ریالیزکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژن بە تایبەتی

مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک قۆناغی لە پێشکەوتن و دادپەروەری مرۆیی بڕێوە و ئەمڕۆکە ئەگەر پرسی یەکسانی جیندەری لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان وەک پرسێکی گشتگیر ئەژمار دەکرێت، بەرهەمی دەیان و سەدان ساڵ خەباتی ئازادیخوازان و یەکسانی خوازانی جیهانە.

پرسی جیندەری لە مێژووی گەلی کورد پرسێکی باو بووە. ئەگەرچی ناکرێت کە کلتووری داسەپاوی بێگانە و داگیرکاران بە سەر خاک و خەڵک کوردستاندا نادیدە بگرین، بەڵام گەلێک ئەزموون و نموونە هەن لە مێژووی گەلی کورد لەم بارەیەوە.

لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆر زوو پرسی یەکسانی جیندەری لە خۆگرت و وەک پتانسییەلێکی گەورە و بەهێز لەگەڵی هەڵسووکەوت کراوە. ڕەوتی پێشکەوتن و عەداڵەتخوازانەی گەلی کورد هەر زۆر زوو گەیشتە ئەو بڕوایەی کە دواخستی پرسی ژنان بۆ پاش چارەسەری باقی پرسە نەوتەوەیی و چینایەتییەکان هەڵەیە و بە پێچەوانە بوون و ڕێز لێنان لە وزە، بزووتنەوە و پتانسییەلی ژنان لە بزووتنەوەی گشتی گەلی کورد دەسکەوت و سەرمایەیەکی گەورەیە.

لە ئێستادا بە درێژەدان بە ڕێڕەوی پێشکەوتنخوازانەی مرۆڤایەتی و بەشی پێشکەوتن و دادپەروەرانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد ئەرکە لەسەرمان کە سەرەڕای ئەو هەنگاوە پۆزتیڤانە کە تا ئێستا هەڵگیراوە بۆ چەسپاندنی یەکسانی و جێندەری، هەوڵ و هەنگاوی توکمەتر، گرنگتر و بەهێزتر لەم بوارەدا بهاوێژین چونکە هێشتا زۆرترمان دەوێت بۆ ئەوەیکە شەڕی ئەم نادادپەروەری و ستەمە بەگشتی لەئێران و کوردستان بەتایبەتی بکەین، بارودۆخ و رووداوەکان وادەخوازن و پێویستە دەلاقەی جیهانبینییەکان بگۆڕین و لە پرسی ژن و پێگە ئینسانی و مافەکانی زۆرتر نزیک بینەوە و گرنگتر ئەوەیە لەوەی تا ئێستا کراوە هەوڵی زیاتر بدەین و نەوەستین تا لە فەلسەفە ئەفسوناوییەکانی دوالیزمی جێندەریی ژن/پیاو تێپەڕبین بەو واتایە کە وەها دوالیزمێک هۆکاری سەرەکییە بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بووەتە رەگ و ریشەی زۆر دیاردەی سیاسی _ کۆمەڵایەتی.

بە چاوخشاندنێک لە مێژوو و گەرانەوە بۆ ڕابڕدوو دەبینین کە بە درێژایی مێژوو پێگەی ژن و پیاو لە گۆڕان و شوێنگۆڕیندا بووە لێ ئەم نووسینەی من لە کاتێکدایە و ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەتی ئێران و هەروەها وڵاتانی ناوچەکە دەیبینین و وەک راستی باباتەکە بوونی هەیە و باڵادەستە، سیاسەتی پیاوانەیە و ئەوانەی چالاکی و موبارزە دژ بەم نادادپەروەری و دۆخە نالەبارە دەکەن مەبەست و ئامانجیان بەرقەرارکردنی یەکسانی و تەوازنی هێزە لە نێوان ژن/پیاودا.

بە گشتی دەسەڵاتی پیاو گشتگیرە، واتە زاڵبوونی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە ماڵ و بەسەر ژن و خێزانی خۆیدا نامێنێتەوە بەڵکوو چووتە گشت لایەنەکانی ژیانەو بووە بە کلتور، وەک ئەوەی کە دەیبینین لە شێوەدان و داڕشتی دەقە ئایینییەکانەوە بگرە تا دەگاتە داڕشتنی یاساکان بۆ دەوڵەتداری، فەلسەفە و هونەر و زانست، ئەگەر بڕوانینە سینەما و شانۆ و گوێ لە شێعر و موسیقا بگرین هەمان شتە، گوتارو دیزاین و پۆشینی جل وبەرگ و بابەتەکانی تر وەک سونەت و نەریت و کلتور و شار و شارسازی و بیناسازی و بزنێس و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، شێواز و عەقڵییەتی بیرکردنەوەو نووسین و دیاری کردنی هەڵسوکەوتەکان و تەنانەت دیاریکردنی ئەتکتی نان خواردن و ئەدەبی قسەکردن و زۆر شتی تر...

جێندەر:

بریتییە لە زانستی رەگەزی و لە کۆمەڵناسیدا بە مانای تایبەتمەندییەکانی هەر یەک لە ژن و پیاو دێت لە پێگەی کۆمەڵگەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز و ئەو رۆڵانە کە داڕێژراوە بۆیان. واتە سەیر کردنی ژن و پیاو وەک ئەوەی مرۆڤن، دابڕاو لە رەگەزی هەرکامەیان، ئەم زانستە تەنها تایبەت نییە بە ژن، بەڵکو تایبەتە بە پیاویش.

لە ئەساسدا بابەتی جێندەر ئاماژەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی – شارستانییە و چۆنییەتی دەرکەوتن و هەڵسوکەوت کردنی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگە و کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بەپێی هێما دیارە باوەکان و پشت بەستن بە کلتور و نەریتە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵگەیە.

هەروەها دەتوانین بێژین کە بابەتی جێندەر یان جۆری کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ ئەو رۆڵ و سیما و نیشانانە کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا داڕێژڕاوە بۆ هەر یەکە لە ژن و پیاو، کە دەربڕی جیاوازی و جیاکارییە کۆمەڵایەتییە رەگەزییەکانە و وەسفی ئەو رۆڵانە دەکات کە بۆ ژنان و پیاوان دیاریکراوە لە کۆمەڵگەدا لە رێگای بنەمای پێکهاتەیی تاکەکەسی و کلتوری و پێوەری و تابۆکانەنییەوە.

بەپێی پێناسەی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی، جێندەر سوودمەندە بۆ ئەو تایبەتمەندییانەی کە هەر یەکێک لە پیاو و ژن هەیانە وەک (رەگەزێکی تێکەڵی کۆمەڵایەتی) و هیچ پەیوەندییەکی بە جیاوازی ئەندامەکانی جەستەوە نییە و ئەوە تەنها هەستی مرۆڤەکانە کە خۆی بە (ژن یان پیاو) دەزانێت.

بۆ نمونە:

یاساکان:

لە ئێران یاساکان دژ بە دەرکەوتن و بوونی وجودی ژن و وەک پاشکۆی پیاوان نووسراوە: یاسا خێزانییەکان (تنظیم خانواده)، یاسای سزا ئیسلامییەکان (قانون مجازات اسلامی)، یاسای میرات(ارث و میراث) و ...

لە مادەی ١١٠٥ی یاسای مەدەنی هاتووە کە سەرۆکی خێزان (ریاست خانواده) تایبەتە بە پیاو.

بەپێی هەمان یاسای مەدەنی حەقی جیابوونەوە (طلاق) دراوە بە پیاو.

مادەی ٣٨٢ی یاسای مەدەنی ئەیژێ: ئەگەر پیاوێکی موسلمان ژنێکی بە ئەنقەست کوشت بۆ ئەنجامی قەساس دەبێت خانەوادەی ژنە نیوەی پارەی دیەی پیاوێک بدەن بە دادگا تاکوو قەساس ئەنجام بگرێت چونکە دیەی ژن نیوەی پیاوە.

و بەپێی مادەی ٦٣٠ی یاسای سزا ئیسلامییەکان قەتڵی نامووسی بۆ پیاوان هیچ سزایەکی بەدواوە نییە و پیاو مافی ئەوەی هەیە ئەگەر ژنەکەی لە کاتی زینا بینی بیکوژێت!

لەم دواییانە و لە چوارچێوەی ئەسڵی ١٢٣ی قانونی ئەساسی ئێران بۆ چاکسازی لە یاسای سەرپەڕشتی منداڵ بۆ دایک لە پیاوی ئەجنەبی لە لایەن حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەم لایحە پێشکەش بە پەرلمان کراو لەوێ پەسەند بوو، بەڵام ئەگەر بە وردی بچینە ناوەرۆکی یاساکەوە دەبینین کە ئەوەندەی رەگەزی ژنیان بردۆتە ژێر پرسیارەوە ئەوەندە مافی ئینسان بوونیان بۆ ئەو دایکانە دانەناوە!

کلتوور:

بەپێی هزرە باوەکانی کۆمەڵگە ژن پاشکۆی (ماڵ، مناڵ وخێزان)ە و پیاوانیش پاشکۆی بواری گشتی (کار، سیاسەت و ئابووری)ن، یان ئاماژە بە بریاڕدانی ژن ئەکرێت لە رووی سۆزداریەوە بەڵام پیاوان بریاڕی لوژیکی ئەدەن!...

لە لایەکیتر باسکردن لە جێندەر بەپێی رۆڵی پیاو و ژن دەبینرێت لە نێو کۆمەڵگە رۆڵی نێو کۆمەڵگە و بنەماکانی رۆشنبیری و پێوانە(معیار) و ئامادەکارییەکانی بۆ ئازادی تاک لە رۆڵبینی جێندەردایە وەک ناوەرۆک و کاریگەری (بایلۆژیک) و بە پێی ئەم پێناسەیە لە رۆشنبیری و شارستانیەتێکەوە بۆ شارستانیەتێکی تر گۆڕانکاری و گەشەسەندن بە خۆوە ئەبینێت.

دیارترین ماتریاڵی جێندەر بریتییە لە بانگەواز بۆ یەکسانی نێوان (ژن و پیاو) بەو مانایەی پیاوسالاری بەسەر ژنەوە باڵیکێشاوە و پیاوان هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی پیادە دەکەن و پێویستە هەلیش بدرێتە ژنان لە کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا هێزی خۆیان هەبێت وەک پیاوان و بەیەکسانی و بێ جیاوازی وەک دوو هاوبەش کار بکەن لە تەواوی ئاستەکان تەنانەت لە ئاستی خێزانیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە (بایۆلۆژی)ە قورسەکانی نێوان (ژن / پیاو)، بەتایبەتیش لە نێو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان کە رەخنە لە دەق و یاسا ئایینییەکان دەگیردرێت بەرامبەر ژن و پیاو و نایەکسانییان لە پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساکان و نەچوونە دەرەوەی ژن لە ماڵ و نەبوونی حزووری لە بوارە جیاجیاکانی ژیان و دەستکەوتەکان بۆ ژنان.

چالاکانی بواری جێندەر هەوڵدەدەن لە رێگەی بەرنامەی گەشەپێدان، کار بۆ گۆڕینی بەهای بونیادگەرایی لە نێو کۆمەڵگە بکەن.

دیارترین و گرنگرترین پێوەرە جێندەرییەکان کە سەرنجی چالاکانی ئەم بوارەیان راکێشاوە بۆ ئانالیز و شیکردنەوە و کاری لەسەر ئەکەن ئەمانەن:

یەکسانی جێندەری

لایەنگیری جێندەری

جیاکاری جێندەری

کەلێن یان گاپی جێندەری

دەرککردنی جێندەری


PM:03:26:12/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 302 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌