سەقز: ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی پێشمەرگەیەکی دێرینی کۆمەڵە گرت!

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی بەفرانباری ۹٨ی هەتاوی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری "سەقز" پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، بۆ هاوڕێی کۆچ کردوو کاک "کەریم مەولوودی" پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە گرت.
بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە خزم و کەسوکاری کاک "کەریم" لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سەقز ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیان بۆ کاک "کەریم مەولوودی" دانابوو، دوای تێپەڕ بوونی چەند خولەک لە ڕێوڕەسمەکە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارەوە بە شێوەی تەلفوونی هەڕەشەیان لێ دەکرێت کە ئەگەر خۆیان ڕێوڕەسمەکە کۆنەکەنەوە ئەوە هێرش دەکەینە سەرتان و خۆمان ڕێوڕەسمەکەتان پێ کۆ دەکەینەوە.
هەڕەشەو گوشار خستنەسەر ئەم بنەماڵەیە و پێش گرتن بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ کاک "کەریم" لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا کە کاک "کەریم" لە دەرەوەی وڵات گیانی لەدەست دابوو و هەر لەوێ بە خاک سپێردرابوو لە هەمان کاتدا چەندین ساڵە لە زێد و نیشتمانی خۆی دوور بوە. سەلمێنەری لەرزۆک بوونی بنەمای حکومەتی کۆمای ئیسلامی و ترسی  ئەو ڕژیمە لە کۆبونەوەی خەڵکە تەنانەت ئەگەر لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیدا بێت.

کاک "کەریمی مەولودی" پێشمەرگەی دێرین و فیدکاری کۆمەڵە و کەسایەتی ناسراوی شاری سەقز و سیمای خۆشەویستی ناو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوو کە بە داخەوە ڕۆژی چوارشەممە ۱٥ی ژانویەی ۲۰۲۰ لە تەمەنی ٦۲ ساڵیدا لە وڵاتی سوئێد بە هۆی نەخۆشینەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

AM:08:58:20/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌