هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر “پێگەکانی ئێران” لە دیمەشق، کەوتنە خوارەوەی “فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بەیرووت


ئاسۆی ڕۆژ/ لە ماوەی چەند کات ژمێری ڕابردووی شەوی ٢ بۆ ٣ی خەرمانان ڕاپۆرتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەند خاڵ و ناوچەیەک لە دیمەشق و تەقینەوە لە بەیرووت بڵاو کراوەتەوە. ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە سوریە ناوچە و پێگەکانی سەر بە سپای قودسی و میلیشیا شێعەکانی کردۆتە ئامانج.

لە کاتێک دا کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوو کۆمەڵێک ڕاپۆرت دەربارەی تەقینەوەیەک لە دیمەشق و دەورووبەری بڵاو بوویەوە، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە شێوەی ڕەسمی هێرشی بۆ سەر سوریە لە لایەن وڵاتەکەیەوە پشتڕاست کردەوە

ژێنێراڵ ڕۆنێن مانلیس، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، دەڵێت هێزەکانی ئەم وڵاتە "بۆ پێشگیری لە هێرشی پلان دارێژراوی هێزی قودسهێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی ئەو هێزە لە ئاوایی "عەقرەبالە باشووری دیمەشق.

بە وتەی ژێنێڕال مانلیس، هێزی قودسی سپای پاسداران خۆی ئامادە دەکرد تا ڕۆژی پێنج شەممە کۆمەڵێک هێرش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بکاتە سەر باکووری ئیسرائیل.

وتەبێژێکی دیکەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە وت و وێژ لەگەڵ ئاسۆشەیتێد پرێس وتوویەتی کە هێزی قودس و میلیشیا شێعەکان ئامادە دەبوون بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

بنیامین نتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل عەمەلیاتە نوێکەی بە "ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاووەسف کردووە و تویتی کردووە کە "بۆ پێشگیری لە هێرشی هێزی قودس و ملیشیاکانی شێعەی سەر بەو هێزەئەم هێرشە ئەنجام دراوە”.

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل دەڵێن بە دوای هێرشەکانی سەر خاکی سوریە چووە بۆ مەقەڕی ئەرتەشی ئیسرائیل لە "کریا”. 

جێی ئاماژەیە کە لە ئێستادا نتانیاهو هاوکات لەگەڵ پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەشی لە ئەستۆیە

چەند  سەعات پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هەندێک خاڵ لە نزیک پایتەختی سوریە، بەرپرسێکی حیزبوڵڵای لوبنان باسی لەوە کردووە کە دوو "فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیللە باشووری بەیرووت، ناوەندی هێزەکانی حیزبووڵڵای لوبنان و هەوادارەکانی، تەقیوەتەوە یان کەوتوونەتە خوارەوە

خەڵکی نیشتەجێی ئەو گەڕەکانە باسی لە بیستنی دەنگی تەقینەوە بووە

پێ دەچێت ئەو تەقینەوەیە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە بێت کە لە بۆمباران کردنی مۆڵگەکانی هێزی قودس لە دیمەشق گەڕابێتەوە.

هەواڵنێری ڕۆیتێرز ئەم هێرشەی ئیسرائیلی بۆ بە یەکەم ڕووداو لە مێژووی پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئیسرائیل و حیزبووڵڵا وەسف کردووە. شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆتایی هات. لە میانە ئەو شەڕەدا ١٢٠٠ کەسی لوبنانی و ١٥٨ کەس لە شارۆمەندانی ئیسرائیلی کوژران.

ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی خۆی دەزانێت

گریمانەیەکیش هەیە کە دەڵێت هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پایەگاکانی ئێران لە سوریە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی کە لە لوبنان کەوتوونەتە خوارەوە، مەبەستی هێرش کردنە سەر حیزبوڵڵای لوبنان بوو بێت

ئەم پێکدادانە و هێرش بۆ سەر مۆڵگە و بارەگاکانی ئێران لە سووریە و عێراق لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، ئاماژەن بۆ پێکدادانی گەورەی دیکە لە ناوچەکە


PM:02:12:25/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌