بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە

ئازاد سۆهرابی

دەیەی كۆتایی دەسەڵاتی پاشایەتی و درێژەی دەنگھەڵبڕینەكانی خەڵكانی وەزاڵەھاتووی ئێران و بەربەرەكانێكانیان دژ بە ڕژیمی سەرەڕۆی سەردەم، كە سەرەڕای زەخت و زۆر و زیندان و ئەشكەنجە و لە سێدارەدانی تێكۆشەرانی ڕۆشنبیر و پێشكەوتنخواز و دژ بە دیكتاتۆڕی، روو لە گەشە و ھەڵچوون بوو، لەخۆگری خولقان و پێگەیشتنی بیر و ھزرێكی نوێ بوو لە نێو خەباتی چەندین ساڵەی مافخوازی و ئازادیخوازیی گەلی كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان. چڕ بوونەوەی زێدەخوازییەكانی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ڕوو لە گەشە، بەرە بەرە پێوەندییەكانی بەر لە سەرمایەداریی لە كۆمەڵگای ئێران و بەو پێیە لە كۆمەڵگای كوردستانیش ھەڵدەوەشاندەوە و شێوەیەكی نوێی لە چەوساندنەوەی كرێكاران و زەحمەتكێشان دەھێنا گۆڕێ و پێوەندییەكی نوێی  لە نێوان ئەوان و سەرمایەداریی پێگەیشتوودا پێكدەھێنا. بەڵام خەڵكی كورد كە لە درێژەی ھەڵاواردنەكانی دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی ناوەندەوە، لە سۆنگەی بزووتنەوە مافخوازی و ئازادیخوازییەكانیەوە، بە ئانقەست بێبەشكرابوو لە ھەر چەشنە پڕۆژەییەكی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەكانی سەردەم و دامەزراندن و دابینكردنی كارگە و كارخانە و زانستگە و شوێنە پەروەردەییەكان و پەرەی ڕێگاوبان و پێداویستییەكانی گەشەی ئابووری و كشتوكاڵ، بە لێشاو لە شار و لە دێھاتەكانەوە بۆ پەیداكردنی كار و دابینكردنی بژیوی ژیان پەڕیوەی ئەو شارانە دەبوون كە تێیاندا بەپێی سیاسەتی شوینیستیی زاڵەوە بە دەیان پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان و كارگە و كارخانە كەوتبوونە گەڕ، دیارە ئەم ڕەوتە ھەتا ڕادەیەكی بەرچاو دەبووە ھۆی چوونەسەرێی ئاستی وشیاری جەماوەری كۆچكردوو لە بواری كار و پیشەسازی و ئەوەش چوونەسەرێی ئاستی وشیاریی ھزری و كۆمەڵایەتی و سیاسی لێدەكەوتەوە. وێڕای ئەمانە زانستگاكان كە بەردەوام مەڵبەندێ بووە بۆ گەشە و نەشەی ھزری پێشكەوتنخوازانە و سەنگەرێ بووە دژ بە دیكتاتۆڕی، ڕۆڵی گەورەی دەگێڕا لە گۆڕینەوەی بیر و ھزری چەپ و سوسیالیستیدا و خوێندكارانی كوردیش دیارە بەھۆی بیری ئازادیخوازییەوە لەم چالاكییانەدا بەشداریی بەرچاوییان ھەبوو و لەم ڕەوتەدا ھەندێ لە خوێندكارانی چەپ بە خوێندنەوەیەكی نوێ لە سەر پرسی سیاسیی لە ئێران و لە كوردستان بەتایبەت و بە كەڵكوەرگرتن لە كەش و ھەوای سیاسیی و ڕووناكبیریی ئەو سەردەمە و خوێندنەوەی سەردەمیانە بۆ پرسی كورد لە دوای سەركوتی بزووتنەوە چەكدارییەكەی سالەكانی ٤٦-٤٧، و ھەستكردنیان بە بۆشاییەك لە ڕەوتی بزووتنەوەی مافخوازی و ئازادیخوازیی گەلی كورد ھەوڵیاندا وڵامێكی سەردەمیانە و گونجاو بە پرسی گەلانی ئێران و بەتایبەت پرسی گەلی كورد بدەنەوە كە ئاكامی ئەو ھەوڵانە داڕژتنی گەڵاڵەیەك بوو كە تۆوەكانی بە كار و ھەوڵی بێوچان و خۆنەویستانە لە ڕەوتی كاری سیاسی و ڕۆشنگەرانەدا لە ھەموو گۆڕەپانەكانی ژیان و كاری جەماوەریدا چاندرا و بە خوێنی كاك خانە موعینی ئاودرا و بە خوێنی كاك حەمە حوسەین كەریمی چەكەرەیدا و ڕیشەی لە دڵ و مێشكی جیلێكی نوێ لە كرێكاران و زەحمەتكێشان، خوێندكاران و ڕووناكبیران، مامۆستایان و قوتابیان، ھونەرمەندان و ئەدیبان و ھەموو چەوساوەكاندا داكوتا، ئەو جیلەی كە لە دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی كۆماری ئیسلامی و ھێرشكردنی بۆ سەر كوردستان و دەسكەوتەكانی گەلی كورد لە كورردستان، كە ببوە سەنگەرێ بۆ بەرگریكردن لە ئازادییە دەستەبەركراوەكانی گەلانی ئێران، بە ھەڵگرتنی چەكی بەرگری لە كەرامەتی گەلی كورد بوون بە لشكرێكی سووری بەھێز و نوێخواز بەنێوی پێشمەرگەی كۆمەڵە ھەتا ڕێبەریی شۆڕشێكی نوێ بەرەو ڕزگاریی مرۆڤ لە چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی، بەرەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی مرۆیی بگرنە دەست. پێشمەرگەی كۆمەڵە ئەو ھێزەی كە بە بیر و ھزری كاك فواد گۆچكرا و بە بیر و ھزر و ھەوڵی ھاوبیران و ھاوڕێیانییەوە جیلێكی نوێی پێشمەرگە و شێوازێكی نوێی لە خەباتی پێشمەرگانەدا خولقاند كە بە ئامادەبوونی لە سەرجەم بوارەكانی ژیان  و تێكۆشاندا باڵای كرد و سەلماندی كە لە ھەر شوێنێكی ئەم كوردستانە ھەڵاواردن ھەیە، كۆنەپەرەستی ھەیە، ناعیداڵەتی ھەیە، نابەرابەریی ژن و پیاو ھەیە، نەخویندەواری ھەیە، چەوساندنەوە ھەیە، توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان ھەیە، بەرەنگاری دەبێتەوە. سەلماندی كە ئەو ھێزەیە كە بە خۆنەویستی و چاونەترسی و بوێرییەوە بەرەوڕووی داگیركەرانی دڕندەی كوردستان دەبێتەوە و لەو ڕێگەیەدا گیانبازانە لە بەرانبەر كۆنەپەرەستی و داگیركاریدا ڕادەوەستێ و بە باوەڕمەندبوون بە سوسیالیسم بەرەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی مرۆڤی سەردەم ھەنگاو دەنێ و لەم بوارەدا ھیچ كۆسپێ ھەنگاوەكانی پێ شل ناكاتەوە و ڕژانی خوێنی ئەو ھەموو ھاوڕێ گیانبەختكردووانەی كە بە گیانبازی خۆیان بست بە بستی ئەم خاكەیان ئاوداوە، سوورتریان دەكا لەسەر خواستە ڕەواكانیان كە خواستی كرێكاران و زەحمەتكێشانە. 
ئێستا كە  نزیكەی چوار دەیە لە تێپەڕبوونی دەسپێكی نوێی خەباتی گەلەكەمان دژ بە دەسەڵاتی دژە خەڵكیی كۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێ، سەرەڕای ھەموو ئەو كەند و كوسپ و لێكدابڕانانەی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا كەوتۆتە بەردەم بزووتنەوەی ڕەوای گەلی كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان و ھێزە سیاسییەكانی گەلەكەمانی بێبەش لە خەبات لە ڕۆژھەڵات كردووە و شێوەی خەباتی بە ئاقارێكی دیكەدا بردووە تۆوی ئەو ھزرەی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە وڵاتدا چاندوویانە و بە خوێنی خۆیان ئاویانداوە ڕوو لە گەشەیە و ھەر سەوزە و خۆی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانە جۆراوجۆركانی سازكراو و پەرەپێدراو لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە  وەك خولقانی خۆڕسكانەی كومیتەكان و ئەنجومەنگەلی جۆراوجۆر لەنێو كۆمەڵگادا دەنوسێتەوە و نێو و یادی پێشمەرگە خۆ نەویست و چاونەترسەكانی كۆمەڵە وەبیر دێنێتەوە و سروودی پێشمەرگەی كۆمەڵە دەچڕێتەوە.  
ئێستا ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە كە ڕۆژی گیانبەختكردنی كاك خانە موعینی ھەوەڵین پێشمەرگەی كۆمەڵەیە لە كاتێدا ڕێزی لێدەگیرێ كە كۆمەڵگای ڕۆژھەڵاتی كوردستان  و ئێران بەگشتی لە درێژەی چوار دەیە دەسەڵاتی سەرەڕۆی كۆماری ئیسلامیدا تووشی قەیرانی گەورەی ئابووری، بێكاریی بەربڵاوی چین و توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا و قەیرانگەلی دیكەی نێوخۆیی و دەرەكی ھاتووە و گەمارۆكانی ئامریكا و پەتای گەورەی كوڕۆنا تەنگی پێھەڵچنیوە و ڕۆژ نییە ھەواڵی گیان لەدەستدانی خەڵكانی ھەژار بەھۆی ئەو پەتایەوە و ھەواڵی خۆكوژی ژنان و پیاوان بەھۆی ئەو قەیرانانەوە و یان ھەواڵی كوژرانی ژنان و كچانی بێدەسەڵات لەلایەن مێرد و باوك و برایانەوە بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوای پیاوسالارانە و ئایینسالارانەی نامووس و شەڕەفەوە كە ھەڵقوڵاوی یاسا كۆنەپەرەستانەكانی سەپێنراو بەسەر خەڵكی ئێراندان لە مێدیاكاندا بڵاو نەبێتەوە. وێڕای ئەمانە كەمبوونەوەی داھاتی نەوت و لە پەلوپۆكەوتنی ھەتا ڕادەیەك بەرچاوی ڕژیم، بۆ پەرەدان بە دەستێوەردانەكانی لە ناوچەكە و وڵاتانی دەورووبەر، بەبۆنەی سازكردنی ھیلالی شیعی و گەیشتن بە سنوورەكانی ئیسرائیل ، خەریكە تەنگی زیاتر بە ڕژیم ھەڵدەچنێ و ئەگەری سەرھەڵدانە جەماوەرییەكان و ئاڵوگۆڕ لە كۆمەڵگای ئێراندا زیاتر ھەست پێدەكرێ، ئەركێكی گەورە دەكەوێتە سەر شانی پێشمەرگەی كۆمەڵە وەك ھێزێكی پۆڵایینی بەزەبر ھەتا بە خۆ تەیاركردن و ئامادكاری بۆ كاتی گونجاو و ھەلی لەبار وێڕای ھاوئاھەنگیی بەرپرسانە  لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی گۆڕەپانی خەباتی ڕەوای گەلەكەمان پارێزەری دەسكەوتەكانی كرێكاران و زەحمەتكێشان بێ و بە درێژەدان بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی ھەر وەك نیشانیداوە و توانیویە وەدیھێنەری ئاواتەكانی گیانبەختكردووانی ڕێی ڕزگاریی بێ، ئاواتی لەمێژینەی ھەموو ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی ڕیزەكانی پڕ لە سەروەریی كۆمەڵە و پێشمەرگەی كۆمەڵە، ئاواتی لەمێژینەی گەلانی چەوساوە                                  
بەرز و بەڕێز بێ ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵه       
بەرز و بەڕێز بێ نێو و یادی ھەموو 
گیانبەختكردووانی ڕێبازی كۆمەڵە.  
ھەر سەوز بێ یاد و نێوی ئەو پێشمەرگانەی كۆمەڵە كە لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا بەگژ جەللادەكانیاندا چوونەوە و سەربەرزانە گیانیان بەختكرد.

PM:10:51:21/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌