ڕێز لە یادی کاک فوئادی ڕابەر و کاک سدیق کەمانگەر، زمانی ئاگرینی شۆڕش گیرا + وێنە

هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە 


ئاسۆی ڕۆژ/ دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانان ڕێکەوتی ٣١ی ئاگۆستی لە یەکێک لە بنەکانی کۆمەڵە لە کوردستانی باشوور، لە ڕێوڕەسمێکی شایستە ڕێز لە یادی هەر دوو ڕێبەری کاریزماتیک و جەماوەری کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی و کاک سدیقی کەمانگەر گیرا.

لەو ڕێ و ڕەسمە کە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر و ئەندام و پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە تێیدا ئامادە بوون، بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و خولەکێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یادی ئەو ڕێبەر گیانبەخت کردووەی کۆمەڵە و سەرجەم شەهیدانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێکرد.

هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بەناوی کومیتەی ناوەندییەوە بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. هاوڕێ عەبدوڵڵا لە وتارەکەی دا ئاماژەی بە ڕۆڵ و نەخشی هەر دوو ڕابەر و سەرکردەی گیانبەخت کردووی کۆمەڵە لە ڕێکخستن و سازماندانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ بەرەنگاری دژی هێرشی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بە فرمانی خومەینی بۆ سەر کوردستان، ڕۆڵی ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵە لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کۆچی مێژووی مەریوان و بەرەنگاری شەڕی ٢٤ ڕۆژەی خەڵکی شاری سنە و زۆرێک لەو ڕووداوە مێژووییانەی گەلی کوردی کرد کە جێ پەنجەی ئەو دوو ڕێبەرەی کۆمەڵەی پێوە دیارە

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کە لە چوار حیزبی سەرەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێک هاتوون، بە بۆنەی ٩ی خەرمانان و ١٣ی خەرمانان ساڵیادی گیانبەخت کردنی ئەو دوو ڕێبەرە جەماوەرییەی کۆمەڵە ڕاگەیاندنێکی دەرکردبوو کە دەقی ڕاگەیاندنەکە لە لایەن هاوڕێ "موختار ئەحمەدیئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە، خوێندرایەوە.

کۆڕی موسیقی بانگەوازی کۆمەڵە بەو بۆنەیەوە بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەش کرد کە لە لایەن بەشدار بووانی ڕێ و ڕەسمەکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕێ و ڕەسمی ڕێزلێنان لە یادی ڕێبەرانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە کاک فوئاد و کاک سدیق، پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کوردستان پاش تێپەڕ کردنی سەرکەوتووانەی خولی سیاسی نیزامی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، لەو ڕۆژەدا بە ڕەسمی بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوو

هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە، چەک و پێناسی کۆمەڵەیان لە دەست هاوڕێ عەلی بەهمەنی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت و پاشان سروودی "فوئاد ڕۆڵەی ئاگر و خوێنیان پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.

لە کۆتایی ڕێ و ڕەسمەکە، بەشدار بووانی ڕێ و ڕەسمەکە، پیرۆزباییان لەو هاوڕێ تازە پێشمەگانە کرد و بەخێرهانتیان پێوەتن بۆ ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە

شایانی باسە ڕێ و ڕەسمەکە بە سروود و پەخشانەی شۆڕشگێڕانەوە ڕازایەوە.

جێی ئاماژەیە کە ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و ڕێبەری کاریزماتیکی بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پێكدادانێکی نابەرابەر لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گیانی ئازیزی بەخت کرد. دە ساڵ دواتر و لە بەرە بەیانی ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی کاک سدیقی کەمانگەر کە بە هۆی وتاربێژییە ئاگرینییەکانی بە "زمانی ئاگرینی شۆڕشناسراوە، بە دەستی یەکێک لە بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، تیرۆر کرا.


PM:10:47:31/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌