ئەمریکا لە کاردانەوە بەرامبەر بە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرجام؛ "هەنگاوێکی گەورە لە ڕێگەیەکی هەڵەدا"ـیە!

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوە بە دەست پێکی قۆناغی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام، ڕایگەیاندووە کە کە ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی "هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕێگەیەکی هەڵە" و هاوکات سێ یاسادانەری باڵای کۆماری خوازەکانی ئەمریکا لە سێنا خوازیاری هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونی هاوکارییە ناوکی و ناناوکییەکان لەگەڵ ئێران و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ سەر ئێران. 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: "ئێران هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراوی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی "فۆردۆ" یا هەر شوێنێکی دیکە نییە جگە لە هەوڵ بۆ باجگیری ناوەکی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم کارە تەنیا کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیدا پێی پەراوێزتر دەکەوێتەوە." 
سێناتۆر"تێدکروز"، سێناتۆر"لیندسی گراهام"، و سێناتۆر"لیز چێنی" ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا کە هەر سێکیان ئەندامی حیزبی کۆماریخوازن ئەو وڵاتەن لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری ڕاگرتنی لێخۆشبوونەکانی ئەمریکا لە بواری هاوکارییە ناوەکییە و ناناوکی و نیزامییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوون و ڕایان وایە کە ئەم لێخۆشبوونانە ڕێگە بە ئێران دەدات تا "بەر لە گەڕانەوە بە شێوازی ئاشکرا بۆ هەنگاوە نایاساییەکانی خۆی لە دامەزراوە پەیوەندی دارەکان، کات بکڕێتەوە و توانایی ناوەکی خۆی بەرێتەسەرەوە."
هەروەها کەم کردنەوەی پابەندی بە بەڵێنەکانی بەرجام کاردانەوەی سێ وڵاتی بریتانیا، فەڕەنسا و ڕووسیەی لێکەوتووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ کەم کردنەوەی پابەندی بە بەڵێنەکانی بەرجامی، بە شکاندنی ئەو ڕێکەوتنە و مەترسییەک بۆ ئەمنیەتی نیشتمانی بریتانیا پێناسە کرد و وتی؛ ئێران دەبێت پابەندبێت  بە بەڵێنەکانی خۆی لە بەرجامدا و بێ وەستان بگەڕێتەوە بۆ دەستپێکردنی "هەموو پابەندییەکانی لە بەرجام"دا.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش ڕەخنەی لە کەم کردنەوەی پابەندییە کۆماری ئیسلامی بە بەڵینەکانی لە بەرجام گرتووە و داوای لە ئێران کرد کە بیرێکی دووبارە لە هەنگاوەکانی خۆی بکاتەوە.
 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ "ڕاگەیاندنی ٥ی نۆڤامبری ئێران بۆ بردنە سەرەوەی توانایی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وڵاتەدا دژ بە ڕێکەوتنی ناوەکییە کە چالاکی لەوبوارەدا سنووردار دەکاتەوە."
وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیاش وتوویەتی کە سەرەڕای پەیوەندی باشمان لەگەڵ تاران، بەڵام سەبارەت بەم هەنگاوە بە مەترسییەوە دەڕوانن.
حەسەنی ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دوێنێ ١٣ی خەزەڵوەر (٥ی نوامبر) ڕایگەیاند کە ئێران قۆناغی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندییەکان بە بەرجام دەست پێ دەکات. 
شەش زلهێزی جیهانی (ئەمریکا، چین، ڕوسیا، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان) ساڵی ٢٠١٥ ڕێکەوتنێکیان دەربارەی چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد کە بەرجام ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا یەک لایەنە لەو ڕێکەوتننامەیە هاتەد دەرێ و کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی دژی کۆماری ئیسلامی خستە بواری جێ بەجێ کردنەوە. 
ئەمریکا لەوبڕوایە دایە کە "بەرجام" ڕێکەوتننامەیەکی خراپە کە ڕێ لە کۆماری ئیسلامی ناگرێت بۆ ئەوەی نەبێت خاوەن چەکی کۆمەڵکووژی ئەتۆمی.

AM:11:51:06/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 86 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌