کۆبوونەی گشتی كۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هولەند بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتوبر بە میوانداری پارتی دێموکراتی کورستان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری "رایسوێک" کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان بەڕێوە برد.

پاش ڕاپۆرتی هاوکاریی پاڕتە کوردستانییەکان لە لایەن بەرپرسی ڕێکخراوەکە کاک "عەلی هەرووری"، بە پێی بەرنامەی دیاریکراو چەند بابەت خرانە بەر باس و گفتوگۆ  کە بریتی بوون لە؛ دۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا، چۆنایەتی پشتیوانی کوردەکانی دانیشتوی هۆڵەند، کاری لۆبی، ڕاپۆرتی بەشی ماڵی و پێشنیارەکان.

سەرجەم حیزبە بەشداربووەکان هەڵوێستی بەرپرسانەی خۆیان و هەروەها پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەربڕی. بڕیار درا لە ئەگەری هەر کارەساتێک پێکەوە کاری لۆبی و ئاکسیۆنی خێرای بۆ ڕێک بخەن. یەکێکی تر لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بریتی بوو لەوەی کە هەموویان لە ڕێگای ڕێکخراوی "ماڵی کورد لە شاری ئاڕنهێم" یارمەتی بۆ مناڵانی کورد لە ڕۆژئاوا کۆ بکەنەوە.

چەندین پێشنیار لە سەر کاری لۆبی خرایە بەردەست کە هەموویان بەو ئەنجامە گەیشتن تا ڕێکخراوی هاوکاری لە ڕێگای کەسانی پسپوڕ، شارەزا و بەئەزموون چالاکییەکانی ئەنجام بدات بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا ئەم ئەرکە لە کاناڵی کەسانی پێشنیار کراو کە لە دەرەوەی ڕیکخراوەکەن ئەنجام بدرێت.

هاوکاریی جیا لە کۆمەڵێک باس و لێدوان لە سەر کارەکانی داهاتوو هەروەها  سپاردنی کۆمەڵیک ئەرک بە ئەندامان، بڕیار درا کە کۆبوونەوی داهاتوی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە مانگی فوریە بە میوانداری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە بچێت.

شایانی باسە هاوڕییان کەژاڵ ئیلخانیزادە، عەزیز خوسرەوی و کەیوان فەرامەرزی بە نوێنەرایەتی کومیتەی هۆڵەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کومیتەی هولەند


PM:09:08:21/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌