت و لە ١٨ی ئۆکتۆبر کۆتایی پێ‌دێت.
پێشووتر و ڕۆژی ٣ی پووشپەڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ڕێگەنادات بە کۆتایی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی، ئێران دەستی بە چەکوچۆڵی نوێ بگات.
ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕ، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و کێلی کرەفت، نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاڵەکانی بڕیارنامەی پێشنیاری ئەمریکایان لە ڕێگەی پەیوەندی ئینتەڕنێتی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش خستبووە بەر باس.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین وڵاتی جیهان خوازیاری دووپات بوونەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی بوون.
ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ، دێنی دانوون، باڵوێزی ئیسڕائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشکەشی چەند بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کۆماری ئسیلامی بە شێوازی نایاسایی چەکوچۆڵ لە ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد تا گەمارۆی چەکوچۆڵی ئێران دووپات بکاتەوە.
برایان هووک، نوێنەری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە سەردانی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی و چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: "هەر شتێک کە بردنەوە بۆ حکوومەتێکی پشتیوانی تیرۆریزم ئەژمار بکرێت، دەبێت هەمووکەسێک بە تووندی نیگەران بکات."
ڕۆژی دوشەممە، ٩ی پووشپەڕ، عەڕەبستانی سەعوودی لەگەڵ سەردانی برایان هووک، خوازیاری دووپات بوونەوەی بڕیارنامەی گەمارۆی چەکوچۆڵی ئێران بوو و ڕایگەیاند کۆتایی ئەم بابەتە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی دەدات زیاتر لە ڕابردوو سەرقاڵی چەکدارکردنی هێزە بە وەکاڵەتەکانی خۆی بێت و ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات.
وەزیری دەرەوەی بەحرەین بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ برایان هووک، بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت بەحرەین، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد تا گەمارۆی چەکوچۆڵێ ئێران دووپات بکاتەوە.
ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردان، سێ زلهێزی ئۆرووپایی خوازیاری مانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئۆرووپا بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری ناردنی چەکە ئاساییەکان و تێکنۆلۆژی مووشەکی بوون. بریتانیا، ئاڵمان و فەڕەنسا لە ڕاگەیاندێکی هاوبەشدا وتیان: "بە بڕوای ئێمە هەڵوەشاندەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی ئێران دەرئەنجامێکی زۆری لەسەر ئەمنیەت و سەقامیگیری ناوچەکە دەبێت.

AM:10:36:30/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌