بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سمێنارێکی بەڕێوە برد +وێنە

کومیتەی زمان و فەرهەنگی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سمینارێکی بە بۆنەی ٢١ی فیورییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەڕێوە برد.
ئەو سمینارە کە لە سێ پانێل پێک هاتبوو، کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە شاری کۆیە و بە بەشداریی دەیان کەس لە خەڵک و ئەندامانی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری و نوێنەرانی حیزب و لایەن و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان، پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، دەستی بە کار کرد.
لە پانێلی یەکەمدا بەڕێز دوکتور هەژار ڕەحیمی، مامۆستای زانکۆ باسێکی لە سەر گرینگی و پێگەی زمان لە بنیاتنانی شوناس و باوەڕبەخۆبوونی نەتەوەییدا پێشکەش کرد.
بەڕیز ڕەحیمی لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام لە گرینگیی زمان لە بنیاتنانی شوناسی خۆیان و ئەویدییەکانیاندا تێگەیشتوون بۆیە بەهادان بە زمانی خۆیان و دژایەتیی زمان و فەرهەنگی ئێمە بۆتە یەکێک لە ئەسڵە نەگۆڕەکانی سیاسەت و کولتووری ئەوان لە هەموو سەردەمێکدا. بەڕێزیان هەروەها وتی: "بەخۆشییەوە زمانی کوردی ئێستا خەریکە بەهێزێکی گەورەوە دەچێتە نێو گۆڕەپانی زانست و مەعریفە و چەمکە فەلسەفییەکان و دەتوانین بڵێین ئەوەندە بەهێز بووە کە ئیتر هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نەماوە. ئێمە بۆ خۆمان زمانێکی بەهێزی خاوەن توانای بەرهەمهێنانی هزری و فەلسەفیمان هەیە، هەر بۆیە هەوڵدان بۆ سووککردنی زمانی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندا نە پێویستە و نە دەتوانێ هیچ یارمەتییەکی ئێمە بدات بۆ ئەوەی کە دابڕانی مەعریفی بۆمان بەرهەم بهێنێ".
دوکتور هەژار هەروەها وتی: "زمانی فارسی گەورەترین پاشخان و بناغەی فکری ئێرانیگەری و پاوانخوازیی فیکری و فەلسەفی و سیاسیی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندایە. فارسەکان لەوە دەترسن کە زمانی کوردی ببێتە زمانی هزر و فەلسەفە چوونکە دەزانن ئەوە کەسایەتی وکەرامەتی ئێمە بەهێز دەکات و دەبێتە کۆڵەکەیەکی قایم بۆ شوناس و سەروەریی نیشتمانیمان".
لە پانێلی  دووەمدا بەڕێز ڕەسووڵ سوڵتانی، شاعیر و وەرگێڕ باسێکی لەسەر جێگە و  پێگەی زمان لە خەبات و ململانێی مێژوویی نێوان نەتەوەی کوردی و داگیرکەرانی کوردستاندا پێشکەش کرد.
بەڕێز سوڵتانی لە سەرەتادا وتی: " زمان هەموو فاکتەرەکانی شوناس لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و گرینگیی وشە و زمان تەنانەت لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام و مەسیحیەتیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەو نەتەوانەی کە لە ڕەوتی مێژوودا زمانی خۆیان لە بەرانبەر زمانی بێگانەدا دۆڕاندووە، شوناس و سەروەریی نیشتمانیشییان دۆڕاندووە".
بەڕیز سوڵتانی هەروەها وتی: "لە فەرهەنگی نەتەوەی سەردەستدا ئێمە هەمیشە بە وشە و چەمکی  سووک و دژبەرانە پێناسە دەکرێین کە ئەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر باوەڕبەخۆبوون و پێوەندیی نێوان ئێمە و ئەوان داناوە. ئەوان لە هزری خۆیاندا ئێمە بە برا بچووک و کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەیانەوێ ئەو زیهنیەتە بخەنە نێو مێشکی تاک بە تاکی ئێمەش. بە ئێمە دەڵێن زمانی ئێوە زمانێکی فولکلۆری و شوانکارەییە و توانای زانستیی نیە. مەبەستیان لەو کارە ئەوەیە کە ئێمە شەرم لە زمانی پاراوی خۆمان بکەین. ئەوان دەیانەوێ سیستمی بیرکردنەوەی منداڵی ئێمە بکەن بە فارسی، تاکوو لە کوردبوونی خۆمان بەتاڵمان بکەن". بەڕێزیان وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێمە دەبێ لە بناغەوە فێر بین بە کوردی بیر بکەینەوە ڕایگەیاند: "بە خۆشییەوە شۆڕشگێران و خوێندەوارانی نیشتمانپەروەری کورد بە خوێنی خۆیان و بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان نەیانهێشت لافاوی سەرکوت و داپڵۆسینی دوژمنان، زمان و شوناسی نەتەوەیی کوردی لەنێو ببات و ئەمڕۆ لە سایەی خەباتی ئەواندا زمان و شوناسی نەتەوەکەمان پارێزراوە، بەڵام بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی زیاتری ئەو زیندوویەتییە نەسڵی ئێمە دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی خۆی زیاتر بکات".
لە پانێلی سێهەم و کۆتاییدا بەڕێز دوکتۆر ڕەحیم سورخی، مامۆستای زانکۆ لە ڕێگای سکایپەوە باسێکی لەسەر گرینگیی پەروەردە بە زمانی دایکی لەسەر کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگا پێشکەش کرد.
بەڕێز سورخی وێڕای باس لە هەوڵی چەواشەکارانەی ڕیژیمی ئێران بۆ نیشاندانی ئازادیی زمانی کوردی لە ئێراندا، ڕایگەیاند: "ئامانج لە ئەو دەرفەتە بەرتەسکانەی کە جمهوری ئیسلامی بە زمانی کوردی دەیدات، بێ کەڵک کردنی زمانی کوردی و بێ توانا نیشاندانی لە بەرچاوی خەڵکدایە".
بەڕێزیان هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانە وتی: "ئێمە دەبێ بە پەرەپێدانی کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی پەروەردە و گوتاری ئایینی بە کوردی، کەڵک وەرگرتن لە شێوەزارەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی ستاندارد و کەڵک وەرگرتنی بەردەوام لە زمانی کوردی وەکوو زمانی بیرکردنەوە، نووسین و ئاخاوتن لە هەموو بوار و چالاکییەکانماندا بەرپەرچی ئەو پی لانانە بدەینەوە".
دوکتور ڕەحیم سورخی هەروەها وێڕای ئاماژە بەوەی کە لەنێوچوونی هەر زمانێک دەبێتە هۆی بێبەشبوونی مرۆڤایەتی لە بەشێک لە مێژوو و سەرمایەی کولتووری خۆی، ئەوەشی زیاد کرد کە: "مردنی زمان مردنی پلۆرالیزمی کولتووری و کەلەپووری مرۆڤایەتییە. هەربۆیە خەبات لەپێناو مافی زمانیدا خەباتێکی ڕەوا و لە خزمەت مرۆڤایەتیدایە".
سمیناری کومیتەی زمان و فەرهەنگی ناوەندی سیاسیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاش کاتژمێر و نێوێک و پێشکەشکردنی سێ پانێلی زانستیی بەپێز کاتژمێر ٣٠:٤ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی کۆتایی هات


AM:10:07:20/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌