کاردانەوەکان بەرامبەر وتەکانی خامنەیی لە ڕۆژی هەینی

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان، وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتەکانی ماوەی پێشووی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دژی ئیسڕائیل مەحکووم کرد.
دامینیک ڕاب، لە ماڵپەڕی توییتێری خۆیدا نووسی: " هیچ پاساوێک بۆ شێوازی وتەی دژەیەهوودی ڕێبەری ئێران بوونی نییە."
ناوبراو ئیزافەی کرد ئیسڕائیل مافی ڕەوای بۆ ئاشتی و ئەمنیەت هەیە و ڕەت کردنەوەی ئەو بابەتە بە هەموو خەڵکی ناوچەکە خەسار دەگەیێنێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ١ی جۆزەردان، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا وتە دژە ئیسڕائیلییەکانی ڕێبەری ئێرانی بە تووندی مەحکووم کرد بە هەڕەشەیەک بە دژی ئاشتی و ئەمنیەتی نێونەتەوەیی پێناسەکرد.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا لە ماڵپەڕی توییتێری خۆیدا نووسی: "ئەمە هەڕەشەیەک بە دژی ئاشتی و ئەمنیەتی نێونەتەوەییە، ئەمنیەتی ئیسڕائیل تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە و یەکێتی ئۆرووپا لە پاڵ ئیسڕائیلەوە وێستاوە."
پێشووتر ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گوڵان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ڕەخنە لە توییتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو وتانەی بە دژەیەهوود و بێزارکەر پێناسەکرد.
مایک پۆمپێئۆ لە توییتێردا لەگەڵ دانانەوەی توییتی عەلی خامنەیی نووسی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وتە دژەیەهوودیە بێزارکەرەکانی خامنەیی مەحکووم دەکات. ئەوان لە توییتێر و لە هیچ یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە جێگایێکیان نییە. ئێمە دەزانین کە وتە گڵاوەکانی خامنەیی، نوێنەرایەتی سوننەتی خۆڕاگری خەڵکی ئێران نییە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توییتێکی دیکەدا نووسی: "ڕێبەری ئێران گەورترین پشتیوانی ترۆریزم و دژەیەهوودی لە جیهانی هۆلۆکاست ڕەت دەکاتەوە، بۆ ترۆریستە دژە ئیسڕائیلییەکان پووڵ و چەک و چۆڵ دەنێرێت و ئێستاش بانگەوازی نازییەکان بۆ کۆتاچارەسەر بە کار دێنێت، ئایا ئەمە کەسێکە کە بتواندرێت لە بواری چەک و چۆڵ دا متمانەی پێبکرێت؟"
مایک پۆمپێئۆ ئاماژە بە چەند توییت و پۆستێرێک دەکات کە سایتی عەلی خامنەیی بڵاوی کردووتەوە سەبارەت بە ناکۆکی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان لە final solution بە مانای "کۆتاچارەسەر" کەڵکی وەرگرتووە. ئەم دوو وشەیە لە سەردەمی هیتلر لە لایەن نازییەکانەوە بۆ کۆمەڵ کووژی سیستماتیکی یەهوودییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل لە کاردانەوە بە پۆستێری ئۆفیسی خامنەیی لەسەر ماڵپەڕی توییتێری خۆی نووسی: "هەڕەشەی خامنەیی بۆ دەستپێکی کۆتاچارەسەر بە دژی ئیسڕائیل، پیلانی کۆتاچارەسەری نازییەکانی بۆ لەناوبردنی یەهوودییەکانمان وەبیردێنێتەوە. ئەو دەبێت بزانێت هەر حکوومەتێک کە هەڕەشەی لەناوچوونی ئیسڕائیل بکات، خۆی لە مەترسی لە ناوچوون دا دەبینێتەوە.
جاناتان گیلبێرت، بەرپرسی یەکێتی دژە تۆمەت هەڵبەستن بە ڕیتوییتی پۆستێری خامنەیی نووسی کە خامنەیی مەبەستی نازییەکان بە کار دێنێت و بە "کۆتا چارەسەر"، خوازیاری لەناوچوونی وڵاتی یەهوودییەکانە.
کۆماری ئیسلامی چەندین جار باسی لەناوچوونی وڵاتی ئیسڕائیلی کردووە و حەوتەی پێشوو بەشێک لە مەزاری"استر و مردخای" کە یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی یەهوودییەکانی ئێران و جیهانە، ئاوری تێبەردرابوو.

AM:11:21:24/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌