ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کاتی (شورای مدیریت گذار) چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد

 ڕۆژانی ٦ و ٧ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ٢٧ و ٢٨ی سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی پێکهاتەی "ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کاتی” بۆ سەردەمی پاش کۆماری ئیسلامی، لە هۆڵی ئمپایرکالێجی لەندەن، بەڕەسمی چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد.

ئەم شوورایە کە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە بیرۆکەکەی لە لایەن چەند کەسایەتییەکی دیار و دێرینی ئازادیخوازی ئێران هاتبوویە گۆڕێ، پاش دەیان کۆبوونەوە و سەدان کاتژمێر ڕاوێژ و تاوتوێکاری و هەڵسەنگاندن دەربارەی ڕۆڵ و کاریگەی و ئەرکی ئەو ئەنجوومەنە، ٣ بەڵگەنامەی دەکردووە.

لە ڕێ و ڕەسمی ڕاگەیاندنی ئەم پێکهاتەیە، کە بە بەشداری دەیان کەسایەتی و چالاکی سیاسی، کولتوری، نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئابووری و یاساناس و چەند بەشداربوویەکی بیانی بەڕێوەچوو،بەڕێز حەسەنی شەریعەتمەداری بەرپرسی یەکەمی ئەم شوورایە لە توێی وتارێکی دا ڕوانگە و ئامانج و سیاسەتەکانی ئەم شوورایە خستە ڕوو. بەڕێز شەریعەتمەداری باسی لەوە کرد کە ئەم شوورایە وەک ئاڵترناتیڤێکی دیمۆکراسیخواز و گشتگیر لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا پێ دەنێتە سەر شانۆی سیاسی ئێران.

ئەم کۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەشدار بوو کە تێیدا چالاکان و خەباتکارانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێیدا بەشدار بوو. ڕەزا پەهلەوی، شازادەی ئێران لە توێی پەیامێک دا، پێکهاتنی ئەم شوورایەی لە پێناو یەکخستنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بە گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد.

خانمی شیرینی عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی و چالاکی ناسراوی مافی مرۆڤیش لە توێی پەیامێکی ڤیدیۆیی، پشتیوانی خۆی لەم شوورایە ڕاگەیاند و بە ئاماژە کردن بە پەسندکراوەکانی ئەم شوورایە، وەک ئاڵترناتیڤ و پێکهاتەیەکی کاریگەر لە پێناو دەستەبەر کردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کۆمەڵگای ئێران، پشتیوانی لێ کرد.

شەهریاری ئاهی، وتەبێژی ئەم شوورایەش یەکێک لە وتاربێژانی ئەم کۆنفرانسە بوو کە بەشێک لە ئەرک و کارەکانی ڕابردوو و داهاتووی ئەو شوورایە بۆ بەشدار بووان باس کرد.

هاوڕێ ناهیدی بەهمەنی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە بەرپرسی دۆسییەی هەڵاواردنی نەتەوەییە لەو ئەنجوومەنە کە بە "کارگروهی تبعیض ملی” ناسراوە لە وتارێک دا باسی لە پەسندکراوەکانی ئەم ئەنجوومەنەی بۆ پرسی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران کرد و باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەر لەوەی دەست بە دیالۆگێکی بنیاتنەر کە ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە بە بەخشینەوەی تۆمەتی جیاییخواز پێش بە هەر جۆرە دیالۆگێک دەگرن، کە تەنانەت ئاوڕدانەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەم پرسە لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بۆتە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ ئەم ئەنجوومەنە هاوکاری نەکەن. لە بەرامبەردا ئاوڕدانەوەی بەحەقی ئەم شوورایە لەم پرسە گرنگ و چارەنووس سازەی بە خاڵی بەهێزی بەڵگەنامەکانی ئەم شوورایە زانی و هیوای خواست کە ئەم هێرش ناڕەوایە بۆ سەر تێکۆشەرانی مافخوازی نەتەوەیی کۆتایی پێ بێت و هەموو لایەک ببنە هاوکاری ئەم شوورایە بۆ سەرخستنی ڕوانگە و ئامانجەکانی.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێ و ڕەسمە، خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دیمۆکرات، کە بەرپرسی پرسی ژنانە لە ئێران و بە "کارگروهی زنان ایران” دەناسرێت، قسە باسێکی پێشکەش کرد.

بە پێی زانیارییەکان کورد و نوێنەرانی کورد لە نووسینەوەی ٣ بەڵگەنامەکەی ئەم ئەنجوومەنە بەشدار بوون. لە بەڵگەنامەکانی ئەم شوورایەدا هاتووە کە کەمایەتییە نەتەوەییەکان خاوەنی ٣ مافی بنەڕەتین کە بریتین لە؛ ١ـ خوێند بە زمانی دایکی ٢ـ هەڵبژاردنی دامەزراوە هەڵبژاردنییەکان لە ناوچەکان و ٣ـ قەرەبوو کردنەوەی سیاسەتی بە ئەنقەست دواکەوتوو ڕاگرتنی ناوچە دواکەوتوو ڕاگیراوەکان.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی ئێرانی ئەم سێ خاڵە جیا لە پرەنسیپە گشتییەکانی ئەم شوورایە کە بریتین لە کارکردن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتێکی سیکۆلار و دێمۆکرات، لە بەرژەوەندی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و بە تایبەتی گەلی کوردە لە ئێران.

بە پێی سەرچاوەیەک لە شوورای مودیرییەتی گوزار لە کۆی ١١ کەس لە بەرپرسان و سەرۆکی کارگرووهەکانی ئەم ئەنجوومەنە ٤ کەسیان کوردن کە بریتین لە؛ بەڕێزان ناهید بەهمەنی، گوڵاڵە شەرەفکەندی، یەزدان شوهەدایی و کاک عەبدوڵڵا موهتەدی.

جێی ئاماژەیە کە لەم ڕێ و ڕەسمەدا یادێک کرا لە سەحەری خودایاری ناسراو بە "دختر آبی” کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر تاوانی چوونی بۆ یاریگای ئازادی تاران بۆ سەیری یاری فوتباڵ حوکمی ٦ مانگ زیندانی کردنی بە سەر دا سەپا و وای کرد کە خۆی بسووتێنیت و دواجار بە هۆی قورسی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لە دەست دا، کرا.

چەند دیمەن و تابڵۆیەکی هونەری لە ڕێ و ڕەسمەکەدا نمایش کرا. ئەم ڕێ و ڕەسمە بە بەشداری ژامارەیەکی بەرچاو لە میدیا و ڕاگەیاندنە ئێرانییە فارسی زمان و کوردی زمانەکانەوە بەڕێوە چوو کە هاوکات تەلەفزیۆنی ئیران ئێنترناسیوناڵ بە شێوەی ڕاستەوخۆی کۆنفرانسەکەی دەگواستەوە.

لە خاڵە جێی سەرنجەکانی ئەم کۆنفرانسە ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار دامەزراوەی "کونگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ” کە لە لایەن حیزب و نوێنەرانی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئیران (کورد، عەرەب، بەلووچ و تورک) لە ساڵی ٢٠٠٥ وە دامەزراوە و لە ماوەی ئەم ١٥ ساڵە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە بایکۆت کرابوو، بە شێوەی ڕەسمی بانگهێشت کرابوو.کورد لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ، پێگەیەکی بەهێزی هەیە.


AM:02:34:06/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌