بە بیانووی ڕۆژی جیهانی «ژنانی گوند»ـەوە

«ویل دۆرانت» لەو بڕوایە دایە و دەسکەوتە شوێنەوار ناسییەکانیش باس لەوە دەکەن ئەو کاتەی کە ژن بەهۆی باری فیزیۆلۆژی ژنانەیی خۆیانەوە نەیان دەتوانی وێڕای پیاوەکان لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە سەردەمی «کۆمۆنە سەرەتاییەکان» (ڕاو) بەشداری بکەن –توانایی جەستەیی و زۆر جارانیش دوو گیان بوون- لە ماڵ دەمانەوە، لە ماڵ مانەوەیان و نبووغیان وای کرد کە «کشت و کاڵ» کەشف بکەن. دۆزینەوە و کەشفی کشت و کاڵ ئاراستەی ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕی و تا ئێستاش هەموو مرۆڤایەتی قەرزداری ئەم کەشف و دۆزینەوەی کشت و کاڵی ژنانە.
لەم ساڵانەی دوایی دا لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوڕدانەوە لە دۆخی ژنان و بە تایبەتی ژنانی گوندنشین ڕۆژێکی جیهانی بەو ناوە، ناوزەد کراوە. ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی ڕەزبەر.
لە ڕۆژەدا ڕێز دەگیرێت لە هەوڵ و ماندوو بوونی ژنانی گوندنشین و ڕەنگە دەرفەتێکیش بێت بۆ خستنە ڕووی دۆخی زۆرینەی ڕەهای ژنانی گوندنیش.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ٤٠ بۆ ٦٣٪ چالاکانی کشت و کاڵی ژنان پێکی دێنن. ئەم ئامارە سادەیە پێگەی بەهێز و کاریگەری ژنان لە دابین کردنی خۆراک و ئەمنییەتی خۆراکی لە جیهان و بە تایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمی و یەک لەوانە لە ئێران دەر دەخات.
بە پێی ئامارەکانی شەهلا کازمی پوور، حەشیمەت ناس و کۆمەڵناسی ئیرانی ١٠ میلیۆن ١٠٠ ژن لە ئێران لە گوندەکان دەژین و ڕاستەوخۆ لە بەرهەم هێنانی خۆراک ڕۆڵ دەگێڕن.
بەچاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ئەم ئامارانە پێگەی بەهێز و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە بەرهەمهێنانی خۆراک دەردەکەوێت، بەڵام بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە کەمترین پشکیان لە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەی بەر دەکەوێت و نەک هەر لە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەی بێ بەشن، بەڵکوو بە دڕندانەترین شێوە دەبنە قوربانی.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان لە ساڵی ٢٠١٥  نزیکەی ١٣ میلیۆن و نیو کچی منداڵ بە زۆرەملی بە مێرد دەدرێن کە ئەمە پێشێل کردنێکی ئاشکرای بەندی یەکی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە کە دەڵێت هەموو مرۆڤێکی ژێر ١٨ ساڵ منداڵە و لە خاڵەکانی دواتر دا باس لە قەدەغەبوونی کاری منداڵان، بەمێرد دان و ژن بۆ هێنانیان، خوێندنی بەخۆڕایی و بەهرەمەندی لە کەشی ئاسوودە بۆ بەسەر بردنی تەمەنی منداڵییان و ... دەکات. دیارە پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە لەو باوەڕدان کە ئەم ئامارە لە ساڵی ٢٠٥٠ بۆ سەروو ٣٠٠ میلیۆن منداڵ بەرز دەبێتەوە.
ئامارەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوە ترسناک ترن. بە پێی پلانی ٥ی گەشەی، کە بریتییە لە نەهێشتنی هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان بە ئاشکرا لە لایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دژایەتی دەکرێت کە بریتییە لە تەرخان کردنی بودجەی تایبەت بۆ نەهێشتنی جیاکاری و هەڵاوردن لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ.
هێشتا کە ئوستانە سنوورییەکان کە تێیاندا کەمایەتییە نەتەوەییەکان و لەوانە کوردەکان نیشتەجێن، دۆخی ژنان مەترسیدارترە لە چاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، خوراسان، بەلووچستان و ناوچە عەرەبییەکانی ئێران، زۆرینەی ژنان تووشی کێشەی تەندروستین. نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و دیاردەی «ئاو هێنان» کە زۆرجاران دەبێتە هۆی کەم ئەندام بوون و لە هەندێک حاڵەتیش دەبێت هۆی مەرگ و گیان لە دەستانی ژنان و کچانی گوندنشین.
خاڵێکی گرنگ لە پێوەند لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنانی گوندنشین لە ئاستی جیهان و ئێرانی و کوردستانی دێتە ئاراوە، پرسی «هەڵاواردنی ئیقلیمی» واتە گۆڕینی کەش و هەوایە.
سەرهەڵدانی وشکەساڵییەکان و یان بە پێچەوانە باران بارینی زۆر و هەستانی سێڵاو لافاو کە بەداخەوە ئێران و کوردستان هەر دوو ئەم بەڵا سرووشتییەی ئەزموون کردووە، دەحەق بە ژنانی ئێرانی و کوردیش کاریگەی خراپی داناوە.
بە پێی پێناسەی گشتی «هەڵاوردنی گۆڕینی کەش و هەوا» باس لەوە دەکرێت لە گەرم بوونی گۆی زەوی و تێکچوونی کەش و هەوا، دەوڵەمەندەکان دەتوانن خۆیان لەو قەیرانانە دەرباز بکەن و بچن بۆ ئەو شوێنانەی کە کەش و هەواکەی گونجاوە. لەم بابەتەدا کە هەروەک ئاماژەی پێکرا کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی جیهان و بە تایبەتی تر لە ئێران وکوردستان لە گوندەکان نیشتەجێن و شاهیدی ئەم بەڵا ماڵوێرانەکەرانەی، سێڵاو و وشکە ساڵین، کە لەگەڵ کەم بوونەوەی داهات و دۆخی خراپی گوزەران بەرەوڕوو دەبنەوە، لاوازترین توێژ لەم دۆخەدا ژنان و کچان و منداڵان و بەساڵاچووانن.
زۆرێک لە باوکان و سەرپەرستی خێزانەکان بۆ کەم بوونەوەی نانخۆرێک لە سەر سفرەکەیان، بەناچار کچە منداڵەکانیان دەدەن بە شوو کە لە زۆربەی هەر زۆری ئەو بەشوودانانە، بە زۆر و بەناچار کردنی کچانە.
جێی خۆیەتی کە کۆمەڵناسان لەوبارەیەوە زۆرتر بەدواداچوون بکەن و دام و دەزگا مەدەنییەکان دەربارەی دەرەنجام خراپ و بێگەڕانەوەکانی ئەم کارە بۆ کۆمەڵگا ڕۆشنگەری بکەن.
زۆرێک لە دیاردە ناشیرینەکان کە ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی پێوە دەناڵێنێت، نەبوونی ئەم هۆشیارییەیە لە ئاستی گشتی کۆمەڵگا.
لە وڵاتانی دیمۆکراتیک دەوڵەت و دەسەڵاتەکان هەموو هەوڵیان پاراستنی هاوڵاتی و شارۆمەندانی وڵاتەکەیانە، پلان و بەرنامەکانیان لە پێناو بەختەوەر کردن و دابین کردنی ژیان و گوزەرانی تاکەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەتی توێژە لاواز و هەستیارەکانی کۆمەڵگایە، بەڵام بەداخەوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەوەی کە بۆ بەرپرسان و دەسەڵاتدارنی ئەو وڵاتە گرنگ نییە، تاکی وڵاتەکەیان و شارۆمەندانی وڵاتەکەیانە. لە ڕێی بە تاڵان و تاراج بردنی سەروەت و سامانی میللەتەکەیان و پشتیوانی کردنی لە گرووپ تیرۆریستییەکان دەست پەروەردەی خۆیان، هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و ڕۆژ ڕەشی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگاکەیان و لە سەروو هەموویانەوە ژنانی وڵاتەکەیانن.

PM:05:49:31/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌