دەسەڵاتی سەودا خوازیاری کۆیلەبوونی کۆمەڵگایە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/  ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی سەرماوەز ٩٨ی هەتاوی، "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێران لایەحەی بودجەی ساڵی ١٣٩٩ی ئێرانی لە ژێر ناوی "خۆڕاگری و بەرنگاری لە بەرامبەر گەمارۆکان"ی ڕادەستی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی کرد.
 دەوڵەتی ڕۆحانی لە کاتێکدا بودجەی ساڵی داهاتووی دیاری کرد کە  وڵاتەکەی بە هۆی سیاسەتە چەوت هەلەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژێر خراوترین دۆخی ئابووریدا ژیان بەسەر دەبات و ئەگەرچی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دوای هاتنە دەر لە ڕێکەوتننامەی بە ناو بەرجام بێ کاریگەر نەبووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و ئەم بارودۆخە خودی بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە بە شێوەیەک کە نوێنەرێکی مەجلیس باسی لەوە کرد، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی کێشەی ئابووریەکان ئێران هۆکاری نێوخۆییان هەیە و قەیرانی ئابووری لە ئێران هەڵ دەگەڕێننەوە بۆ سیاسەتی هەلەی ئابووری و گەندەڵ پەروەری و کۆماری ئیسلامی و گەمارۆکانی ئەمریکا بە هۆی پەرە پێدانی پرۆژە شەڕەنگێزییەکانی و تەرخان کردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە لە پێناو  سیاسەتە هەڵەکانی کە لێرەدا سرنجتان بۆ هەندێک لەو بەڵگانە کە لە دیاری کردنی بودجەی ئەمساڵدا بەڕوونی لەبەرچاوە رادەکێشم.
بەرنامەی دەوڵەتی ڕۆحانیش بۆ ساڵی داهاتوودا بە زیاد کردنی بودجەی ناوەندە مەزهەبییە شیعەکان بە تایبەت ئەو نەهادانەی کە لە دەرەوەی وڵات چالاکی دەکەن بۆ نموونە زیاد کردنی بوودجەی "جامعە المصطفی العالمیە" کە تەشکیلاتی ناوەندییەکەی لە شاری "قۆم" لە ڕاستای پەرە پێدان و تەرویجی مەزهەبی شیعە لە دەرەوەی وڵات چالاکی دەکات لە چاو ساڵی ٩٨ زیاتر لە ١٢ میلیارد تمەن زیادی کردوە، زیاد کردنی بوودجەی باقی نەهادگەلی لەو شێوە کە لە ژێر چاوەدێری وەزارەتی ئێرشاد دایە، سازمانی فەرهنگی و پەیوەندییە ئیسلامییەکانە کە بوودجەکەی ٢٢٠ میلیارد تمەن بوو بۆ ٢٤١ میلیارد تمەن بەرز بونەوەی بە خۆیەوە بینی، نەهادگەلی دیکەی ورد و درووشت تایبەت بە پەروەردە و سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەم بابەتە ٣ لەسەد واتا ٢٧ میلیارد تمەن زیادی کردوە.
وەکو ساڵانی ڕابردوو ناوەند و موئسسەکانی تایبەت بە بڵاو کردنەوە ئاساری ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی "خومەینی" و "خامنەیی" بەشێکی بەرچاوی  بودجەی ئێرانیان بە خۆیان تەرخان کردوە بە شێوەیەک بوودجەی دیاری کراو بۆ ئەو موئسسانە ٩٠ میلیارد تمەن ڕاگەیندراوە.
کۆبەندی بوودجەی دیاری کراو بۆ ناوندگەلی مەزهەبی تایبەت بە ناوخۆی ئێران، دەرەوەی وڵات و نەهادەکانی تەبلیغی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ٣ هەزار و ٨٧٤ میلیارد تممەنە کە سەرجەم لە چاو ساڵی ڕابردوو ٧٠ میلیارد تممەن زیادی کردوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ڕۆحانی سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری ئێران گرانی لە ڕادەبەدەر، زیاد کردنی حەقدەستی کارمەندانی بە تەنیا ١٥ لەسەد راگەیاندوە هەر وەها بە تێڕوانین لەسەر ناکار ئامەیی بەرپرسانی دەوڵەتی لە بواری پەروەردە و ڕاهێنان و نەبوونی پێداویستی تایبەت، دەوڵەتی ڕۆحانی بۆ پەرە پێدان بردنەسەرەوەی ئاستی زانیاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا هیچ هەوڵێکی نەدا و بە کەم کردنەوەی بوودجەی ئەو نەهادانەی کە لە ڕاستای  پەروەردە و فێرکاری پێشکەوتنی زانیاریی و چوونەسەرەی ئاگاهی خەڵک دا چالاکی دەکەن بە تەواەتی ئەو ڕاستیەیەی نیشان دا کە دەسەڵاتی سەودا واتە کۆماری ئیسلامی خوازیاری پەرە پێدانی کۆیلەتی و دواکەوتویی خەلکی وڵاتەکەی و پەرە پێدانی پرۆژە نگریسە شەڕەنگێزییەکانیەتی لە سەراسەری جیهان.
بۆ نموونە بۆ ساڵی داهاتوو بوودجەی ناوەندی پەروەردەی ئێران ٥٧ هەزار و ١٢٢ ملیارد تممەن دیاری کراوە لە حاڵێکدا کە داواکاری بەرپرسانی ئەم وەزارەت خانەیە ٧٣ هەزار ملیارد تمەن بوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە رەد کردنەوەی پێشنیاری بەرپرسانی ناوەندی پەروەردەی ئێران تیرێکی خەلاسی لە سەر ڕەوتی بەرەوپشچوونی پێشکەوتن و دابین کردنی ئەسڵی ٣٠ هەمی یاسای ئێران بۆ دابین کردنی خوێندنی بێ بەرامبەر دا و پێ دەچێت لە ساڵی ٩٩ حەقدەستی مامۆستایان بەرەو کێشە بەرەو ڕوو بێتەوە و بە دڵنیاییەوە وەکوو ساڵانای ڕابردوو ناچارن لە قوتابخانەکانەوە پارەی زۆرە ملێ لە بنەماڵەکان بسێنرێت.

جێگای باسە دەسپێڕاگەیشتن بە زانیاری سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێژەی بوودجەی بەشەکانی دیکە وەکوو حەوزەکانی فەرهەنگی، سیاسی و دینی کارێکی زۆر ئەستەمە کە زۆرێک لە نەهادگەلی تایبەتن کە بوودجەی موستەقلیان هەیە بەڵام لە نێوخۆی هەموو وەزارەت خانەکان و نەهادە دەوڵەتییەکانی سەر بە ڕژیم لەوانە، پایەگاکانی بەسیج، نوێنەرایەتی وەلایەتی فەقیە و نەهادەکانی تەبلیغی ڕژیم، عەقیدەتی سیاسی و... چالاکیان تێدا دەکرێت کە لە بوودجەی ئەو وەزارەت خانانە خەرج دەکەن.هەر بۆیە ئەوەی کە لە ڕاگەیاندەکان بە ناوی بوودجەی نەهادگەلی دینی فەرهەنگی یا تەبلیغاتی لە ناو ڕاگەیاندنەکاندا باسیان لێ دەکرێت تەنیا بەشێکی بوودجەی تایبەت بەو بەشانەیە.
لێرەدا جێگای پرسیارە کە دیاری کردنی بوودجەی ساڵی داهاتوو لە ژێر ناوی  "وەستانەوە و بەرنگاری لە بەرامبەر تەحریم" (استقامت و ایستادگی در برابر تحریم) و زیاد کردنی بوودجەی ئەو نەهادانەی کە بەشێک لە هۆکاری سەرەکی قەیران و باروودۆخی نالەباری ئابووڕی ئێستای ئێرانن و هیچ چارەسەرییەکیان بۆ بردنەسەرەوە چارەسەری قەیرانی ئابووری لە ئێراندا نیە و هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە نیە چ مانایەکی هەیە؟
ئەگەر مەبەست لە خۆڕگاری و بەرنگاری لە برامبەر گەمارۆکان شکەست پێهێنانی گەمارۆکانە و دەرچوون لە قەیرانە ئابوورییەکانە پەرە پێدانی بوودجەی نەهادە ئاینییەکان دەبێت پەرە بسێنێت یا ئەو ناوەندانەی کە  لە پێناو بردنەسەرەوەی زانیاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دا ببێت.
هەموو ئەم هەوڵانەی دەوڵەتی ڕۆحانی و بە گشتی و بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە تەنیا ڕێگای دەرچوون لە قەیرانەکان، تێکهەڵپێچانی یەکجاری و ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە.

AM:09:43:10/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌