هەواڵنێرانی بێ سنوور؛ ئێران بۆتە “گەورەترین زیندانی جیهان بۆ ڕاگەیاندنکارانی ژن”

ڕەزا موعینی، بەرپرسی ئۆفیسی ئێران و ئەفغانستانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، هۆشداری دا دەربارەی شەپۆلی نوێی بانگهێشت کردن بۆ دادگا و دەستگیری ڕۆژنامەوانان و شارۆمەند-ڕۆژنامەوانانی ژن لە ئێران و ڕایگەیاند کە ئەم وڵات بۆتە "گەورەترین زیندانی جیهان بۆ ڕاگەیاندنکارانی ژن”.

هەواڵنێرانی بێ سنوور ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەرمانان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک لە زار موعینییەوە ئاماژە بەوە کردووە کە "ئێران بەر لەمە یەکێک بووە لە ٥ زیندانی گەورەی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان.”

بەرپرسی ئۆفیسی ئێران و ئەفغانستانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربارەی مافی مرۆڤ لە ئێران بانگهێشت کردووە کە "داوای ئازادی ڕاگەیاندنکارە ژنەکانی زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی  بکات، چونکا دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن لە ئێران کارەساتبارە”.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا ١٠ ڕۆژنامەنووس و شارۆمەند-هەواڵنێری ژن لە ئێران زیندانی کراون؛ نووشین جەعفەری وێنەگری سینەما و شانۆ، مەرزییە ئەمیری ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی شەرق، عەسەل محەمەدی و ساناز ئەڵڵاهیاری لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی خوێندکاری "گام، فەرەنگیس مەزڵووم، دایکی سۆهەیلی عەربی وێنەگر و شارۆمەند هەواڵنێری زیندان و براوەی خەڵاتی شارۆمەند هەواڵنێری ٢٠١٧، هێنگامە شەهیدی ڕۆژنامەنووس، سپیدە مورادی، ئاویشا جەلالەدین و شیما ئینتساری سێ هاوکاری ماڵپەڕی مەجزووبانی نوور و نەرگس محەمەدی ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر، بەر لە ٥٠٠ کەس لە هەواڵنێران و چالاکانی بواری ڕاگەیاندن لە توێی نامەیەکی سەر ئاواڵا ڕوو لە حەسەنی ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی داوایان کردبوو کە "بوار بۆ ئازادی هەرچی زووتری مەرزییە ئەمیری، مەسعوود کازمی دوو ڕۆژنامەنووسی دەستگیر کراو، بڕەخسێنن.”

بە پێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور کۆماری ئیسلامی ئێران لە پلەبەندی جیهانی ئازادی ڕاگەیاند لە ساڵی ٢٠١٩دا کە لە لایەن ئەم ڕێکخراوەیەوە ئامادە کراوە لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٧٠ دایە. بڵاوکردنەوەی دۆر، سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەوڵ دژی ئەمنییەتی میلیبە شێوەی ئاسایی لە زومرەی ئەو تۆمەتانەن کە دەدرێنە پاڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بواری ڕاگەیاندن لە ئێران.”

ئەم ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووسی دەرەوەی ئێران لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

هەروەها پێشووتر کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستگیری هەندێک لەو هەواڵنێرانە ناشیونالیتەی دوو وڵاتیان هەیە، بە "سیخوڕیکردن تۆمەتباری کردبوون



PM:12:02:28/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 251 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌